نەتەوە چیه؟/ئێڕنێست رێنان/لە ئیتالیایەوە: جەماڵ زەندی

به‌شی: بابه‌تی هه‌ڵبژارده‌
2014-10-28 20:05:58
_______________________________________________________________________________
ئەوەی مەبەستمە لە گەڵ ئێوە بیدەمە بەر باس و تاوتوێ بكەم، هزرێکە كه‌ تەنها بە رۆاڵەت ڕوونە، به‌ڵام له‌ ڕاستیدا خراب لێ تێگه‌یشتنی زۆر ئاسانه‌. فۆرمی کۆمەڵگای مرۆڤایەتی هەمیشە هەمەچەشن بووە. زۆر کۆمەڵگە به‌ پێكهاته‌ی ڕه‌نگاوڕه‌نگه‌وه‌ هه‌ن، وەکوو چین، میسر، بابلی کۆن، هەندێک خێڵ وەک یەهوودییەکان

وعەڕەبەکان، هێندێک شار وەک ئاتێن وسپارت، یه‌كێتی وڵاته‌  جیاجیاكان وەک ئیمپڕاتۆری کارۆلینجۆ، جڤاته‌ بێ وەڵاته‌كان كه‌ ئایین بۆتەوە هۆی یەکگربوونیان، وەک ئیسرائیلی و  پارسەکان، وڵاتانی وەک فەڕانسە، ئینگلیز و بەشێ زۆر لە وەڵاته‌ ئەورووپاییه‌كان، هەندێک کۆنفێدراسیۆن وەک سویس و ئەمریکا، جۆرێک له خزمایەتی کە پێوه‌ندی به‌ ڕه‌گه‌ز یان باشتر بڵێین بە زمانەوە هه‌یه‌، لە نێوان گرووپە جۆراجۆره‌ ژێرمەن و سڵاڤەکاندا هه‌یه‌. هەموو ئەمانە فۆرم و پێکهاتەی ئەو گرووپانەن كه‌ بوونیان هەیە یان بووه‌ و ناتوانن بێ ئه‌وه‌ی تووشی بارگرژی و كێشه‌ ببن، ئاوێته‌ی یه‌ك ببن. لە سەردەمی شۆرشی فەڕانسەدا پێیان وابوو ده‌توانن دامەزراوە و شارە بچووک وسەربەخۆکانی ئاتێن و سپارت لە گەڵ وەڵاتە گەوەرەکانی سەردەم کە ژمارەی دانیشتووانیان دەگاتە سی یان  چل ملیۆن کەس هه‌ڵسه‌نگێنن.

هەڵەیەکی ترسناک کە لە ڕۆژگاری  ئه‌مرۆدا ڕوو ده‌دات ئەوەیه كه‌ وەڵات و ڕەگەزیان تێکەڵ کردووە و گه‌لانێک كه‌ به‌ڕاستی بوونیان هه‌بوو، له‌ گه‌ڵ گرووپه‌ زمانی و ئتنییه‌كان به‌ یه‌ك جۆر پێناسه‌ ده‌كه‌ن. هه‌وڵ ده‌ده‌ین زۆر به‌ وردی ئه‌م پرسه‌ شی بكه‌ینه‌وه‌، چونكه‌ ئاڵۆزی له‌ مانای وشه‌كاندا ده‌توانێ ببێته‌ هۆی هه‌ڵه‌ی كوشندە‌‌. باسێكی زۆر هه‌ستیار‌ و ناسکە،‌ لەبەر ئەوه‌ی ئێمە بە جۆرێک زیندووه‌كان دەدەینە بەر باس و شیکاری وەک چۆن شیکاری ‌مردووه‌كان بکەین، هه‌ر بۆیه‌ هه‌موو هه‌وڵمان ده‌خەینە ‌گه‌ڕ بۆ دادوه‌رییه‌كی بێ لایەنانه‌. 

١‪
هه‌ر له‌ به‌ره‌به‌یانی هه‌رس هێنانی ئیمپڕاتۆری ڕۆمه‌وه‌ یان باشتر بڵێین لە دەسپێکی هەڵوەشانەوەی ئیمپڕاتۆری کارۆلینجۆوه‌، وێ ده‌چێ ئۆرووپای رۆژاوا دابەش بووبێ بە سەرنەتەوەکاندا- لە سەردەمە جیاكاندا- هێندیک لەوان هەوڵیان دا به‌ سه‌ر ئه‌وانیتردا حوكومڕانی بكه‌ن، به‌ بێ ده‌سته‌به‌ر كردنی سه‌ركه‌وتنێكی درێژ خایه‌ن. كارێک كه‌ نه‌ کارلۆی پێنج و لویجی چواردەهەم و نە ناپێلۆنی تێدا سەکەوتوو بوون. دژواره‌ لە داهاتووشدا کەسی تێدا سەرکەوتوو بێ. دامەزراندنی ئیمپڕاتۆرییەکی نوێ  وه‌كوو رۆم یان ئیمراتۆری تازەی کارۆلینجۆ ئیتر مومکین نییە.

دابەشبوونی ئەورووپا ئەمێستا ئیتر ڕاستییه‌كی حاشا هه‌ڵنه‌گره‌ و هه‌ر هه‌وڵێک بۆ ده‌سه‌ڵاتداری به‌سه‌ر هه‌موویدا به‌ بێ ماتڵ بوون ده‌بێته‌ هۆی پێكهێنانی هاوپه‌یمانی به‌ گه‌ڕانه‌وه‌ بۆ سنووره‌ سرووشتییه‌كانی. ئەورووپا، بۆ ماوەیەکی زۆر خاوەنی جۆریک هاوسەنگی تایبەتی بوو: فەڕانسە، ئینگلیز، ئاڵمان و رووسیا دیسان بۆ سەد ساڵی تر دەمێننەوە، سەرەڕای ئەو رووداوانەی کە ڕه‌نگه‌ به‌ دژیان بن، کەسایەتی مێژوویی، واته پاژی سەرەکی شەترەنجێکن کە خانووەکانی بەردەوام لە بەر گرینگی و گەورەیی لە گۆڕان دان، بێ ئەوەی بە یەکجاری تێک بچن. به‌م پێیه‌ دیارده‌ی نه‌ته‌وه‌ له‌ مێژوودا تازه‌یه،‌ له‌ رابردوودا شتێك به‌ نێوی‌ نه‌ته‌وه‌ نه‌بوو: میسر، چین و کلدانی کۆن هەرگیز نەتەوە نەبوون. جڤاتانێک بوون کە یەک لە کوڕەکانی هەتاو یان یەک لە کوڕەکانی ئاسمان ڕێبه‌ری ده‌كردن. شارۆمەندیی چینی و میسری له ئارادا نه‌بوو. مێژووی کۆنی کلاسیک کۆمار و شاریارییه‌ ناوچەییەکانی له‌ بیره‌، کۆفێدراسیونی كۆماری هه‌رێمی  و ئیمپڕاتۆره‌كانی له‌ بیره‌: بەڵام نەتەوە بەم جۆرەی ئێمە ئەمرۆ مەبەستمانە نه‌بووه‌. ئاتێن، سپارت، سیدۆن، تیرۆ، نموونه‌ی هێندێک ناوەندی بچووک و بە شکۆی وڵاتپارێزین. گەرچی ئەو شارانە سەرزەمینه‌كانی بە ڕادەی بەرچاو ته‌سك بوو. گالیا، سپانیا و ئیتالیا ــ پێش ئەوەی لە نێو ئیمپڕاتۆری رۆماندا بتوێنەوە ــ کۆمەلە خەڵکانیک بوون، کە زۆر جار پێکەوە هاوپەیمان بوون، بەڵام بە بێ ئه‌وه‌ی دامەزراوەیەکی ناوەندی یان زنجیرە پاشایەتی پێك بهێنن. تەنانەت ئیمپراتۆری ئاشوور، پارسەکان و ئیمپراتۆری ئەسکەندەریش وڵات نەبوون. ئاشوورییەکان هەرگیز وڵاتپارێز[پاتێریوت] نەبوون: ئیمپراتۆری پارسەکان فێوداڵییەکی پان و بەرین بوو. ته‌نیا یه‌ك نه‌ته‌وه‌ نییه‌ كه‌ له‌ له‌شكه‌ركێشییه‌ مه‌زنه‌كەی ئه‌سكه‌نده‌ره‌ سه‌ری هه‌ڵدابێ، كه‌  ده‌رنجامه‌كه‌ی به‌ گشتی ‌ بۆ مێژووی شارستانیه‌ت بە سوود بوو. ئیمپڕاتۆری رۆم زۆر نزیک بوو بە پێكهاته‌ی وڵاته‌وه‌، ئه‌وه‌ش كاتێک با‌یەخی په‌یدا كرد كه‌ گۆڕانكارییه‌ بەرینه‌كانی کۆتایی شەڕ بوو بە‌ هۆی بالادەستی رۆمییەکان و یه‌كخستنێكی بەرین و جۆریك له‌ ئاشتی و سه‌ر و ساماندانی سه‌قامگیر كرد.

