مێژووی فێمینزم،فێمینزم چییە؟/تاڤگە سابیر

به‌شی: بابه‌تی هه‌ڵبژارده‌
2014-05-06 21:07:50
_______________________________________________________________________________
بە شێوەیەکی گشتی مێژووی فێمینزم بەسەر دوو شەپۆلی سەرەکیدا دابەشدەکرێت ، کە هەریەکێکیان کاراکتەر و داواکاری و هەلومەرجی مێژوویی تایبەتی خۆی هەیە ، سەرەتای شەپۆلی یەکەم بۆ ناوەڕاستی سەدەی نۆزدەهەم و سەرەتای شەپۆلی دووهەم بۆ شەستەکانی

سەدەی بیسەم دەگەڕێتەوە ، بەڵام ئەمە ئەوە ناگەیەنێت ، کە ژنان بەر لەو سەرەتایە لە هەوڵی بەگژاچوونەوەی ئەو هەلومەرجەدا نالەبارەدا نەبوون ، کە ڕووبەڕوویان بۆتەوە. بەگژاچوونەوەی ژنان بەڕووی هەلومەرجی نایەکسانی ژیانیاندا مێژوویەکی زۆر درێزتری هەیە لە مێژووی پەیدابوونی شەپۆلی یەکەمی فێمینزم لە ناوەڕاستی سەدەی نۆزدەهەمدا . لەڕاستی مێژووی بەگژچوونەوەی ژن بۆ ژێردەستەیی و چەوەساندنەوە و بێڕێزی یەکسانە بە مێژووی وشیاربوونەوەی ئینسان بە نێر و مێیەوە بەرامبەر بە هەلومەرجی نایەکسانی ژیانی کۆمەڵایەتی خۆی بە مێژووی خەونبینین بە جیهانێکی جوانتر و یەکسانتر و ڕێزبەخشترەوە ، بەدرێژایی مێژووژنان هەم وەك تاکەس و هەم لە چوارچێوەی گروپ و کۆمەڵەی تایبەتدا، لەگەڵ ناشیرینییەکانی کۆمەڵگادا لە ململانێدان بوون.


لە یۆنانی کۆندا لەسەرەمی ئیمپراتۆریەتی ڕۆمانیدا بەرلە ئیسلام و دوای ئیسلام و لە ڕۆژگاری هاتنەکایەی ئیمپراتۆریەتییە دینییە گەورەکاندا، تا بە چوارچێوەی هاتنەکایە و دروستبوونی دەوڵەتە مۆدێرنەکان دەگات هەمیشە ژنانێك هەبوون بە دۆخی پلە دوویی و پەراوێزیی و پاشکۆخستن ناڕازیبوون و بەگژ ئەو هەلومەرجە نایەکسانانەدا چوونەتەوە . سەرچاوە مێژووییەکان بەسەرهاتی چەندەها ڕووداوی دێرینمان بۆ دەگێڕنەوە ، کە تیایاندا ژنان ناڕەزاییان دەربڕیوە و بەگژ نایەکسانیدا چونەتەوە ، بالێرەدا چەند ڕووداوێکیان بەنموونە بهێنینەوە.


لە یۆنانی کۆنی دووسەد ساڵێك بەر لە دایکبوونی مەسیحدا دەیان ژن چوونەتە سەر شەقام بۆ ناڕەزایی دەربڕین بەرامبەر پرۆژەی یاسایەك ، کە داوا ئەوەدەکات مافی خاوەندارێتی لە ژنان بسێندرێتەوە بە باوەڕی ئەو پیاوانەی بەرگری لەو پرۆژەیە دەکەن ، ئەگەر ژنان وەك پیاوان مافی خاوەندارێتیان هەبێت شیرازەی شتەکان تێکدەچێت و ژنان بەسەر پیاواند زاڵدەبن و ژیانیان کۆنترۆڵدەکەن ، بۆ بەرگریکردن لە خۆیان و پەکخستنی پرۆژەی یاساکە ژنان دەڕژێنە سەر جادە و دەوری ماڵی ئەو پیاوانە دەگرن ، کە لەگەڵ لابردنی مافی خاوەندارێتی ژناندا بوون لە ئەنجامدا خۆپیشاندان و ناڕەزایی ژنانەکان سەردەگرێت و پرۆژەی یاساکە لادەبرێت.


