Chawi Gal - من دزم یان تۆ؟ /عەباس کەمەندی

 من دزم یان تۆ؟ /عەباس کەمەندی

به‌شی: هه‌مه‌ڕه‌نگ
2014-10-28 19:44:57
_______________________________________________________________________________
پێرسۆناژ: 1- دزی یەکەم 2- دزی دووەم 3- ساحیوماڵ شەوە، دوو دز خۆیان ئەخەنە تاریکیی پشت دیوار ماڵەکۆنێ. دزی یەکەم: حەتم بۆت روونە خاوەن ئاوا وێرانەماڵێ، شتێکی بۆ دزین هەیە؟! دزی دووەم: ئەرێ کاکە، ئەو کابرا خۆی داوە لە نەداری! ئەڵێن زۆر دارایە! دزی یەکەم: خوا بکا وا بێ! بەڵام من چاوم ئاو ناخواتەوە، ساحێبی ئاوا ماڵێ، ساحێبی شت بێ!

دزی دووەم: تۆ ئێستا بڕۆ ماڵەوە جا ئەبینی وا نییە.
دزی یەکەم: تۆ نایەی؟!
دزی دووەم: نا پێویست ناکا مەگەر ئەوەی شتێکی قورست دەسکەوێ! من لێرا حەراسەتی تۆ ئەکەم، جا ئەگەر بارێکی قورست لێ کەوت، پێم بڵێ من دێمە یاریتەوە.
دزی یەکەم: باشە.
دز لە دیوار ئەچێتە بان. خۆی ئەخاتە نێو حەوشەوە، ئەچێ بەرەو دەرگای حەوش بیکاتەوە، ئەبینێ دەرگا کراوەیە.
نەختێ ئەچێتە فکرەوە و ئەچێ بەرەو نێوماڵ. کابرای ساحێو ماڵ لێفە کۆنەیەکی داوە بە خۆیا و لۆیەکی خستووەتە ژێری و دەستی لە باتی سەرین ناوەتە ژێر سەر.
دزەکە دێتە ماڵەوە و لەنێو تاریکیدا بە شوێن شتدا ئەگەڕێ، هیچی دەست ناکەوێ.
کابرای خاوەنماڵ لێفەکە لە سەر خۆی لا ئەبا و ئەڵێ:
ساحێوماڵ: ببوورە باوکی باوکم. ئەوەی تۆ لە تاریکەشەودا بۆی ئەگەڕێی، من خۆم بە رۆژی رۆشن شوێنی گەڕاوم، نییە!
دزەکە هێواشی ئەچێتە دەرەوە و کابرا لێفەکە بە سەر خۆیا ئەکێشێتەوە.
 
  (دەرەوە)
دزی دووەم: ها چیت کرد؟
دزی یەکەم: لە گیرفانی من و تۆ چۆڵترە کاکە! چی بکەم؟
دزی یەکەم: کورە کاکە وا نییە! باش تاقەکانی نەگەڕاوی، باش دەوروبەری کابرات تماشا نەکردووە! 
دزی یەکەم: ئەگەرچی تاریکە و چاوچاو نابینێ، بەڵام بۆنی چۆڵایی هەموو جێگایەکی گرتووە. باوەڕ بە من ناکەی، دەرگاکە کراوەیە. خۆت بڕۆ بزانە چیت دەست ئەکەوێ!
دزی دووەم: باشە خۆم ئەڕۆم و ئەبینی وانییە!
دزی یەکەم: فەرموو، بڕۆ.
دزی دووەم: شەمەد (جامان)ەکەت بە وە من.
دزی یەکە م: ئەمە شەمەد.
دزی یەکەم شەمەدەکەی لە دەور کەمەر ئەکاتەوە و ئەیدا بە دزی دووەم. ئەویش شەمەد ئەداتە بن باڵی و لە دەرگاوە ئەچێتە ماڵەوە. هەر ئەچێتە نێو ماڵ شەمەدەکەی چوار گۆش لەنێو ماڵەکا دادەخا کە شتی تێبنێ.
خۆی دەست ئەکێشێ بەنێو تاقەکانا و تاق بە تاق ئەگەڕێ. کابرای ساحێوماڵ هێواشی دەست ئەبا و شەمەدە راخراوەکە ئەکێشێ بۆ ناو جێگەکەی خۆی و لەژێر لێفەکەدا ئەیشارێتەوە.
کابرای دز هەر چی ئەگەڕێ هیچی دەست ناکەوێ. بەناچار دەست ئەکوتێ بۆ شەمەدەی خۆی، ئەبینی شەمەدەکەی نەماوە! دەست ئەکوتێ بۆ ناو جێگەی کابرای ساحێوماڵ. ساحێوماڵ ئەیکا بە قیڕە و هاوار.
ساحێوماڵ: های دز! های دز! ئەی هاوار حەڵکی بە فریام بگەن غارەت کرام! دار و نەدارم دز بردی! های دز! های دز!
کابرای دز سەری لێ ئەشێوێ، بەناچار دەردەچێتە دەرەوە. ساحێوماڵ هەر هاواری دەکرد: های دز! های دز! ئەکا. 
دزەکە بە تووڕەیی  ئەگەڕێتەوە بەرەو کابرا و ئەڵێ:
دزی یەکەم: کورە لە بەین من و تۆدا نەعلەت لە باوک درۆزن! من دزم یان: تۆ؟!
 ئەمە ئەڵێ بۆی دەردەچێ

ئه‌م بابه‌ته‌ 311 جار بینراوه‌