له‌ ئاخر و ئۆخره‌كانی ئیمپراتۆرییه‌كه‌دا لە نیوان کەسانی خاوەن گیانی بەرز،  ئوسقۆفە رۆشنەکان و خەڵکی خوێندەواردا، هەستێکی ڕاستەقینە به‌ "پاکس رۆمان'' [ئاشتییەک کە لە سەردەمی ئیمپراتۆری رۆمدا بۆماوەیەکی زۆرلە رۆژاوا سەقامگیر بوو] لەئارا بوو، دژی بێ سەر و بەرەیی كه‌ بێگانه‌كان ورووژێنه‌ری بوون. بەڵام ئیمپراتۆرییەک  دوازدە هێندە گەورەتر لە فەڕانسەی ئەمرۆ له‌و ئاسته‌دا نییه‌ نه‌خشی دەوڵەتیکی مۆدێڕنی ئه‌مرۆیی بگێڕێ. دابڕان و جیایی لەنێوان ڕۆژهەڵات و ڕۆژاوا‌ له‌ سه‌ده‌ی سێهه‌مدا هه‌لێك بوو بۆ دامه‌زرانی ئیمپراتۆری گالیكۆ(Gallico).

چێنه‌ری ئه‌و تووه‌ی‌ دواتر بوو به‌ بنه‌ما و یاره‌ما‌ی ناسیونالیزم هێڕش و له‌شكه‌ركێشی ژێرمه‌نه‌كان بوو.

به‌ڕاستی، ژێرمەنه‌كان لە دەسپێکی هێرشە بەربڵاوەکانیانەوە لە سەدەی پێنجمەوە تاکوو دواهەمین داگیرکارییە نۆرمانەکانیان لە سەدەی دەیەمدا چییان كرد؟ نه‌ختێ زه‌مینی ڕەگەزیان گۆڕی، بەڵام زنجیرە ئەریستوکراسییەکی چەکدارانە لە بەشێکی بەرین و به‌رچاو لە ئیمپراتۆرییه‌ کۆنەکەی ڕۆژئاوا دادەمەزرێنن، كه‌ دواتر وه‌ك داگیركه‌ر نێویان لێ ده‌برێ.  لەوێنده‌ره‌وه‌ فەڕانسە، بوورگوندیا، لۆمباردیا، دواتریش نۆرماندیا دروست ده‌بن.  ئیمپڕاتۆری فرانکۆ، كه‌ به‌رهه‌می پاوانخوازیی بوو، توانی بۆ ماوه‌یه‌كی كورت ئەورووپا بکاتە یەکپارچە،بەڵام ئەم ئیمپراتۆرییە بە شێوەییەکی چارەهەڵنەگر لە کۆتاییه‌كانی سەدەی نۆهەمدا لە بەریەک هەڵوه‌شایه‌وه‌. رێکەوتنی ڤێردوون(Verdun) دابەشبوون بوو لە سەرهێڵێ كه‌مترین گۆڕانكایی، له‌وه‌ بەدواوە فەڕانسە، ئاڵمانیا، ئینگلیز، ئیتالیا و سپانیا، به‌ ڕێبازی دژبه‌یەكدا ده‌ئاژوێن و به‌نێو هەزاران رووداودا ده‌په‌ڕێنه‌وه‌، بۆ پێگەیاندنی یەکجاری نەتەوەیی خۆیان، بەو شێوەی ئەمرۆ ده‌یانبینین. لە واقیعدا ئەوەی تایبەتمەندی ئەم دوڵه‌تا‌نه‌یه‌ ئاوێته‌یی گه‌لانی دامه‌زرێنه‌ریانه‌.

لەنێو ئەو وڵاتانەی هەر ئێستا ئاماژەمان پێ کردن، هیچ شتێکی هاوشێوەی ئەوه‌ی له‌ تورکیا دەبینرێ، به‌دی ناكه‌ین، لەوێ  تورک، سڵاڤ، یونانی، ئەرمەنی، عەرب، سووری و کورد ئەمرۆ جودا جودان، هه‌ر وه‌ك ده‌می به‌ كۆیله‌ كردنیان. ئه‌وه‌ ئاكامی ده‌ور و نه‌خشی دوو هه‌لومه‌رجی سه‌ره‌كی بوو؛ هەر لە سەرەتا و یەکەم هەنگاودا خەڵکی ژێرمەن لە گەڵ یونانی و لاتیندا پێوەندی بەرقەرار دەکەن و مەسێحیەت قەبووڵ ده‌كه‌ن. کاتێک سەرکەوتوو و ژێرکەوتوو هەردووکیان ئایینی هاوبەشیان هەبێت، یان باشتر بڵێین کاتێک سەرکەوتوو ئایینی ژێرکەوتوو قبووڵ ئەکات، ئیتر ناتوانێ وه‌به‌رهێنه‌ری سیستێمی توركی بێت: بەشی بەرچاو لە دابەشبوونی مرۆڤایەتی لە سەربنەمای لایه‌نگری لە ئایینەکانە.

دووهەم: فەرامۆش کردنی یەکجاری زمانی تایبەتی لە لایەن داگیرکەرانەوە بوو. نەوەکانی کلۆدۆڤێۆ، ئالاربیکۆ،گۆندێبالدۆ، ئابلۆینو و رۆلۆنێ بە زمانی ڕۆمانی قسەیان دەکرد. ئەم رووداوە بە نۆبەی خۆی ئاکامی تایبەتمەندییەکی گرینگ بوو: فرانکی، بوورگوندی، گۆتیەکان، لۆنگۆباردی و نۆرمانی، زۆر کەم ژنی هاوڕه‌گه‌زیان لەگەڵ بوو. بۆ چەند نەوەیەک سەرکردەکان تەنها لە ژنانی ژێرمەنیان دەخواست، بەڵام گراوەکانیان لاتینی بوون، شێوەی پەروەردەی منداڵەکانیشیان هەر لاتینی بوو. هەموو ئەندامانی خێڵەکان لەگەڵ ژنی لاتینی گۆڤەندیان ساز دەدا، واتە، دوای سەقامگیر بوونی فرانک و گۆتیەکان لەسەر خاکی رۆمانەکان، زمانی گۆتی و فرانکەکان گەر تۆزێک بەختی هەبوو، چەقی بەست. لە ئینگلیزدا وا نەبوو، هۆکاریش ئه‌وه‌ بوو كه‌ ئه‌گه‌رچی ڕه‌نگه‌ داگیرکەرانی ئانگڵۆساکسۆن ژنیشیان لە گەڵ بووبێ، به‌ڵام خەڵکی بریتانی ڕه‌ویان كرد، لە لایەکی تره‌وه‌  له‌وێ لاتینی زۆر به‌رچاو نه‌بوو یان باشتر بلێین هەرگیز لە بریتانیا باڵادەست نەبوو.

ئەگەر لە سەدەی پێنجەمدا لە گالیا بە فراوانی بە گالی قسەدەکرا، کلۆدۆڤێۆ و دەست و پێوەندەکانی لەبەر زمانی گالی دەستبەرداری زمانی ژێرمەن نەبوون، كه‌وابوو ئاکامی بنەڕەتی  بوو به‌ ئه‌وه‌ كه‌ سەرەڕای هێز و تەوژمی داب و نەریتی داگیرکەرانی ژێرمه‌ن، لە گەڵ چه‌رخی زه‌ماندا ئەو فۆرمەی ئەوان دامەزرێنەری بوون، بوو بە فۆرمی نەتەوەکان.

بە شێوەیەکی ته‌واو یاسایی فەڕانسە دەبێتە نێوی ئەو وڵاتەی کە تەنها گرووپێکی بچووک و کەمینەی فڕانکی تێدا جێگیر ببوون. لە سەدەی دەیەمدا، لەنێو یەکەم ''كانسۆنس دێ ژست'' [سرووده‌كانی شكۆ] ئەوانەی کە نموودێك له‌ ئاوێنەی باڵانوێنی رۆحی تەواوی سەردەمی خۆیانن، هەموو دانیشتووانی فەڕانسە فەڕانسەیین. لە گرێگۆری تۆرسوودا، بیری ڕەگەزێکی جیاواز لە نێو خەڵکی فەڕانسەدا بە باشی خۆ دەنوێنی کە هەرگیز لەنێو نووسەر و شاعیرەکانی پاش ئووگۆ کاپێتۆ، به‌رچاو ناكه‌وێ. جیاوازی نیوان ڕەسەن و عەوام به‌ ته‌واوی دیاره‌، بەڵام ئه‌وه‌ به‌ هیچ جۆرێک جیاوازی ڕه‌گه‌زی نییه‌، جیاوازییە لە بوێریدا، نەریت پەروەردەیی کە بە میرات پێیان گەیشتووە. بە زەینی هیچ کەس ناگات کە ڕیشەی هەموو ئه‌مانه‌ له‌ داگیركه‌رییدا بێت. ئەو تێیـۆرییە درۆیینەی کە پێی وایه‌ ڕیشەی ڕەسەنایەتی لە مافێکی تایبەتیدایە کە لە لایان شاوە بە خزمەتگوزار و گەوەرەکانی نەتەوە بەخشراوە و گوایه‌ بە جۆرێک کە هەر ڕەسەنێک، "ڕەسەنایەتییە"، لە سەدەی سێزدەدا وەک بیر گرسا.

