کێ دەرگای گەڕانەوەی کوردستانی بۆ کرێکار کردەوە؟،کێ مەسعود بارزانی بینی؟/ئارام ئەحمەد

به‌شی: وتارو بیروڕا
2015-01-25 20:09:16
_______________________________________________________________________________
بە پێی سەرچاوە تایبەتیەکانی من،کە هەمیشە بە مەسئولیەتەوە ئەنوسم وئەدوێم،دوو ساڵێک بەرلە ئێستا ماکوان کەریم دەچێتەوە کوردستان و سەردانی محەمەدی حاجی مەحمود ئەکات و ڕاستەوخۆ داوای لێئەکات کە لەگەڵ مەسعود بارزانی قسە بکات سەبارەت بە گەڕانەوەی مەلا کرێکاربۆ کوردستان،بۆ ئەو مەبەستە محەمەدی حاجی مەحمود ئەچێتە لای

مەسعود بارزانی و سەبارەت بەم کەیسە گفتوگۆی لەگەڵ ئەکات،مەسعود بارزانی رازی دەبێت نەک وەک کەسێکی سیاسی ئیسلامی، بەڵکو وەک بنەماڵەی مەلا کرێکارو وەک کۆنە پارتیەک پێشوازی لێبکات. مەسعود بارزانی داوا ئەکات نوێنەرێک بۆ ئەومەبەستە بچێتە لای،کاتێک محەمەدی حاجی مەحمود ئەگەڕێتەوە بە ماکوان ئەڵێت کە وەک نوێنەری مەلا کرێکار بچێت بۆ لای مەسعود بارزانی،وەلێ ماکوان بەمە رازی نابێت ونیگەرانی سەبارەت بەوە دەبێت کە نەبادا کرێکار لە ئەگەری گەڕانەوەیدا توشی کارەساتێک بێت و لەسەر ئەو بکەوێت هەم لە بارەی سیاسییەوە هەم لەبارەی ئەخلاقی کۆمەڵایەتییەوە،لێرەوە داوا ئەکات لیژنەیەک دروست بکرێت، بۆ ئەو مەبەستە بچنە لای مەسعود بارزانی،وەلێ مەسعود بەهیچ لیژنەیەک رازی نابێت وئەڵێت، وەک وتم من وەک بنەماڵەیەک پشتیوانی گەڕانەوەی ئەکەم نەک وەک ئیسلامییەک،ناشمەوێت بکەوێتە دەم هیچ میدیایەک،دوای ئەمە ماکوان کەریم ئەڵێت کەواتە با خالید ڕەنجدەری برای  سەردانی مەسعود بارزانی بکات،خالیدیش بۆ ئەم مەبەستە بانگهێشتی کوردستان دەکرێتەوەو دوو جار لە پیرمام مەسعود بارزانی دەبینێت،هەر لە ڕێگای حەمەی حاجی مەحمودەوە.   بۆ چی پارتی پێی باشە مەلا کرێکار بگەڕێتەوە؟   هەموومان بیرمانە دەزگای دژە تیرۆر لە ڕێگای مەلا بەختیارەوە هەوڵی تیرۆرکردنی مەلا کرێکاریان دا،گوایە لە تۆڵەی کارەساتی خێڵی حەمەدا،کە مەلا کرێکار چەندین جار ئەوەی ڕەدکردۆتەوە کە لەو کاتەدا لە کوردستانیش بوبێت. لێرەوەیە یەکێتی نیشتیمانی بە ئاشکرا ناڵێت با مەلا کرێکار بگەڕێتەوە، بەڵام لە کۆتاییدا ڕازی ئەبێت هەم لەسەرداوای ئێران هەم لەسەرداوای مەسعود بارزانی،تەنها داواکەی ئەوەیە کە با "فکری بگۆڕێ" ئەمەش ماناکانی دیارە،"فکر" گۆڕین لێرەدا ناکاتە ئەوەی واز لە دینەکەی بهێنێت ئەوە خەیاڵە،بەڵکو بەرژەوەندیەکانی ئەوان بپارێزێت. پارتی باش دەزانیت بەیانی مەلا کرێکار دەستی بگاتە ناوچەی موسڵ یان ناو بۆ نموونە داعش ،بەدوور نازانرێت کە لانی کەم دوو تا سێ هەزار گەنج دوای نەکەوێت و خۆیان نەگەیەننە ناو ئەو حەرەکەتە توندڕەوە. بەڵام ئەگەر بگەڕێتەوە کوردستان،ئەبێت لەژێر ڕکێفی پارتیدا بێت،وەک مەلا عومەری سەلەفی ستراتیژی پارتی و بنەمالەی بارزانی بپارێزێت،من خۆم وەک بنووسی ئەم بابەتە زیاتر لە 8 سیمینارم بۆ مامۆستا کرێکار کردوەو دەیان دەنگو نوسینی هەیە، یەک قسە بە بنەماڵەی بارزانی ومەلا مستەفا ناڵێ و نەیوتوە،بۆیە پارتی ئەتوانێت بەکاری بهێنێت.   1- دووری بخاتەوە لە سەنگەری توندڕەویەک کە دژی ئەوان بێت وبەرامبەر بە داعش بەکاری بێنن،کە ئەمە هەم ئێران و هەم یەکێتیش پێی باشە. 2- ئیسلامیەکانی کوردستان،لە بزوتنەوەی ئیسلامی و کۆمەڵەی ئیسلامی ویەکگرتو دەیان جار خەنجەریان لەم پیاوە داوە،پارتی ئەتوانێت بۆ دژایەتی وپارچە پارچەکردنی ئەم حیزبانە بەکاری  بهێنن،گومانیشم نییە کە ئیسلامیەکان پێیان خۆش نییە ئەم کابرایە بگەڕێتەوە کوردستان وئەزانن کە تۆڵەیان لێئەکاتەوە.   ئەوەی ماوە بڵێم ئەو پرسیارەیە ئایە کرێکار ئەتوانێت لە ئەوروپا متمانە بۆ خۆی دروستبکاتەوە بۆ خۆڕێکخستنەوە، بێگومان ناتوانێت بە هیچ جۆرێک خەڵکی ڕێک بخاتەوە،هەم لەلایەک دەوڵەتی نەرویج و ئەڵمان بە ئاسانی لێیناگەڕێن کاروچالاکی بکات،هەم ئیسلامیە کوردەکانیش وەک جاران دوای ناکەون وژیانی خۆیان ناخەنە خەتەر، چونکە لە گشتگیردا لە ئەوروپا زەمینە بۆ ڕێکخستنێکی ئاوای ئیسلامیانە وەک جاران نەماوە.   تێبینی:   دەقی ئەم هەواڵ و قسانەم ڕوو بە ماکوان کەریم کردوە،بەداخەوە نە پشت ڕاستی کردەوە نە وتی وانیە،بەبیانوی ئەوەی"وەزعەکە لەبار نییە بۆقسەکردن،لەبەر ئەوەی مامۆستا مەلا کرێکار تازە ئازاد کراوە نامەوێ لەوپەیوەندەوە هیچ بڵێم.

ئه‌م بابه‌ته‌ 3066 جار بینراوه‌