کارێکی ئاسان نییە تەنها یەک پێناسەی دیاریکراوو هەمەلایەنە بۆ پۆپۆلیزم بدۆزینەوە کە هەمو رەهەندەکانی ئەم دیاردەیە لەخۆی بگرێت‌و جەوهەری ئەم رەوتە سیاسییە فرەشوناسە بەرجەستەبکات. پۆپۆلیزم چەندە دەشێت هەڵگری گوتاری ناسیۆنالیستی‌و رەگەزپەرستیی بێت، هێندەش دەتوانێت هەڵگری گوتاری چەپی رادیکاڵ بێت، چەندە دەتوانێت هەڵگری دیدگایەکی ئایینی بێت، ئەوەندەش دەتوانێت هەڵگری بەهای کۆزێرڤاتیزم یان نیۆلیبڕاڵ بێت. پۆپۆلیزم چەندە دەتوانێت ببێت بەحزبێک کە بەرگریی لەبەرژەوەندی چینی جوتیاران بکات، ئاوهاش دەتوانێت ببێت بەمەنزڵگای سیاسیی “پیاوە بچوکەکان” little man و گروپە پەراوێزخراوو زەرەرمەندەکانی پرۆسەی گلۆبالیزم کە لەکرێکاران‌و چینی ناوەڕاست پێکدێن. ئەم فرەڕو فرەشوێنگەو ژینگەو فرەشوناسەی پۆپۆلیزم وایکردوە کە هەندێک لەنوسەران بەسەری خودای رۆمەکان، یانوسJanus لەقەڵەمی بدەن، چونکە ئەم کەللەسەرە دوڕوی جیاوازی هەیە. پۆپۆلیزمی نوێ رەوتێکی سیاسییە کە لەسەر دو ستراتیژی دیاریکراو دەژی، یەکەمیان گوتاری ئیستیفزازی provocative و گڕداری سیاسییەو دوهەمیشیان بریتییە لەنوسینی رەچەتەی recipe سیاسیی توندڕەوو رادیکاڵ بۆ چارەسەری نەخۆشییە کوشندەکانی کۆمەڵگاو ئەو سیستەمە سیاسییەی کە خۆی پێکوڵی (تەحەدا) دەکات. پۆپۆلیزم خۆی بەتاکە هێزێکی چاونەترس‌و نەبەرد دەزانێت کە دەتوانێت لەجەنگە گەورەکاندا “گرێکوێرەی گۆردی” Gordian Knot بکاتەوە.
بڕوانە(Hartleb: 2004. S. 63)

پۆپۆلیزم جەوهەرێک Substanz نییە کە لەخودی خۆیدا بونی هەبێت‌و ئێمەش هەوڵی تێگەیشتنی بدەین، وەکو لەفەلسەفەو بەتایبەت لەکایەی ئۆنتۆلۆژیدا گفتوگۆی لەسەر دەکرێت، بەڵکو زاراوەیەکە کە دەبێت لەپەیوەندییدا بەدەرەوەی خۆی، بەدوای ماناکانیدا بگەڕێین.
لەدوای ئەرستۆوە ئەوە تێگەیشتوین کە جەوهەر Substanz بۆ بونی خۆی پێویستی بەشتەکانی تر نییە، وەکو لەڕاڤەکردنی بونی خودادا دەیبینین‌و لەدوای مارکسیشەوە لەمانای Substanz ی بەهاWert لەکاردا Arbeit تێبگەین. کە دەڵێین پۆپۆلیزم جەوهەرێکی نییە، مەبەست لەوەیە ئەم دیاردەیە سیستەمێکی بەهایWertesystem سێنتراڵی نییە کە لای هەمو هێزە پۆپۆلیستەکان یەک جەوهەری دیاریکراوی هەبێت‌و لەوێوە خۆیان بەدونیای دەرەوە بناسێنن، بەڵکو دیاردەیەکی دەورییە zyklisches Phänomen کە حەربائاسا خۆی لەگەڵ مەرجەعییەتی سیستەمداReference systems دەگونجێنێت‌و دژەپەیوەندیی لەگەڵدا دروستدەکات. لێرەوە پۆپۆلیزم لەخودی خۆیدا دەرکەوتێکی دونیابینی ناکامڵ‌و ناشێلگیرە، هەرئەمەشە وادەکات کە تەنها لەپەیوەندی لەگەڵ سیستەمی گوتاردا مانایەک بۆخۆی دەدۆزێتەوە. کاتێک دەڵێین پۆپۆلیزم جەوهەری نییە، مانای ئەوەیە کە ناتوانین جەوهەرگەرایانە پێناسی بکەین، چونکە توانایەکی گەورەی خۆگونجاندنیflexibility لەگەڵ دەوروبەری خۆیدا هەیە کە لەسیاقیContext جیاوازدا تەعبیر لەخۆی دەکات.

