موراد قه‌ره‌یلان ئه‌ندامی کۆمیته‌ی به‌ڕێوه‌به‌ری پارتى کرێکارانى کوردستان (په‌که‌که‌) ده‌رباره‌ی گه‌مارۆ و کۆمه‌ڵکوژی ده‌وڵه‌تی تورک له‌ دژى گوندی (خه‌رابێ باڤا) له‌ نسێبین له‌ باکورى کوردستان، هه‌ڵسه‌نگاندنى کرد.

موراد قه‌ره‌یلان ئه‌مڕۆ له‌ لێدوانێکیدا بۆ ڕادیۆى (ده‌نگى کوردستان) ئاماژه‌ى بۆ ئه‌وه‌ کرد: ئه‌و هێرشه‌ى سه‌ر گوندى (خه‌رابێ باڤا) هاوشێوه‌ی  قه‌تلوعامه‌که‌ی ساڵی پاری  شاری جزیره‌یه‌ و بێده‌نگی له‌ ئاستی، په‌ره‌ به‌ کۆکوژیه‌که‌ ده‌دات.

گوندی (خه‌رابێ باڤا) له‌ نسێبین له‌ باکوری کوردستان زیاتر له‌ 12 ڕۆژه‌ له‌لایه‌ن هێزه‌کانی ده‌وڵه‌تی تورکه‌وه‌ گه‌مارۆدراوه‌ و تا ئێستا پێنج هاوڵاتى ئه‌و گونده‌ کوژراون، سه‌رله‌به‌یانی ئه‌مڕۆش ڕوبه‌ڕووی هێرشی سوپا بوه‌ته‌وه‌.

قه‌ره‌یلان وتى: له‌ گوندی (خه‌رابێ باڤا) زوڵمێکی گه‌وره‌ به‌ڕێوه‌ده‌چێت، به‌ پێی هه‌واڵی هه‌ندێک له‌ ده‌زگاکانی ڕاگه‌یاندن، باس له‌ شه‌هیدبوونی دوو گه‌ریلا ده‌کرێت، به‌ڵام له‌ باره‌ی دۆخه‌که‌وه‌ زانیاریه‌کی ئه‌وتۆمان له‌ به‌رده‌ستدا نیه‌، نازانین چى به‌ سه‌ر گوندنشینانی گونده‌که‌دا هاتووه‌، ژیانیان له‌ مه‌ترسیدایه‌ و ئه‌شکه‌نجه‌ ده‌درێن.

وتیشى: ده‌وڵه‌تی تورکی داگیرکه‌ر ده‌یه‌وێت کۆمه‌ڵکوژیه‌کی هاوشێوه‌ی جزیره‌، له‌و گونده‌ش ئه‌نجام بدات، چۆن له‌ جزیره‌ دڕندایه‌تی خۆی په‌رده‌پۆش کرد، ئێستاش به‌ ئاسته‌نگکردنی چوونی په‌رله‌مانتاران بۆ گونده‌که‌ ده‌یه‌وێ هه‌مان شت دووباره‌ بکاته‌و.

موراد قه‌ره‌یلان ئه‌وه‌شى وت: له‌ بیرمانه‌ ماوه‌یه‌ک له‌مه‌وبه‌ر، ده‌زگاکانی ڕاگه‌یاندنی تورک  هه‌واڵی (توله‌یه‌ک) که‌ که‌وتبووه‌ چاڵێکه‌وه‌،‌ بۆ ماوه‌ی چه‌ندین رۆژ کردیان به‌ مانشێت و  بابه‌تی سه‌ره‌کی بڵاوکراوه‌کانیان، به‌ڵام کاتێک بابه‌ته‌که‌ په‌یوه‌ندی به‌ گه‌لی کورده‌وه‌ هه‌بێت و بۆ داپۆشینی کۆمه‌ڵکوژیه‌کان ئه‌وه‌ی له‌ ده‌ستیان دێت ده‌یکه‌ن، تا ئێستا به‌ یه‌ک وشه‌ش باسی په‌لاماری گوندی خه‌رابێ باڤایان نه‌کردووه‌، ئه‌وه‌یه‌ ڕووی ڕاسته‌قینه‌ی ڕاگه‌یاندنی داگیرکاریی.