دوای ئه‌وه‌ی داگیرکەری نورماندییەکان كۆتایی پێ دێت، هه‌ر هه‌مان شت ڕاستی خۆی دەسەلمێنێ. یانی له‌ ماوەی یەک یان دوو نەوەدا ئیتر داگیرکەرە نورماندییەکان خۆیان لە باقی خەڵک جیا ناکەنەوە، ئەڵبەت ئه‌مه‌ نه‌بووه‌ هۆی كه‌م بوونی کاریگه‌رییان؛ ئه‌وان داب ونەریتێکی چەکداری و وڵاتخوازیی و چینێكی ڕه‌سه‌نی چه‌كداریان ڕاده‌ستی وه‌ڵاتی داگیركراو كرد کە پێشتر خاوەنی نەبوون.

فەرامۆشی، یان باشترە‌ بێژم هەڵەی مێژوویی پێشانده‌ری ڕاستییه‌كی حاشاهه‌ڵنه‌گره‌ له‌ دروستكردنی یه‌ك نه‌ته‌وه‌دا‌، هەر بەم هۆیەوە رۆچوون له‌ خوێندنەوه‌ مێژوویییه‌كان زۆر جار ده‌بێتە نموودێكی مه‌ترسیدار بۆ نه‌ته‌وه‌گه‌رایی. لە ڕاستیدا توێژینەوەی مێژوویی، ڕاستی ئه‌وه‌ شه‌ڕ و شۆڕانه‌ ڕوون ده‌كاته‌وه كه‌ ‌هاوكات بوو له‌ گه‌ڵ سیستێمه‌ سیاسییە جوراوجوره‌كاندا و به‌وانه‌شه‌وه‌ كه‌ ئاكامی سوودمه‌ندیان بووه‌؛ یەكێتی هەمیشە بە زه‌بر و زه‌نگ جێ بە جێ ده‌بێ: یه‌كخستنی فەڕانسەی باکوور و فەڕانسەی باشوور ڕەشەکوژی و کاولکارییەکی بە شوێنەوە بوو کە نزیك به‌ یه‌ك سه‌ده‌ی به‌ بێ وچان خایاند.

شای فەڕانسە ــ گەر بکرێ وا بێژم ــ نموونه‌یه‌كی ئارمانی؛ "كووره‌ی تاواندنه‌وه‌ی" سەدە بوو: شای فەڕانسە ئەوەی کە بەدیهێنەری یەکێتی زۆربەی فەڕانسەی ئەمڕۆ بوو. به‌سه‌رهاتی شای فه‌ڕانسه‌مان بینی، ئەو پرستێجی خۆی دۆڕاند؛ ئەو نەتەوەی ئەو ساماندەری بوو، تووکیان لێ کرد. ئەمڕۆ تەنها کەسانی وشیار لەو ئاسته‌دان لەوە تێ بگەن کە ئەو مەبەستی بوو به‌ سه‌رە‌نجامی بگه‌یەنێ و ئه‌وه‌ی به‌ سه‌ره‌نجامی گه‌یاند.

هەندێک یاسای بلیمەتی مێژوویی لە ناکۆکیدا هەستیان پێ دەکرێ، ئەو پلانەی شای فەڕانسە بەو شێوە شکۆمەندە، به‌شێكی به‌ زه‌بر وزه‌نگ و به‌شێكی به‌ ئاشتی،  ڕێبه‌ری كرد و به‌‌ ئاكامی گه‌یاند، لە زۆر وڵاتدا تووشی شکست بوو. لە ژێر تاج و تەختی سانت ستێفانۆدا، مەجارییەکان و سڵاڤەکان جیا مانەوە، هەر وەکوو چۆن هەشسەد ساڵ پێش جودا بوون. لویجی بۆ پته‌و كردنی زنجیره‌پاشایه‌تی ئاسبوورگ، زۆرجار بنده‌سته‌كانی لێك داده‌بڕی و ده‌یانیدا به‌ گژیه‌كدا. لە بۆئمیا، چك و ئاڵمانی هەرگیز دانه‌یان پێكه‌وه‌ نه‌ده‌كوڵا، سیاسەتی تورک لە مەڕ جیاکردنەوەی نەتەوه‌كان لە سەر بنەمای ئایین ئه‌زموونێكی پڕ تاڵ بوو، بوو بە هۆی خاپوور بوونی ڕۆژهەڵاتی ناڤین. بنواڕن‌ شارێك وەک ساڵۆنیک یان سمین: لەوێ پێنج، شەش جڤات دەبینن، هەرکامیان بیرەوەری تایبەت بە خۆی هەیە و دەکرێ بڵێین هیچ شتێکی هاوبەشیان نییە.

لە کاتێکدا جەوهەری نەتەوەیەک لەودایە کە هەموو ئەندامەکانی لە سەر میراتێکی هاوبەش كۆكن و زۆر شتیان فەرامۆش کردووە، هیچ شارۆمەندێکی فەڕانسەیی بیره‌وه‌ری له‌وه‌ی كه‌ بووگاردی، ئالانۆی یان ڤیزگۆتۆیییه‌ نییه‌؛ هەر شارۆمەندێكی فەڕانسە دەبێ شەوی سان بارتۆلۆمێو و كۆمه‌ڵكوژییه‌كه‌ی سەدەی سێزدەی باشووری فەرامۆش کردبێ.

فەڕانسە دە بنەماڵەی لێ نییە بە تاقیکردنەوە بیسەلمێنن کە بە ئەسڵ دەگەرێنەوە سەر فەرانکه‌كان، هه‌ڵبه‌ت وەها تاقیکردنەوەیەک بە هۆی تێکەڵاویی نەناسراوەوە هه‌ر زۆر نوقسان دەبێ و دەتوانێ هەموو تێیۆرییە ژێنێتیکییەکان تووشی سەر لێشێواوی بكات. کەوابوو، نەتەوەی مۆدێڕن ئاکامێکی مێژوویی و بەرهەمی زنجیرەکردارێکی هاوته‌ریبن بەرەو یەک ئاقار. هێندێ جار یەکگرتوویی لە ڕێگەی زنجیرەپاشایەتییەوه‌ سەپاوە، بۆ نموونه‌ فه‌ڕانسه‌. جاروباریش لە ئیرادەی هەرێمەکانەوە، بۆ نموونە هۆلەند، سویس و بلژیک، یان له‌ لایەن سه‌ركرده‌یه‌كی سپاوه‌ كه‌ بووته‌‌ بزوێنه‌ری بزاڤه‌كان و دواتر خۆی ‌ به‌سه‌ر بڕوبیانووی فێئۆدالەکاندا سه‌پاندوه، وەک ئیتالیا و ئاڵمان. 

له‌ هه‌ر حاڵدا، هه‌میشه‌ هۆكارێكی سه‌ره‌كی بزوێنه‌ری ئه‌م بزاڤانه‌ بووه‌. له‌ وه‌ها نموونه‌گه‌لێكدا هۆكاره‌كان له‌نێوان سه‌رسووڕمانی چاوه‌نواڕنه‌كراوه‌دا خۆ ده‌هاوێنه‌ به‌ر تیشك. به‌ چاوی خومان یەکگرتنی ئیتالیامان له‌ تێكشاندا بینی، خاپوور بوونی توركیا له‌ سه‌ركه‌وتندا.  هەر شکانێک دەبوو بە هۆی یەکێتی ئیتالیاییه‌کان و هەر سەرکەوتنێک ده‌بوو بە هۆی لاواز بوونی توركیا، چونكه‌ ئیتالیا یه‌ك نه‌ته‌وه‌یه‌، لە کاتێکدا تورکیە - لە دەرەوەی ئاسیای بچووک - نەتەوە نییە.

