Chawi Gal - نا بۆ ووتاری هەڕەشە و توندوتیژی و تۆقاندن/دەستەی ڕاگەیاندنی کەمپەینی (نا بۆ وتاری هەڕەشە و توندوتیژی و تۆقاندن)

 نا بۆ ووتاری هەڕەشە و توندوتیژی و تۆقاندن/دەستەی ڕاگەیاندنی کەمپەینی (نا بۆ وتاری هەڕەشە و توندوتیژی و تۆقاندن)

به‌شی: وتارو بیروڕا
2015-01-12 18:54:37
_______________________________________________________________________________
بۆ ڕای گشتی/ کۆمەڵگای کوردی، چەندین ئاینی جۆربەجۆر و چەندین بیرکردنەوەی جیاوازی لەخۆ گرتووە. بەڵام، لەسەرووی هەموویانەوە، ئاینی ئیسلام، بەرفراوانترینیانە و بەهۆی فەرهەنگی مێژینەی کوردیشەوە، خەڵك هەمیشە خۆیان لە هەر ڕووبەڕووبوونەوەیەك و ناکۆکییەك پاراسیووە.

بەڵام، لەوەتەی پرۆسەی ئازادی لەکوردستاندا سەری هەڵداوە کۆمەڵێك بانگخوازی مسوڵمان، چ لەمیمبەری مزگەوتەکانەوە و چ لەکەناڵەکانی تەلەفزیۆنەوە و چ لەڕادیۆکان و چ لەکۆڕو کۆبووەنوە و تەنانەت لەسایت و ماڵپەڕ و تۆڕەکانی فەیسبوکەوە، چەندین وتاری پڕ لە توندوتیژی و هەڕەشە و تۆقاندن بڵاو دەکەنەوە کە بووەتە مایەی دروستبوونی گرژیی ناو کۆمەلگا و ناکۆکییان لەنوان خەڵك و بەتایبەت خێزانەکاندا ناوەتەوە. هەر بەوەشەوە نەوەستاوە و کۆمەلگایان توشی دڵەڕاوکێ و ترس و دوودڵی کردۆتەوە. تەنانەت جۆرێك لەووتارخوێنەکان خەڵك بۆ بەرتەسكکردنەوەی ئازادیی ڕادەربڕین هان دەدەن و وێڕای ئەوەی کێشەی زۆریان بۆ خەڵك ناوەتەوە و خەڵکیان بەیەکداداوە، لەجێگای خوداوە فەرمان دەردەکەن کەئەمە لەگەڵ یاساکانی مافی مرۆڤی جیهانیدا یەك ناگرێتەوە و کوردستانیان کردووە بەسەردەمی دێرینی پێش زانست. بۆیە لەسۆنگەی بەرپرسیارێتیمانەوە، داواکارین لەخەڵکی کوردستان، چ لەدەرەوە و چ لەناوەوە: ١- خۆیان لەناو ڕێکخراوێکدا لەژێر ناوی ( نا بۆ ووتاری هەڕەشە و توندوتیژی و تۆقاندن) دا ڕێك بخەن. ٢- بەووردی چاودێریی هەموو کەناڵەکانی تەلەفزیۆن و ڕادیۆ و ماڵپەڕ و گۆڤار و ڕۆژنامەکان و تۆڕەکانی فەیسبوك بکەن و هەموو ئەو دۆکۆمێنتانە کۆ بکەنەوە کە بوونەتە مایەی بارگرانی و نانەوەی کێشە لەڕیزەکانی خەڵکی کوردستاندا. ٣- هەموو وتارخوێنی مزگەوتەکان، بەپێی یاسا چاك بکرێن و لەلایەن وەزارەتی ئەوقافەوە ووتارەکانیان بدرێتێ و بێجگە لەو ووتارانە بۆیان نەبێت ووتاری سەربەخۆ بخوێننەوە. ٤- تۆڕێك لە پارێزەر، ئامادە بکرێت و لەڕێگایانەوە کارە یاساییەکان بۆ داواکاری گشتی بەرز بکرێتەوە. ٥- هەموو ئەوانەی دەیانەوێت و پێیان وایە کاتی ئەم ڕووبەڕووبوونەوەیە، بۆ چاکسازییەکانی کۆمەڵگا، هاتووە، ناوی خۆیان و ژمارەی پەیوەندی و ناونیشانەکانیان بۆ ئەم ئیمەیڵ ئەدرێسە بنێرن. halmatgoran@yahoo.com دەستەی ڕاگەیاندنی کەمپەینی (نا بۆ ووتاری هەڕەشە و توندوتیژی و تۆقاندن)

ئه‌م بابه‌ته‌ 214 جار بینراوه‌