ئه‌و هه‌ر لێره‌یه‌، که‌چی من بۆ مردنی ده‌گریم/ دڵی ڕۆژهەڵات

به‌شی: هۆنراوه‌
2015-01-05 19:45:13
_______________________________________________________________________________
تۆ نەڕابردووت هەبوو


نه‌ئاینده‌،
که‌چی به‌جارێك رابردوو و ئاینده‌مت سووتاند.
ئاینده‌مت کرد به‌رابردوو و
پڕت کرد له‌ڕه‌نگی سوور
عیشق چییه‌، جگه‌ له‌دوو قسه‌ی بێبنه‌ما؟
ئیلهام چییه‌، جگه‌ له‌نادیاری من؟
خوێندن و ژووره‌کان چین، جگه‌ له‌وێرانه‌یه‌ك؟
من چیم جگه‌ له‌وه‌همێك؟
تۆ چیت، جگه‌ له‌درۆیه‌ك؟
ئه‌و هه‌ر لێره‌یه‌، که‌چی من فرمێسك، بۆ مه‌رگی ئه‌و ده‌ڕێژم.
ڕاده‌که‌م، به‌ره‌وه‌ مه‌رگ هه‌نگاو ده‌نێم،
ڕاده‌که‌م ڕا
له‌دوێنێ و له‌سبه‌ینێم، ڕاده‌که‌م.
به‌ره‌و ته‌خته‌ڕه‌شه‌که‌ی هه‌ڵگری خه‌مه‌کان ڕاده‌که‌م،
تا وێنه‌که‌ی خۆم و ئاو بدۆزمه‌وه‌.
چه‌ند به‌تاسه‌وه‌ و به‌ره‌و وشه‌ ئاوییه‌کان هه‌نگاو ده‌نێم،
چه‌ن به‌تامه‌زرۆییه‌وه‌ چاوه‌ڕوانی مه‌رگی تۆم،
چه‌ند به‌حوزنه‌وه‌ سه‌یری خۆم ده‌که‌م
ئای خودایه‌
ده‌بێ، من بۆ چاوه‌ڕوانی مه‌رگی خۆم و ئه‌و تۆ بم؟
له‌پڕ مناڵێکی هار، گڕ دراو به‌سوتان
گردراو به‌بۆمب،
فرمێسك بۆ سبه‌ینێیه‌کی پڕ له‌وه‌هم ده‌ڕێژێم.
ئیلهامی عیشق، هیچ نییه‌ جگه‌ له‌خاوبوونه‌وه‌ی دوێنێ و
گڕگرتنی ئاینده‌م.
من به‌تاسه‌وه‌ به‌شوێن ئاسه‌واری خۆمدا
وێڵم و
وه‌همه‌کان له‌تاریکیدا خۆیان نادیار ده‌گرن.
نه‌شیعر و نه‌عیشق
نه‌بوون به‌دیرۆك،
به‌ڵکو هه‌موو بوون به‌هه‌ڵم و
منیش له‌نێو دێڕی رۆمانه‌کاندا بووم به‌نادیاری.
من و مه‌ولانا
به‌دیار وێنه‌ی نادیاریدا وێڵبین و
ببینه‌ گه‌ریده‌یه‌کی عاشق
به‌ده‌وری وه‌همه‌کان.


ئه‌م بابه‌ته‌ 272 جار بینراوه‌