لە ڕێگەی شۆڕشی فەڕانسه‌وه‌ بانگەوازی بوونی نه‌ته‌وه‌‌یه‌ك بكرێ، جێی شانازییە بۆ فەڕانسە، کەس نابێ پێی ناخۆش بێت ئه‌گەر لاسایی کرایەوە. بنەمای نەتەوە هی فه‌ڕانسه‌یه‌. بەڵام بەهەرحاڵ نەتەوە چییە؟ بۆچئ هۆلەند نەتەوەیە، لە کاتێکدا هاننوڤێر و گەورەدووکی پارما نەتەوە نین؟ بۆچی فه‌ڕانسه‌ به‌رده‌وامه‌ له‌ نه‌ته‌وه‌ بوون، له‌ كاتێكدا بنه‌ما ئافرێنه‌ره‌كانی بزر بوون؟

بۆچی سویس کە خاوەنی سێ چوار زمان، دوو ئایین و سێ چوار ڕەگەزە، یه‌ك نه‌ته‌وه‌یه‌، لە کاتێکدا، بۆ نموونە تۆسکانا [ناوچه‌یه‌ك له‌ ئیتالیا] ئەوندە فرەڕەگەزە، نەتەوە نییە؟ بۆچی ئاووستریا دەوڵەته‌ و نەتەوە نییە؟ چی بنه‌مای ڕه‌گه‌زی و نه‌ته‌وه‌یی لێك جودا ده‌كاته‌وه‌؟ گیانی وردبین تا وه‌ڵامی شیاو بۆ ئه‌م پرسیارانه‌ نه‌دۆزێته‌وه‌ ئۆقره‌ ناگرێ. به‌ دڵنیاییەوە كێشه‌كانی جیهان به‌ وه‌ڵامی ئه‌م پرسیارانه‌ چاره‌سه‌ر نابێ، بەڵام مرۆڤی شێلگیر بەڵگەی دەوێت بۆ وڵامی ئه‌م پرسیارانه‌ به‌ مه‌بەستی‌ ڕه‌واندنه‌وه‌ی ئه‌و ته‌م و مژه‌ی گیانه‌ سه‌رسه‌رییه‌كانی تێدا نووقم ده‌بن.

٢

هێندێ بیرمه‌ندی زانستی سیاسی له‌و باوه‌ڕە دان كه یه‌ك نه‌ته‌وه‌ زنجیرەپاشایەتییه‌، ئه‌وه‌ی له‌ كۆندا داگیریانی كردبوو‌؛ ئه‌مه‌ پێشتر قبوول كرا بوو، به‌ڵام دواتر له‌ لایەن گه‌له‌وه‌ له‌ بیر كرا. بە بڕوای ئه‌و چالاكه‌‌ سیاسییانه‌ی جێی ئاماژەی منن، یه‌كخستنی ناوچەکان کە لە لایەن زنجیرەپاشایەتییەکەوە به‌رێوه‌ چووه‌ (لە رێگەی شەڕ، ژن و ژنخوازی، یان ڕێکەوتنه‌كانیانه‌وه‌) به‌ تێداچوونی زنجیره‌ پاشایه‌تی‌ بنیادنه‌رییان ئه‌وانیش هه‌رسیان هێناوه‌. ڕاستە کە زۆربەی نەتەوە مۆدێڕنەکان لە لایەن هێندێک بنەماڵەوە دامەزراوە کە بە ئەسڵ فێئۆداڵ بوون، ئەوانەی کە په‌یمانیان لەگەڵ خاکدا بەستبوو و بە شێوەیەک لە شێوەکان بوون بە هەوێن و گرسێنه‌ری. سنووری فەڕانسەی ١٧٨٩ هیچ شتێکی سروشتی و پێویست نەبوو. ئەو ناوچە بەربڵاوەی کە کاپێتیجی لکاندیانه‌ هێڵە بەرتەسکەکەی ڕێکەوتنی ڤێردوونـەوە، بە دڵنیاییەوە یه‌ك له‌ دەسکەوته‌ تایبەتییه‌كانیان بوو.

ئەو سەردەمەی پەیوەست کردنەکان جێبەجێ کران، کەس بۆچوونی ئەوتۆی لە سەر سنووری سروشتی، مافی نەتەوەیی و ئیرادەی هەرێمەکان نەبوو. یه‌كێتی نێوان ئینگلیز، ئیرلەند و سکۆتلەند کاری زنجیرەپاشایەتی بوو. یه‌كێتی ئیتالیا ماوه‌یه‌كی زۆری خایاند، چونکوو هیچکام لە گەلێک بنەماڵەی دەسەڵاتدار ــ پێش لە سەدەی نوزده‌ ــ نەیانتوانی ببنە ناوەندی یه‌كێتییه‌كه‌‌. سەیر ئەوەیە  کە ئەو دوورگە تەماوییەی ساردینیا، کە بە حاڵە حاڵ ئیتالیایی بوو، بووە ناوەندی پاشایەتی.

هولەند کە بە ڕاپەڕینێکی بوێرانە خۆی دامەزراند، سەرەڕای ئەمەش پێوەندییەکی ژن و ژنخۆازی لەگەڵ بنەماڵەی ئۆڕانج (نێوی زنجیرەپاشایەتییەکە) پێک هێنا، کە ئەگەر بێتوو ڕۆژێک ئەو پێوەندییە ببچڕێ، یەکیەتی ئەوان تووشی مەترسی جیددی دەبێ. 
ده‌بێ ئه‌وه‌ش بڵێین كه‌ ئه‌م یاسایه‌ گشتگیر نییه‌، سویس و وڵاتە یەکگرتووکانی ئەمریکا له‌ ڕێڕه‌وه‌ی زه‌ماندا و به‌ره‌به‌رە پێك هاتن و هیچ زنجیره‌پاشایه‌تییه‌ك نه‌بوو به‌ هه‌وێنی یه‌كخستێنان.

باسی ئەو کێشانە ناکەم لە مەڕ فەڕانسەوە: بۆ خۆدان له‌ وه‌ها باسێک پێویسته‌ ڕەمزی داهاتوو بزانرێ. تەنها دەتوانین بێژین کە پاشایەتییه‌ مه‌زنه‌كه‌ی فەڕانسە، ئەوەندە ڕیشەی نەتەوەیی بوو کە دوای هه‌رس هێنانیشی نه‌ته‌وه‌ توانی به‌ ته‌نیا خۆی ڕابگرێت. ئەوەشمان لە بیر نەچێ کە سەدەی چواردەهەم هەموو شتێکی گۆڕیبوو. دوای سەدەکانی داڕمان مرۆڤ گەڕابۆوە بۆ ڕۆحی کۆن، بۆ ڕێزگرتن لە خۆی و هزری مافی مرۆڤ.
وشەی "وڵات" و "شارۆمەند" مانای خۆیان پێ درایەوە و بەم شێوەیە بوێرانەترین نەشتەرگەری ‌مێژوویان ئه‌نجامدا: نەشتەرگەرییەک کە دەکرێ لە گەڵ ئەوەدا هەڵیسەنگێنین کە لە فیزیۆلوژیدا هەوڵدانه‌ بۆ ژیاندنەوەی کەسێک بە ناسنامەی پێشوویەوە، جه‌سته‌یه‌ك که‌ دڵ و مێشكی لێ دابڕا بوو.
 کەوابوو پێویستە قبووڵی بکەین کە نەتەوەیەک دەتوانێ بوونی هەبێ بە بێ بنەمای زنجیرەپاشایەتی و تەنانەت ئەو نەتەوانەی له‌ ڕێگەی زنجیرەی  پاشایه‌تییه‌كانه‌وه‌ پێک هاتبوون، ده‌توانن لێک جوودا ببنەوە، بێ ئەوەی له‌ نێو بچن. ئەو بنەما کۆنەی کە تەنیا بایەخی بە مافی شازادەکان دەدا، ئیتر بۆ ئەوه‌  نابێ داكۆكی لێ بكرێ؛ له‌ سه‌ره‌وی مافی زنجیرەیی بنەماڵە، بنەمای نەتەوەیی هەیە. لە سەر کامە پێوەر ئەم مافە نەتەوەیییە بنیاد ده‌نرێ؟ كامانه‌ ئه‌و هێماگه‌له‌ کە ناسنامه‌كه‌ی دیاری ده‌كه‌ن؟ له‌ كامه‌ ڕاستی حاشاهه‌ڵنه‌گره‌وه‌ هه‌لی هێنجین؟

١. لە رەگەزەوە؟ هێندێک بە دڵنیاییەوە داکۆکی لێ دەکەن. دابەشبوونی دەستکرد؟ بەرهەمی فێئۆدالیسم؟ لە ژن و ژنخوازیی زنجیرەی بنەماڵەکان و لە کۆنگرە دیپلۆماسییەکانەوە؟ ئەمانە هه‌تاهه‌تایی نین. ڕەگەزی خەڵک، ئەمه‌یه‌ ئەوەی بنەمای دادوەری و پایەی یاسایی لە سەر دادەمەزرێنن؟ بۆ نموونە بنەماڵەی ژێرمەنییەکان بە پێی ئەم تێیـۆرییەی خەریکم شرۆڤه‌ی ده‌كه‌م، مافی ئەوەی هەیە ئەندامە پرژ و بڵاوەکانی ژێرمەن وەربگرێتەوە، تەنانەت کاتێکیش ئەندامێک داوای پەیوەست بوون بە ئەوان نەکات. مافی ژێرمەنیسم بە سەر هەرێمیکەوە گەلێک بەهێزترە لە مافی بە سه‌ر دانیشتووانییه‌وه‌. به‌م شێوه‌ جۆرێک له‌ مافی پێش شارستانیه‌ت دروست ده‌بێ ‌ وه‌ك مافێك كه‌ له‌ لایەن خوداوه‌ ده‌درا به‌ شاكان و شا نوێنه‌ری خودا بوو له‌ سه‌ر زه‌وی.  