لە فەرەنسای سەردەمانی شۆڕشی فەرەنسیدا چەندان هەوڵی هەمەجۆری ژنان لە ئارادابووە ، کە بە مەبەستی ڕێزگرتن و مامەڵەکردنی ژن وەك بوونەوەریکی کامڵ و یەکسان تێکۆشاون" ئیتا پاڵ" ، کە کچێکی هۆڵەندی بووە و لە فەرەنسا ژیاوە هەوڵی گەورەی بۆ چاککردنی شوێنی یاسایی ژن لەو ووڵاتەدا ئەنجامداوە. ئەم ژنە ویستویەتی دروشمەکانی شۆڕشی فەرەنسی ، کە بریتین لە " ئازادی و یەکسانی و برایەتی " بەسەر ژیان و هەلومەرجی ژنانیشدا پیادەبکرێت . ئیتا پاڵ بە مەبەستی بەهێزکردنی لەشکریی نیشتیمانی شۆڕسگێڕەکان و سەرخستنی شۆڕش و پیادەکردنی دروشمەکانی لە چەندان شوێنی جیاوازی فەرەنسادا هەوڵی دامەزراندنی گروپی چەکداری ژنانی داوا ، بەڵام شۆڕشگێرەکان ئامادەنەبوون هاریکاری ئەم ژنانە بکەن ، دوای شۆڕشیش ئیتا پاڵ سکاڵایەك دەداتە دەستی ئۆرگانی یاسادانانی پەرلەمان و ئەم داواکارییانەی لای خوارەوە دەخاتە بەردەمیان.


" دەکردنی یاسایەك لە پێناوی باش بەخێوکردنی کچاندا ، یاسایەك بۆ داننان بە یەکسانی نێوان پیاو و ژناندا یاسایەک دان بەوەدابنێت ، کە ژنانی ١٢ ساڵە بوونەوەرێکی سەربەخۆیە ، یاسایەك کە بە ژن مافی داواکردنی جیابوونەوە ببەخشێت، بەڵام بۆ جارێکی دیکە داواکارییەکانی ئەم خانمە لەلایەن شۆڕشگێرانی شۆيشی فەرەنسییەوە فڕێئەدرێتە تەنەکەی خۆڵەوە. کاتێکیش ئیتا پاڵ بەمەبەستی پیادەکردنی ئەو داوایانە خەڵکێکی زۆر لە دەوری خۆی کۆدەکاتەوە شۆڕشگێڕەکان دەیکوژن ، لە ڕاستیدا پیاوە شۆڕشگێڕەکانی شۆڕشی فەرەنسی داواکاری ژناکان وەك هەڕەشە و مەترسیی تەماشادەکرد ، هەر ترسە پیاوانەیەش بوو وایکرد ئەو ژنەی ، کە بەیاننامەی مافەکانی ژنی نووسی ، ئۆلیمپە دی گارگس لەلایەن شۆڕشگێڕەکانەوە دەستگیربکرێت و لە کۆبوونەوەیەکی گشتیدا سەری بخرێتە ژێر مەقسەڵەوە و بپەڕێنرێت.


وەك دەبینین مێژووی بە گژاچوونەوەی ژنان بۆ هەلومەرجی ژیانیان کۆنترە لە ناوەڕاستی سەدەی نۆزدەهەم و دەکرێت چەندان نموونە لە بەشە جیاوازەکانی جیهانەوە بۆ سەلماندنی ئەم ڕایە بهێنینەوە ، ئەگەر ئەم بەگژاچوونەوانە گرنگ و خوێناوین و هێما بۆ خەبات و کۆششی بەردەوامی ژنان دەکەن ، بەڵام ئەم هەرڵانە لە مێژووی فێمینزمدا وەك هەوڵی فێمینیستی یان وردتر بدوێین وەك " بزووتنەوەیەکی فێمینیستی " تەماشا ناکرێن. لەڕاستیشدا زۆربەی هەرە زۆری ئەم هەوڵانە هەوڵی ڕێکنەخراو و تاکەکەسی بوون و لەفۆرمی " بزووتنەوەیەکی ژنانی سەربەخۆدا" ئامادەنەبوون. ژن لەم ڕووداوانەدا مەقولەی سەرەکی نەبووە و کارەکانیشیان چ لە ئاستی فیکری و چ لە ئاستی يێکخراویدا کاری تایبەت و سەربەخۆی ژنان نەبووە.


لە دایکبوونی ئەم جۆرە بزووتنەوەیە واتە بزووتنەوەیەك بەناوە بزووتنەوەی ژنانەوە ، کە لە فۆرمی ئۆرگانی سەربەخۆداڤ ئامادەبێت و خاوەنی مانیڤێست و ئەکتیڤیست و میدیای تایبەت و سەربەخۆبێت دوادەکەوێت بۆ ناوەڕاستی سەدەی نۆزدەهەم ، لە ناوەڕاستی ئەو سەدەیەدا بۆ یەکەمینجار بزووتنەوەی فێمینزمی سەربەخۆی خاوەنی مانیڤێست و خاوەن ئەندامی سەربەخۆ و خاوەن ڕێکخراو لە دایکدەبێت ، کە کاری سەرەکی بەرگریگردنە لە مافەکانی ژن و لابردنی ئەو نایەکسانییەی ڕووبەڕووی ژنان دەبێتەوە ، لە ئەدەبیاتی فێمینیستیدا لە یکبوونی ئەم بزووتنەوەیە بە لە دایکبوونی " شەپۆلی یەکەم فێمینزم " ناودەبرێت ، ئەم شەپۆلی کۆتایی سییەکانی سەدەی بسیتەم دەخایەنێت.


شەپۆلی دووهەمی فێمینیزمیش لە شەستەکانی سەدەی بیستەمەوە دەستپێدەکات تا کۆتایی هەشتاکان ، هەندێك نووسەری فێمینیستی دیکەش هەن باس لە لە دایکبوونی شەپۆلی سێهەمی فێمینیزم دەکەن و سەرەتاکەی دەگەڕێننەوە بۆ نەوەدەکانی سەدەی بیستەم.


شەپۆلی یەکەمی فێمینزم:


لە ڕۆژی ٣١ مانگی حەوتی ساڵی ١٨٤٨ دا یەکەمین بزووتنەوەی فێمینیزمی لە ژێر ناوی " بزووتنەوەی مافەکانی ژن" لە ئەمەریکا لە دایکبوو ، لەو ڕۆژەدا لە شاری نیوێۆرك کچ و دایکێك چوار ژنی هاوڕێی خۆیان بۆ چا خواردنەوەی دوا نیوەڕوان داوەت دەکەن ، لەو دواتەدا کچەکە گلەییەکی زۆر لە بارودۆخی ژێردەستەیی ژن لە ئەمەریکای ئەو کاتەدا دەکات و باس لەوە دەکات ، کە هەفتا سەڵ پێشتر ئەمریکییەکان شۆڕشیان کرد بۆ ئەوەی ئازادیان دەستکەوێت کەچی هێشتا ژنان لەهەلومەرجێکی نا ئازادا دەژین . ئەم خانمە گەنجە لە قسەکانیدا هێما بەوەش دەکات ، کە ژنانی ئەمریکی بەشدارییەکی کاریگەریان لە شۆڕشی ئەمریکیدا کردوە ، کە یەکێك لە دروشمە هەرە سەرەکییەکانی ئازادییە بۆ هەمووان . ئەو ناڕەزایی خۆی بەرامبەر بەوە دەردەبڕێت ، کە هەلومەرجی ژن دوای زیاد لە نیو سەدە لەو شۆڕشە هەلومەرجی کەسێکی ژێردەستە و نایەکسان و نائازادە ، قسەکانی ئەو دوانیوەڕۆیە خانمەکان بەو ئەنجامە دەگەیەنێت کە بارودۆخی ژن لە ئەمەریکادا پێویستە گۆڕانی بەسەردابێت ، ئەم گۆڕانەش لە دیدی ئەو خانمانەدا نەك تەنها لە خزمەتی ژنان خۆیاندیە ، بەڵکو لە خزمەتی کۆمەڵگا و دەوڵەتی ئەمریکیشدایە.


