دەنگی دەهۆڵ لە دورەو خۆشە/ عەباس کەمەندی

به‌شی: هه‌مه‌ڕه‌نگ
2014-10-28 19:41:39
_______________________________________________________________________________
ئەو ژنەی تۆ لە دەرەوە باوکی خەڵک ئەهێنێتە بەرچاویان، لە ماڵەوە باوکی خۆتی هێناوەتە بەرچاوت فیلمنامەی چیرۆکی کۆنی کوردی پێرسۆناژ: 1-عاشق 2-رەشی، رەفبقی عاشق 3-ژنێ زۆر جوان 4-شووی ژنی زۆر جوان 5-پڕ بە حەوشێ ژن و پیاو بۆ زەماوەند 6-دەهۆڵ و زۆڕناچی

لە دوورەوە دەنگی دەهۆڵ و زۆڕنا دێ. کامێرا لەنێو کۆڵانەوە ئەکەوێتە رێ. ماڵێک زەماوەندە. کامێرا ئەچێ بەرەو ماڵەکە. چەند ژن لەنێو حەوشە خەریکی هەڵپەڕکێن. دەورتادەور پیاو دانیشتوون تەماشا ئەکەن. ژنێ زۆر جوان سەرچۆپیی گرتووە و تەواوی پیاوەکان تەماشای ئەو ئەکەن. دانەیە لە پیاوەکان زۆر عاشقانە و عەبداڵ تەماشاس ئەکا، بێ ئەوەی بزانێ شووی ژنەکە، بە لای دەستییەوە دانیشتووە! دەهۆڵ بە سۆز ئەیکوتێ. ژن بەجوانی هەڵدەپەڕێ. پیاوی عاشق بێ ئیرادە بۆی ئەڕوانێ. شووی ژنەکە جارجار لایەک بۆ کابرای عاشق ئەکاتەوە.
 
عاشق: دەی دەی باوکمە ساقەت! ئەها! ( روو لە پیاوە رەفیقەکەی شان چەپی) ئێژم رەشی؟
رەشی: خوەت رەشی، ها؟
عاشق: ئەرێ تۆ نازانی ئەم ژنە کێیە؟
رەشی: نەوەڵا، بۆ چی؟
عاشق:  کورە هیچ. ئەمەوێ، دەستی بنێمە سەر دڵم و پێی بڵێم، ئەم ژنەت باوکمی هێناوە بەرچاوم و ماڵوێرانمی کردووە! 
شووی ژنەکە دەست بە پێکەنین ئەکا.
رەشی بە شووی ژنەکە ئەڵێ؟
عاشق: ئەرێ، ئەی ماڵکاول! ئەی بە کێ ئەڵێم؟!
رەشی: ئەویش خەنجەرێ ئەکا بە زکتا و ئەوکا بە شەهیدی رێگای عیشق!
عاشق: کورە بەتوون، بە تەبەس! کورە گیانێ بۆ ئەو دەرنەچێ، بۆ فرکدان باشە!
ئەکەونە تەماشاکردن.
رەشی: خوەت رەشی، ها؟
عاشق: بەوەڵا، هەرکەس یەک ژەم خۆراکی مەتبەخی ئەو ژنە بخوا، هەتاهەتایە مەرگی بۆ نابێ! تۆ خوا وا نییە؟ وا نییە رەشی؟
رەشی: بە خوا چی بڵێم؟ نازانم گاهەس وا بێ. گیانی خوەت ئەوەندە مەدوێ، بهێڵا با تەماشا بکەین!
شووی ژنەکە گوێی لە تەواو قسەکانیانە.
عاشق: ئەڵێم رەشی؟
رەشی: ( تووڕە) ها ها؟ چی ئەڵێی؟
عاشق: ئەڵێم، ئەمڕۆ ئەم زەماوەندە دوایی دێ؟
رەشی: ئەرێ، ئەرێ، ئەرێ!
عاشق: نابێ لە زاوا بپاڕێینەوە هەر ئەمڕۆ ژنێکی تریش بهێنێ با سێ رۆژی دیکەش درێژەی پێ بدرێ؟
رەشی: کورە دەی ئیدی کەم گەوج بە!
