ئەڕیستۆئەو فەیلەسوفەی پێویستمان پێیەتی/موحەمەد زکریا تۆفیق/لە عەرەبیەوە: جیهاد موحەمەد

به‌شی: بابه‌تی هه‌ڵبژارده‌
2014-09-02 00:32:20
_______________________________________________________________________________
ئه‌ڕیستۆ وەک ئەفڵاتون لە پێش هەر شتێکەوە تێگەیشتن لەوەی چۆن مرۆڤ بیردەکاتەوە بە پێویست زانیوە، هەروەها تێگەیشتن لەوەی چۆن هۆکارەکان‌و ئارگیۆمێنتەکان ژیرانە دەخرێنە بازاڕەوە بە پێویست زانیووە. ئەم دوانە کامیان

دروستن، که وەربگیرێت‌، تا ئەوی ‌تریان، کە دروست نییە بە هەند وەرنەگیرێت‌و وەلابنرێت. ئەم لۆجیەکەLogic ، یان ئەم (ئۆرگانون) ەی(١) لە چەندین نووسیندا خستۆتە بەر باس‌و لێکۆڵینەوه. ئۆرگانون لە زمانی گریکدا بە واتای ئامڕاز دێت، بە پێی ئامڕازەکان بیرکردنەوە دەبێت بە زنجیرەیەکی روون‌و ئاشکرا بۆ سەلماندنی هه‌ر ئەنجامێک بخوازرێت دیاری بکرێت. که منداڵ بووم لە قۆناغەکانی خوێندنی سەرەتاییدا پرسیارم لا دروست ده‌بوو، که ئاخۆ سوودی جیۆمیتری  geometry ، واتە زانستی ئەندازیاری دەبێت چی بێت. لە دواجاردا تێگەیشتم سوودی خوێندنی بابەتی زانستی ئەندازیاری‌ راهێنانمان بووه ده‌رباره‌ی لۆجیکەکەی ئەڕیستۆ بۆ ئەوەی رێبازی بیرکردنەوەمان لۆجیکی بێت. ئەگەر بیرکردنەومان لۆجیکانە نەبێت، واتە ئەگەر بە راستییەکی بەڵگەنەویست‌و گۆڤانێکی(٢)تیۆری‌و سەلماندن دەستمانپێنەکرد، ناتوانین هاوکێشەیەکی ئەندازیاریی چارەسەر بکەین. هەروەها ناشتوانین هیچ کێشەیەکی ژیان چارەسەر بکەین‌و بگەینە ئەنجامێکی دروست. خۆزگە بمانتوانیایە هەموو شێخەکان‌، پیاوە دینیەکان، ئەوانەی ریشیان بەرداوەتەوەو چاویان زەقکردۆتەوەو بیریان وشکبۆتەوە، سەرلەنوێ فێریان بکەین چۆن لۆجیک‌و زانستی ئەندازیاری لای ئەڕیستۆ بەکار بهێنن، پێش ئەوەی رێگایان بدەین سەرکەونە سەر سەکۆی بڵندگۆکان، یان پێش دەرکەوتنیان لە کەناڵەکانی تەلەفزوێن،‌یان قۆرغکردنی رووبەرێکی گەورە لە رۆژنامەو گۆڤارەکانمان.   ئامانجی ئەڕیستۆ ئەوە بوو، کە ئۆنتۆلۆجی ontology‌و ئەبستمۆلۆجی epistemology واتە زانستی بوون‌و زانستی زانین‌‌و سەرچاوەی زانین لە سەر رێبازێکی جێگیری لۆجیکی بونیاد بنرێت. وەک ئەڕیستۆ دەڵێت: هەر زانستێک لە زانستەکان پێویسته بەڵگە نەویست‌ بیت، واته راسته‌وخۆ بسه‌لمێنرێت، یان راستییەکی زانراوو  گومان هەڵنەگر بێت، واته هیچ گومانێکی لێ نەکرێت. بەم جۆرە دەتوانرێت قەوارەیەکی یەکجار گەورە لە زانین بونیاد بنرێت. ئەڕیستۆ دەڵیت: هە‌ر زاسنتێک پێویستە بە راستییەکی بەڵگە نەویست، یان بە راستییەکی زانراوو گومان هەڵنەگر دەستپێبکات. ئیتر پێویست بە سەلماندن نەکات. بەو پشت ئەستووریەی، کە راستییەکی دروست‌و گومان هەڵنەگرە ئاوەز(٣) دەستبەجێ قبووڵی دەکات. بە بێ ئەمە ناتوانین هیچ شتێک بونیاد بنێین، یان بگەینە ئەنجامێک.   قوتابی پێش ئەوەی تیۆری ئەندازیاری بسەلمێنێت، پێویستە راستییە بەڵگە نەویستەکانی زانستی ئەندازیاریی ئقلیدس قبووڵ بکات. پزیشک پێش ئەوەی هیچ چارەسەرێک بۆ نەخۆشەکەی بەکاربهێنێت، پێویستە ئەو راستیە بەڵگە نەویستە قبووڵ بکات، کە هەر جەستەیەکی ساغ  دەشێت تووشی نەخۆشی ببێت، واته پزیشک پێویستی بە بەڵگە نابێت بۆ ئەوەی بڕوای وابێت جەستەی ساغ بە هۆکاری میکرۆب‌و ڤایرۆس تووشی نەخۆشی دەبێت، نەک بە گەنە مینۆ(٤)، واته نەک بە رۆحێکی شەڕانگێز، یان بە چاوی پیس‌و بەخیل.  