سەرۆک و پێشەنگایەتی نەتەوە

بیریاران و فەیلەسوفان چەند بنەمایەکیان کردۆتە بنەما و بنچینەی دروست بوونی نەتەوە و دەوڵەت لەبەرئەوە سەرەتا ئاماژە بە تیۆرەکانی دروستبوونی نەتەوە دەکەین ، کە بیریاران ڕای جیاوازیان هەیە سەبارەت بەو تیۆر و بنەمایانە لە دروستبوونی دەوڵەتدا :
یەکەم : تیۆری ئەڵمانی (زمان – نەتەوە (
ئەڵمانەکان دەڵێن : نەتەوە بوونەوەرێکی کۆمەڵایەتی زیندووە بە هۆی زمان و مێژووەوە پێکدێت و ، بە شێوەیەکی سروشتی بە هۆی پاڵنەرە خودیەکان وەک تەواوی بونەوەرەکانی دی دروستدەبێت ، زمان هۆکاری سەرەکی پێکهێنانی نەتەوەیە ، پێویستە ببێتە هۆکاری بنچینەییش له دامەرزانی دەوڵەتدا .
بە بڕوای( فیختە ) زمان و نەتەوە دوو شتی گرێدراو و تەواوکەری یەکترین ، زمان بناغە و بنچینەی نەتەوەیە ، لەو ڕوانگەیەشەوە سەرجەم ئەڵمانەکان یەک نەتەوە پێکدەهێنن ، چونکە خاوەنی یەک زمانن . تەنانەت ئەو سنورەی کە دەشێت بە سروشتی ناوبنرێ لەلای فیختە بریتیە لەو سنورە ناوخۆییەی کە زمانەکان وێنەی بۆ دەکێشن .

لەبەرامبەر بۆچوونی لایەنگرانی ئەم تیۆرەیەدا ، ژمارەیەک نووسەر و بیریاری دیکە ڕوانینێکی پێچەوانەیان هەیه ، بڕوایان وایە کە هەرگیز ناگونجێت زمان وەک تاکە بنەمای دروستبوونی نەتەوە سەیر بکرێت . بۆ پشتڕاستکردنەوەی ئەم بۆچوونەشیان نموونەگەلێکی وەک ووڵاتانی ئەمریکای لاتینی ، ئەمریکای باکور ، سویسرا ، بەلجیکا …….تاد ، دەکەنە بەڵگەی سەلماندنی ڕاستی بۆچوونەکەنیان . هەرچەندە زمان بنەمایەکی گرنگی پێکهێنانی نەتەوەش بێت ، هێشتا نەیتوانیوە و ناشتوانێت وەک تاکە بنەمای دروستبوونی نەتەوە جیاوازەکان خۆی نمایش بکات و ببێتە بنەمای سەرەکی دروست بوونی دەوڵەت .

دووەم : تیۆری فەڕەنسی ( وویست و ئیرادەی هاوبەش(
فەڕەنسییەکان دەڵێن : نەتەوە بوون بە زمان نییە ، بەڵکو بە ( وویست و ئیرادەیە ) ، نەتەوە بریتی نییە لەو گروپە مرۆییەی خاوەنی زمانێکی هابەشن ، بەڵکو بریتیە لەو کۆمەڵە خەڵکەی خاوەنی ( وویست و ئارەزووی ژیانی هاوبەشن ) . لە ناو ئەو تیۆریستانەی ئەم بوارە ( ئیرنست ڕینان ) دیارترین و بە ناوبانگترینیانە .
بەپێی تیۆری فەڕەنسی دەشێت دەوڵەت لە کۆمەڵ و گروپی مرۆیی جیاواز لە یەکتری لە ڕووی ئیتنۆ کەلتوری و لەسەر بنچینەی هاووڵاتیبوون دابمەزرێندرێت ، وەک چۆن خودی دەوڵەتی فەڕەنسی بەرهەمی ئەم مۆدێلەیە ، لە ڕێگەی دەسەڵاتی ناوەندی دەوڵەتەوە تواندرا گروپە مرۆییە جیاوازەکانی سەر بە کەلتوری جیاواز لە چوارچێوە و سنوری یەک دەوڵەتدا یەکبخرێت ، بەو مانایەش چەمکی ( نەتەوە ) لای فەڕەنسییەکان یەکسان دەبێت بە چەمکی هاووڵاتیبوونی فەڕەنسی .