ئەم ژنانە دوای ماوەیەکی کوەتە جارێکی دیکە کۆدەبنەوە و لەو کۆبوونەوەیەدا ڕۆژ و شوێنێك بۆ کۆبوونەوەیەکی گەورەتری ژنان و خۆ ئاشکراکردنیان وەك گروپێکی سەربەخۆی ژنان دەستینشاندەکەن. لە ڕۆژنامەیەکیشدا ڕیکلامێك بۆ کۆبوونەوەکەیان بڵاودەکەنەوە و کۆبوونەوەکەیان ناودەنێن " کۆبوونەوە بۆ باسکردن و لێکوڵینەوەی هەلومەرجی کۆمەڵایەتی و مەدەنی و دینی و مافەکانی ژن" لە مێژووی ڕۆژئاوادا ئەوە یەکەمینجار بووە ژنان کۆبوونەوەیەکی ئاشکراو گشتی لەو جۆرە بۆ ئەو مەسەلانە ڕێکبخەن.


ئەوەی لێرەدا شایانی باسکردنە دەرککردنی ئەو ژنانە بووە بەو ڕاستییەی ، کە داواکارییەکانیان لەگەڵ پرنسیپە گشتییەکانی شۆڕشی ئەمریکی و سیستمی کۆماری ئەو وڵاتەدا نەبووە . ئەوان داواکاریانەیان دەیانوسیت ڕەهەندە دادپەروەر و یەکسانخوازەکانی شۆرشی ئەمریکی پەرەپێبدەن و بەناوی ئەو ڕەهەندانەشەوە داوای مافەکانی خۆیان کردوە ، بە مانایەکی دیکە ستراتیژی ئەم فێمینیستانە بریتیبووە لە داواکردنی مافەکانیان لە چوارچێوەی داواکارییە گشتییەکانی شۆڕشی ئەمریکی خۆیدا ، نەك داواکارییەك لەودیوی چوارچێوە و خەیاڵی کۆمەڵایەتیی و سیاسیی و فەرهەنگیی ئەو شۆڕشەوە. ئەم خانمانە لە نووسینەوەی یەکەمین بەیاننامەی خۆیاندا ڕاستەوخۆ ئەو بەشانەی " بەیاننامەی سەربەخۆبوون" بەکارەدەهێنن ، کە باس لە یەکسانی نێوان نێر و مێ دەکات " بەیاننامەی سەربەخۆبوون " گرنگترین دۆکۆمێنتی مێژووی ئەمەریکایە ، کە لە سەردەمی شۆڕشی ئەمریکیدا نووسراوە و باس لە ئازادی ئینسان دەکات . ژنانەکان زیرەکانە ئەو پرنسیپانەی ناو بەیاننامەکە بەکاردەهێنن ، کە باس لە یەکسانی نێوان ئینسانەکان دەکات ، بەتاینەتی ئەو بەشەی ، کە دەڵێت " هەموو ژن و پیاوێك بە یەکسانی دروستکراون خوداوەندیش کۆمەڵێك مافی بنەڕەتی بەهەردوولایان بەخشیوە لەوانە مافی ژیان مافی ئازادی و مافی بەدەستهێنانی بەختەوەری".