ئەوە وای لێ دەکات بتوانێت قەوارەیەکی یەکجار گەوەرە لە زانست‌و شارەزایی پزیشکی بونیاد بنێت، بەپێی بنەمای ئەو گریمانەو بەڵگە نەویستانە. ئەم جۆرە لە بەڵگە نەویستی پێویستی بە سەلماندن نییە، بۆ بونیادنانی سیستمێکی گەورە لە زانین‌و زانست.   شتێک هەیە بە پێوانی لۆجیکی ناسراوە، واتە سیلۆگیزم    . syllogism واتای ئەم قسە گەورەیە چییە؟ واتای ئەوەیە شتێک پێویستی بە شتێکی دیکە هەیە. مەبەستی ئەڕیستۆ ئەوەیە، گوتەیەک ئاماژەیە بۆ گوتەیەکی دیکە بێ ئەوەی پێویستی بە سەلماندن هەبێت.  ئەمە ناودەبرێت بە لۆجیک. بۆ نموونە: لەم گوتەیە وردبەرەوە: "پیاو گشتیان دەمرن". لەم گوتەیەش وردبەرەوە:  "سوقرات پیاوە".  ئەمە بەو واتایا نایەت، کە سوقرات رۆژێک لە رۆژان دەمرێت؟ ئەمەی پێشەوە دەتوانین بەم جۆرە کورتبکەینەوەو روونیبکەینەوە: ئەگەر A یەکسان بێت بە B ، C بەشێک بێت لە B ، کەواتە: C  بەشێکە لە A .   ئەگەر نیشانەکانی نەخۆشیەک وەک نیشانەکانی نەخۆشی مێکوتە وابێت، ئایا ئەمە وا لە پزیشکەکە ناکات، کە  بڵێت نەخۆشەکە تووشی نەخۆشیی مێکتوە بووە؟ ئەڕیستۆ ئاگادارمان دەکاتەوە. دەبێت بە تەواوەتی دڵنیا بین لەو راستیە بەڵگە نەویستانەی بەکاریان دەهێنین‌و پشتیان پێ دەبەستین، پیویستە، روون‌و ئاشکراو دیار بن، واتا پێویستە لۆجیکی هەڵێنجان هەموو دۆخەکان بگرێتەوە، کە زۆر جار دەشێت هەموو دۆخەکان نەگرێتەوە.  ئەگەر ئەو نیشانانەی لە نەخۆشەکەدا دەردەکەون، لە هەندێک دۆخدا نیشانەی مێکوتە بن، لە هەندێک دۆخی تردا نیشانەی نەخۆشیەکی دیکە بن، ئەوە ئەنجامەکە دڵنیامان ناکات‌و ناتوانین پێ لە سەر یەک ئەنجام دابگرین. ئەگەر بە گریمانەیەکی هەڵە وەک ئەم گوتەیە دەستمانپێکرد: هەموو مناڵەکان دەبەنگن، بۆیە حەسن دەبەنگە، ئەنجامەک هەڵە دەردەچێت، چونکە گریمانەکە لە بنەڕەتدا هەڵەیە. دژواریی لۆجیکی هەڵێنجان ئەوەیە، کە بە پێی بنەمایەکی گشتی بونیاد نراوە، واتە بە پێی بنەمایەکی زاناراوو گومان هەڵنەگر بونیاد نراوە، کە هەموو دۆخەکان ناگرێتەوە، یان لەوانەیە بنەماکە لە بنەڕەتدا هەڵە بێت.   تووشی جۆرێکی دیکە لە هەڵە دەبین، کاتێک لۆجیکی بەڵگە هەڵدانەوە گشتگیر بکەین، ئەو راستییەی لە ئەنجامی بەڵگە هەڵدانەوە دەستماندەکەوێت رەنگە بۆ دۆخێکی تەنیاو تایبەتی بێت. نابێت لە هەموو دۆخەكاندا بەڵگە هەڵدانەوە بکەین بە بنەمایەکی گشتیکر، واتە نابێت بەڵگە هەڵدانەوە بۆ هەر دۆخێک لە دۆخە جیاوازەکان بەکار بهێنین. بۆ نموونە: دوێنێ بینیمان خۆر لە خۆرهەڵاتەوە هەڵهات، ئەمرۆش هەمان شت دەبینین. لێرەوە بۆمان دەردەکەوێت، کە بە شێوەیەکی گشتی خۆر لە خۆرهەڵاتەوە هەڵدێت. هەروەها بۆمان دەردەکەوێت شتە ڕەقەکان، کە فرێدەدین بۆ سەروە دووبارە دەکەونە خوارەوە. لەم ئەزموونە تایبەتانەدا دەگەینە یاسایەکی سروشتی گشتی، دەڵێن، زەوی شتە رەقەکان بۆ لای خۆی رادکێشێت. ئەمانە راستیەکی گشتین لە دۆخی تایبەتیەوە بینراون. ئەڕیستۆ لێرەوە لە خێرایی وەرگرتنی ئەنجامەکان ئاگادارمان دەکاتەوە. ئەگەر دۆخە تایبەتەکان چەند