شووی ژنە بە پێکەنینەوە سەرێ ئەلەقێنێ و هەڵئەستێ  و ئەچێ. ژن خەریک هەڵپەڕینە و کابرای عاشق هەر بە سەروکاپۆڵ خوەیا ئەکوتێ.
( فەید ئەوت و فەید ئین)
خەڵکەکە خەریک خوداحافیزی لە خاوەن ماڵن. کابرای عاشق دانیشتووە و هەر خەریک تەماشای ژنەکەیە. ژنەکە خەریک خوداحافیزی لە خاوەن زەماوەندەکەیە. شووی ژنەکە ئەچێ بە لای شان کابراوە دادەنیشێ.
شوو: ببوورە کاکە گیان، ئەبێ بەم بڵێی نێوی موبارەکت چییە؟
عاشق: نێوم؟ بۆ چیتە بزانی؟
شوو: راستەکەی من ئەمڕۆ نیوەڕۆ زۆر ماندوو بووم و نەختێ لەو ژێرزەمینەدا خەوتم . خەونێکم دی، سەیدێکی سەرتاپا سەوز هاتە خەونم و پێمی وت تەماشای شانی راستی خۆت بکە و هەرکەست بینی بەلای شانتەوە، ئەمشەو بیبە بۆ ماڵی خۆت کە لە دەپوختی ژنەکەت شیوێ بکات. لام کردەوە، تۆم  لە شانی خۆمەوە دی و ئێستا بە تەمەناوە لێت تەقازام هەیە بێی بۆ ماڵ ئێمە و لەوێ شیوێ پێکەوە بکەین. ( بە قامک نشان ئەدا) ئەوەش لەوێ ئەو کراس سوورە ژنی منە. 
عاشق: م م  من نێوم ئیس ئیس ئیسماعیلە.
بە قوربانی ئەو سەیدە سەرتاپا سەوزە بم. رەشی؟ رەشی گوێت لێیە؟!
رەشی: نەزرت قەبووڵ ئیسماعیل!
 شوو: دەی چی ئەڵێی برا؟ دێیت لە گەڵمان؟
عاشق: کورە چۆن نایەم؟ نۆکەریت ئەکەم و هەر بە سەر دێم.
شوو: بەخێر بێی.
عاشق: ئەڵێم قەیدی نییە رەشیش لەگەڵ خۆم بێنم؟
شوو: کێ؟
عاشق: ئەم رەفیقەم نێوی رەشییە.
شوو: نە قەی چی ئەکا بەخێر بێت. دە باشە بەقوربان تا ئێمە خوداحافیزی ئەکەین، ئێوەش حازر بن، بڕۆین.
عاشق: ئەی  بەسەرچاو.
شوو بەرەو ژنەکەی ئەڕوا.
عاشق: چاوت لێیە رەشی؟! دیت چۆن ئاواتم خواست و مرادم حاسڵ بوو؟!  ئەی بە نۆکەرت بم سەیی سەرتا سەوز! ئەی لە دەورت گەڕێم خوایە! بیستبووم خوا دڵی لە لای عاشقانە، باوەڕم نەدەکرد! بیستبووم دڕک چووبوو بە پای شیرینا، خوێن لە پای مەجنوون هاتبووە دەرێ، بڕوام نەبوو!
رەشی: ئێستاش چاکە هەر بڕوات نەبێ، چون شیرن و مەجنوون قەد یەکتریان نەدیوە و کاریان بە یەکەوە نەبووە!
عاشق: چۆن؟
رەشی: چون شیرین لەگەڵ فەرهاد بوو، نە لەگەڵ مەجنوون.
عاشق: ئەی مەجنوون لەگەڵ کێ بوو؟
رەشی: ئەوەی بیستوومە لەگەڵ لەیلێ نە لە گەڵ شیرین!
عاشق: ئەی بابا فەرقی چییە، شایەد ئەو رۆژە حەزی کردبێ لەگەڵ شیرین بێ!
رەشی: کورە فەرهاد چاوی نەکەنایا، خوسرەو چاوی ئەکەند. ئەویش نەیکەندایا، شیرو کوڕی خوسرەو ئەیکەند! خۆ لەگەڵ دانە و دوان نەبوو ماڵکاول: گایەلێ پیاو بە شۆنیەوە بوو!
عاشق: کێ رەشی؟ مەجنوون؟ 
رەشی: کورە لاچۆ! یەک ساعەتە قسەی بۆ ئەکەم، نەیزانیوە مەجنوون ژن بووە یان پیاو! گێل گەوج.
