ئالێکس سمۆند رابەرى سەربەخۆزانى سکۆتلەند کێیە؟/ئەندرۆ بلک/لەفارسییەوە: رەزا مەنوچەهرى

به‌شی: هه‌مه‌ڕه‌نگ
2014-10-28 20:13:35
_______________________________________________________________________________
ئالێکس سمۆند پۆستى وەزیرى یەکەم (سەرۆک وەزیران)ى خۆجێى سکۆتلەندى هەیە و رابەرى پارتى نیشتیمانى و سەربەخۆخوزانى سکۆتلەندە.

پێشینەى چالاکییە سیاسییەکانى بەڕێز سمۆند لەکاتى دەستپێکردنى هەڵسوڕانى وەک یاخییەکى سیاسى تاوەکو بونى بە کەسایەتییەکى نێودەوڵەتى بە بەردەوامى جێگاى مشتومڕو باس و خواس بوە.

سەربارى ئەوەش ژمارەیەکى کەم گومانیان لەتوانا باڵاکانى سمۆند وەک سیاسەتمەدارێک هەیە. توانیویەتى پارتى نیشتیمانى سکۆتلەند زیاتر لەهەمو کات بە خەونەکەى، واتەى سەربەخۆیى وڵات نزیک بکاتەوە.

سەرەتا
ئەلکساندر ئەلیوت ئەندرسۆن سمۆند لەدواین رۆژەکانى ساڵى (١٩٥٤) لەشارى مێژویى (لینلیتگاو) لەدایکبوە. لەدواى تەواوکردنى قۆناغى خوێندن لەزانکۆى سنت ئەندرۆز دەستیکردوە بە هەڵسوڕانى پیشەیى خۆى وەک ئابوریناسێک لەبانکى شاهانەى سکۆتلەند و بەڕێوەبردنى کاروبارەکانى سکۆتلەنددا.

رۆڵێکى گەورەى لەپارتى نیشتیمانى سکۆتلەنددا هەیە. کاتێک گەیشتە ئەو ئەنجامەى، کە سەربەخۆیى سکۆتلەند لەڕوى ئابورییەوە لەبەرژەوەندی وڵاتەکەیدایە بایەخى رۆڵى لەپارتى نیشتیمانى سکۆتلەندا زیاتر بەرز بویەوە.

چونە ناو سیاسەت
بەڕێز سمۆند کاتێک ناوبانگى بڵاوبوویەوە، کە پارتى نیشتیمانى سکۆتلەند لەسایەى سەرکەوتنى مارگرێت تاچەر (تاتشەر)ى کۆنەپارێز لەهەڵبژاردنى ساڵى (١٩٧٩)دا رۆژانێکى قورسى بەسەربرد. لەدواى ئەو هەڵبژاردنە ژمارەى نوێنەرە نەتەوەخوازەکان لەپەرلەماندا لە (١١) کەسەوە بو بە (٢) کەس.

سمۆند رۆڵێکى گرنگى لەپێکهێنانى باڵى ناسراو بە "گروپى ٧٩" لەپارتى نیشتیمانى سکۆتلەنددا هەبوو. ئەو باڵە کارى بۆ دووبارە زیندوکردنەوەى هەڵوێستەکانى حیزب و راکێشانى دەنگى لایەنگرە ناڕازییەکانى پارتى کرێکاران دەکرد. ئەو جوڵەیە بوە هۆى ئەوە بۆ ماوەیەکى کورت لە ساڵى (١٩٨٢) لە حزب دەربکرێت.

ساڵانى دواتر لەوبارەیەوە وتى: بە بڕواى خۆى بەشێک لەهۆکارەکانى ئەو روداوە "گەنجێتى و کەلەڕەق" بونى خۆى بوە. سەربارى ئەوەش هەرگیز حەزى بۆ دروستکردنى سەرئێشەو بە شێوەیەکى کامڵ تیادا لەناونەچوە.

سەربارى ئەو رووداوەش بەڕێز سمۆند توانیى لەرێگەى بەدەستهێنانى کورسیى ناوچەى بانف و بوکان لەپەرلەمانى گشتیدا خۆى بکاتە ئەستێرەیەکى تازە دەرکەوتوى حیزبەکەى. روداوى بێبەشکردنى لەدانیشتنى پەرلەمان بۆ ماوەى هەفتەیەک بەهۆى تێکدانى قسەکانى وەزیرى ئابورى بە مەبەستى ناڕەزایەتى دەربڕین، بوە هۆى دەرکردنى ناوبانگى زیاتر.