یاسایەکی زۆری تێدا ئەنجام نەدرابێت‌و لە چەند دۆخێکدا تاقینەکرابێتەوە. لەوانەیە ئەنجامێکی هەڵەو خراپمان لێ دەستکەوێت. بۆ نموونە، ئەگەر هەندێک لە هەژارەکان دزیان کرد، لەمەوە وا وەرگیرا، کە هەموو هەژارەکان دزن. ئەم گوتەیە دەشێت بۆ مەبەستێک بە کاربهێنرێت، بەڵام ناشێت وەک راستیەکی جێگیرو دروست بەکاربهێنرێت. دژواری لۆجیکی هەڵدانەوەی بەڵگە ئەوەیە بۆ گەیشتن بە ئەنجامێک بەکاربهێنرێت، کە تێروتەسەل‌و هەمەلایەنە نییە، واتە هەموو دۆخەکان ناگرێتەوە. لۆجیکی ئەڕیستۆیی بنەمایەکی زۆری تێدایە، کە رێبازی بیرکردنەوەمان رێکدەخات‌و شیکاریی دەکات، هەروەها رێگای بەکارهێنانی زمانمان پیشان دەدات، چۆن خۆمان دوورەپەرێز بگرین لە فێڵکردن لە خۆمان، بە هۆکاری پێناسە نە گونجاوەکان، یان بە هۆکاری لە بنەڕەتەوە تێنەگەیشتن لە کێشەکان. ئەوەش وامان لێدەکات کە لە بازنەیەکی بەتاڵدا بسوڕێینەوە، نەگەین بە ئەنجامێکی دروست‌و راست. هیچ فەیلەسوفێک لە پێش ئەڕیستۆوە نەیتوانیوە رێبازێکی قووڵ بۆ نەوه‌ی دوای خۆی بەجێ بهێڵێت، بۆیان روونبکاتەوە چۆن ئاوەز بەخۆیدا بچێتەوەو دووبارە لێکدانەوە بکات، واته بە شیکارییکردنی رێبازو رێگای بیرکردنەوەی خۆی هەڵسێت.   ئەڕیستۆ، وەک فەیلەسووف پێویست بووه وەڵامی پرسیارە بنەڕەتیەکە بداتەوە، پرسیار دەربارەی هۆکاری بوونی گەردوون. لە کتێبەکەیدا دەربارەی  مێتافیزیک )مێتا ـ فیزک)، هەر تیۆریەک لە تیۆریەکانی بیرمەندانی گریکی پێش خۆی  دەربارەی ئەو بابەتە نمایشکرد، لەوانەش تیۆریەکانی ئەفڵاتون. بەڵام هەموویانی ئەفرۆزەکرد، بە پێی ئەو بنەمایەی، کە لە ڕووی شیکارییەوە تەواو نەبوون. چەند خاڵێک هەبوو، وەلایان نابوو، واتە ئەو کێشانەی دەبوو چارەسەر بکرێن پشتگوێیان خستبوو. بۆ نموونە، ئەم پرسیارە"بۆچی لە هەر شوێنێکدا ئەستوو هەیە، واته (مادة) بوونی هەیە؟ زۆر خەڵک لایان وایە وەڵامی ئەم پرسیارەی داوەتەوە، کاتێک دەڵێت: ئەم شتانە لە شتێکی دیکەوە پێکهاتوون، واتە هه‌ر ئەستوویه‌ک لە ئەستوویه‌کی دیکەوە پێکهاتووە، بە واتایەکی دیکە هیچ شتێک نییە لە خۆوە هاتبێتە ئەنجام. لە راستیدا ئەمە تنۆکێکە لە باران، چونکە هە‌ر شتێک چوار هۆکاری هەیە بۆ بوون، بۆ ئەوەی ببێت بە بوونێک، پێش ئەوەی بڵێین ئەو شتانە چیین. مێتافیزیک ( مێتاـ فیزک)، واتا لە سروشت بەدەر. ئەو ناوە لە سەردەمی ئەڕیستۆدا بەکارنەهێنراوە، هەروەها لە لای فەیلەسووفەکانی پێش ئەڕیستۆ بەکارنەهێراە، بەڵکو فەلسەفەی یەکەم بەکاردەهێنرا، یەکەم جار لە فەلسەفەکەی کندیدا بەکارهاتووە، لە فەلسەفەکەی کەندیدا بە چه‌مکی یەکەم، واته چه‌مکی لۆجیکیی یه‌که‌م بەکارهاتووە. مێتافیزیک (مێتا ــ فیزیک) زانستی بنەما گستیەکانی جیهانە. زانستی بوون‌و زانستی زانین‌ دەگرێتەوە... هتد. زانستەکانی دیکە بە پلەی دووەم دێت دوای مێتافیزیکیا )مێتا ـ فیزک). مێتافیزیک لە نزیکەی پێنج سه‌د ساڵ پێش زاینەوە بەکارهاتووە. کاتێک کتێبەکانی ئەڕیستۆ بەردەست کەوتن. یەکەم بابەتی کتێبەکەی ئەڕیستۆ توێژینەوە لە سروشت بووە، بابەتی دووەمیش توێژینەوە لە چەمکی یەکەم بووە. واتە ئەو بابەتەی دوای بابەتی سروشت دێت. ئنجا ناوی(لە سروشت بەدەر) هات، یان ئەوەی لەودیو سروشتەوەیە.