 
(ماڵی شووی ژنەکە)
دەرگا ئەکرێتەوە.
شوو: فەرموون، فەرموونە ماڵەو.
عاشق و رەشی دێنە ماڵەو. پای عاشق لە چتێ هەڵئەکەوێ بەدەمەوە ئەڕمێ، رەشییش ئەکەوێتە ملیا.
شوو: ئاخ ئاخ ئاخ.
عاشق سەر بەرز ئەکاتەو ئەبینێ پڕ  ناو ماڵە  لە جلوبەرگی ژنانە و هەموو شتێ تێکەڵاوی یەک بووە.
عاشق: باوکم ڕۆ! ئەمە چییە؟!
شوو: تۆ خوا ببوورن (روو لە ژن) ئەمە بۆ ناو ماڵەکەت وایە؟ بۆ جەمت نەکردووەتەو؟
ژن: چی؟! باوەڕ ئەکەی، ئەمشەو باش قسە ناکەی!
شوو: نە عەزیزم، قسەی خراپم نەکردووە، ئەڵێم، جلوبەرگەکەت لەنێو دەست و پێدا خراپ نەبێ.
ژن: خراپ ئەبێ بەتوون و تەبەس، ئەوەی زۆر بێ جلوبەرگە. لەوە بەدوا هەمیشەو دایم خۆت حەوش و ماڵت کۆ کردووەتەوە، ئەبێ لە خۆت بپرسی بۆ وایە، نە من!
شوو: وایە. قەیدی نییە. فەرموون فەرموون.
هەردوو هەڵئەستن بەو بە ئیحتیاتەوە، ئەچنە ماڵەوە.
 
(نێوماڵ)
عاشق و رەشی وشوو دانیشتوون. رەشی تەماشای دەوروبەری خۆی ئەکا. هیچ شتێ بەسەر جێی خۆیەوە نییە. هەست ئەکا شتێکی تەڕ ها نێو شواڵەکەیا. هەر خۆی ئەجووڵێنێتەوە.
شوو: ببوورە کاکە رەشی شتێ بووە؟
رەشی: نەخێر. بەڵام، بەڵام چۆن بڵێم. 
شوو: بڵێ کاکە بڵێ؟
رەشی: بە خوا هەست ئەکەم. هەست ئەکەم، شتێ تەڕ و باریک کەوتووەتە نێو شواڵەکەم!
شوو: شتی تەڕ و باریک؟!
رەشی: بەڵێ وەڵا!
شوو: دەی بزانە چییە کاکە گیان، خۆ هەرسێکمان مێردین و عەیب نابێ بزانە چییە!
رەشی: دەی تۆ خوا ببوورن.
رەشی لە پشتەوە دەست ئەکێشێ بۆ نێو شواڵەکەی و حەسابی بۆی ئەگەڕێ.
رەشی: ئەها، ئەوەتە گرتم!
 عاشق: مشکە؟!
رەشی: نە.
عاشق: جانەوەرە؟
 رەشی: نە. 
عاشق: ئەی چیت گرت؟!
رەشی: ئەوەتا خەریکم دەری دێنم!
رەشی یەک دانە ماتیکی سوور لەنێو شواڵەکی دەردێنێ.
شوو: ئەوە هی ژنەکەی منە! لەنێو شواڵ تۆا چی دەکا؟!
رەشی: چووزانم پێم وایە لەو کاتا کەوتین، پەڕیوەتە نێو شواڵەکەی من!
شوو: باسی مەکە. بیدە بە من بزانم. بزانێ بێ ئابڕوومان ئەکا! زۆر حەزی لەم ماتیکە بوو!
رەشی: باوکم رۆِ، ئێستا خوا ئەیزانێ لە پشتەوە چی لێم کردبێ!
عاشق: ئێستا وەک دوای عەنتەری لێ هاتووە.
 رەشی: بەرلەوە بچیتەوە بۆ ماڵ، خۆت تەمیس کەی باشترە! ( هەست ئەکا بۆنێکی خراپ دێ) ئەڵێم بۆنی نێو شواڵەکەی تۆیە؟
رەشی: شەرم ناکەی؟!
عاشق: ئەی بۆنی چییە؟
رەشی: لە من ئەپرسی، من چووزانم.
