Chawi Gal - ئایا ڕۆژنامەنووسی بوێرمان هەیە؟/سامان عومەر

 ئایا ڕۆژنامەنووسی بوێرمان هەیە؟/سامان عومەر

به‌شی: وتارو بیروڕا
2015-01-15 23:22:24
_______________________________________________________________________________
توێکڵی ڕۆژنامە و ڕۆژنامەگەری لەمێژووی مرۆڤایەتیدا ئەستورە و مێژوویەکی کۆنی هەیە، بێگومان ئەمە بۆ میللەتی کوردیش ڕاستە کە یەکەمین ڕۆژنامەی کوردی لەسەردەستی بنەماڵەی بەدرخانەکان پتر لەسەدەیەک بەر لەئێستا یەکەم ژمارەی لێ دەرچووە، مێژووی ڕۆژنامەگەری کوردی دابەش دەبێت بەسەر چەند قۆناغێکدا،

کە دیارترینیان قۆناغی دوای ڕاپەڕینی بەهاری ساڵی ١٩٩١ە، لەم قۆناغەدا ڕۆژنامەگەری باشتر لەجاران تەکانێکی دا و بەرەو پێشچونێکی شەرمانانەی بەخۆیەوە بینی، کۆمەڵێ ڕۆژنامەنووسی کورد خزانە ناو دونیای ڕاگەیاندنی کوردی و جیهانییەوە، بەڵام کام  لەو ڕۆژنامەنووسانە بوێر بوون؟
 دیارە ڕۆژنامە ڕاستەوخۆ  پەیوەستە بەڕۆژنامەنووسەوە، تا ڕۆژنامەنووس بوێر و بەتواناتر بێ ئەوەندە زیاتر کاریگەری لەسەر خەڵک دادەنێت.
لەمێژووی ڕۆژنامەگەری جیهاندا کەم تازۆر ڕۆژنامەنووسی "بوێر و بەتوانا" هەڵکەوتوون، لەناو میللەتی کوردیش ڕۆژنامەنووسی بەتوانا هەیە و هەبووە، بەڵام تائێستا بەمانای (بوێر)ی ڕۆژنامەنووسی بوێرمان لێ هەڵنەکەوتووە.
کەی و لەچ سەردەمێکدا لەمێژووی ڕۆژنامەگەری کوردیدا بینیومانە و بیستومانە فڵان ڕۆژنامەنووس بەرامبەر سەرکردەیەکی دیکتاتۆر یان نیمچە دیکتاتۆر دیدارێک ئەنجام بدات و "بوێر" بێ.
 