دەربارەی بوون، ئەفڵاتون دوو جیهان دەبینێت(٥)، واتا دوو دایلێکتیکی داڕشتوە بۆ شیکارییە لۆجیکیەکانی: جیهانی بەرەو سەرەوە، واتە نموونەکان(دایلێکتیکی بەرو باڵاچوون)، جیهانی بەرەو خوارەوە، واتە هەستپێکراوەکان (دایلێکتیکی بەرەو خوارەوە).  ئەویش وەک وێنەیەکی خراپی شتە بناغەییەکە، واتە وەک وێنەیەکی خراپی نموونەکان. نموونەکان کۆی نموونەیە بە واتای هاوشێوەی دووەمی شتە بناغەییەکان دێت.  کاتێک قسە لەسەر سێ گوشەیەک دەکەین‌و  سیفەتێکی گشتی دەدینێ، مەبەستمان لە سێ گۆشە نییە وەک خۆی، بەڵکوە نموونەکەیەتی.  بەڵام ئەگەر وێنەی سێ گۆشەکەمان لە سەر کاغەزێکی سپی کێشا، ئەوە سێ گۆشەکە دەچێتە دۆخێکی هەستپێکراوەوە، دەتوانرێت ببینرێت‌و گۆشەکانی دیاری بکرێت.   بەڵام ئەڕیستۆ جیاواز بووە لەگەڵ ئەفڵاتونی مامۆستایدا. ئەڕیستۆ تیۆریەکەی ئەفڵاتون سەبارەت بە نموونەکان بە هەڵە دەزانێت. ئەڕیستۆ یەک جیهان دەبینێت، واتە لە جیاتی دوو دایلێکتیک یەک دایلێکتیکی داڕشتوە، بوونەوەرەکانیش لە نێوەندی ئەم تەنیا جیهانەدان، واتە بوونەوەرەکانیش لە نێوانی ئەم تەنیا دایلێکتیکەدان. بەڵگەی ئەڕیستۆ بۆ ڕەتکردنەوەی تیۆریەکەی ئەفڵاتون بەم جۆرەیە:  تیۆریەکەی ئەفڵاتون دروستبوون‌و سەرەتای جیهانی ڕوون نەکردۆتەوە، چۆن شتەکان لەم گەردونەدا دروستبوون، بە هەردوو بەشەکەی نموونەکان‌و جیهانی هەستپێکراو، واتە بە هەردوو دایلێکتیکەکەی ئەم کارەی ئەنجام نەداوە. زیادکردنی جیهانێکی تر بۆ جیهانی هەستپێکراو کێشەکە چارەسەر ناکات. بەڵکو بوونەکان چەند جارە دەکاتەوەو ئالۆزو زیادیان دەکات. ئەمە نوکتەیەکم بیر دەخاتەوە، کە ماوەیەکە بیستوومە، دەڵێن: دوو کەسی هەژارو سادە ویستویانە کاسپیەک بکەن، رۆژێک بڕیار دەدەن شوتی بکڕن‌و بیفرۆشنەوە تا قازانج بکەن. پڕ یەک عەرەبانەی گواستنەوە شوتیان کڕیوە، هەر دانە شوتیەکیان بە نرخێکی دیاریکراو بریاردراو لای خۆیانەوە فرۆشتوە، دوای ئەوەی، کە هەموو شوتیەکەیان فرۆشتوە. کاتێک حساب دەکەن، هیچ قازانێکیان نەکردوە، وەک خۆی مایەکەی ماوەتەوە. یەکێکیان زلەیەکی لەویتریان داوەو وتویەتی: من وتم با دوو عەرەبانە شوتی بکڕین. کێشەکە لێرەدا دوو عەرەبانە شوتی نییەو دوو جیهانیش نییە، وەک ئەڕیستۆ دەڵێت.   ئەگەر رەنگی سپی وێنەیەکی جێگیری هەبێت لە جیهانی یەکەمدا، واتە لە دایلێکتیکی بەرەو باڵا چووندا، لە جیهانەکەی تردا ناگۆردرێت، چونکە بە پێی تویۆریەکەی ئەفڵاتون رەنگی سپی لە جیهانی یەکەمدا نەگۆڕە، بۆیە هەر وەک خۆی دەمێنێتەوە، هەڵبەت بە گوێرەی لێکدانەوەو دایلێکتیکی ئەفڵاتون دەبێت شتەکان وەک خۆی بمێنەوەو نەگۆردرێن. چونکە هەر شتێک دەگەڕێتەوە بۆ بناغە نەگۆڕەکەی خۆی.  ئێستا ئەم پرسیارە دێتە گۆڕێ:  ئەی چۆن لە جیهانەکەی تردا، واتە لە جینهانی دووەمدا شتە سپیەکان، شتە سپیەکانی تری لێوە دروست دەبێت، کە ئەو شتە سپیە نوێیانەش گۆردراوەو وەک خۆی ناماوەتەوە؟ کەواتە لێکدانەوەکانی ئەفڵاتون سەبارەت بە دایلێکتیکی یەکەم، کە بەرەو باڵا چوونە‌و  بناغەییەو نەگۆرە، لێکدانەوەیەکی هەڵەیە چونکە شتەکان وەک خۆیان نامێننەوەو گۆرانکارییان بە سەردا دێت.   