لەگەڵ ئەوەشدا مەرج نییە هەمیشە هەلومەرجە سیاسی و ئابووری و کۆمەڵایەتییەکان وەک یەک وەڵامدەرەوەی وویست و ئارەزووی نەتەوە جیاوازەکان بن ، گەر وابوایە دەبوو وویلایەتەکانی باشور لە وویلایەتەکانی باکوری خۆرئاوا ، وویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا جیاببوایەتەوە ، چونکە ( وویست و ئارەزووی ) جیابوونەوەیان هەبوو ، هەروەها ئێمەی کوردیش لە عێراق ، سوریا ، تورکیا ، ئێران جیابووینایەتەوە ، بەڵام مەرج نیە بارودۆخ و هەلومەرجە ناوچەیی و نێودەوڵەتیەکان بە پێی وویست و ئارەزوی نەتەوەکان بێت ، بە مانایەکی دیکە ( وویست و ئارەزوی ژیانی هاوبەش ) شتێکی جێگیر و نەگۆڕ نیە ، بەڵکو بە پێی گۆڕانی بارودۆخ و هەلومەرجە سیاسی و نێودەوڵەتی و دبلۆماسییەکان و سیستمی سەردەست و جەمسەرەکان و بەرژەوەندییەکان و توانا و لێهاتووی سەرکردەکان و گۆڕانی نەخشەی ناوچەیی و نێونەتەوەیی دەگۆڕێت .

سێیەم : تیۆری مارکسیزم ( ژیانی ئابووری هاوبەش ):

بەپێی ئەم تیۆرە ژیانی ئابووری هاوبەش بنەمای بنچینەیی و یەکەمی دروست بوونی نەتەوەیە .
ماناکردنی ( ستالین ) وەک مارکسیستێک بۆ ( نەتەوە ) تەواو جیاوازە لە تیۆرەکانی ئەڵمانی و فەڕەنسی . ستالین بەمجۆرە نەتەوە پێناسە دەکات ” نەتەوە بریتییە لە کۆمەڵە خەڵکێکی جێگیر ، بە درێژایی مێژوو لەسەر بنچینەی یەکێتی زمان ، زەوی ، ژیانی ئابووری و یەکێتی دەروونی کە خۆی لە یەکێتی کەلتوردا دەنوێنێ ، پێکهاتووە ” . لەدیدی ستالینەوە ، نەتەوە کۆمەڵە خەڵکێکە پێکهاتەیەکی مێژووییان هەیە ، بۆ ئەمەش نموونەکانی ( نەمسا و ڕووسیا ) بە بەڵگە دەهێنێتەوە ، بە بڕوای ستالین دەوڵەت دەبێتە مەرجێکی سەرەکی لە پێکهێنانی نەتەوەدا ، چونکە ئەستەمە لە حاڵەتی نەبوونی دەوڵەتدا باس لە بوونی یەکێتی ژیانی ئابووری هاوبەش بکرێت . ئەوە دەوڵەتە دەتوانێ وەک یەکەیەکی سیاسی سێنتڕاڵ یەکێتی ژیانی ئابووری لە چوارچێوەی سنورە سیاسیەکەیدا بێتێتەدی . بەو مانایەش هەر گروپ و کۆمەڵێکی مرۆیی ، یان هەر نەتەوەیەک بۆی نەلوابێت ( دەوڵەت ) بنیاد بنێت ڕاستەوخۆ لە نەتەوەبوون دەکەوێت ، چونکە بە بڕوای سالین خاوەن ژیانی ئابووری هاوبەش نییە . واتە سەرجەم نەتەوە بێ دەوڵەت و دابەشبووەکانی سەر ئەم گۆی زەوییە ، بەو مانایە ( نەتەوە ) نین ،
هەر بەپێی ئەم تیۆرە نەتەوەکانی ( ڤێتنامی ، کۆریایی ) بە نەتەوە ئەژمار ناکرێن ، چونکە ژیانی ئابووری هاوبەشیان لە دەستداوە و ئابووری هاوبەش کۆینەکردوونەتەوە .

سەبارەت بە کورد ،تیۆری یەکەمی ناسیۆنالیزم کە تیۆریەی ئەڵمانییە ، ئەوەیە کە دەوڵەت لە سەر بنەمای ( زمان ، نەتەوە )بونیاد دەنرێت ، ئەم تیۆرە پێی وایە نەتەوە دەوڵەت دروست دەکات ، واتا لەم مۆدێلەدا لە جیاتی ئینتیما بۆ دەوڵەت ، ( زمان ، نەتەوە ) (کولتور ، ڕەچەڵەکی ئیتیکی ) کراوە بە بناغەی دروست بوونی دەوڵەت ئەگەرچی ناسیۆنالیزمی کوردی لە مۆدێلی ئەڵمانییەکانەوە نزیکە ، بەڵام تا ئێستا نەیتوانیوە وەکو ئەڵمانەکان ببتە خاوەن دەوڵەت .