(ئۆریانا فالاچی) یەکێک لەو ڕۆژنامەنووسە بەتواناو بوێرانەیە کەپێش ٨٦ ساڵ بەر لەئێستا  لە حوزەیرانی ١٩٢٩ لەفلۆڕەنسای ئیتاڵیا لەدایک بووە، لەتەمەنی ٢٠ ساڵی دەستی بەکاری ڕۆژنامەنووسی کردووە، مێژووی ئەم ڕۆژنامەنووسە پڕیەتی لەسەروەری، ئەوەی کەناو و شوهرەتی ئەم ڕۆژنامەنووسە ئافرەتەی درەوشاندووەتەوە ئەو گفتوگۆ و دیدارە بەناوبانگانە بووە، کەلەگەڵ چەند سەرکردە و سیاسییەک ئەنجامی داوە، نزیک بە ١٠ کتێبی هەیە و بەرهەمەکانی وەرگێڕدراون بۆ سەر چەند زمانێک، (گفتوگۆ لەگەڵ مێژوودا) یەکێک لەو کتێبانەیە کەلەتەمەنی ٤٥ ساڵیدا چاپی کردووە، ناوەڕۆکی کتێبەکە ئەو دیدار و گفتوگۆیانەیە کەلەمێژووی کاری ڕۆژنامەنووسی خۆیدا لەگەڵ سەرکردە و سیاسییەکان ئەنجامی داوە، ئەو سەرۆکانەی کەلەوڵاتەکانی خۆیاندا کەس نەیدەوێرا پڕ بەدەم ناویشیان بهێنێ ئەو دیداری لەگەڵ ئەنجامداون ، لەوانە ئارێڵ شاڕۆن، قەزافی، محەمەد ڕەزا شا، خومەینی، مەهدی بازرگان، یاسر عەرەفات، هێنری کیسنجەر و  چەند سەرکردەی دیکە کەلەمێژوودا بەشی زۆریان بوون بەدیکتاتۆر و ناوێکی خراپیان تۆمار کردووە ، گفتوگۆی ئەم ڕۆژنامەنووسە بەرامبەر بەسیاسی و سەرکردەکان بێسنور بووە و سڵی لێنەکردونەتەوە، گفتوگۆگانی دووربووە لەپیا‌هەڵدان، هەر ئەمە وایکردووە کە ناوی لەلیستی ڕەشی پۆلیسی چەند وڵاتێکدا هەبێ، ناوی سپی ئۆریانا لەلیستی ڕەشی پۆلیسی ئێرانی سەردەمی محەمەد ڕەزاشا-دا هەبووە، بەجۆرێک یەکێک لەکتێبەکانی بەناوی (ژیان.. جەنگ و هیچی دیکە- زندگی.. جنگ و دیگر هیچ) لەکتێبخانەکانی تاران لەو سەردەمەدا براونەتە دەرەوە قەدەغەکراون، ئەم ڕۆژنامەنووسە ئەوەندە بوێر بووە کاتێک ناوی لەلیستی ڕەشی پۆلیسی ئێراندا بوو داوای دیداری لە محەمەد ڕەزاشای ئێران کردووە ، چەند پرسیاری چاوەڕننەکراو و بوێرانەی لەڕەزاشای دووەم کردووە.
ئۆریانا یەکێک بووە لەو ڕۆژنامەنووسانەی لەجەنگی ڤێتنامدا ئەکتەرێکی دیاری ڕۆژنامەنووسی جەنگ بووە، لەگەڵ شەڕانگێزترین ژەنەڕاڵی ئەو جەنگەدا کە ناوی ژەنەڕاڵ(لۆن)بووە دیداری ئەنجامداوە، هەروەها گفتوگۆی ئۆریانا لەگەڵ (ئارێڵ شارۆن) سەرۆکوەزیرانی پێشووی ئیسرایل بەهۆی پرسیارە بوێرییەکانییەوە بەیەکێک لەدیدار و گفتوگۆ بەناوبانگەکانی جیهان دادەنرێت، لەیەکێک لەپرسیارەکانی کە لە شارۆن-ی کردووە پێی دەڵێت: (هەرچی لەبارەی تۆوە دەوترێ کەس وەک فریشتە باست ناکا، پێت دەڵێن مرۆڤ کوژی، دڵڕەقی، بێ بەزەیی، وەحشی بلدۆزەری).
ئۆریانا بەوە بەناوبانگ بووە کە زۆر قوڵ بووەتەوە لەپرسیار کردن و هەر پرسیارێک بەمێشکی داهاتبێ نەیگێڕاوەتەوە و ترسی نەبووە، هەر ئەمە بووە هۆکار بۆ ئەوەی کە دوای مردنی لەساڵی ٢٠٠٦ هاوڕێ و دۆستانی بۆیان نووسی (ئەو ژنەی لە گولـلە نەدەترسا سەرەتان کوشتی
).
(موعەممەر قەزافی) یەکێک بووە لەو بەناو دیکتاتۆرانەی کەلەمێژوودا شوێنی هەیە، دیدارەکەی ئۆریانا لەگەڵ قەزافی بەهۆی هەڵسوکەوت و جوڵە و قسە سەیرو سەمەرەکانی چێژی تایبەتی خۆی هەیە، ئۆریانا پرسیار لەکەسایەتی (قەزافی) دەکات و پێی دەڵێت: (دەمەوێ کەسێتی تۆ بەرجەستە بکەم و حاڵی بم، باشە تۆ بۆئەوەندە لەدونیا قەڵسی؟ بەڕاست زانیوتە چەند خوێن تاڵی و دۆستت زۆر کەمە)، ئۆریانا خۆی ئەزمونی هەیە لەگەڵ ئەو پرسیارانەو وەڵامەکانیشی قبوڵە، بەردەوام دەبێ لەگفتوگۆکەی لەگەڵ قەزافی و پێی دەڵێت: ( تۆ زۆر شتت قەدەغە کردووە، جگە لەقەدەغەکردن ئیشی دیکەت نییە و نازانی، باشە ئەی بۆ پەرستنی خۆشت قەدەغە ناکەی).