ئەفڵاتون دەڵێت: وێنەکان، یان نموونەکان، واتە دایلێکتیکی بەرەو باڵا چوو، شتگەلێکی رووتی نەمرەو هەمیشەییە، کە هەستیان پێ ناکرێت، بە هەستکردن نا ناسرێن. بەڵام ئەڕیستۆ دەڵێت: هەرشتێک بوونی هەبێت، هەستیشی پێ دەکرێت، واتە بە هەستەکانمان دەیناسین.   نموونەکان، لای ئەفڵاتون وەک سیفەتی شتەکانن. ئەڕیستۆ دەڵێت: سفەتی شتەکان لە نێو خۆیاندان‌و لە دەرەوەی شتەکاندا نین. بەڵام بە پێچەوانەوە ئەفڵاتون سیفەتی شتەکان لە شتەکان خۆیان جیا دەکاتەوە، بە جیهانێکی سەربەخۆیان دەکات. بوونێکی سەربەخۆ بە هەر شتێک دەدات. گیان، واتە ڕۆح لای ئەفڵاتون لە دەرەوەی جەستەدا بوونی هەیە،  بێ جەستە، گیان/رۆح بوونێکی سەربەخۆی هەیە.   بەڵام ئەڕیستۆ دەڵێت: دادپەروەریی، گەرمایی، ساردیی‌و مرۆیی، ئەم چەمکانە لە دەرەوەی شتەکان بوونیان نییە. بەڵکو پێکەوە لەگەڵ شتەکاندا بوونیان هەیە. واتە گەرمایی‌و ساردیی‌و مرۆیی، لەگەڵ ئاسن‌و شتە ساردەکان‌و مرۆڤدا بوونیان هەیە. مرۆیی بوونی نییە تەنیا لە هزرماندا نەبێت. شتێکی سەربەخۆ لە دەرەوەی مرۆڤەکان بوونی نییە، بەڵکو لەگەڵ تاکەکاندا بوونی هەیە.   ئەوەی کە ئەفڵاتون بیری لێکردەوە ئەوە بوو، کە هەر شتێک وێنای دەکەین لە مێشکی خۆماندا، ئەوە بوونێکی سەربەخۆی هەیە لە دەرەوەی مێشکماندا، وەک شاخێک لە ئاڵتون‌و دەریایەک لە جیوە، ئەم تیۆریەی ئەفڵاتون بە هیچ ئەنجامێکی نەگایندین، هیچ سوودێکمان لێ نەبینی.   فەیلەسوفە مۆدێرنەکان، جیاوازی لە نێوان هۆکارو داناییدا، واتە ژیرێتیدا دەکەن، بەو واتایەی دانایی‌و ژیرێتی مەبەستە. بە واتایەکی دیکە فەیلەسوفە مۆدێرنەکان جیاوازی لە نێوان هۆکارو ئامانجدا دەکەن. هۆکارەکان میکانیکیانە بونیادنەری شتەکان دەبن. بەردەوام بەرز بوونەوەی پلەی ساردی، یان ساردکردنەوە ئاو دەکات بە سەهۆڵ. ئەمەش هۆکارێکی میکانیکیە. بەڵام حیکمەتی گۆڕانی ئاوەکە بۆ سەهۆل روون ناکاتەوە، واتە ئامانج ون دەکات.   بەڵام هۆکار لای ئەڕیستۆ، هۆکارێکی میکانیکی‌و ڕوونکردنەوەکەشە پێکەوە. ئەڕیستۆ، هۆکارو ئامانجی یەکخستوەو وەک یەک دەیانبینێت.  ئەڕیستۆ دەڵێت: هۆکارەکان چوار جۆرن. هەموویان کاردەکەن لە دۆخێک لە دۆخەکانی بووندا، کە هەر بەرهەمێک لە بەرهەمەکانی سروشت‌و مرۆڤ دەگرێتەوە. هۆکارەکان:   ١/  ئەستوو، ئەو ئەستووەی، کە وێنەکانی لێ پێکهاتووە. چونکە بە بێ ئەستوو وێنە بوونی نییە. ٢/  بزوێن، ئەو هێزەیە، کە لە گۆڕینی شتەکاندا کاردەکات، وێنەیەکی نوێیان پێ دەدات، واتە شتەکان وێنەیەکی نوێ وەردەگرن. کەواتە بزوێن هۆکارە بۆ دروستکردنی وێنەکان. ٣/  وێنە، ئەویش وێنەی شتەکانە، یان ئەو وێنانەیە، کە لە جیاتی شتەکان دەردەکەون، بۆ نموونە کورسیەک. ٤/  مەبەستگەرایی، واتە مەبەست یان ئامانج، ئەوەش خودی وێنەکان خۆیانە.   دواجار، ئەڕیستۆ ئەم چوار هۆکارەی لە هەردوو هۆکاری ئەستوو‌و وێنە‌دا ئاوێتە کرد. وشەی (هیولی)ی(٦) (Cytoplasm) دەربارەی ئەستوو دانا، واتە ئەو ناوەی لێنا. بەم جۆرە هیۆلی‌و وێنە بوون بە بنەمای فەلسەفەی مێتافیزیکی(مێتا ـ فیزیک) ئەڕیستۆ. بەمەش شیکاریی جیهانی کرد.   هیولی‌و وێنە لە یەکدی جیاناکرێتەوە.  