له‌م حاڵه‌دا بنەمای نەتەوەیی له‌ گه‌ڵ بنەمای ڕه‌گه‌زی جێگه‌ی ده‌گۆڕدرێ، ئه‌مه‌ هەڵەیەكی كوشند‌ه‌یه‌ و لەهەرکوێ بیهەوێت ببێتە باڵادەست، شارستانییەتی ئەورووپا تووشی دارمان ده‌كات. چەندە بنەمای نەتەوە دروست و ڕه‌وایه‌، هەر بەوە ڕادەیە مافی پێش شارستانییه‌تی ڕەگەز ناڕه‌وایه ‌و تەژییە لە مەترسی بۆ سه‌ر پێشكه‌وتنی ڕاسته‌قینه‌. ده‌كڕێ بێژین کە توخم و ڕه‌گه‌ز له‌ شار و خێڵه‌ سه‌ره‌تاییه‌كاندا له‌ پله‌ی یه‌كه‌مدا داده‌نران. خێڵ و شاره‌ سه‌ره‌تاییه‌كان داری لق و پۆ كوتاوی بنه‌ماڵه‌كان بوون. هه‌موو شارۆمه‌ندانی سپارت و ئاتێن دوور و نزیك خزم بوون.  
ئه‌م بۆچوونه‌ له‌ بابه‌تی به‌نی ئێسرائیلیشه‌وه‌ دروسته‌: خێله‌ عه‌ره‌به‌كان ئێستاش هه‌روان، با‌ واز له‌ سپارت و ئاتێن و به‌نی ئێسرائیل بێنین و ئاوڕێک له‌ ئیمپڕاتۆری ڕۆم بده‌ینه‌وه‌؛ هه‌لومه‌رج به‌ ته‌واوی جیاوازه‌. له‌ سه‌ره‌تاوه‌ به‌ زۆر سه‌پێنراوه‌ و دواتریش له‌ به‌ر به‌رژه‌وه‌ندی ڕاگیراوه‌، ئه‌م قه‌ڵاچنه‌ زه‌به‌ڵاحه‌ له‌ شار و هه‌ڕێم به‌ تایبه‌تمه‌ندی ته‌واو جیاوازه‌وە زه‌برێكی گوڕچكبڕه‌ له‌ بیری ڕه‌گه‌زی. هەروەها مەسیحییەتیش بە تایبەتمەندی گشتگیر و موتڵه‌قگه‌رایه‌وه‌ به‌ شێوه‌یه‌كی تووكمه‌تر له‌ سه‌ر هه‌مان ڕێباز ده‌ڕوا. ئه‌و هاوپەیمانییەکی چڕوپڕی لە گەڵ ئیمپڕاتۆری رۆما ده‌به‌ستێ. لە ژێر کاریگەری یەکگرتنی ئیمپراتۆر و کلیسادا وەک دوو هێزی سەرەکی و مەیدانی، بنەمای ئتنیکی بۆ سەدان ساڵ لە کارو باری بەڕێوەبەرایەتی سیاسی و کۆمەڵایەتی دوور دەخەڕێتەوە.

هێرشی بەربەرەکان بە ڕواڵەتە قیزونه‌كه‌یه‌وه‌، هەنگاوێکی تر بوو بەم ئاقارەدا. دابەش بوونی قەڵەمڕەوی بەربەرەکان فڕی به‌سه‌ر ڕه‌گه‌زه‌وه‌ نه‌بوو؛ داگیركه‌ران به‌ زۆر و ویستی خۆیان یاسا و ڕێسایان بۆ دیاری كردبوون. ئه‌وه‌ی ئه‌وان ئاوڕیان لێ نه‌دایه‌وه‌، ڕه‌گه‌زی گه‌لی باڵاده‌ست بوو.
کارلو مانیۆ، هه‌مان سیاسه‌تی ڕۆمییه‌كانی په‌یره‌و كرد، یه‌كه‌م ئیمپڕاتۆری كه‌ پێكهاته‌ی ڕه‌گه‌زیی هه‌ر زۆر فره‌چه‌شنه: ڕێکەوتنی ڤێردوون بێ هیچ دوو دڵییه‌ك دوو هێڵی سەرەکی لە باکوورەوە بەرەو باشوور دیاری کرد و ئه‌وه‌ی له‌ به‌رچاویان نه‌گرت، ڕه‌گه‌زی دانیشتووانێ بوو كه‌ هێڵه‌كان لێكیانی داده‌بڕی. گۆڕینی سنوورەکان، دواتر بێ ئەوەی هیچ ئاماژەیەک بە ناسنامەی ڕەگەزی بكات، دەست پێ دەکا و له‌ ده‌ورانی سەدەکانی نێوەڕاستدا سەقامگیر ده‌بێ. ئەو هێڵە سیاسییەی کاپێنجی دیاری کرد و بوو بە هۆی ئەوە کە ناوچەکانی گالیای کۆن لەژێر ناوی فەڕانسەدا یەک بخات، مەبەستی ئتنیکی لە پشت نەبوو.

دلفیناتو، برێزێ، پروڤێنزا و فرانکا کونتێ، هیچ بیره‌وه‌رییه‌كیان له‌ ڕه‌گ و ڕیشه‌ی هاوبەشی خۆیان نه‌بوو. هەرچەشنە ئاشنایەتییەک لە سەر ناسنامەی گالیا لە سەدەی دووهەمەوە بزر ببوو، ته‌نها توێژینه‌وه‌ی وردی مێژووی نوێ په‌رده‌ی له‌ سه‌ر ڕه‌گ و ڕیشه‌ی ئه‌وان هه‌ڵدایه‌وه‌. کەوابوو لە پێکهاتنی نەتەوەی مۆدێڕندا بابه‌تی ڕەگەز دەورێکی نه‌بووه‌. فەڕانسە چێلتیک، یبێریك و ژێرمەنە،  ئاڵمان ژێرمەن، چێلتیک و سڵاڤە. توێژینه‌وه‌ له‌ كێشه‌ی ڕه‌گه‌ز له‌ ئیتالیا هه‌ر زۆر ئاڵۆزه‌. گالی، ئترووسکو، پێلاسجی و یونانی ( بێ ئەوەی باسی زۆر توخمی دیكه‌ بكه‌ین) تێكه‌ڵاوییه‌كە، ڕێك ێێژی چێشتی میجێوره‌ و بۆ پۆڵێنبەندی نابێ. دوورگەکانی بریتانیا بە گشتی  تێكه‌ڵاوێكن لە خوێنی چێلتیک و خوێنی ژێرمەنی بە جورێک کە شرۆڤەکردنی پێوەندنیان پڕ دژوارە. هه‌قێقه‌ت ئەوەیە کە ڕەگەزی په‌تی، بوونی نییە و هه‌ر هه‌وڵدانێک بۆ ئەوەی شیکاریی ئتنۆگرافی بكرێ به‌ بنه‌مای سیاسی، مانای ئەوەیە  تارمایی بکرێتە‌ بنه‌‌ما‌. وڵاتە هەرە ڕەسەنەکان ــ ئینگلیز، فەڕانسە و ئیتالیا ـ ئەو وڵاتانەن کە بە زۆری خوێنیان ئاوێتەیە. هه‌روه‌ها پێداگریی له‌ سه‌ر ئه‌وه‌ی ئاڵمان تاقانه‌یه‌ و به‌دەره‌ له‌م لێكدانه‌وه،‌ جگه‌ له‌ خه‌یالی خاو و ته‌م و مژاوی هیچی دیكه‌ نییه‌.  