هەرچی تیۆری فەڕەنسی یە ( ناسیۆنالیزم لەسەر بناغەی هاووڵاتیبوون ) بونیاد دەنرێت ، واتا ( دەوڵەت نەتەوە دروست دەکات ) ئەم فۆرمەیان بۆ کورد لە دوو ڕووەوە ناتەبایە ، یەکەم : ناسیۆنالیزمی کورد تا ئێستا نە وەکو چەمکی هاووڵاتیبوون مامەڵەی لەگەڵ کراوە ، نەخۆشی لە ماوەی ڕابردوو دا لە سایەی ئەو حکومەت و پەڕلەمانەی کە لەباشوری کوردستان هەیەتی ، توانییەتی مافی هاووڵاتیبوون ببەخشێتە هاووڵاتییەکانی . دووەم : ئەوەیە ئەگەرچی کورد ( وویست و ئیرادەی ) جیابونەوەی هەیە ، بەڵام نەبۆتە خاوەن دەوڵەت ، نەتەوەش بێ دەوڵەت لە نەتەوە بوون دەکەوێت .

بەپێی تیۆری سێیەم کە بە مۆدێلی مارکسیزم ناسراوە ، کورد ، کە داگیرکراو و دابەشکراوە لە نەتەوە بوون کەوتووە ، چونکە بازاڕی ئابووری هاوبەش نیە ، بە نەتەوە ئەژمار ناکرێت و بۆی نەلواوە دەوڵەت بنیات بنێت .

ژمارەیەکی زۆری بیریاران و فەیلەسوفان بە پشتبەستن بە چەند بەڵگەیەک ( ڕەگەز ، ئاین ، مێژوو ، زەوی ….) دەکەنە بنەمای دروست بونی نەتەوە و دەوڵەت و سەنگ و قورسایی بە هەریەکەیان دەبەخشن ، لەوانەیه ( مێژوو ، زەوی ) کەمترین گومانیان لەسەر بێت وەک بنەمایەک لە دروستبوونی نەتەوە دا ، بەڵام سەبارەت بە ( ڕەگەز ، ئاین ) بیروبۆچونەکان جیاوازن :
ڕەگەز : بنچینەی بایۆلۆژیە بریتییە لە ( باڵا ، ڕەنگی پێست ، ڕەنگی چاو و شێوەکەی ، ڕەنگی موو ، شێوە و قەبارەی کەلە سەر …… هتد ) . ئەڵمانەکان بایەخێکی زۆریان بە ڕەگەز داوە )شیفر ) بۆچوونی وایە ئەستەمە بتوانین پەیوەندی لە نێوان ڕەگەز و خاسیەتە عەقڵیەکاندا دیاری بکەین ، جگە لە چەند بەڵگەیەکی لاواز هیچی دیکەمان بە دەستەوە نییە تا ڕەگەزی پێبکەین بە هۆکارێکی سەرەکی لە دروستبوونی نەتەوەدا . جیاوازییە ڕەگەزییەکان ” هیچ پەیوەندیەکیان بە نەتەوە سیاسیە تازەکانەوە نییە ، بۆ نموونە ڕەگەزی نۆردی لە باکووری ئەڵمانیا ، ڕەگەزی ئەلبیش لە باشووری ئەڵمانیا بڵاون ، هەروەها ڕەگەزی ئەلبی لە باکووری ئیتالیا و ڕەگەزی دەریای ناوەڕاستیش لە بەشەکانی دیکەی ئیتالیادا بڵاون ، هەر سێ ڕەگەزی ( نۆردی ، ئەلبی ، دەریای ناوەڕاست ) لە فەڕەنسا هەیە ” . مەسەلەی ڕەگەز یەکێکە لە مەسەلە ئاڵۆزەکان ، زۆربەی نەتەوەکان لە چەند ڕەگەز و نەژادێکی جیاواز پێکدێت ، تا ئێستا هیچ نەتەوەیەک نیە بە ڕەهایی بچێتەوە سەر یەک ڕەگەز .