لەو کۆبوونەوە ئاشکریەدا ، کە ڕێکیدەخەن ژنان تیشك دەخەنە سەر ئەو ڕەهەندانەی ژیانی کۆمەڵایەتی و سیاسی ، کە تیایاندا نایەکسانی بەرامبەر بە ژن ئەنجامدەدرێت ئەو خاڵانە دەخەنە ڕوو ،کە بەپێی پێەورەکانی شۆڕشی ئەمریکی خۆی دەچنە خانەی نایەکسانی و چەوساندنەوەوە. هەروەها کۆمەڵێك داواکاری دەخەنەڕوو ، کە ڕاستەوخۆ پەیوەندی بە کێشەکانی ژیانی ژنانەوە هەیە ، گرنگترینی ئەو نایەکسانیانەش کە دەیانخەنە ڕوو و ناڕەزایی خۆیانی دەربارە دەردەبڕن ، ئەمانەی لای خوارەوەن.


١- ژنی شووکردوو لە ڕوی یاساییەوە بوونی نییە واتە یاسا هیچ حیسابێك بۆ ژنی شوکردو ناکات ، ژن کە شوی کرد ئیدی پیاوەکەی دەبێتە خاوەنی ئەو و خاوەنی بڕیار و ویستەکانی.
٢- ژنان مافی دەنگدانیان نییە.
٣- ژنان دەبێت سەر بۆ یاسایەك دانەوێنن ، کە خۆیان هیچ بەشدارییەکیان لە دروستکردنیدا نەکردوە.
٤- ژنی شوکردو مافی بوونی مڵکیەتی تایبەت بەخۆی نییە.
٥- پیاوان خاوەنی دەسەڵاتێکی شەرعین بەسەر ژناندا تا ئەو شوێنەی لێیانبدەن و بەندیانبکەن ، ئەمە جگە لەوەی پیاو بەڕێوەبەری ژنانە.
٦- یاساکانی تەڵاق و جیابوونەوە و بەرپرسیارێتی بۆ منداڵان هەموویان لە خزمەت و قازانجی پیاودان و هیچ مافێکیان بە ژن نەداوە.
٧- ژنان دەبوایە باجی مڵکیەت بدەن بە دەوڵەت لەکاتێکدا ئەوان بەرامبەر بەم باجدانە هیچ نوێنەرایەتییەکیان نییە.
٨- زۆربەی پیشە و کارەکان بەڕووی ژناندا داخراون لەو شوێنانەشدا ،کە ژنان کاردەکەن ئەوەی وەریدەگرن زۆر کەمترە لەوەی بۆ ئەنجامدانی هەمان کار بە پیاو دەدرێت.
٩- ژنان بەهیچ خۆرێك بۆیان نییە وەك دکتۆر و وەك حاکم یان وەك یاساناس و پارێزەر کاربکەن.
١٠- ژنان هیچ ئامرازێکیان لەبەردەستدا نییە بۆ خوێندن چنکە هیچ زاێندکار قبووڵنییە.
١١- لە هەندێك کاتی کەمدا بەبێت ژنان بۆیان نەبووە بەهیچ خۆرێك بەشداری کاروبار و چالاکییەکانی کەنیسە بکەن.
١٢- ژن بەتەواوی بێبەشکراوە لە باوەڕبوون بە خۆی و بەوەی ،کە شانازی بە ژنن بوونی خۆیەوە بکات ، لەم ڕووەوە بەتەواوی وەك پاشکۆی پیاوی لێکراوە.