 ئەم ڕۆژنامەنووسە موسڵمان نەبووە و باوەڕی بەعەباو پەچە نەبووە، بگرە کەسێک بووە دژی توندڕەوە ئیسلامییەکان، بەڵام بۆ هەر دیدارو گفتوگۆیەک کەشێکی ئارام و هێمنی بۆبەرامبەرەکەی خوڵقاندووە بەئامانجی دەستکەوتنی زۆرترین زانیاری
.
 دوای سەرکەوتنی ئینقلاب لەئێران ڕوودەکاتەوە تاران  بۆ دیدار و گفتوگۆ لەگەڵ سیاسییەکان، بۆئەوەی هەستی بەرامبەرەکەی بریندار نەبێ کاتێک دیدار لەگەڵ خومەینی ئەنجامدەدا عەباو لەچکی پۆشیووە ئینجا چووە بۆ گفتوگۆکردن، لەیەکێک لەپرسیارەکانی کەلەخومەینی دەکات پێی دەڵێت: (ئیمام ڕەوایە ژنان لەژێر چارشێو و سەرپۆشدا ون بن؟).
- خومەینی لەوەڵامدا دەڵێت:  ئەوە هەڵبژاردەی ژنان خۆیانە....، ئێمە دەمانەوێ بەر بەئەوانە بگرین کەبەکۆڵێ ماکیاژەوە دێن و دەچن و فەوجێ پیاو دەخەنە شوێنی خۆیان.
- ئۆریانا دەڵێت: باشە ئیمام من ئەو هەموو ساڵانە بەسینگی ڕووت و بێ سەرپۆشەوە گەڕاوم، لەگەڵ پیاواندا هەڵسوکەوتم کردووە، چومەتە بەرەکانی شەڕ لەگەڵ سەربازەکان ماومەتەوە، بەباوەڕی تۆ من چۆن ژنێکم بەڕەڵڵاو بێ حەیام ها؟
- خومەینی خۆت و ویژدانت، من چوزانم چیت کردووە و چیت بەسەر هاتووە.
هەروەها لەبەرامبەر مەهدی بازرگان کەیەکەم سەرۆکوەزیرانی دوای ئینقیلاب بوو باوڕ پێکراوی خومەینی بووە  لەئێران دەڵێت: (لەوانەیە خومەینی ملهوڕێکی بەساڵاچوو بێ).
ئۆریانا-ی ڕۆژنامەنووس جگە لەپرسیارە ڕەق و لەڕووەکانی لەکۆتایی زۆربەی دیدارەکانیدا پرسیاری گاڵتەجاڕی و پێکەنیناوی ئاڕاستەی ئەو کەسانە کردووە کە گفتوگۆی لەگەڵ کردوون بۆ ئەوەی سەرنجی ئەوان بەلای خۆیدا ڕابکێشێت.
قەزافی کەبەناوبانگە بە گاڵە گاڵ وگرمە گرم، زوو زوو لەگفتوگۆکەدا قسە بە ئۆریانا دەبڕێت ودەڵێت :  (کتێبی سەوز)ی منت نەخوێندووەتەوە؟
- ئۆریانای وەڵام حازر بەدەست دەڵێت: چۆن نەمخوێندووەتەوە، بەچارەکە سەعاتێ دەخوێنرێتەوە ئەوەندە بچوکە قوتوی سوراو و سپیاوەکەی من لەکتێبەکەی تۆ قەبەترە، ئێمەی ڕۆژئاوایی ڕاهاتووین بەخوێندنەوەی کتێبی گەوەرەی وەکو (ئینجیل) و (کاپیتال)ی مارکس، هەستناکەی کتێبەکەت زۆر بچووکە.
هەروەها لەکۆتایی گفتوگۆکەیدا لەگەڵ خومەینی کە لەسەر ئاین و حوکمی ئیسلام قسەدەکەن پێی دەڵێت: ئیمام خواردنەوەی پێکێ مەی یا گوێگرتن لەمۆسیقا چ خراپییەکی هەیە؟
- خومەینی: ئیسلام مەی خواردنەوەی حەرامکردووە، مۆسیقاش هۆکارێکە بۆ تێکدانی مێشکی گەنجەکانمان.
- ئۆریانا: تەنانەت مۆسیقای باخ و بیتهۆڤن و فێردیش.
لەکۆتا پرسیاری ئەو دیدارەی کەلەگەڵ محەمەد ڕەزاشا-دا ئەنجامی داوە لەبارەی ناوی خۆی کەلەلیستی ڕەشی پۆلیسی ئێراندایە لەگەڵی دەدوێ، شا پێی دەڵێ بەداخەوە کەناوت لەو لیستەدا هەیە.. بەڵام ئەسڵەن گوێشی مەدەرێ، تەنانەت ئەگەر ناوی تۆ لەلیستی ڕەشی بەرپرسانی ئێمەدابێ، من تۆ دەخەمە لیستی سپی دڵی خۆمەوە.
ئیدی ڕاگەیاندن دەسەڵاتی چوارەمە و ڕۆژنامەنووس شۆڕش بەرپادەکات و یەکێکە لەجومگەکانی دیموکراسی.
 پرسیار ئەوەیە ئایا ئێمە ڕۆژنامەنووسی بوێرمان هەیە؟


سەرچاوەی سود لێوەرگیراو: گفتوگۆ لەگەڵ ئەوانەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستیان گۆڕی 

ئه‌م بابه‌ته‌ 309 جار بینراوه‌