بوونی هەر یەکێکیان بەویتریانەوە پەیوەستە، جیاناکرێنەوە تەنیا لە هزرماندا نەبێت. سیفەتەکانی هیچ شتێک بە تەنیاو بێ شتەکان، بوونیان نییە، ئەمەش بە پێچەوانەی بۆچوونی ئەفڵاتونەوە. رەنگی سور بێ شتێک کە رەنگی سور بێت بوونی نییە.  لە لای ئەڕیستۆ وێنە، بە تەنیا فۆرم نییە، بەڵکو هەموو سیفەتەکانی قورسی‌، رەنگ، بۆن، جوانی‌و جیاوازیەکانیانە. بەڵام هیولی ئەو شتەیە کە دەتوانین وەسفی ئەم شتانەی پێ بکەین.  شتێک، کە هیولی‌و وێنەی هەیە، ئەڕیستۆ ناوی دەبات بە ناوەرۆک واتە بە جەوهەر. لە ناوەرۆکە جیاوازەکانیشەوە راستینە پێکدێت. ڕاستینە لای ئەڕیستۆ ئەم جیهانەیە کە تیایدا دەژین. جیاوزە لە راستینەی ئەفڵاتون، کە دوو جیهانە: جیهانی سەرەوە، بەرەو باڵاچوو، یان نموونەکان، کە جیهانی گیانە، واتە جیهانی رۆحە، هەروەها جیهانی بەرەوخوارەوە، کە جیهانی ئەستووە، جیهانی بەرەو خوارەوە واتە لاساییکردنەوەیەکی خراپی وێنا بنەڕەتیەکەیە. ڕاستیەکان لای ئەڕیستۆ فرەییە، خانو، تەلار، کتێب‌و زۆر شتی دیکە. بەڵام لای ئەفڵاتون ڕاستی دووانەیە. دووانەیە بەڵام نزیکە لە وێنەوە، چونکە جیهانی راستیی لای ئەفڵاتون جیهانی بەرەو سەرەوەیە.   هیولی، خۆی لە خۆیدا نە وێنەی هەیە، نە سیفەتی هەیە. لەبەر ئەوە پێویستی بە وێنەیەک هەیە بۆ ئەوەی وای لێ بکرێت، کە وەسف بکرێت‌و دەرکەوێت. هیولی جیاوازە لە توخمە کیمیاییەکان. چونکە توخمەکان تایبەتمەندیی‌و سیفەتی خۆیان هەیە، بەڵام هیولی نە سیفەتی هەیە نە بە تەنیان بوونیشی هەیە.   بە پێی بیرکردنەوەو دەربڕینەکانی ئەڕیستۆ، هیولی شیاوە، کە لە رێگای وێنەوە بگۆردرێت بۆ شتێکی کردەیی. دەربڕینی ئەڕیستۆ دەربارەی شیاو بە واتای هێز دێت، هەروەها دەربارەی کردەیی، بە واتای کردار دێت. واتا هیولی هێزێکی هەیە، کە دەیگۆڕێت بۆ کردار. بە واتایەکی دیکە، وێنەکان کردارن، کردارەکانیش وێنەن، هیچیان بێ ئەویدیکەیان بوونی نییە، واتە هەردووکیان یەکن.   بوون، بەرهەمی گۆڕینی شیاوە بۆ شتێکی کردەیی. ـ واتە هەرشتێک شییاو بێت بۆ گۆرین، شتێکی کردەیی دێنێتە بەرهەم ـ هەموو جوڵەیەک، یان گۆرانێک تەنیا گۆڕینە لە شییاوەوە بۆ کردەیی. یان لە هیولی ـیەوە بۆ وێنە.   جوڵەی هیولی بۆ وێنە مەبەست‌و ئامانجێکی لە پشتەوەیە. ئەم مەبەستە بیر پێش بوون دەخات. بە پێچەوانەی بوونگەرییەکانەوە، کە بوون پێش بەهاکان دەخەن. تیۆری داروین دەڵێت: بوون لە پێش بەهاکانەوەیە.   ئەڕیستۆ دەڵێت: جیهان بریتیە لە زنجیرەیەک لە وێنە بۆ وێنە پێشکەوتوترو بەرزترەکان. واتا لە پێشکەوتنێکی بەردەوامدایە بەرەو ئامانج. جیهان بەرەو پێشکەوتن‌و باڵا هەنگاو دەنێت، ئەمەش بە هۆکاری مەبەست‌دێتە ئاراوە، واتە مەبەستگەرایی هۆکارە.   ئەو مەبەستەش، بەرزترین خاڵی بوونەکانە. ئەڕیستۆ ناوی دەبات بە ترۆپک(٧)، ترۆپک وێنەیەک گەیشتۆتە کەماڵ. هەتا شتەکان لە کەماڵەوە نزیکبنەوە، نزیکتر دەبنەوە لە ڕاستی. ترۆپک لای ئەڕیستۆ بەرجەست‌و تەندار نییە. کەواتە گەیشتن بە ترۆپک، یان گەیشتن بە باڵاو کەماڵ هۆکارە بۆ بوونی ئەم جیهانە. بە واتایەکی دیکە ترۆپک هۆکارە پێوەندیدارە بزوێنەرەکەی ئەم جیهانەیە.  