سەرۆکى پارتى نیشتیمانى سکۆتلەند (یەکەمجار)
بەڕێز سمۆند ساڵى (١٩٩٠) لەهەڵبژاردنى (ناوخۆیى حیزب) بۆ دەستنیشانکردنى سەرۆکى نوێى پارتى نیشتیمانى سکۆتلەند دەرفەتەکەى بەفیڕۆ نەداو پاش هەڵبژاردنى بۆ ئەو پۆستە سەرلەنوێ پێناسەى حیزبەکەى وەک پارتێکى سوسیال دیموکرات و لایەنگرى یەکێتى ئەوروپا خستەڕو.

زیادکردنى دەسەڵاتە خۆجێیەکانى سکۆتلەند دەرفەتێکى گەورە بو بۆ حزبەکەى سمۆند. سەربارى ئەوەى پارتى نیشتیمانى سکۆتلەند یەکەم براوەى هەڵبژاردنى پەرلەمانى سکۆتلەند لەساڵى (١٩٩٩)دا نەبو، بەڵام توانیى لەرێگەى بەدەستهێنانى کورسیى پێویستەوە خۆى بکاتە لایەنى سەرەکیى رەخنەگر.

بەدرێژایى بانگەشەى هەڵبژاردنى (پەرلەمانى سکۆتلەند لە ساڵى ١٩٩٩) بەڕێز سمۆند بە باسکردن لەسەر دەستێوەردانى ناتۆ لەکۆزۆڤۆ "کردارێک لەڕوى یاساییەوە گوماناوى، بەڵام گرنگتر لەوەش کارێکى زۆر گەمژانەیە" هەرایەکى گەورەى نایەوە.

پاش یەک دەیە سمۆند سەرۆکى پارتى نیشتیمانى سکۆتلەند بڕیاریدا دەست لەپۆستەکەى هەڵبگرێت. بەدەست لەکارکێشانەوە لەنوێنەرایەتى لەپەرلەمانى سکۆتلەند بۆ جارێکیتر رۆیشتەوە بۆ پەرلەمانى بەریتانیا.

بە بەردەوامى بەڕێز سمۆند لەکاتى مانەوەى لە لەندەندا کەسێکى هەرا دروستکەرى ناو میدیاکان بوە. بەشداریى بەرنامەى جۆراجۆرى تەلەفزیۆنەکانى دەکرد. بۆ نمونە بەرنامەى سەرلەبەیانیى کەناڵى ٤، کە تیایدا باسى لەلێهاتویى لەبارەى ئەسپ سوارییەوە کرد. لەو بارەیەشەوە چەند شیکردنەوە و خاڵى خستەڕو.

گەڕانەوەى دوبارە
جۆن سوینى جێگرى بەڕێز سمۆند، بو بە سەرۆکى پارتى نیشتیمانى سکۆتلەند، بەڵام لەساڵى (٢٠٠٤) و بەهۆى رەخنەى یەک لەسەر یەک لەلایەن بەشەکانى حزبەوە لە پۆستەکەى دەستى لەکار کێشایەوە.

ژمارەیەکى زۆر رویان لەبەڕێز سمۆند کرد و داوایان لێکرد بگەڕێتەوە سەر پۆستە پێشوەکەى خۆى. وڵامەکەى قسەیەکى جەنەڕاڵى سوپاى یەکگرتو ڤیلیەم شرمن بو: "ئەگەر بپاڵێورێم دەکشێمەوە، ئەگەر بنێردرێم ناڕەزایەتى دەردەبڕم، ئەگەر هەڵبژێردرێم دەست لەکار دەکێشمەوە".

لەگەڵ درێژەدان بە ململانێ لەسەر پۆستى سەرۆکى حزب و لەکاتێکدا رۆزیانیا کانینگهام لەو ململانێیانەدا پێشڕەویى بەدەستهێنابوو بەڕێز سمۆند لە هەنگاوێکى لەناکاو و سەرسوڕهێنەردا گەڕایەوە ناو جەرگەى ململانێکان و لە روونکردنەوەى ئەو هەنگاوەشدا وتى: "بۆچونەکەم گۆڕدراوە".