)ئاین )یش بە پلەی جیاواز کەم تا زۆر لە ژیانی بەشێک لە نەتەوەکان وەک بنەمایەکی ڕووحی هاوبەش بێ کاریگەر نەبووە . لە دونیای ئەوروپیدا ئاین کەم تا زۆر توانیویەتی لەلای بەشێک لە نەتەوەکان ببێتە هێزێکی ووزە بەخش لە بەستنەوەی تاکەکانی کۆمەڵگا بە نەتەوەوە ، وەک سیمبولێکی ڕووحیش لە بزووتنەوە ناسیۆنالیستەکاندا وویست و ئارەزوی خۆ جیاکردنەوە و سەربەخۆخوازی پێ تۆخکراوەتەوە . لەبەرئەوە دەبینین ئەو نەتەوانەی لە ڕووی ئاینیەوە هاوئاهەنگن کەمتر گومانی هەڵوەشان و دابەشبوونیان لێدەکرێت لەو کۆمەڵ و نەتەوانەی فرە ئاین و فرە مەزهەبن . یان لانیکەم دەتوانین بڵێین لەمڕوەوە بەهێزترن لەو نەتەوانەی کە یەکێتی ئاین وەکو فاکتەرێک لە پێکهاتەی ڕووحیاندا ئامادەبوونی نییە . بەڵام سەرەڕای ئەوەش یەکێتی ئاین هەمیشه نەیتوانیوە ڕێگر بێت لە بەردەم ئەو جەنگە خوێناویانەی کە لە نێوان هاوئاینەکاندا هەڵگیرساوە .
بۆ نموونە ، سرب و کرواتەکان هەر چەندە زمانی ئەدەبی هاوبەشیان هەبوو ، بەڵام مەسەلەی جیاوازی مەزهەب ( سربەکان ئەرسەدۆکس و کرواتەکان کاسۆلیکن ) لەیەکتری جیاکردنەوە . بۆسنیەکانیش فاکتەری ئاین ( موسڵمانبوون ) وەک باگراوندێکی کەلتووری دەکەن بە تاکە فاکتەر بۆ خۆ جیاکردنەوە لەوانەی ئەرسەدۆکس و کاسۆلیک ، بەڵام موسڵمانبوون لەلای بۆسنیەکان نابێتە فاکتەری پێکەوەژیان لەگەڵ ئەلبانیە موسڵمانەکانی کۆسۆڤۆ لە یوگسلافیای پێشوو دا .
دواجار دەکرێت فاکتەری ئاین لەلای ژمارەیەک لە نەتەوەکان هۆکاری گرنگ و هاندەر و یارمەتیدەر بێت لە درووستبوونی نەتەوە دا وەکو ( فارس ، جولەکە ……) ، بەڵام ناکرێت ئاین وەک بنەمایەکی بنچینەیی لە پڕۆسەی پێکهاتنی تەواوی نەتەوە جیاوازەکاندا وەک یەک و بەیەک قورسایی سەیر بکرێت و پێمان وابێت یەکێتی ئاین مەرجێکی سەرەکی یان پێشمەرجی دروستبوونی نەتەوەیە ، چونکە مەرج نیە ئەو ڕۆڵ و کاریگەرییەی ئاین لە پێکهێنانی یەکێتی نەتەوەیەکدا دەیبینێت ، هەمان ڕۆڵ و کاریگەری لە پێکهێنانی نەتەوەیەکی دیکەدا بیبینێت ، بەتایبەتی کورد کە زۆرینە موسڵمانە لەگەڵ داگیرکەرانی ووڵاتەکەیدا هاوئاینن ، ئەم هاوئاینیە نەک نەبۆتە هۆی یەکێتی نەتەوەیی ، بەڵکو بەبەکارهێنانی ئاین کورد ڕووبەڕووی جینۆساید و ئیتنۆساید بۆتەوە لەلایەن تورک و عەرەب و فارسەوە .
دەکرێت ( زمان – نەتەوە ، وویست و ئارەزووی هاوبەش ، ئابووری هاوبەش ، ڕەگەز ، ئاین ، مێژوو ) ، بەگشتی یان بەجیا هەریەکەیان هۆکار و هاندەر و یارمەتیدەری دروست بونی نەتەوە و دەوڵەتێک بێت ، بەڵام مەرج نیه ئەم بنەمایانە هەمان ڕۆڵ و قورسای و کاریگەری هەبێت لە دروست بوونی نەتەوەیەکی دیکەدا ، یان بەواتایەکی دیکە ئەم بنەمایانە ( وویست و ئارەزوی هاوبەش ، ئابوری هاوبەش ، ئاین ) جێگیر نین ، بەڵکو بە پێی بارودۆخ و هەلومەرجەکان لەگۆڕاندایە ، بە نموونە کورد کە بەپێی قۆناغ و سەردەمەکان خاوەنی زۆرینەی بنەماکان بوە بەڵام نەبۆتە خاوەن دەوڵەت .