خاڵێکی زۆر گرنگ ، کە پێویستە لێرەدا هێمای پێندەین ئەوەیە ئەو دۆخەی ، کە ئەو خانمە ئەمریکییانە لەو دوازدە خاڵەی سەرەوەدا باسیدەکەن و ڕەخنەی لێدەگرن دۆخی ژیانی خانمە سپیپێستەکانە ، بێ مافی خانمانی ڕەشپێست زۆر لەو بێ مافییانەی سەرەوە گەورەتر و هەمەلایەنتر بووە، لە ڕاستیدا ژنانی ڕەشپێست وەك پیاوانی ڕەشپێست کۆیلە بوون.


لەڕووی مێژووییەوە گرنگترین داواکارییەك ژنان لەو کۆبوونەوەیەدا کردبێتیان داواکردنی مافی دەنگدانە بۆ ژنان ، زۆربەی نووسەران باوەڕیان وایە ، کە شەپۆلی یەکەمی فێمینیزم شەپۆلی داواکردنی مافی دەنگدانە و ئەم مافە گرنگترین داواکاریەکە ژنسنی ئەم شەپۆلە بەرزیانکردبێتەوە ، بێگومان وەك لە لیستەکەی سەرەوەدا بەرچاودەکەوێت ناتوانین داواکاری شەپۆلی یەکەمی فێمینیزم تەنها لە داواکاری مافی دەنگداندا سنووربەندبکەین ، ئەم شەپۆلە وەك لە لیستەکەدا دیارە زیاد لە داواکارییەکی هەبووە ، بەڵام داواکاری مافی دەنگدان دەبێتە گرنگترین و سێنتراڵترینی داواکاریی ئەم شەپۆلە . ئەمەش وابەستەی ئەو بۆچوونەبووە ، کە پێیوابووە بەشداربوونی ژن لە دەنگداندا هەلی ئەوەی پێدەبەخشێت ، کە بتوانێت زۆربەی هەرەزۆری کێشەکانی چارەسەرنکات دەنگدان هەلی ئەوە بە ژنان دەبەخشێت ، کە کاریگەریان لەسەر بڕیاردانی سیاسی هەبێت و ئەو یاسایانە دەسکاریبکەن ، کە پاشکۆیی ژنان دەپارێزن.


ئەوەی لێرەدا شایانی گێڕانەوەیە ئەو ڕاستییەیە ، کە ژمارەیەك لەو ژنانەوە لەو کۆبوونەوەیەدا بەشداربوون قەناعەتیان بەوە نەبووە داوای مافی دەنگدان بۆ ژنان بکرێت ، ئەوان پێیان وابوو سیاسەت کاری پیاوانە و ژن ناتوانێت بەشداری کاری سیاسی بکات ، بەڵام ئەوەی کە قەناعەت بە ژننە دوودڵ و گومانکارەکان دەهێنێت پیاوێکی ڕەشپێستی ناو کۆنگرەکە بوو ، ئەو پیاوە باسی ئەوەی کردوە ، کە ژنان وەك کۆیلەکان مافی ئازادبوونیان هەیە ، دەنگدانیش هێزێکە لەڕێگایەوە هەڵبژاردنی دەسەڵاتداران ئەنجام ئەدرێت و یاسالانیش دادەنرێن . لە کۆتایی کۆنگرەکەدا بڕیاری ئەوەی ، کە مافی دەنگدانی ژن بخرێتە لیستی داواکارییەکانەوە بە دەنگدان برایەوە ، بەڵام بە زۆرایەتییەکی کەمی دەنگەکان برایەوە.