سەرۆکایەتى سکۆتلەند
بەڕێز سمۆند لە دواى گەڕانەوەى بۆ پۆستى سەرۆکى حزب لەگەڵ ئۆلش نیکۆلا ستورجیونى جێگرى توانی پارتى نیشتیمانى سکۆتلەند بگەیەنێتە بەرزترین پێگەى گونجاو تاوەکو ئەو سەردەمە، کە بریتین لە سەرکەوتن لە هەڵبژاردنى ساڵى (٢٠٠٨) لەسکۆتلەند و دامەزراندنى یەکەمین حکومەتى کەمینە لە لایەن پارتى نیشتیمانى سکۆتلەندەوە.

سەرۆک وەزیرانى نوێى سکۆتلەند بەهۆى بەدەستهێنانى کورسیى بازنەى گوردون، کە پێشتر لەدەست لێبراڵ دیموکراتەکاندا بو گەڕایەوە بۆ پەرلەمانى سکۆتلەند و زۆر زو یەکەمین ململانێکانى خۆى لەگەڵ حکومەتى بەریتانیادا ئەزموون کرد.

بابەتەکە لەسەر چارەنووسى بۆمبدانەرى لۆکربى عەبدولباست ئەلمقرحى بو، کە لەلایەن حکومەتى سکۆتلەندو بەهۆى نەخۆشییە چارەسەرنەکراوەکەى لەزیندان ئازاد کرا. ئەوەش بوە هۆى ناڕەزایەتى توندى ویلایەتە یەکگرتوەکانى ئەمەریکاو چەند حکومەتێکى دیکە.

لەبەرامبەردا و لەکاتى هێرشى تیرۆریستى بۆ سەر فڕۆکەخانەى گلاسکۆ و قەیرانى نەخۆشیى تا و برینى ناو دەم و قاچى ئاژەڵە ماڵییەکان Foot-and-Mouth Disease  زۆر بە باشى ئەوەى سەلەماند ویستى سەرۆک وەزیران بۆ هاوکاریکردنى حکومەتى بەریتانیا یەک لەونمونانەن، کە بایەخێکى زۆرى بۆ ئەو وڵاتە هەبو.

سیاسەتەکانى حکومەتى سکۆتلەند وەک هێشتنەوەى خەرجییەکانى خزمەتگوزاریى نیشتیمانى سەلامەتى، راگرتنى باجى خۆجێى، کەمکردنەوەى دەرەنجامى خراپى پردەکان و دابینکردنى تێچونى دەرمان بۆ نەخۆشەکان بووەتە جێگاى سەرنجى دەنگدەران.

رەخنەگران ئەگەرى بەکردەوە جێبەجێکردنى بیمە (دڵنیایى) گشتیان روبەڕوى گومان کردوەتەوە و پارتى نیشتیمانى سکۆتلەند بەوە تۆمەتبار دەکەن، کە بەرپرسانى خۆجێى فریوداوە.

کاتێک قەیرانى دارایى نێودەوڵەتى گەیشتە سکۆتلەند و بوە هۆى ئەوە لەلایەن گروپى بانکەکانى (لویدز)ەوە دەست بەسەر کۆمپانیاى (ئێچ بى ئۆ ئێس)دا بگیردرێت، بەڕێز سمۆند رایگەیاند "قۆڵبڕەکان و دەڵاڵەکانى پارە" بە بەرپرسى ئەو قەیرانەن.

دواتر رکابەرە سیاسییەکانى رەخنەیان لێگرت و رایانگەیاند هۆکارى راستەقینەى کێشەکانى (ئێچ بى ئۆ ئێس) پەیوەندیى بە بەشداریکردنى ئەو بانکە لە بازاڕى لەرزۆکى قەرزى خانو و بەرەدا بوە.

لەوکاتەوە فرد گودوین نیشانى شوڤالیەى لێسەندرایەوە بەڕێز سمۆند ئاماژەى بە نامەیەک کرد کە پێشتر و لەو کاتەدا سەرۆکایەتى بانکى شاهانەى سکۆتلەندى لە ئەستۆ بوە و بۆ گودوینى نوسیوە. لەو نامەیەدا پێشنیازى ئەوە کراوە حکومەتى سکۆتلەند لەدەست بەسەردا گرتنى بانکى هۆڵەندیى (ئیى بی ئێن – ئامرۆ) یارمەتیدەر بێت. ئەو مامەڵەیە لە ئەنجامدا بوە هۆى ئەوە بانکى شاهانەى سکۆتلەند پێویستى بە وەرگرتنى (٤٥) ملیار پاوەن هەبێت بۆ خۆ رزگارکردن لە قەیرانى دارایى.