هەموو باشوور گالیک بوون. هەموو بەشی ڕۆژهەڵات هەر لە رووباری ئێلباوە سڵاڤن. ئەو بەشەی  پێیان وایە پاك و په‌تین، ئایا بەڕاستی وان؟ 

له‌ هه‌مبه‌ر ئه‌م کێشه‌یە‌ پێویستە ڕوانگەیەکی روونمان هەبێت، خو به‌ دوور بگرین له‌ هه‌ر چه‌شنه‌ خراپ تێگەیشتنێک. مشتومڕ لە مەڕ رەگەز باسێكی بێبڕانه‌وه‌یه‌، وشەی ڕەگەز لە لایەن  توێژه‌رانی مێژووی زمان و مرۆڤناس و زانایانی فیزیولۆژییه‌وه‌‌ به‌ دوو مانای تەواو جیاوازه‌وه‌ بە کار براوە.  بۆ مرۆڤناسان وه‌شه‌ی ڕه‌گه‌ز هه‌ر هه‌مان مانا ده‌دات  كه‌ له‌ گیانه‌وەر‌ناسیدا هه‌یه‌؛ ڕەگەز نیشانەی پێوەندی و خزمایەتی خوێنییە، به‌ڵام توێژینه‌وه‌ له‌ زمان و مێژوو ناڕواته‌وه‌ سه‌ر ئاقار و ئامانجی فیزیولۆژی. پەیڤگەلی براكیچێفالو[ سه‌رپان] و دولیكوچێفالو[سه‌رباریك] نە لە مێژوودا بەرچاو دەکەون، نە لە زمانناسیدا. لەنێو  کۆمەڵەمرۆڤی داهێنەری زمان و تەکووزی ئاریاییدا براکیچێفالو و دولیکوچێفالو هه‌بوون. ئه‌م بۆچوونه‌ له‌مه‌ڕ جڤاته‌ سه‌رەتایییه‌كان كه‌ زمان و داب و نه‌ریتی سامیش ده‌ئافڕێنن، دروسته‌. بە وته‌یه‌كی دیكه‌ ڕیشەی گیانەوەرناسی مرۆڤ زۆر كۆنتره‌ لە ڕیشەی زمان، كولتوور و شارستانییه‌ت. کۆمەڵە سه‌ره‌تایییه ئارییەکان، سامی  و توورانییەکان لە  بواری فیزیولۆژییه‌وه‌ هیچ شتێکی هاوبەشیان نەبوو.
 
ئەو بە کۆما بوونانە رووداوی مێژووین کە لە سەردەمی دیارکراودا روویان داوە، پازدە یان بیست هەزار ساڵ پێش، کاتێک ڕێشەی گیانەوەرناسی جۆری مرۆڤ له‌ تاریکی نووتەکدا ون بوو. ئەوەی کە لە ڕوانگەی زمانناسی و میژووییەوە بە نێوی ڕەگەزی ژێرمەن دەناسرێ، بە دڵنیایییەوە بنەماڵەیەکی جیاوازه‌ لەنێو گۆنەی مرۆڤدا، به‌ڵام ئه‌وه‌ به‌و‌ مانایە نییه‌ كه‌ له‌ بواری مرۆڤناسییه‌وه‌ بنه‌ماڵه‌یه‌كی تایبه‌ت بێت. جگه‌ له‌ چه‌ند سه‌ده‌یه‌كی زۆر كه‌م پێش مه‌سیح نه‌بێ، دیارده‌یه‌ك به‌ نێوی ژێرمه‌ن له‌ مێژوودا به‌دی ناكرێ. له‌ گه‌ڵ ئاوه‌زدا ناگونجێ کە‌ ژێرمه‌نه‌كان له‌و سه‌رده‌مه‌ دیاریكراوه‌دا له‌ كوت و پڕا له‌ دڵی زه‌وییه‌وه‌ هاتبووبێتنە ده‌ره‌وه‌، پێش ئه‌مه‌ش ئه‌وان له‌ گه‌ڵ سلاڤه‌كان به‌شێک بوون له‌و كۆما گه‌وره‌ی سه‌كاكییه‌كان، به‌ بێ هێج جیاوازییه‌كی تایبه‌ت. بە دڵنیایییەوە ئینگلیزییەک ''گۆنه‌"ی تایبەتییە لە بەراورد لەگەڵ باقی مرۆڤایەتی. ئه‌و گۆنه‌ی ئه‌مڕۆ به‌ گشتی به‌ نێوی‌ ئانگلۆساكسون ده‌ناسرێ، نه‌ بریتانی سەردەمی جولیو چێزارن [قەیسەر]، نە ئانگلوساکسونی هێنجست [Hengist]، نە دانمارکی کوونت، نە نورماندی جوولیامی جه‌هانگرە، ئه‌و به‌رهه‌می هه‌موو ئه‌مانه‌یه‌. فەڕانسەیییه‌ك نە گالیە، نە فرانکی، نە بوورگاردوو. ئه‌و كووره‌ی شای فه‌ڕانسه‌ سه‌ركردایه‌تی ده‌كرد، مرۆڤێكی پێ گه‌یاند كه‌ له‌ یه‌ك توو و له‌ یه‌ك قۆڕ نه‌پێژراوه‌. دانیشووانی جرێسێی [Jersey] گووێرنێسێی [Guernesey] له‌ گه‌ڵ خه‌ڵكی نورمانی كه‌ ده‌كه‌ونه‌‌ بناره‌كانی نزیك به‌وانه‌وه‌ له‌ بواری ڕگ و ڕیشه‌وه‌ هیج جیاوازییه‌كیان نییه‌. لە سەدەی یازدەهەمدا چاوی هەرە تیژ بچووکترین جیاوازی لە نیوان خەڵکی ئەم بەرو ئەو بەری رووباره‌كه‌دا بەدی نەدەکرد.  

نامۆیی و جودایی ئه‌وه‌ دوو گه‌له‌ له‌یه‌كتر ڕه‌وتێكی نزیك به‌ حه‌وت سه‌د ساڵی تێ په‌ڕاند، یانی ئه‌وان له‌ ڕێڕه‌و‌ی زه‌ماندا لێك دابڕان و ڕیشه‌ی هاوبه‌شی خۆیان فه‌رامۆش كرد. كه‌وابوو، له‌ بواری مێژووناسییه‌وه‌ ڕه‌گه‌ز بەو جۆره‌ی ئێمه‌ ڕاڤه‌ی ده‌كه‌ین، دیارده‌یه‌كی گرساوه‌ و نه‌گۆڕ نییه‌.  گرینگی توێژینه‌وه‌ له‌ ڕه‌گه‌ز بۆ مێژووناسێک كه‌ ده‌په‌رژێته‌ سه‌ر مێژووی مرۆڤایه‌تی، له‌ودایه‌ كه‌‌ ئه‌و دانه‌ری سیاسه‌ت نییه‌. ئه‌وه‌ی نه‌خشه‌ی ئەورووپای داڕشتووه‌، ئه‌وه‌ی له‌ به‌ر چاوی نه‌گرتووه‌، ڕه‌گه‌ز بووه‌. یه‌كه‌م نه‌ته‌وه‌كانی ئەورووپا هه‌موویان له‌ توو و خوێنی جیاجیان، كه‌ تێك ئاڵاون. كه‌وابوو له‌  سه‌رتاوه‌ توخمی ڕه‌گه‌ز گرینگی خۆی بوو‌‌، به‌ڵام له‌ ڕێڕه‌و‌ی زه‌مەندا به‌رده‌وام له‌ گرینگی كه‌م ده‌بێته‌وه‌ و مێژووی مرۆڤ به‌ شێوه‌یه‌كی بنه‌ڕه‌تی له‌ گیانه‌وه‌رناسی جیا ده‌بێته‌وه‌.‌ مرۆڤ مشك و مارموور نییه‌، تاكوو ڕه‌گه‌ز هه‌موو شتێكی دیاری بكات. كه‌س مافی ئه‌وه‌ی‌ نییه،‌ بكه‌وێته‌ پشكنینی جیهان و كه‌پۆڵی خه‌ڵك ئه‌ندازه‌ بگرێت، دواتر یه‌خه‌ی بگرێت و پێی بێژێ: تۆ هاوخوێنی ئێمه‌ی، تۆ له‌ خودی خۆمانی!


له‌ سه‌روه‌ی هێماكانی مرۆڤناسییه‌وه‌، ئاوه‌ز، داد، ڕاستی و جوانی هه‌یه‌، كه‌ لای هه‌مووان یه‌ك شتن. ڕێك هه‌ر بۆیه‌ سیاسه‌ت له‌ سه‌ر بنه‌مای ئێتنوگڕافی مه‌ترسیدار و وه‌به‌رهێنەرێ بارگرژییه‌. ئه‌مرۆ ئێوه‌ به‌ دژی ئه‌وانیتر كه‌ڵكی لێ وەر‌ده‌گرن، به‌یانی ئه‌وانیتر به‌ دژی ئێوه‌ كه‌ڵكی لێ وه‌رده‌گرنه‌وه‌.  ئه‌و ئاڵمانییانه‌ کە ئاڵای  ئێتنۆگرافیان زۆر به‌رز‌ كردۆ‌ته‌وه‌، لەوە دڵینان کە رۆژێک نابینن کە سلاڤه‌كان لە ناوی‌ دێهاته‌كانی ‌ساکسونیا و لووساوزیا بکۆڵنەوە و بە شوێن ویلتێس (wiltzes) و ئۆبۆتریتی (Obotriti) دا ‌بگه‌ڕێن  و داوای خوێنی باو باپیرانیان بكه‌ن كه‌ له‌ لایەن ئۆتونیه‌كانه‌وه‌ [Ottoni] به‌ كۆمه‌ڵ فرۆشران یان به‌ كۆمه‌ڵ كوژران؟ بۆ هه‌موو لایەک باشە کە هونه‌ری فه‌رامۆش كردن فێر ببن.

