هاوتەریب بە هەڵمەتیی کڕینی وەلائیی سیاسی و ویژدانیی و دەمچەورکردن و بەکاڵاکردنیی مرۆڤ ، دەسەڵاتیی سیاسی هەرێم هەڵمەتێکی بەربڵاوی ترساندن و هەڕەشەلێکردنیشی لە بەرامبەر دەنگە دلێر و ناڕازیەکان دەست پێکردوە ..

لە ماوەی ڕابردودا ، (ئارام ئەحمەد لە هۆڵندا ، کامیار صابر لە ئوسترالیا ، پەیکار عوسمان لە فنلندا) ڕایانگەیاندوە کە هەڕەشەیان لێکراوە و مەترسیی لەسەر ژیانیان هەیە .
پەیکار ، نامەیەکی ڕەسمیی لەو بارەیەوە ئاراستەکردوم و لەگەڵ کامیار دا بەتەلەفون باسیی حاڵەتەکەی ئەومان کردوە ، هەڵبەتە پێم وایە کەیسەکان دەشێ زۆرتربن و من نەمبینێ بێ وەک ئەوەی لە ڕیگەی فەیسبوکەوە ئاگاداربوم کە ئارام ئەحمەدیش وەک یەکێک لە دەنگە دیارەکانیی تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان بەهەمان شێوە هەڕەشەی لێکراوە .

وەک ئەرکێکی کاری نوێنەرایەتیکردن و لەڕێگەی نامەکەی پەیکارەوە ئەو دۆخەم گواستۆتەوە بۆ سەرۆکایەتی پەرلەمان و لیژنەی مافیی مرۆڤ و لە ڕێگەی ئەوان وکەناڵەکانیی ڕاگەیاندنیشەوە داوام ئاراستەی سلکی دبلۆماسیی وڵاتان لە عێراق و ڕێکخراوە نێودەوڵەتیەکانی مافیی مرۆڤ کردوە کە ئەو پرسە بە هەند وەربگرن و هەنگاو بنێن بە ئاراستەی سنوردارکردنی ئەو هەڵمەتە مەترسیدارە بۆ سەر ژیانی چالاکوانان و ڕەخنە گران لە هەرێمی کوردستان.

دو خاڵ بە نسبەت منەوە لەو هەڕەشانەدا گرنگن ، یەکیان ئەوەیە کە زۆرینەی ئەو دەنگانەی ئێستا هەڕەشەیان لێدەکرێت لەو دەنگانەن کە لەدەرەوەی وڵاتن ، ئەمەش ئامەژەیەکی ڕونە بۆ ئەوەی کە ئازایەتی و ئازادیی ئەو دەنگانە لە دەرەوەی سنورەکانیی هەریمەوە ئێجگار کاریگەر بوە ، جیا لەوەی هەوڵێکە بە ئاراستەی ئەوەی وەک چۆن دەیان دەنگیان لە کوردستان یان کڕی یان بێدەنگ کرد ، هەمان پیلانیان بۆ دەنگەکانیی دەرەوەش هەبێت .

دو، دەشێ هەبن پرسی هەڕەشە بە خۆدەرخستن و ئامانجیی تر بینن ، هاتنە دەنگ لەو هەڕەشانە لایی من پرسێکی ئینسانی ویژدانیە، زۆر جار کە وتارەکەی شەهید سەردەشت عوسمان دەخوێنمەوە کە باس لە لێدانی زەنگیی کوشتنی دەکات و باس لەوە دەکات کە بەڕیوەبەری پۆلیسی هەولێری ئاگادارکردۆتەوە و ئەنجامیی نەبوە و نائومێدانە دەگاتە ئەوەی بڵێ لەم شارەدا چاوەڕێی مەرگیی خۆم دەبم و چاوەڕوانیی جەلادەکانم ئەکەم ، هەست و شعورێکی قوڵ بە نیگەرانیی بەرامبەر خۆم و هەموو کۆمەڵگەی کوردستانی دامدەگرێت ، بەوەی کە بۆ کەسێک ، دەنگێک ، دەزگایەک نەبوو ئەو زەنگەی سەردەشت بەهەند وەربگرێ ، یان فعلا ئەگەر دەنگ لە هەڕەشاکانیی سەر ژیانی هێنرابوایە ئایا وا ئاسان ئەتوانرا ناودەمیی پڕکەن لە گولە و شەهیدی بکەن و دوای شەهیدکردنیی بە نوسین و هەڕەشە و وردەکاریەکانیی تری بزانین ، لەو سۆنگەیەوە کە پێم وایە هێشتا دەسەڵات هەمان دەسەڵاتە و سۆرانەکان و سەردەشتەکان و کاوەکان و ویدادەکانیش زۆرن لە کۆمەڵگەی ئێمەدا بەدەم داواکەی پەیکار و هەموو پەیکارەکانیی تریشەوە دەبم و جیا لەوەی ئەرکی خۆمە وەک پەرلەمانتار ، پرسێکی تەواو ئینسانیشە.