دواتر بەڕێز سمۆند لەو بارەیەوە رایگەیاندبو ژمارەیەکى زۆر کەم دەیانتوانى پێشبینیى ئەو قەیرانە داراییەیان بکردایە و وتیشى: "ئەگەر پێشگۆییم بزانیایە ئەوا بە دڵنیایەوە بەشێوەیەکى دیکە هەڵسوکەوتم دەکرد. لەوەش دڵنیام کەسانێکى زۆر لەم بابەتەدا هاوڕامن".

بەڕێز سمۆند لەلایەن رەخنەگرەکانیەوە بەوە تۆمەتبار کراوە کە پەیوەندییەکى نزیکى لەگەڵ بازرگانە گەورە نێودەوڵەتییەکاندا هەیە بۆ نمونە (برایان سوتار) سەرۆکى کۆمپانیاى گواستنەوە و گەیاندنى (ستیج کوچ) و (دۆناڵد ترامپ) بازرگانى ئەمریکى – دواتر بەهۆى سیاسەتەکانى حکومەتى بەڕێز سمۆندەوە بۆ پشتیوانیکردن لە وێستگەى بەرهەمهێنانى وزە لە ریگەى باوە بوو بە دوژمنى سمۆند – هەروەها تۆڕە زل میدیاکەى رۆبێرت مرداک.

بەڕێز سمۆند بە بەردەوامى جەختى لەوە کردوەتەوە پەیوەندى لەگەڵ ئەو کەسانە تەنها بۆ بەرزکردنى ئاستى دامەزراندن و دەستەبەرى کار بوە لە سکۆتلەنددا.

ئاسۆى کۆنەپارێزى (کۆنزێرڤاتیزم)
ئومێدەکانى بەڕێز سمۆند بۆ بەرزکردنەوەى ژمارەى نوێنەرەکانى پارتى نیشتیمانى سکۆتلەند لەپەرلەمانى بەریتانیا لەساڵى (٢٠١٠) لە پێناو "سەماکردن بە وست مینستر لەرێگەى لێدانى سکۆتلەندییەوە" نەهاتەدى.

لەبەرامبەر دیمەنى گەڕانەوەى کۆنەپارێزەکان بۆ سەر دەسەڵات پۆل پۆل دەنگدەرانى سکۆتلەندى دەستیان لەپشتیوانیکردنى پارتى کرێکاران هەڵگرت. لەو بانگەشەیەى هەڵبژاردندا پارتى نیشتیمانى سکۆتلەند لەدژى بى بى سى لەدادگا سکاڵاى تۆمارکرد، چونکە رێگاى بە گفتوگۆى تەلەفزیۆنى نێوان بەڕێز سمۆند لەگەڵ گۆردۆن براون و نیک کلگ لەگەڵ دەیڤید کامرۆن نەدابو. بەڵام بڕیارى دادگا لە بەرژەوەندیى بی بى سى بو.

سەربارى ئەنجامەکانى هەڵبژاردن بەڕێز سمۆند توانیى سەرۆکایەتى حکومەتى بەریتانیا لەلایەن کۆنەپارێزەکانەوە بکاتە یەکێک لەلێکدانەوە سەرەکییەکانى خۆى لە بەرژەوەندیى سەربەخۆیى سکۆتلەنددا. لەو چوارچێوەیەدا ئاماژەى بەسەردەمى مارگرێت تاچەر کرد و بە توانجەوە ئاماژەى بە تاکە نوێنەرى کۆنەپارێزەکانى سکۆتلەند لە پەرلەماندا دەکرد.

تێکشکاندنى سیستم
پێدەچو پارتى کرێکار براوەى هەڵبژاردنى ساڵى (٢٠١١) بێت لە سکۆتلەند، بەڵام بەڕێز سمۆند - کە هەرگیز نابێت بەچاوى کەم سەیرى بکرێت - بە بانگەشەیەکى پۆزەتیڤ و گونجاوەوە بەشداریى لە ململانێکەدا کرد.

کاتێک لەلایەن پارتى کرێکارانەوە هێرشى کرایە سەر دەنگدەرانى سکۆتلەند پشتیان گرت و پارتى نیشتیمانى سکۆتلەند بە جیاوازییەکى زۆر زیاد و هەژێنەرەوە بو بە براوەى ئەو ململانێ و هەڵبژاردنە.