هەریەک لەم تیۆرانەی ئاماژەی پێکرا بنەمایەک یان زیاتریان کردتۆتە مەرج ، لەوەدا کە هەندێکیان پێیان وایە دەوڵەت نەتەوە دروست دەکات ، هەندێکی دیکە پێیان وایە نەتەوە دەوڵەت دروست دەکات ، هەریەکەشیان بۆ یەکێتی نەتەوەیی و چارەنووسی نەتەوەیی ، یان بۆ پەرتەوازەیی و هەڵوەشاوەیی نەتەوە یان بۆ کاریگەربوونی بنەمایەک لە بنەمایەکی دیکەیان نموونە و بەڵگەیان هەیە .

بەڵام دەکرێت سەرەڕای ئەو بنەمایانە ئاماژە بە ڕۆڵ و کاریگەری سەرکردە ،( سەرۆک ، ڕابەر ، ڕێبەر…….) بدەین لە دروست بوونی یەکێتی نەتەوە و دروست بوونی دەوڵەت دا ، بەوەی سەرکردە و هەڤاڵەکانی دەتوانن هۆکاری بەرپابوونی شۆڕشێکی فکری و سیاسی و کۆمەڵایەتی بن کە چاکسازی لەکۆی پێکهاتە و ڕێکخستنە نەتەوەیەتیەکاندا بکات .
سەرکرە کەسێکە لە ڕۆژگاری خۆیدا خۆشەویستی خەڵک بێت و ڕێگە لە ڕێگەی پلان و ستراتیجیەتی نەتەوەییەوە ڕێگە لە دووبارەبوونەوەی هەڵەکانی ڕابردوو بگرێت و سەرکردەکانی داهاتووش وەکو سمبول سەیری بکەن و لەئەگەری هەر قەیران و کێشەیەکدا بۆ فکرە و بڕیار و کار و چاکسازی و چالاکییەکانی بگەڕێنەوە .

لێرەدا ( جۆرج واشنتنی ) بەنموونە دێنینەوە ، جۆرج واشنتنی ئەمریکا بۆ ماوەی هەشت ساڵ لەگەڵ هەڤاڵەکانی دا ، بێ بەرامبەر سەرکردایەتی شۆڕشی سەربەخۆی ئەمریکای کرد ، دژی ئیمپریالیزمی بەریتانیا ، بۆ ماوەی هەشت ساڵ سەرۆکی ئەمریکا بوو ، ئەمریکای کردە خاوەن قەوارەی سەربەخۆ و یاسا و دەستورێکی دیموکراتی و دەم و دەزگای نیشتیمانی و هێزی سەربازی یەکگرتوو ، ئەمە لە کاتێکدا کۆمەڵگای ئەمریکی کۆمەڵگایەکی هەمە چەشنی فرە زمان و ڕەگەز و ئاین و نەتەوە و ئایدۆلۆژیای جیاوزە ، لە خەڵکی ئەفریقی و ئەوروپی پێکهات ، خاوەن گەلی بنچینەیی نەبوون جگە لە هندییە سورەکان ، ( ئێستا ئەمریکا تاک جەمسەری جیهانە ) ، لێرەوە دەتوانیین بڵێن سەرەڕای ئەو بنەمایانەی تیۆرەکان بە بنچینەی دروستبوونی نەتەوە و دەوڵەتیان داناوە ، سەرکردە و سەرۆکیش ڕۆڵی یەکلاکەرە وە و کاریگەریی هەیە لە دروستکردنی نەتەوە و دەوڵەتدا .