ئاوەز ترۆپکە، هەتا ئاوەز بەرەو کامڵ بوون بڕوات نزیک دەبێتەوە لە ترۆپک، کە جیاوازی لە نێوان کەماڵی ئاوەزو ترۆپک‌دا نییە، هەردوکیان هەر ئاوەزە. ترۆپک ئەو مەبەستەیە، کە مرۆڤ هەوڵی بۆ ئەدات. ئەگەر ترۆپک هۆکاری جوڵە بێت، کەواتە خودی خۆی یەکەم بزوێنەری جیهانەو سەرچاوەی هەموو جوڵەو بزوێنێکیشە.   جیهان، یەکەم سەرەتاو دەستپێکی نییە. هیچ دەستپێکێکی زەمەنی نییە. بەڵکو بەرەو ترۆپک چوون، یان بەرو باڵا چوون لە پێشوەتی، واتە مەبەست لە پێشەوەی ئەنجامە. هەروەها جیهان کۆتایشی نییە. چونکە ئەگەر کۆتایی هەبێت، ئەو کۆتاییە دەبوو بە وێنەیەکی ڕووت بە بێ ئەستوو. وێنەی ڕووت بە بێ ئەستوو بوونی نییە.   ئەفلاتون وای دادەنا، پێش ئەوەی وێنەکان ئاوێتەی جەستە بن نەفس زانیاری هەبووە دەربارەیان. واتا هەر یەکێک زانیاری هەبووە دەربارەی تیۆری فیساغۆرس پێش ئەوەی تیۆریەکە بێتە بەرهەم. ئەڕیستۆ دەڵێت: بوونی زانست‌و زانیاری لە جیهان خۆیدایە، دەوری ئێمە وەرگرتنیەتی لە نێو ئەو شتانەوە، کە کەوتوونەتە دەوروبەرمانەوە.   ئەفڵاتون دەڵێت: جیهان لە ناو مێشکماندایە. ئەڕیستۆ دەڵێت: جیهان لە شتەکاندایە. تیۆری فیساغۆرس لە سێ گۆشەدایە، نەک کەسەکان لە بۆشاییەوە، یان لە مێشکیانەوە هێنابێتیانە ئاراوە.   زانیاریمان دەربارەی جیهانی دەوروبەرمان لە هەستەوە دەستپێدەکات. دواجار بە وەرگرتنی ئەو زانیاریانە هەڵدەستین،  تا ئەو ئاستەی دەگەین بە زانینێکی ئاوەزی. هیچ بیرێک لە ئاوەزەوە نییە بێ ئەوەی بە هەستەکاندا تێپەرێت. واتە فەلسەفەکەی ئەڕیستۆ فەلسەفەیەکی ئەزموونگەریی بووە.   نەفس لای ئەڕیستۆ لە بوونەوەرەکاندا یەکەم پاڵنەرە. نەفس لە درەوەو لە ئاسمانەوە نایەت. بۆیە نەفس شتێک نییە دوای مردن بەرەو(بەرزخ) بڕوات. واتا هیچ ئەشکەنجەو ئازارو مارو دوپشكێک نییە لە ناو قەبردا، دنیاو قیامەت‌‌و بەهەشت‌و جەهەنم بوونی نییە. وەک ئەڕیستۆ دەڵیت: مرۆڤ بریتیە لە ئەستوویەک، ئەویش جەستەیە، وێنەش نەفسە. هەروەک هەموو بوونەوەرەکانی دیکە. هیچ جیاوزیەک نییە لە نیوان مرۆڤ‌و بوونەوەرەکانی دیکەدا. ئەگەر ژیانێکی دیکە، جگە لەم ژیانە بۆ مرۆڤەکان هەبێت دوای مردنیان، بێگومان دەبێت ژیانێکی دیکەش بۆ هەموو ئاژاڵەکان‌و مێروکان‌و دارودرەخت‌و گژوگیا‌و بەکتریاکان‌و ڤایرۆسەکان هەبێت.  سەگە خۆشەویستەکەم، بە داخەوە لە بەهەشتدا لەگەڵ ئیماندارو باوەردارەکانی وەک داعش‌و خەلیفە ساختەچیەکەیان، تۆ جێگەت نییە. بۆ ئەوەی بوونەوەر توانای گەشەو پەرەسەندنی هەبێت، پێویستی بە نەفسێکی غەریزەیی‌و نەفسێکی خۆراکیی هەیە، ئەم دوو نەفسە لە هەموو زیندەوەرێکدا هەمان هەستە. بەڵام مرۆڤ سەرەڕای ئەم دوو نەفسەوە، نەفسێکی ئاوەزیشی هەیە، کە لە توانایدایە بەها مەعقول‌و بە سوودەکان جیابکاتەوەو وەریان بگرێت. لە هەموو کارەکانی ئەڕیستۆدا، ئەوە دەبینرێت کە ئەم گەردوونە بەرەو کامڵبوون‌و باشتر بوون دەڕوات. لوتکەی ئاسمان خڕە، واتە گۆییە. چونکە فۆرمی خڕیی یان گۆیی، فۆرمێکی ئەندازیاریی جوان‌و کامڵی هەیە. بۆیە فۆرمی جیهان خرە بۆ ئەوەی کامڵ بێت. لەبەرئەوەی ئەم جیهانە تەنیا جیهانەو هیچ جیهانێکی دیکە نییە، بۆیە هەموو ئەستووەکان لەم جیهانەدان‌و هی ئەم جیهانەن. ـــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــ تێبینیەکانی وەرگێر: ١/  ئۆرگانون: هەموو نووسینەکانی ئەڕیستۆ دەربارەی لۆژیک لە ژێر ناوی ئۆرگانۆن‌دا کۆکراوەتەوە. ئۆرگانۆن: واتا ئامڕاز، چونکە هەموو نووسینەکانی ئەڕیستۆ دەربارەی بیر ئامڕازێک بووە بۆ زانستی بوون‌و زانستی زانین. وەک ئەڕیستۆ دەڵێت: عەقڵ ئامرازێکە بۆ بیرکردنەوە، ئەو ئامرازە بە زمانی گریک پێیدەوترێت ئۆرگانون، مەبەستی ئەڕیستۆ عەقڵیکی لۆجیکیە، عەقڵیک، کە شتەکان دەپێوێت، هەڵیاندەسەنگێنێت، توێژیەنەوەو بە دەواداچوون دەکات،  بۆ ئەوەی لە واقیعەوە نزیک بیت‌و دوورنەکەوێتەوە لە ژیانی واقیعی، واتە لە راستیەکان،  مەبەست لە ئۆرگانون بە عەقلێکی ئەزموونگەرایی کارکردنە، کە لە واقیعەوە ئەزموون وەردەگرێت‌و بە خۆیدا دەچێتەوە بۆ ئەوەی هەڵە نەکات، بۆ ئەوەی ژیانێکی بەختەوەرو سەرکەوتوو بەدەست بهێنێت، عەقڵ بەردەوام دەبێت بە خۆیدا بچێتەوە بۆ ئەوەی دوای خەیاڵ نەکەوێت‌و زانستیانە کار بکات. ٢/ گۆڤان: شاهیدی. گۆڤانی تیۆری، واتە شایەتیەکی تیۆری. ٣/ ئاوەز، واتە عەقڵ. ٤/ گەنە مینۆ: واتە رۆحە شەرنگێزەکان.(فەرهەنگی ئێرین ڤاچ/ محەمەد ئەمین هەورامانی). ٥/ ئەفڵاتون مەبەستی لەم دوو دیوی جیهانە، یان ئەم دوو دایلێکتیکە، ئەوە بووە، کە لە مێشکی مرۆڤدا نموونەی شتەکان هەیە، دواتر لە دەرەوەی مێشکیدا هەستی پێ دەکات، بەڵام ئیسلامیەکان شیکاریی ئەم دوو دایلێکتیکە بەو مانایە دەکەن، کە ئەفڵاتون مەبەستی بوونی خودا بووە، کە بوونێکی کامڵ‌و بناغەیی هەیە، لە دواجاریشدا شتەکان لە واقیعدا هەستیان پێ دەکرێت، واتە جیهان‌و واقیع هیچ نیین، جگە لە هەستپێکراوێکی رووت، یان وێنەی دووەمی شتە بناغەییەکە، خودایە.  ٦/ هیولی، یان هیولا: وشەیەکی وێنانیە، بە واتای مادە دێت، هیولی لە هەموو  بوونەکاندا هەیە، لە  گیاندارو بێ گیانەکان، ڕووەکەکان‌و ئاژاڵەکان‌دا، بەڵام بوونەوەرەکان لە وێنەدا جیاوازن. هیولی نە سیفەتی هەیە نە وێنە. بۆیە پێویستی بە وێنەیەک هەیە بۆ ئەوەی دەرکەوێت‌و بناسرێت. وێنە ئەو بنەمایەیە، کە هیولی دیاریدەکات‌و بەهایەکی تایەبەتی پێ دەدات. هیولی‌و وێنە لە یەکتری جیاناکرێنەوە. واتا هەر بوونێک لە هەردووکیان پێکهاتووە. هیولی بە ناورۆکی مادە ناودەبرێت، واتە بە جەوهەری مادە ناو دەبرێت. لە فەلسەفەی ئەڕیستۆشدا، هەر شتێک، کە هیولی هەیە، ناوی بردوە بە جەوهەر، لە جەوهەرە جیاوازەکانیشەوە راستی پێکهاتووە. ٧/ لە زمانی عەرەبیدا، چونکە کولتووری ئیسلامی بە سەریدا زاڵە، لە جیاتی (ترۆپک)، یان گەیشتن بە باڵا، وشەی (الله) بەکار دەهێنرێت لە تەرجەمەی مەسەلەو چەمکە فەلسەفیەکاندا، هەرچەندە لای زۆر بیرمەندی عەرەبی بەکار هێنانی وشەی اللە مەبەست لەو اللەیە نییە، کە ئیسلام‌و باوەرداران بەکاری دەهێنێت، بەڵام ئیسلامیەکان‌و زۆرێک لە باوەڕدارانی تریش هەر بەو واتایە لێکی دەدەنەوە، بۆیە من لە جیاتی وشەی اللە، وشەی ترۆپک، یان باڵا، یان کەماڵم بەکار هێناوە، تا بۆ خوێنەر روونبێت، کە ئەفڵاتون‌و ئەڕیستۆو فەیلەسوفەکانی دیکەش باسی ترۆپکی ئەوەزیان کردوە، مەبەستیان لەو ترۆپکە خودا نەبووە.   http://www.ahewar.org/debat/show.art.asp?aid=427277  

ئه‌م بابه‌ته‌ 578 جار بینراوه‌