راگه‌یه‌نراوی‌ وه‌زاره‌تی‌ پێشمه‌رگه‌ له‌ سه‌ر به‌رێكه‌وتنی‌ پێشمه‌رگه‌ بۆ كۆبانێ‌ / چاوی گەل

به‌شی: هه‌واڵ
2014-10-28 18:52:07
_______________________________________________________________________________
هه‌ولێر: وه‌زاره‌تی‌ پێشمه‌رگه‌ رایگه‌یاند، به‌هیچ شێوه‌یه‌ك ژماره‌ و كات و رێگه‌ی‌ یه‌كه‌كانی‌ پێشمه‌رگه‌ ئاشكرا ناكات كه‌ ده‌چنه‌ نێو كۆبانێ‌ بۆ هاوكاری‌ كردنی‌ شه‌ره‌ڤانانی‌ یه‌په‌گه‌ له‌ له‌ ئێستادا له‌ رووبه‌ڕووبوونه‌وه‌ی‌ چه‌كدارانی‌ داعش له‌ به‌رخواندان و زیاتر له‌ 40 رۆژه‌ به‌رگری‌ له‌ كۆبانێ‌ ده‌كه‌ن.

  وه‌زاره‌تی‌ پێشمه‌رگه‌ رایگه‌یاندووه‌" به‌پێی پره‌نسیپی سه‌ربازی و بۆ پاراستنی سه‌لامه‌تی گه‌یشتنی ئه‌و یه‌كه‌یه‌ی هێزه‌كانی پێشمه‌رگه‌ی كوردستان و ئه‌فسه‌ر و پله‌دار و پێشمه‌رگه‌كانی پێكهاته‌كه‌ی له‌ بڕینی ڕێگایه‌كی دوور و درێژی زیاتر له‌ (600 / كم) تا بگه‌ن به‌ كۆبانی و به‌مه‌به‌ستی پشتیوانی كردنی شه‌رڤانه‌ قاره‌مانه‌كانی كۆبانی له‌ شه‌ڕی دژی تیرۆرستانی داعش، وه‌زاره‌تی پێشمه‌رگه‌ی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان به‌ هیچ شێوه‌یه‌ك هیچ نهێنی و زانیارییه‌ك له‌ باره‌ی (كات و ژماره‌ و پێكهاته‌ و ڕێگای ڕۆیشتنی) ئه‌م یه‌كه‌یه‌ی بڵاو نه‌كردوه‌ته‌وه‌ و ناشیكات هه‌تاكو ئه‌و كاته‌ی یه‌كه‌كه‌ نه‌گاته‌ شوێنی خۆی له‌ كۆبانی.

له‌راگه‌یه‌نراوه‌كه‌ی‌ وه‌زاره‌تی‌ ئێشمه‌رگه‌دا ئه‌وه‌ش هاتووه‌" هه‌ر جۆره‌ هه‌واڵێك له‌باره‌ی كات و ڕێگای ڕۆیشتن و ژماره‌ و چه‌كی ئه‌و یه‌كه‌یه‌ له‌لایه‌ن هه‌ر كه‌س و لایه‌ن و كه‌ناڵ و میدیایه‌كه‌وه‌، به‌شداریێكی ڕاسته‌وخۆیه‌ له‌ زیاد كردنی مه‌ترسی له‌سه‌ر یه‌كه‌كه‌ به‌ گه‌شتی و یه‌كه‌ یه‌كه‌ی پێكهاته‌كه‌ی و لێره‌دا به‌مافی خۆمانی ده‌زانین لێپرسراویه‌تی یاسایی بخه‌ینه‌ ئه‌ستۆی ئه‌و كه‌س و لایه‌ن و كه‌ناڵ و میدیایانه‌ی زانیاری له‌سه‌ر ژماره‌ و ڕێگا و پێكهاته‌ی ئه‌و یه‌كه‌یه‌ بڵاو ده‌كه‌نه‌وه‌ ئه‌گه‌ر خوا نه‌خواسته‌ هه‌ر ڕووداوێكی مه‌ترسی داری نه‌خوازراو رویدا له‌ ڕێڕه‌وی ڕۆیشتنی ئه‌م یه‌كه‌یه‌ كه‌ هیوادارین یه‌كه‌ قاره‌مانه‌كه‌ی هێزی پێشمه‌رگه‌ی كوردستان به‌سه‌لامه‌تی بگاته‌ شوێنی خۆی و به‌شدار بێت له‌گه‌ڵ برا شه‌ڕڤانه‌ قاره‌مانه‌كانمان له‌ به‌رگری كردن له‌ شاری كۆبانێی خۆ ڕاگر".

ئه‌م بابه‌ته‌ 271 جار بینراوه‌