ئتنۆگرافی بۆ من بایه‌خی خۆی هه‌یه‌؛ زانستێک كه‌ جارجار ده‌توانێ گرینگ بێت، به‌ڵام من ده‌خوازم ئازاد بێت و ئاره‌زوومه‌ تێكه‌ڵ به‌ كارو باری سیاسی نه‌كرێ. له‌ بواری ئتنۆگرافیدا وه‌ك هه‌موو بواره‌كانی دیكه‌ی‌ توێژینه‌وه‌، سیستێمه‌كان ده‌گۆڕدرێن؛  سرووشتی پێشكه‌وتن وایه‌‌. ئه‌گه‌ر بێتوو سنووری ده‌وڵه‌تان بكه‌وێته‌ شوێن شه‌پۆڵ و خروشی زانست، وڵاتپارێزی [پاتریوتیسم] به‌ باسیێكی پاردوكساله‌وه‌ ده‌به‌سترێ و به‌و ئاكامه‌ ده‌گه‌ین به‌ وڵاتپارێز بڵێین؛ ئێوه‌ به‌ هه‌ڵه‌دا ده‌چن خۆێنی خۆتان بۆ وه‌ها ئارمانجێک ده‌ڕێژن؛ باوه‌ڕتان كردووه‌ چێلیكن؛ نه‌خێر ئێوه‌ ژێرمه‌نن،‌  سه‌ر له‌ نوێ دوای  ده‌ ساڵی تر د‌ێن و ده‌بێژن: نه‌خێر ئێوه‌ سلاڤن. بۆ ئەوه‌ی غه‌در له‌ زانست نه‌كرێ، با گه‌ردنی ئازاد بكه‌ین و ناچاری نه‌كه‌ین  له‌ سه‌ر كێشه‌گه‌لێک دادوه‌ری بكات كه‌ زۆر به‌رژه‌وه‌ندی تر ده‌وری تێدا ده‌گێڕن. ئه‌گه‌ر قه‌رار بێت دیپلوماسی له‌م بوارەدا‌ به‌ڵگه‌مان پێشكه‌ش بكات، له‌وه‌ دلنیا بن زۆر جار هاوده‌ستی ئاشكرای ئه‌و‌ له‌گه‌ڵ سووچ و تاواندا تووشی سه‌رسووڕمانتان ده‌كات.
 
٢. پێو‌یستە هه‌ر به‌و شێوه‌ی ڕه‌گه‌زمان ڕاڤه‌ كرد، ڕاڤه‌ی زمانیش بكه‌ین. زمان هێز نییه‌ بۆ یه‌كێتی به‌ڵكوو ده‌كڕێ پاڵنه‌ر بێت؛ وڵاتە یەکگرتووكانی  ئامریكا و ئینگلیس به‌ یه‌ك زمان قسه‌ ده‌كه‌ن، ئەمریکای لاتین و سپانیاش به‌ هه‌مان شێوه‌، به‌ڵام نه‌ته‌وه‌یه‌ك نین. سویس كه‌ ئه‌ونده‌ ڕێك و پێكه‌، به‌ پێچه‌وانه‌وه‌، له‌ سه‌ر سازیانی چه‌ند لایه‌ن بنیاد نراوه‌ كه‌ به‌ چوار زمان ده‌په‌یڤن. له‌ مرۆڤدا‌ شتێك هه‌یه‌ كه‌ له‌ سه‌ره‌وه‌ی زمانه‌وه‌یه‌: ئه‌وه‌ ویست و ئیراده‌یه‌. ئیراده‌ و ویستی سویسییه‌كان ئه‌وه‌یه‌ سه‌ره‌ڕای چه‌ندزمانی پێكه‌وه‌ بژین، وه‌ها سازانێک هه‌ر یه‌كجار گرینگتره‌ له‌و یه‌كێتییه‌ی له‌ ژێر زه‌بر و‌ زۆردا ڕاگیراوه‌. هه‌رمانێك كه‌ فه‌ڕانسه‌ شانازی پێوه‌ ده‌كات ئه‌وه‌یه‌ كه‌ هه‌رگیز په‌نای به‌ر‌ زۆر نه‌بردووه‌ بۆ  گه‌یشتن به‌ زمانێكی یه‌كگرتوو. بۆچی ناكرێ خاوه‌نی یه‌ك هه‌ست و هزر بین و به‌ زمانی جیاواز یه‌ك شتمان خۆش بوێت؟ تاوێک پێش ئێستا باسی ئه‌وه‌مان كرد،‌ ئه‌گه‌ر بێتوو  ئتنۆگرافی بكرێته‌ بنه‌مانی سیاسه‌تی نێوده‌وڵه‌تی، چه‌ند پڕمه‌ترسی و پڕخه‌ساره‌. له‌ بابه‌تی زمانیشه‌وه‌ ڕێك هه‌ر وایه‌. با هه‌رواترین مه‌وادی ئازاد بۆ ئه‌م توێژینه‌وه‌ جێ بایه‌خانه‌ فه‌راهه‌م بكه‌ین؛ ئاڵۆزیان نه‌كه‌ین و پشت گوێیان نه‌خەین، چونكه‌ هه‌ردووكیان به‌ یه‌ك ڕاده‌ زیانبه‌خشن. ئه‌وه‌ کە له‌ بواری سیاسییه‌وه‌ گرینگی زۆر به‌ زمان ده‌درێ، هۆكاری ئه‌وه‌یه‌ وه‌ك یه‌ك له‌ هێماكانی ڕه‌گه‌ز چاوی لێ ده‌كرێ. درۆی له‌وه‌ ئاشكراتر نییه‌. پڕووس، کە لە ئێستادا هەموو بە ئاڵمانی قسە دەکەن، چەند سەدە پێش زمانیان سڵاڤ بوو؛ ناوچەی گاڵێس ئینگلیزی قسە دەکەن، گالیا و سپانیا بە زاراوه‌ سەرەتایییه‌كانی ئالبالونیا قسەیان دەکرد؛ میسر بە عەرەبی قسە دەکەن، نموونه‌ی وا بێ ئه‌ژماره‌. تەنانەت  له‌ سەردەمه‌ هه‌ر دووره‌كانیشدا ناسنامەی زمان و ناسنامەی ڕه‌گه‌ز یه‌ك شت نه‌بوون. با ئاماژه‌  به‌ خێڵەكانی پێشـ ــ ئاریایی یان پێشـ ــ سامی بکەین؛ کۆیلە هەبوون بە زمانی خاونەکانیان قسەیان دەکرد، به‌ڵام  ئه‌وكات ڕه‌گه‌زی كۆیله‌ و كۆیله‌دار یه‌ك نه‌بوو. باشە دووپات بکرێتەوە؛ كه‌ ئەو دابەشبوونە له‌نێو‌ زمانی هێندوئەورووپایی، سامی و زمانه‌كانی تریش كه‌‌ به‌ وردی و وردبینی  تایبه‌تی زماناسییه‌وه‌ توێژنه‌وه‌یان له‌ سه‌ر كراوه‌، له‌ گه‌ڵ دابه‌شبوونی مرۆڤناسیدا ناته‌بان‌. زمانه‌كان له‌ ڕێڕه‌وی مێژوودا فۆرمیان گرتووە و به‌ قازانجی خوێنی ئاخێوه‌رانی به‌ڵگەیەکی وەها به‌ ده‌سته‌وه نادەن‌. لە هەرحاڵدا، ناکرێ بە دژی ئازادی مرۆڤ ببێت، كاتێک‌ باسی ئەوەیە کۆمەڵێک مرۆڤ بڕیار بدەن لە خۆش و ناخۆشیدا پێکەوە ببن.