پێکهاتەى پەرلەمانى سکۆتلەند بەشێوەیەکى داڕێژراوە، کە رێگا نادات زۆرینەى رەها بکەوێتە دەستى حزبێک (واتە پارتى نیشتیمانى سکۆتلەند)، بەڵام سەرکەوتنى نیشتمانپەروەرەکانى سکۆتلەند بوە هۆى گۆڕانکارییەکى مێژویى لەپێکهاتەى سیاسەتى سکۆتلەنددا، کە پێشتر بۆ ماوەى (٥٠) ساڵ لەژێر دەسەڵاتى پارتى کرێکاراندا بو.

لەرێگەى پلانى (٢.٠) حکومەتەکەى بەڕێز سمۆند و دژایەتیکردنى بەرامبەر بە کەمکردنەوەى بودجە لە لایەن حکومەتى بەریتانیاوە ئەوەى لێکەوتەوە، کە بەپێداگرییەوە بیمە (دڵنیایى) گشتى دەستەبەر بکات. هەروەها بانگەشەى ئەوەش دەکەن رێژەى تاوانیان بۆ کەمترین ئاست لە (٣٠) ساڵى رابردوودا کەمکردوەتەوە.

حیزبە دژبەرەکانى بە بەردەوامى ئەو بانگەشەیەیان خستوەتەڕو، کە سمۆند زیاد لە پێویست خۆى سەرقاڵى خەونەکەى بۆ سەربەخۆسى سکۆتلەند کردوە، چونکە ئەوە وایکردوە سەرنج نەخاتە سەر کێشەکانى خودى سکۆتلەند.

رەخنەگرەکانى بەڕێز سمۆند بانگەشەى ئەوەش دەکەن، کە کەمکردنەوەى ژمارەى مامۆستاو پەرستار و کەمبونەوەى ژمارەى خانو (کێشەى نیشتەجێبون) چەند نمونەیەکن لەتێڕوانینى کەمتەرخەمانەى سمۆند.

دەنگدان
بەڕێز سمۆند لە یەکەمین خولدا بەڵێنى حکومەتەکەى بۆ راپرسى لەپێناو سەربەخۆییدا نەخستەبوارى جێبەجێکردنەوە، چونکە نەیتوانى دەنگى پێویست لە هالى رود (پەرلەمانى سکۆتلەند) بەدەستبهێنێت. ئەگەرى ئەوە هەیە ئەو بابەتە لەبەرژەوەندى ئەودا بو بێت، چونکە لەوکاتەدا راپرسییەکان خواستى زۆرینەیان لەبەرژەوەندی دەنگى (نا)دا نیشاندا بو.

ئەنجامەکانى هەڵبژاردنى ساڵى (٢٠١١) بەڕێوەبردنى راپرسیى بۆ سەربەخۆیى یەکلاکردەوە. کاتى ئەوە هاتوە بەڕێز سمۆند هەنگاوى زیاتر لە قسەکردن بگرێتە بەر و پارەکانى (سەرچاوەکانى نەوتى دەریاى باکور) بکاتە مەرجى گرەوەکەى.

وەزیرى یەکەمى حکومەتى خۆجێى سکۆتلەند لە پاڵ حکومەتەکەى و بزوتنەوەى سەربەخۆیى بە بەردەوامى بانگەشەى ئەوەیکردوە سکۆتلەند دەتوانێت ببێت بە یەکێک لە دەوڵەمەندترین وڵاتە بچوکەکانى جیهان. نەیارەکانى دەڵێن: سمۆند ئامادەیە بۆ بەدەستهێنانى دەنگى "بەڵى" هەمو قسەیەک بکات.

جیا لەئەنجامەکانى راپرسیى رۆژى (١٨)ى سپتەمبەر سمۆند هەر لەئێستاوە توانیویەتى پێگەى خۆى لەکتێبە مێژوییەکاندا تۆمار بکات.

کاتەکانى پشو
سەرەڕاى ئامادەبونى بەرچاوى لەگۆڕەپانى گشتیدا، بەڕێز سمۆندو مویراى هاوسەرى تا ئێستا مەنداڵیان نەبوە و ژیانى تایبەتى خۆیان زۆر بە قورسى لەبەرامبەر ئاشکرابونى گشتی دەپارێزن.

وەک باسدەکرێت بەڕێز سمۆند حەزێکى زۆرى لەخوێندنەوە، ئەسپ سوارى (وەک زۆربەى سکۆتلەندیەیکانیش) حەزى لەلێنانى شلەى جۆراجۆر هەیە.


سەرچاوە: بی بی سی

ئه‌م بابه‌ته‌ 374 جار بینراوه‌