کورد خاوەن ( زەوی ) جوگرافیا و هێزێکی گەورەی مرۆیی و مێژووییەکی دوورو درێژە ( ئەگەرچی مێژووەکەمان ووردە مێژووی پچڕ پچڕەی خێڵەکی ، ناوچەییە) ، خاوەن چەندان پارتی ناسیۆنالیستین لە سەدەی بیست و ڕۆژگاری ئەمڕۆماندا ، خاوەن دەنگ و ڕەنگی جیاوازین خاوەن کلتورێکی ناوازەی پێکەوە ژیانین ، لەگەڵ ئەوەی فرە ئاینین بەڵام ئەمە لە کوردستاندا بە مانای یەکێتی وهاوئاهەنگی ئاینی دێت ، نەک هۆی هەڵوەشانەوە ودابەشبوون ، چونکە ئێمە وەکو کورد جینۆساید کراوین نەک وەکو ئاین ، هەروەها پەیڕەوانی هیچ ئاینێکیش دژی دروست بوونی دەوڵەت نین ، ڕاستە لە چوارچێوەی کوردستاندا فرە نەتەوەین ، بەڵام نەتەوەکانی دیکە کەمینەن نابنە مەترسی سەر سەربەخۆخوازی و یەکتێی نەتەوەیی ، ئەوەی گرنگە پاراستنی مافی کەمینەکان دەبێتە هۆی پتەوکردنی یەکێتی و هاوئاهەنکی نێوان نەتەوەکان ، لە دنیادا زۆر دەوڵەت هەیە لە چەندین ( زمان ، نەتەوە ) ی جیاواز پێک هاتووە وەکو سویسڕا و بەلجیکا ، هەروەها ئێمەی کورد خاوەن ئابوورییەکی هەمەچەشنین ، خاوەن وویست و ئیرادەین ، بەڵام ئەوەی کێشەی و قەیرانی گەورەی کوردە ، ئەوەیە بە درێژایی مێژوو ، نەخاوەنی سەرکردەیەکی کاریزمایین ، کە خۆشەویستی خەڵک بێت ، و هێزی بڕواپێکردن و هێزی ڕاکێشان و بزاوندنی ئیرادە و سۆزی خەڵکی هەبێت ، بە هاوشێوەی ( خومەینی ، ڕاستە شۆڕشی ئیسلامی کە خومەینی ڕابەرایەتی دەکرد جینۆسایدی کەمەنەتەوەییەکانی ئێرانیان کردوە ، بەڵام بۆ فارس سەرکردەی کاریزمایە ) ، ( مستەفا کەمال ئەتاتورک ، دوای کەوتنی ئیمپڕاتۆریەتی عوسمانی ، ئەتاتورک دەوڵەتی تورکیای لەسەر ئەو دار و پەردووە دروستکردەوە ، ڕاستە جینۆسایدی کورد و ئەرمەنی کردووە ، بەڵام بۆ تورک ڕابەر و کاریزمایە ) ( لە لێکۆڵینەوەیەکی گەورەی دیکە دا باس لە جینۆسایدی کورد لە کوردستانی گەورەدا دەکەین ، کە خومەینی و مستەفا ئەتاتورک خۆیان و فکرەکەیان دەستیان لەم جینۆسایدەدا هەبووە ) ، کورد خاوەنی سەرکردەی هاوشێوەی ( غاندی ، ماندێلا ، جۆرج واشنتن ، مستەفا کەمال ئەتاتورک ، خومەینی ، چێگیڤارە ) نین ، وە نە خاوەن شۆڕشێکی فکری و نەتەوەیی بووین ، بە هاوشێوەی شۆڕشی سەربەخۆی ووڵاتانی ناوچەکە و شۆڕشەکەی غاندی و ماندێلا و شۆڕشەکەی چێگیڤارە و هاوڕێکانی ، ئەوەی هەبووە لە ڕابردوو دا ناسۆنالیزمی شوانکارەی بووە ، سەکردەکەشی پیاوێکی ئاینی خێڵاکی کلاسیکی ( میلگەرایی سەرەتایی ) بووە ، جگە لە شۆڕشی پەکەکە بە سەرۆکایەتی عەبدوڵڵا ئۆجەلان کە من ئەمە بۆ مێژوو دەڵێم .

سەرەڕای ئەو بنەمایانەی لە ناو کورد و کوردستاندا باسمان کرد ، بەڵام سەرۆک و هەموو بانگەشەکارانی دەوڵەت دوو خاڵیان کردبووە بنەمای دروستبوونی دەوڵەت :

یەکەم : هەندێ لە بانگەشەکارانی دەوڵەت هێڵی ووزەی ( نابۆکۆ ) یان بە هۆکاری دروستبوونی دەوڵەت دادەنا ، ئەمەش لەبەر ئەوەی ئەو هێڵە نەوت و گازی ڕووسیا و ئێران دەگوازێتەوە بۆ بازاڕەکانی ئەوروپا ، ئەو هێڵەش بە کوردستاندا تێدەپەڕێت ، ئەوکات ووڵاتانی ئەوروپی و ڕۆژئاوا بۆ پاراستنی بەرژەوەندی ئابورییان قەوارەیەکی کوردی لە باشوری کوردستان دەدەمەزرێنن ( ئەگەرچی پێمان وایە دورستبوونی دەوڵەت بە دەستی ووڵاتانی دەرەکی و ئیمپریالیزم چارەنووسی یان وەکو شۆڕشی ئەیلوول دەبێت یان وەکو ووڵاتە عەرەبیە بەکرێگیراوەکان دەبێت ) ، لەبەرئەوە ئەم گروپەی بانگەشەکارانی دەوڵەت ، دەیان گووت ساڵی دووهەزار و شانزە ساڵی دروست بونی دەوڵەتی کوردییە . بەڵام نە ئەو هێڵە ڕاکێشرا و نە ئاماژەیەکیش هەیە بۆ دروستبوونی دەوڵەتی کوردی .