زێدەڕ‌ۆییكردن و خۆ له‌ بازنه‌ی یه‌ك كولتووردا به‌ نێو كولتووری نه‌ته‌وه‌یی  قه‌تیسكردن، له‌ ڕاستیدا خۆ سنووردار كردن و خۆ ئه‌سیر كردنه‌ له‌ بازنه‌یه‌كی داخراودا، خۆ دوورگرتنه‌ له‌ هه‌ڵمژینی هه‌وای پاكی پێدەشتی بەرینی مرۆڤایەتی، بۆ خۆ قەتیس کردن لە نێو تاقمی وڵاتپارێزییدا. هیچ شتێک ئه‌وه‌نده‌ زیانبه‌خش نییه‌ بۆ ڕۆح، هیچ شتێک ئه‌وه‌نده‌ پێش به‌ گه‌شی شارستانیه‌ت ناگرێ. نابێ ئه‌م بنه‌ما بنه‌ره‌تییه‌ پشت گوێ بخرێ كه‌ مرۆڤ پێش ئه‌وه‌ی بخرێته‌ بازنه‌ی ئه‌م یان ئه‌و زمانه‌وه‌، پێش ئه‌وه‌ی بخرێته‌ نێوه‌ بازنه‌ی ئه‌م یان ئه‌وه‌ ڕه‌گه‌زه‌وه‌ و به‌شداری ئه‌م یان ئه‌و كولتوور ببێت، ئه‌و بوونه‌وه‌رێكی خاوه‌ن ئه‌خلاق و ئاوه‌زه. پێش لە کولتووری فەڕانسەیی، ئاڵمانی و ئیتالی، کولتووری مرۆڤایەتی هەیە. بنواڕن بۆ گەورە پیاوانی سەردەمی سه‌ر له‌ نوێ ژیانه‌وه‌ [رێنێساس]: نە فەڕانسەیی، نە ئیتالیایی، نە ئاڵمانی بوون. لە مامڵە کردن لە گەڵ کۆندا نهێنی ڕاستەقینەی پەروەردەی گیانی مرۆڤایەتییان دۆزیبۆوە و گیان و جەستەیان بۆ تەرخان کردبوو و‌ چ خزمه‌تی هێژایان به‌ مرۆڤایه‌تی كرد.

 
٣. ته‌نانه‌ت ئایینش ناتوانێ زه‌مینەیەكی گونجاو پێشکەش بکات بۆ بنیادنانی ناسیونالیزمی مۆدێڕن.
 لە سەرەتاوە، ئایین و گرووپه‌ كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كان زۆر به‌ تووندی لێك ئاڵابوون. گرووپه‌ کۆمەڵایەتییه‌كان هەراو بۆوەی بنەماڵە بوون. ئایین و داب و نەریتەکان تایبەت بە بنەماڵەکان بوون. ئایینی ئاتێن نەریتی تایبەتی خودی ئاتێن بوو و ئه‌فسانه‌ی چۆنییه‌تی دامەزرانی، هی یاسا و ڕێوڕەسمەکانی کە هێمای هیچ  دین و ئایینێكی گرسا و چه‌ق به‌ستوو نەبوون. ئەو ئایینە، بە مانای پڕاوپڕی وشە، ئایینی دەوڵەت بوو. ئەوەی جێبەجێ کردنی رەت بکردبایەتەوە، ئاتێنییەکی ڕاستەقینە نەبوو. ڕێوڕەسمی ئاکرۆپۆلی هێمای کەسایەتی بوو. سوێند خواردن بە سەر گڵکۆی ئاگراولو به‌ مانای سوێند خواردن بوو بۆ مردن لەپێناو وڵاتدا. وەها ئایینێک هاوسه‌نگی ڕێوڕەسمی ئاڵایه‌ لەم سەردەمەدا. خۆ بواردن لە بەشداری لەو رێوڕه‌سمانه‌ هاوسه‌نگی نەچوونە ژێر باری ئەرکی سەروازییه‌ له‌م سه‌رده‌مه‌دا. مانای ئه‌وه‌ بوو بێژی ئه‌من ئاتێنی نیم. ئه‌مجا ئاشكرایه‌ كه ‌ئه‌و ڕێوڕه‌سمانه‌ بۆ كه‌سێک كه‌ خه‌ڵكی ئاتێن نه‌بوو، هیچ مانایه‌كی نه‌بوو. هەر بۆیە هیچ چالاکییەکی پروسێلیتیسم* بۆ زەخت خستنە سەر بیانییەکان بۆ قەبووڵ کردنی نەبوو، کۆیلەکانی ئاتێن بەرێوەیان نەدەبرد.

 ئەمە لە بابەت هێندێک لە کۆمارە بچووکەکانی سەدەکانی نێوەڕاستیشەوە دروستە. ئەوەی سوێندی بە سەری سانت مارکۆ نەخواردبا، شارۆمەندێکی باشی ڤێنێزی نەبوو. ئەوەی سانت ئاندێرای لە سەرەوەی هەموو سانتەکانی بەهشتەوە دانەنابا، شارۆمەندیکی باشی ئامالفیتانو نەبوو. لەو کۆمەڵگە بچووکانەدا کە دواتر حکوومەتی ملهوڕ و سه‌رەڕۆ‌ بوونه‌ حوكمڕانیان، ئه‌م دیاردەیە‌ به‌ها و نرخی وه‌های نه‌ما.


ئەوەی لە سپارت و ئاتێندا ڕاستی بوو، لە بەرەبەیانی هێڕشه‌كانی ئەسکەندەر و دامەزراندی پاشایەتییەکەی ئیتر راستی نەبوو و ئه‌گه‌ر ترووسكه‌یه‌كی مابوو، له‌ سه‌رده‌می ئیمپراتۆری ڕۆمدا به‌ یه‌كجاری گوژایه‌وه‌. كوشتوبڕ و پشكنینێک کە ئانتیوخوس ئپفانیو [Antico Epifanio] كردی بۆ ئەوه‌ی ڕێوڕه‌سمی جوڤی ئولیمپیا [Giove Olimpio] له‌ ڕۆژهه‌ڵاتی نێوەڕاستدا بسه‌پێنێ و ئه‌وه‌ی ئیمپراتۆری ڕۆم كردی به‌ مه‌به‌ستی سه‌قامگیر كردنی ئایینێكی ده‌وڵه‌تی، هه‌ڵه‌ بوون. له‌ سه‌رده‌می ئه‌مڕۆدا بارودۆخه‌كه‌ به‌ ته‌واوی ڕوونه‌، ئیتر ئه‌و‌ كۆما به‌ڕینه‌ی به‌ كۆ باوه‌ڕیان به‌ یه‌ك ئایین بوو، نه‌ماون، ئه‌مێستا هه‌ركه‌سه‌ به‌ شێوه‌ی خۆی باوه‌ڕ و دین هه‌ڵده‌بژێرێ. ئێستا ئیتر ئایینی ده‌وڵه‌تی نییه‌؛ ده‌كڕێ فه‌رانسه‌یی، ئینگیسی و ئاڵمانی بیت و كاتولیك، پروتێستان و یه‌هوودی بیت و یان هه‌ر ئایینێكی دیكه بۆ خۆت هه‌ڵبژێری. ئێستا ئیتر دین بووەته‌ كێشه‌ی تاكه‌كان و پێوه‌ندی به‌ وشیاری تاکە‌كه‌سییه‌وه‌ هه‌یه‌. به‌ سه‌ر چوو زه‌مانێک كه‌ ده‌وڵەتانی ڕۆژاوا به‌ سه‌ر كاتۆلیك و پرۆتێستاندا دابه‌ش ببوون.   
 
ئایین کە پەنجا ساڵ پێش یه‌ك له‌ توخمه‌ بنه‌ڕه‌تییه‌كانی دامه‌زرانی بلژیك بوو، ئێستا ئیتر شتێكی تاكه‌كه‌سییه و‌ گرینگی خۆی له‌ ناخی تاكه‌كاندا ده‌پارێزێ و ده‌كڕێ بێژین ئاوه‌زێک كه‌ سنووری نێوان گه‌لان دیاری ده‌كات، به‌ ته‌واوی له‌ژێر کاریگه‌ری ئایین هاتووته‌ ده‌ره‌وه‌.
 

 ٤. به‌ دڵنییاییه‌وه‌ به‌رژه‌وه‌ندی هاوبه‌ش خالێكی زۆر گرینگه‌ له‌ پێوه‌ندی نێوان مرۆڤه‌كاندا. به‌ڵام ئایا ئه‌مه‌ مانای وایه‌ كه‌ ده‌كرێ ته‌نها له‌ سه‌ر به‌رژه‌وه‌ندی هاوبه‌ش  وڵات دابمه‌زرێ؟ به‌رژه‌وه‌ندی هاوبه‌ش ده‌بێته‌ هۆی په‌یمانی بازرگانی. له‌ ناسنامه‌ی نه‌ته‌وه‌ییدا هه‌ست و سۆز هه‌یه‌؛ زوڵڤێرێین (Zollverrein )* وەڵاتێك نییە (هه‌ڵگرتنی خاڵی گۆمروكی نێوان هه‌ڕێمه‌كانی ئاڵمان، یانی ئابووری هاوبه‌ش ناتوانێ ببێتە هەوێنێ نەتەوەیی)؛ نه‌ته‌وه‌ یه‌ك په‌یكه‌ره‌ی زیندووه‌ ب

ئه‌م بابه‌ته‌ 560 جار بینراوه‌