ئه‌ندامى کۆمیته‌ى به‌ڕێوه‌به‌رى په‌که‌که‌ ڕاشیگه‌یاند: ئه‌و که‌سانه‌ی که‌ به‌رامبه‌ر به‌و جه‌ور و سته‌مه‌ بێده‌نگ ده‌بن، له‌ ڕاستینه‌ی مرۆیی خۆیان دوور که‌وتوونه‌ته‌وه‌، ئه‌و که‌سانه‌ی که‌ ته‌نیا سه‌یری وه‌ها کۆکوژیه‌ک ده‌که‌ن، ئه‌وه‌نده‌ی ئاکه‌په‌ و مه‌هه‌په‌ به‌رپرسیارێتیان ده‌که‌وێته‌ ئه‌ستۆ، ئه‌گه‌ر گه‌لی کورد له‌ کاتی ئه‌نجامدانی کۆکوژی جزیره‌ ڕژابوونایه‌ته‌ سه‌ر شه‌قامه‌کان، ئێستا باسی هێرشی سه‌ر گوندی خرابێ باڤاشمان نه‌ده‌کرد، پێویسته‌ هه‌موو که‌سێک بزانێ که‌ به‌ ترس و بێده‌نگی کۆتایی به‌ فاشیزم و دیکاتتۆری ناهێنرێت.

قه‌ره‌یلان ئه‌وه‌شى خسته‌ڕوو: ئه‌و گونده‌ وه‌کو گوندی ڕۆبۆسکی پابه‌ندی پرسى نه‌ته‌وه‌یین، بۆیه‌ ده‌که‌وێته‌ به‌ر هێرش و په‌لاماری ده‌وڵه‌تی تورک، ‌چۆن سه‌رجه‌م گه‌له‌که‌مان و به‌ تایبه‌تی خه‌ڵکی ئامه‌د دژ به‌ کۆمه‌ڵکوژی ڕۆبۆسکی ڕاپه‌رین، پێویسته‌ به‌ هه‌مان شێوه‌ش خاوه‌ندارێتی له‌ گوندی خرابێ باڤا بکه‌ن، ئه‌گه‌ر ڕووبه‌ڕووی ئاکه‌په‌ و مه‌هه‌په‌ نه‌بنه‌وه‌، ئه‌وه‌ له‌ کوردستان دیکتاتۆریی خۆیان ده‌چه‌سپێنن، خاوه‌نداریکردن له‌ گوندی خرابێ باڤا خاوه‌نداریکردنه‌ له‌ شکومه‌ندی.

قه‌ره‌یڵان وتیشى: هاوکات پێویسته‌ گه‌له‌که‌مان له‌ ئه‌وروپاش ده‌نگی خۆیان به‌رزتر بکه‌نه‌وه‌، له‌ پاڵ شه‌ڕی گه‌ریلا، پێویسته‌ تێکۆشانی کۆمه‌ڵاتیشمان گه‌رم و گوڕتر بکه‌ین، داگیرکاری تورک له‌به‌ر تێکۆشانی گه‌لی کورد ترسی لێنیشتووه‌، بۆیه‌ په‌نای بۆ هه‌مان ڕێبازه‌ دڕنده‌کانی ساڵانی نه‌وه‌دی سه‌ده‌ی ڕابردوو بردووه‌.