دوای بڵاوبوونەوەی بەیاننامەی کۆنگرەکە و لیستی دواوکارییەکان ڕۆژنامەکان دەکەونە پەلاماردان و گاڵتەکردن بە داواکاری ژنەکان ، بەتایبەتی ئەو داواکارییەی ، کە باس لە مافی دەنگدان دەکات ، ئەم پەلامارە بەشێوەیەك بریندارکەر و هەمەلایەن دەبێت وادەکات هەندێك لەوانەی ، کە بەیاننامەکەیان ئیمزاکردبوو پەشیمانببنەوە و ناوی خۆیان لەسەر بەیاننامەکە لاببەن ، لەگەڵ ئەوەشدا بڵاوبوونەوەی بەیاننامەکە زەنگی لە دایکبوونی یەکەمین بزووتنەوەی فێمینیستی لە مێژووی نوێدا ڕاگەیاند. بەدەیان ژن لەدوای بڵاوبوونەوەی ئەم بەیاننامەیەوە بەم سەر و ئەوسەری ئەمەریکادا کەوتنە سەفەر و جموجوڵ بۆ ئەوەی لە ڕێگای کۆڕ کۆبوونەوە و دیالۆگەوە ناوەرۆکی داواکاریی ژنەکان بڵاوبکەنەوە و بەرگری لە مافی دەنگدان بۆ ژنان بکەن . ٢٧ ساڵ دوای ئەو کۆبوونەوەیە واتە لە ساڵی ١٢٩١ دا ژنانی ئەمەریکا توانیان مافی دەنگدان بەدەستبهێنن و دەنگدانی ژن بێت بە بەشێك لە سیستمی هەڵبژاردنی سیاسی لە ئەمەریکادا.


ژنانی ئەمەریکا لەدوای بەدەستهێنانی مافی دەنگدانەوە لە ساڵی ١٢٩١ دا بەردەوامبوون لەسەر کار و تێکۆشانیان و ئۆرگانی کۆمەڵەی ژنانی خاوەن دەنگیان دامەزراند . مەبەست لە دامەزراندنی ئەم ئۆگارگانە ئەوەبوو ، کە گرنگی دەنگدان بۆ ژنان لێکبدەنەوە و ئەوەیان پێبڵێن ، کە دەبێت زۆر بە وریایی و عاقڵانە دەنگەکانیان بەکاربهێنن و بزانن بە کێ و کام هێزی سیاسی دەبەخشن . لەبەرئەوەی حکومەتی ئەمریکی حکومەتێکی فیدراڵی بوو ژنان هەوڵیاندا ، کە مافی و دەسکەوتەکانیان لە دەستوری فیدراڵی حکومەتی ئەمریکیدا جێبکەنەوە ، نەك بە تەنها لە دەستوری ناوچەیەك یان چەند ناوچەیەکی جیاوازی ئەمەریکادا ئەم کارەشیان بۆچووە سەر بەمەش دەسکەوتەکان بەسەر هەموو ژنانی ئەمەریکادا دابەشبوو بەبێ ئەوەی گرنگبێت لە کام بەشی ئەمەریکادا دەژێت.


بێگومان داواکاری ژنان دوای بەدەستهێنانی مافی دەنگدان کۆتاییپێنەهات ، بەشێکی زۆری ئەو داواکارییانەی لەو کۆبوونەوەیەدا فۆرمیولەدەکرێن لەمیانەی ساڵانی درێژی خەباتی ژناندا دێنە دی ، ئەوەی لێرەدا پێویستی بەسکردن هەیە ئەوەیە ، کە لە بیستەکانی دەسەدەی بیستەمدا لە ئەمەریکا ژنان داواکارییەکی نوێ بەرزدەکەنەوە، کە پێشتر لە لیستی داواکارییەکانی شەپۆلی یەکدمدا نەبووە. ئەم داواکارییە نوێیە دەبێتە خاڵی هەرەسەرەکی خەباتی ژنان لە ئەمەریکا و دەرەوەی ئەمەریکادا، ئەم داواکارییە نوێیە داوای ئەوە دەکات ، کە ژنان مافی ئەوەیان هەبێت خۆیان بڕیاربدەن ئایا دەیانەوێت منداڵیان ببێت یان نەبێت، ئەم مافە بە مافی "بڕیاردانی بوون و نەبوونی منداڵ" ناسراوە، کە ئەم مافە کەدواتر لە فۆرمی بزووتنەوەیەکی کۆمەڵایەتیدا بەرجەستەدەبێت، بۆ یەکەمینجار لەلایەن خانمێکی برینپێچەوە پێشنیاردەکرێت ، لە ڕاستیدا بیرۆکەی ئەوەی . کە ژن مافی ئەوەی هەبێت خۆی بڕیار لەسەر لەشی خۆی بدات، بەتایبەتی خۆی بڕیار لەسەر ئەوەبدات چۆن منداڵی بێت؟ چەند منداڵی ببێت؟ منداڵی ببێت یان نەیبێت؟ ڕەهەندێکی نوێ بوو لەمەسەلەی بیرکردنەوە لە ئازادیی ژن.