 عاشق: ئەڵێم نەوەک لە ترسا خۆتت پیس کردبێ!
رەشی: قسەی قۆڕ بەسە. ( روو لە شوو) ببورە بۆنێکی خراپ هەست پێ ناکەی؟
شوو: بۆنی خراپ؟ ( چەند جار بۆن ئەکێشێ) نە بۆنی چییە؟
رەشی: نازانم. پێم وایە موبال (ئاودەست) لەنێو کۆڵاندا تەقیبێ. هیچ نییە.
شوو: لووتی من لەم جۆرە بۆنانە پڕەوە بووە و هەستی پێ ناکەم.
رەشی: بەڵێ وایە، دیارە!
شوو: (بە دەنگ بەرز) ئەرێ ئەم تەعامە چی لێ هات ژنەکە؟
دەنگی ژن: (بەتووڕەیی) ئەبینی تەنیا دوو دەستم هەیە! خەریکە ئەکوڵێ، دگان بگرە خۆتا!
شوو: (بە پێکەنین) ماندووە، نەختێ تووڕەیە!
عاشق: قەی چی ئەکا.
دەنگی ژن: هەستە سفرەکە داخە، بێ بیبە. باشتر لەمە ناکوڵێ
شوو: ئامادە بوو.
بە خۆشحاڵییەوە هەڵئەستێ و سفرە دادەخا و نانی تێدا بڵاو ئەکاتەوە، ئەچێ قابلەمە (مەنجەڵ) دێنێتە سەر سفرە. هەر سەر قابلەمە لا ئەبا. رەشی و عاشق لووتی خۆیان ئەگرن.
رەشی: ئەحا... ئا بۆنی ئەمە بوو! ئەمە چییە؟
شوو: مەگەر نابینی، مریشکاوە!
رەشی: بەڵێ وایە (تەماشا ئەکا) پێم وایە کەیوانووت هەر بە جیقڵدانەکەیەوە ناویەتییە کوڵ!
شوو: تۆ خوا بەڕاستتە؟
رەشی: ئەوەتە کەوتووەتە سەر ئاوەکەی.
شوو: (بە دەنگی بەرز) ژنەکە؟
ژن: ها، چی؟
شوو: ئەمە خۆ مریشکەکەت بە جیقڵدانەوە ناوەتە کوڵ؟!
ژن: خەستە و ماندوو هاتوومەتەوە، لەبیرم نەماوە جیقڵدانەکەی لابەم. قەی چی ئەکا، بە کەوچک، پاڕووێکی لێ خە، لای بە، خۆ نامری!
رەشی: بەڵێ وایە! (روو لە عاشق) کاکە من ئەڕۆمەوە. تۆ دانیشە بخۆ با نەمری! 
عاشق: کورە وەڵا لە برسا بمرم، دەمی پێوە نادەم!
رەشی: دەی هەستە با بڕۆین.
شوو: بۆ کوێ، غەزا (خواردن) بۆ ئێوە ساز کراوە!
عاشق: نۆشی گیانی خۆتان. ( هەڵدەستێ) 
رەشی: ئەم ژنەی تۆ لە دەرەوە باوکی خەڵک ئەهێنێتە بەرچاویان، لە ماڵەوە باوکی خۆتی هێناوەتە بەرچاوت!  وا نییە؟! 
شوو: وایە! ئەوەندە لەم تەعامانەی داوەتە دەرخواردی من، پێم وایە بە قەد نوح عومر بکەم. ئەم رەفیقمانەش زانیبووی هەر کەس تەعام دەست ئەم ژنەم بخوا، مەرگی بۆ نابێ. وتم با ژەمێ بخوا و عومری درێژی بێ، ئینشائەڵا!
عاشق: راکە رەشی، راکە  بۆن کوشتمی کاکە. ئەوەتە وتوویانە، تەقەی دەهۆڵ لە دوورەوە خۆشە!
رەشی: (بە دەم پێکەنینەوە) حەیفی نان نییە بە زەحمەت دەری بێنی، بیدەی بە ئاوا ژنێ بیخوا؟!
هەردوو بەتوندی دەردەچن. شوو ئەکەوێتە نێو فکر و خەیاڵەوە.

ئه‌م بابه‌ته‌ 527 جار بینراوه‌