دەقی نامەکەی پەیکار بە زمانیی کوردی ؛

((بەڕێز هۆشیار عەبدوڵا ئەندامی پەرلەمانی عێراق
سڵاوی گەرمی ئازادیخوازانە

بە حوکمی خەبات و چالاکی خۆتان و سەروکارتان لەگەڵ ئازادیخوازان، بەحوکمی کاری پەرلەمانی و نوێنەرایەتییان بۆ پارێزگای سلێمانی، بەحوکمی سەروکارتان لەگەڵ دنیای ڕەخنەو سەرئێشەو باجەکانی، لەهەمووی گرنگتر بە حوکمی هۆشیاریی و ئاگاییتان بە گرنگیی و کاریگەریی تۆڕە کۆمەڵایەتییان وەکو مەیدانێکی نوێ ی خەباتی ئازادیی و ڕادەربڕین..
بە حوکمی ئەمانەو زۆرێك ئیعتباراتی تر، ئەمەوێ بەڕێزتان ئاگاداربکەمەوە لە حاڵی خراپی ئەم ڕۆژانەم بە دەست شاڵاوی هەڕەشەی شەمشەمەکوێرەکانەوە!

هەڵبەتە لە دۆخی گەندەڵیی و ناعەدالەتیی و ستەمکارییدا ئەمە شتێکی چاوەڕوانکراوەو هەرکەس واقعەکە بخاتە بەر نووکی قەڵەم، ئاسایی ئەکەوێتە بەر نووکی کەڵبەو نینۆك.
پەیوەست بە خۆشم، هەر لە سەرەتای نوسین و ڕەخنەکانمەوە، دروست لە پێنج ساڵ لەمەوپێشەوە، ئەم کەڵبەو نینۆکانە ناو بەناو پیشانمان دراوەو لێ ی بێبەش نەبووین.
بەڵام ئەوەی کە تازەیە ئەوەیە کە دەوروبەری مانگێکە بە “بەردەوامیی و بە چڕوپڕیی” حەملەیەکی هەڕەشەنامە ئەکرێتە سەرمان، ئەمەش بۆنی ئەوەی لێدێ کە شتێکی ڕێکخراوبێ و بە تەوجیهی کەسان و دەزگاگەلێکی خاوەن نفوزو دەسەڵاتدار بکرێت و بەڕێوەبچێت!

من لێرەوە لە ڕێ ی ئەم نامەیەوە:
دەسەڵاتی سیاسیی هەرێم، بەدیاریکراویی هەردوو حیزبی دەسەڵاتدار، بەدیاریکراویتر هەردوو دەزگای ئەمنیی حیزبیی، ئینجا شەخسی سەرۆکی ناشەرعی هەرێم و جێگرەکەی، وە سەرۆکی حکومەت و جێگرەکەی، بە بەرپرسیاری پشت ئەو هەڕەشانەو بە بکەرو تاوانباری هەر نەخوازراوێكیش ئەزانم کە ڕووبدا.

برام دەسەڵاتی ستەمکار دەستی هەیەو ئینسانی ئازادیخوازیش دەنگ، کێشەکە ئەوەیە، ئەو دەستی ئەگات بە هەموو شوێنێك، بەڵام ئێمە دەنگمان ناگات بە هیچ کوێ!

هیوادارم پێش ئەوەی دەستی ڕەشی ئەوان بگات، دەنگی سپی ئێمە، لەڕێ ی جەنابتەوە بگاتە پەرلەمانی عێراق و لەوێشەوە بۆ سەفارەتەکان و پەرلەمانی ئەوروپاو پەرلەمانەکانی دنیا، لە ڕێکخراوێکی خۆماڵییەوە تا نەتەوە یەکگرتووەکان، لەڕای گشتی خۆمانەوە تا ئازادیخوازێك لە دوورترین شوێنی دنیا..
هیوادارم پێکەوە هەموو ئەو شوێنانە بکەینە سەنگەری دژەهێرش و هێرشی پێچەوانە، بۆ سەر گۆڵی ستەمکاران.

بۆچی پەرلەمانی عێراق ؟
چونکە ئاشکرایە پەرلەمانی کوردستان دوچاری دۆخێکی تایبەتی نەخوازراو کراوەتەوەو هەمان ئەودەستەی کە ئەیەوێ دەمی ئێمە دابخات، ئاشکرایە کە پێشتر دەرگای ئەوێ داخستووە!
هەروەها لەبەر ئەوەی لەئێستایا پەرلەمانی عێراق، سەرەڕای کەموکوڕییەکان، تاکە شوێنی ساغی جەستەی پرۆسەی سیاسیی وڵاتە، بەحوکمی ئەو هەناسەیەی کە تیایەتی بۆ کاری پەرلەمانیی.
بۆیە من چاوەڕوانیم لێتان هەیە کە لەبری ڕۆڵێك دوو ڕۆڵ بگێڕن و بۆشایی پەرلەمانی کوردستانیش پڕبکەنەوە بۆ هاوڵاتییان و بۆ ئازادیخوازانی هەرێم.

برای ئەزیزم ئیتر من بەم نامەیە، ئەرك و ئەمانەتی ئازادیخوازانەم خستە سەر شانی ئێوەو دڵنیاشم لە دڵسۆزیی و ئەمانەت پارێزیتان.

پەیکار عوسمان/ فنلەندا ))

ئەم وێنانەی خوارەوە یاداشتەکەی ئێمەیە بۆ سەرۆکایەتی پەرلەمان و لێژنەی مافیی مرۆڤ و دەقیی وەرگێڕدراوی نامەکەی پەیکار عوسمانە بۆ زمانیی عەرەبی .

هۆشیار عەبدوڵا
پەرلەمانتاری فراکسیۆنی گۆڕان
ئەنجومەنیی نوێنەرانی عێراق
بەغداد
۲۲ی فێبرایەری ۲۰۱۷

تایبەتمەندییەکان: بابەتی هەڵبژاردە

زیادکردنی وەڵام