(ئەم بزووتنەوە تازەیە دەیویست مافی ئەوە بە ژن خۆی بداتەوە ئایا دەیەوەێت ببێت بە دایك یان نایەوێت ، کەی دەیەوێت ببێت بە دایك و چۆن؟ ئەمەش مانای ئەوەی ژنان مافی ئەوەیان هەبێت ئازادانە بڕیار لەسەر ئەوەبدەن ببن بە دایك یان نەبن ، نەك ئەم مەسەلەیە وەك داواکارییەکی سروشتی تەماشا و مامەڵە بکرێت ، لە ڕاستیدا بزووتنەوەی چاودێری و کۆنترۆڵکردنی منداڵبوون بیرۆکەی ئازادیی ژن دەبەستێتەوە بە توانای بڕیاردانی ژن لەسەر چۆنیەتی بەکارهێنانی جەستە خۆی ، ئەم بزووتنەوەیە ، کە لە بیستەکانی سەدەی بیسەمدا دەسپێدەکات چل ساڵێك دەخایەنێت تا لە ساڵی ١٩٦٥ دا لە ئەمەریکا داخوازییەکانی دەبێت بە داخوازی یاسایی و ئەو مافە بەپێی یاسادا بۆ ژن دەسەلمێندرێت.


ئەگەرچی شەپۆلی یەکەمی فێمینزم لە ئەمەریکا دەستپێدەکات، بەڵام دواتر بە بەشەکانی دیکەی جیهاندا بڵاودەبێتەوە، لە ڕاستیدائەم بزووتنەوەیە لە ئەمەریکا ماوەیەکی درێژ چالاك و دەستبەکاردەبێت ئینجا بۆ ئەکەمینجار لە ئەوروپادا لە ئینگلتەرەدا لە دایک دەبێت لەوێوە بە وڵاتەکانی دیکەدا بڵاودەبێتەوە، ئەم شەپۆلە لە وڵاتێکی وەك هۆڵەندادا لە کۆتایی هەفتاکانی سەدەی نۆزدەهەمەوە دەستپێدەکات و تا بیستەکانی سەدەی بیستەم دەخایەنێت واتە لە ١٨٧٠ بۆ ١٩٢٠ ئەمەش وەك ئاشکرایە سی ساڵێك دوای دەستپێکردنیەتت لە ئەمەریکا.


لە ئەوە وپاشدا شەپۆلی یەکەم فێمینیزم دەبێتە شەپۆلی خەباتکردن بۆ بەدەستهێنانی مافی دەنگدان و مافی و باشکردنی هەلی خۆێندن بۆ ژنان ، جگە لەمانە ئەم شەپۆلی لە ئەوروپادا داواکاری دیکەش فۆرمیولە دەکات بۆ نموونە باشتر و چاککردنی هەلومەرجی گرنگیدان بە لایەنی تەندروستی ژنان و گرنگیدان بە مەسەلەی دایکایەتی و ڕێگەگرتن لەوەی ژنان لەشی خۆیان بفرۆشن.

 


ئه‌م بابه‌ته‌ 623 جار بینراوه‌