دووەم : هەندێ لەبانگەشەکارانی دەوڵەت کۆتایی ڕێکەوتننامەی ( سایکس – بیکۆی 1916 ) یان کردبووە سەرەتای دروست بوونی دەوڵەت ، ئەمەش لەبەرئەوەی نەخشەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و ئەو ووڵاتانەی لەکاتی ڕێکەوتننامەی سایکس – بیکۆ کۆڵۆنیای ئیمپریالیزمی بەریتانیا و فەڕەنسا و ڕووسیا بوون ، گۆڕانکاری بەسەر دادێت و دەوڵەتی کوردیش لە چوارچێوەی ئەو گۆڕانکارییانەدایە ، بەڵام ساڵی دووهەزار و شانزە ڕۆیشت و جگە لە دروست بوونی جەنگێکی خوێناوی لە چەند ووڵاتێکی ناوچەکەدا کە بریتیه لە ململانێی زلهێزەکان و هێزە ناوچەییەکان و ساغکردنەوەی کاڵا سەربازییەکانیان ، هیچ گۆڕانکارییەک لە نەخشەی ئەم کۆڵنیایانەدا ڕووی نەدا . لایەنی بانگەشەکارانی دەوڵەتی کوردیش ستراتیجیەت و پڕۆژەی دەوڵەت بوونیان نەبوو ، ئەوەی هەبوو تەنیا پڕوپاگەندەی ڕاگەیاندن و هاژوهوشی سیاسی و بە دەمەوەگرتنی هەستی ناسیۆنالیستی و وویست و ئارەزووی جیابوونەوەی میللەت بوو ، دژایەتیکردنی لایەنەکانی دیکە بوو ، لە پێناو قۆرخکردنی تەواوی سیاسەت و ئابووری باشوری کوردستان . ( بەڵام کورد لە ڕۆژئاوای کوردستان بەهۆی فکر و شۆڕشی پەکەکە وە توانیان سیستمێکی خۆبەڕێوەبەری فیدڕاڵی بنیات بنێن(.

ئەم دوو پاساوە تا ڕۆژگاری ئەمڕۆ توانی درێژە بە موزایەدەی دەوڵەتی کوردی بدات ، بەڵام ئەمڕۆ ئەو دوو پاساوەش لەسەر عەرزی واقیع بوونی نەما ، لەبەرئەوە ، بۆئەوەی درێژە بە پڕوپاگەندەی دەوڵەت بدەن و خەڵکی لە چاوەڕوانی و تامەزرۆیی و بێ دەنگی دا بهێڵنەوە ، دەبێت پاساوێکی نالۆژیکی دیکە فەراهەم بهێنرێت ،
ئەم پاساوەش دوا لێدوانی سەرۆک بوو کە دەڵێت : ( گەر مالیکی بۆ دەسەڵات بگەڕێتەوە ، دەوڵەتی کوردی ڕادەگەیەنم .) ، لێرەوە ئەوە ڕوونبویەوە کە ئەو بنەمایانەی لە تیۆرەکاندا ئاماژەی پێکراوە ، نەکراوە بە بنچینەی فەرمانڕەوایی و دەوڵەتداری .

سەرۆک دەبێت خاوەن گوتارێکی یەکگرتووی نیشتیمانی فرە ڕەهەندی یاسایی و کلتوری و ستراتیجی بێت ، نەک ئەم جۆرە گووتارانە :

سەرۆک لە ووتەیەکی دا دەڵێت : ( گەر پێمان بڵێن پردێک چۆن دروست دەکرێت نازانین ، بەڵام پێمان بڵێن چۆن دەڕوخێندرێت ئاسانە و دەزانین ). لە ووتارێکی تازەی دیکەی دا لەوەڵامی خۆپیشاندەراندا دەڵێت : ( هەڵپەڕن نەگوێتان لێدەگرم نە حسابتان بۆ دەکەم ) . ئەمە جگە لەوەی پێچەوانەی و جیاوازییەکی گەورە لە نێوان تەواوی کار و ووتارەکانی ئێستا و ڕابردوویدا هەیە .