قه‌ره‌یلان له‌ به‌رده‌وامی دیداره‌که‌یدا له‌گه‌ڵ ڕادیۆی ده‌نگی کوردستان، ده‌ستنیشانی کرد که‌ چاوه‌ڕوانن ده‌وڵه‌تی تورک پاش هێرشی فڕۆکه‌ جه‌نگییه‌کانی، ڕوو له‌ هه‌رێمه‌کانی پاراستنی مه‌دیا بکات و له‌و هه‌رێمانه‌دا شه‌ڕ له‌ نێوان ئێمه‌ و داگیرکه‌راندا دژوار ده‌بێت.

ئه‌ندامی کۆمیته‌ی به‌ڕێوه‌به‌ری په‌که‌که‌ موراد قه‌ره‌یلان ده‌رباره‌ی هێرشه‌کان له‌ دژی هه‌رێمه‌کانی پاراستنی مه‌دیا و ئه‌و هه‌واڵانه‌ى که‌ له‌ ڕاگه‌یاندنى تورکدا بڵاوده‌بێته‌وه‌، وتى: له‌م ڕۆژانه‌ی دواییدا هێرشی فرۆکه‌ جه‌نگییه‌کانی داگیرکه‌ران زیادی کردوه‌ و هۆکاری ئه‌م هێرشانه‌ش ئه‌وه‌یه‌ که‌ پلانی زستانه‌ی ئاکه‌په‌ ومه‌هه‌په‌ پوچه‌ڵ بووه‌وه‌، ئۆپه‌راسیۆنه‌کانیان له‌ باکور هیچ ئه‌نجامێکیان نه‌بوو، له‌ مه‌یدانی سیاسی نه‌یانتوانی هیچ که‌سێک ته‌سلیم بکه‌ن، هێرشه‌کانی سه‌ر ڕۆژئاواش بێ ئه‌نجام بوون، بۆ ئه‌وه‌ی ئه‌م هه‌موو تێکشکانانه‌ له‌ ڕای گشتی بشارنه‌وه‌، داگیرکاری تورک هێرشه‌ ئاسمانییه‌کانی زیاتر کرد، ئاکه‌په‌ و مه‌هه‌په‌ بیر له‌وه‌ ده‌که‌نه‌وه‌ که‌ به‌م ڕێبازانه‌ له‌ ڕیفراندۆمدا سه‌رکه‌وتوو بن.

قه‌ره‌یلان ده‌ستنیشانی کرد، که‌ ئه‌و هه‌واڵانه‌ی له‌ چاپه‌مه‌نی تورکدا بڵاو ده‌بێته‌وه‌، به‌ ته‌واوی ناڕاسته‌ و وتی: “له‌ هێرشه‌کانی ئه‌م سێ ڕۆژه‌ی ڕابردوودا چوار گه‌ریلا شه‌هید بوون”.

قه‌ره‌یلان ئه‌وه‌شى وت: له‌ هه‌رێمی پاراستنی مه‌دیا له‌ نێوان ئێمه‌ و داگیرکه‌ری تورکدا شه‌ڕ گه‌وره‌ ده‌بێت، شه‌ڕی هه‌ره‌ مه‌زنی ئێمه‌ له‌و مه‌یدانانه‌دا ڕووده‌دات، ئێمه‌ هۆشیاری ده‌ده‌ین، با هیچ که‌سێک نه‌بێته‌ هاوکار بۆ به‌رژه‌وه‌ندییه‌ قرێژه‌کانی داگیرکه‌ری تورک، ئێمه‌ جاشه‌کانیش ئاگادار ده‌که‌ینه‌وه‌ که‌ نه‌بنه‌ ڕێنیشانده‌ری سه‌ربازه‌کان و نه‌بنه‌ هۆکاری کوشتنی ڕۆڵه‌کانی ئه‌م گه‌له‌، هیچ که‌سێک بۆ پاره‌ شه‌ره‌فی خۆی نه‌فرۆشێت، هه‌مووان بێ گومان بن که‌ ئێمه‌  فیداکارانه‌ ئه‌م تێکۆشانه‌ سه‌رده‌خه‌ین.

تایبەتمەندییەکان: هەواڵەکان

زیادکردنی وەڵام