سەرۆکێک لە ماوەی سیانزە ساڵی دەسەڵاتیدا نەیتوانی بێت هێزێکی سوپایی یەکگرتووی نیشتیمان دروستکات ، دام و دەزگای نیشتیمانی و یاسایی دروست بکات بە هاوکاری لەگەڵ دەسەڵات و پارت و گروپەکانی دیکە ، ووڵات بکاتە خاوەن دەستور ، دروستکردنی ئابورییەکی سەربەخۆ لە کەرتەکانی کشتوکاڵ و پیشەسازی و ووزە و بازرگانی ، بەچی مەنتقێک بانگەشەی دروست بوونی دەوڵەت دەکات ؟ ئەمە چ لۆژیکێکە لە دواین قسەیدا بڵێت : ( گەر مالیکی بۆ دەسەڵات بگەڕێتەوە ، دەوڵەتی کوردی ڕادەگەیەنم ) . کام سەرکردەی دنیا بە غەرە شەخسی دەوڵەتی دروست کردووە ؟ کام سەرکردەی نەتەوەیی جیهان چارەنووسی میللەتەکەی بەستۆتەوە بە پەیوەندی دوژمنایەتی خۆی و سەرکردەیەکی دیکەوە ؟ ، ئەمە لەکاتێکدا بارزانی پێشتر پەیوەندییەکی دۆستانەی لەگەڵ مالیکی هەبوو ، زەویەکی گرانبەهای لە هەولێر پێشکەش کرد .
بەخیار عەلی لە کتێبی ( چێژی مەرگدۆستی ) دا دەڵێت : ” کێشەی هەر گەورەی کورد ئەوەیە کە وەلائی کورد لە خێڵەکەی بترازێت ، بۆ ئەو پێکهاتە سیاسی و حیزبییانەیە کە لە خودی کۆمەڵگای کوردیدا سەریهەڵداوە ” . بەعس بە هۆی دروستکردنی ( کۆمەڵگای – شارئاسا )واتا کۆمەڵگای زۆرەملێ ، ( کە بەعس پێی دەوت کۆمەڵگای هاوچەرخ ) ، توانی وەلائی جوتیاری کورد لەگوندکاندا بۆ خێڵەکەی بترازێنێت ، بە قازانجی ئایدۆژلۆژیاکەی خۆی و چەندین فەوجی خەفیفە و جاشی دروستکردوو ، و بەشێکی زۆری کوردی کرد بە سیخوڕ و ئیستیخبارات و جاش و جەیش و ئەمن و مەیموونی چەکدار . !! . دواتر هەر ئەمانەش بوونە بەشێکی بنەڕەتی پێکهاتەی هێزە کوردیەکان بە تایبەتی یەکێتی و پارتی ، واتا ئەگەر ئەم بەشە لە پێکهاتەی ئەم هێزانە دەرکەی دەبنە هێزێکی بچوکی پاشکۆ و کۆمەڵێک ڕۆشنبیری حیزبیان دەمێنێتەوە ، کە جەدەل و گفتوگۆی ململانێی سەرمایەدار و شۆسیالیس دەکەن لە جەنگی سارد دا ، یان گفتوگۆی عەلمانی و ئیسلامی و ……..تاد . لەکاتێکدا بەشێکی زۆری ئەم ڕۆشنبیرە حیزبیانە بە هۆی وابەستەگی خێڵەکییەوە ئیمتیازاتیان وەرگرتووە .

لەگەڵ ئەوەشدا سەرکردە و پارت و هێزە کوردیەکان بەتایبەتی پارتە فەرمانڕەواکان بە درێژایی سێ دەیه نەیان توانی ئەو پێکهاتە خێڵەکییە بشکێنن بە قازانجی کۆمەڵگای مەدەنی و هاوڵاتیبوون و هاونیشتیمانی بوون و جێگیرکردنی بنەماکای دیموکراتی و دروستکردنی ئابورییەکی هاوبەشی سەربەخۆ ، لە کۆتایشدا بۆ دەوڵەتداری ، هەروەکو بانگەشەی بۆ دەکەن ، بەڵکو لەململانێ سیاسی و ئابوری و کۆمەڵایەتیەکانیاندا گەڕاونەتەوە بۆ خێڵ ، هەر وەکو ڕۆژانە سەرکردەکانیان لە دیوەخانەکاندا نمایشی دەکەن ، و وانەی دیموکراسی و کۆمەڵگای مەدەنی دەڵێنەوە .!!

کاتێک سەرکردەیەک دەبێتە سەرۆکێکی دیکتاتۆر و خاوەن دەسەڵاتێکی تۆتالیتار ، جگە لە بێ دەنگی خەڵک و قۆرخکاری سیاسەت و ئابوری و یاسا و ( سیستمی خود سەرۆکی ) ، ئەوەیە کە سەرکردەکانی دیکە خاوەن ئیرادە و خەون و خولیای و ئەجندا و پڕۆژەی گەورەتر و چاکتر نین ، لەبەر ئەوە ئەم دەتوانێت ببێتە خاوەن ووجوود و دەسەڵات .

 

 

 

تایبەتمەندییەکان: بابەتی هەڵبژاردە

زیادکردنی وەڵام