بڕوانە: Priester: 2004. ئەم رەهەندە فرەدیاردەیی‌و فرەدەرکەوتەیی پۆپۆلیزم وادەکات کە زیاد لەپێناسێکی هەبێت، بۆ نمونە هەندێک لێکۆڵەر بە”توندڕەوی سیاسیی” لەقەڵەمیدەدەن، هەندێکی تر وەکو “ستراتیژ”ێک دەیبینن بۆ پەلاماردانی دەسەڵات‌و هەندێکی تر بە”ئایدیۆلۆژیا”یەکی نوێ راڤەیدەکەن کە دەستەیەک لەوێنای سیاسیی ناکامڵ‌و بێ جەوهەری دیاریکراوی هەیە، هەندێکی تر بەفاشیزمی نوێ، کەسانی تر بەڕۆحێکی شەڕانگێزی سەردەمی نوێ تەماشای دەکەن‌و هەندێکی تر بەستایڵێکی سیاسیی باڵادەستی ئەم قۆناغە سەیریدەکەن. بڕوانە: Müller: 2016 و Kaltwasser, 2011 و Puhle, 1983 و Decker: 2004 و 2004 :Mudde و Priester: 2004 و هەروەها Hartleb: 2004.

ئەم گرفتە میتۆدییەی ناو دیسپلینە جیاوازەکان بۆ پێناسەکردنی پۆپۆلیزم، مانای مەحاڵی تێگەیشتن نییە لەپۆپۆلیزم، بەڵکو مانای دەرخستنی ئاڵۆزییەکانی ئەم دیاردە سیاسیی‌و چەمکەیە لەناو زانستە سیاسیی‌و کۆمەڵایەتییەکاندا. بۆئەوەی لەناو جەنگەڵستانی پێناسەکاندا وننەبین، بەپێویستی دەزانم سەرەتا خەسڵەت‌و کۆڵەکە سەرەکییەکانی پۆپۆلیزم دەستنیشانبکەین.

زاراوەی پۆپۆلیزم لەدونیای ئەمڕۆماندا هێندە فوتێکراوە کە بەشێوەیەکی بەربڵاو بۆ بەدێوەزمکردنی هەمو هێزێک بەکاردەهێنرێت کە نەیارو مەترسیی بێت بۆ سیستەمی سیاسیی. بەمانایەکی تر پۆپۆلیزم بوە بەناتۆرەیەکی سیاسیی‌و بەرخۆرییەکی میدیایی. دەشێت سەرنجەکەی دارندۆرف باشترین‌و بەرجەستەترین بۆچون بێت کە دەڵێت پۆپۆلیزم لەمڕۆدا بوە بە”زاراوەیەکی جەنگاوەرانە”.
(2003 :Ralf Dahrendorf)

بۆئەوەی بتوانین بزوتنەوەیەک یان رێکخراوێکی سیاسیی بەپۆپۆلیست پۆلبەندبکەین، دەبێت تەماشای ئەو گوتارانە بکەین کە بەرهەمیدەهێنن‌و بۆ مۆبیلیزەکردنی جەماوەر دەیانخەنە ناو ڕوبەری گشتییەوە. یەکێک لەڕەگەزە هەرە گرنگەکانی پۆپۆلیزم کە بەبێ جیاوازیی لەکۆی رەوتە پۆپۆلیستییەکاندا بەدیدەکرێت، بریتییە لەسادەیی گوتارو ئاسانیی رەچەتە سیاسییەکانی.

بزوێنەری سەرەکی سەرکەوتنی رەچەتە رادیکاڵەکانی پۆپۆلیزم بریتییە لەسادەیی گوتارەکانی‌و ساکاریی‌و ئاسانیی چارەسەرەکانی بۆ هەمو گرفتە ئاڵۆزەکان. هێزە پۆپۆلیستەکان لەسەر وروژاندنی ئەو پرس‌و گرفتە ئاڵۆزانەی سیاسەت دەژین کە نوخبەی دەسەڵات چارەسەری خێرای بۆیان نییە یان سەرکەوتو نەبوە لەچارەسەرکردنیان.

بۆنمونە پرسی بێکاریی، پەناهەندە، بێگانە، تاوانکاریی، ئاساییش، ناعەدالەتیی، باج‌و ژینگەو چەندین بابەتی هاوشێوەی تری ئەم پرسانە کە لەهەمو کۆمەڵگایەکدا بونی هەیەو سیاسەت چارەسەری سیحرئاسای بۆ نییە. گوتارو چارەسەری ئەوان بۆ مەترسییەکانی گڵۆباڵیزم‌و یەکێتی ئەوروپا زۆر ساکار‌و رادیکاڵن کە لە”نەخێر بۆ یەکێتی ئەوروپا”و “بەڵێ بۆ داخستنی سنورەکانمان‌و دەرکردنی هەمو بێگانەکان”دا بەرجەستە دەبێت.
بڕوانە: (Müller: 2016) و (2003 :Ralf Dahrendorf) گەر تەماشای پرسی پەناهەندەو بێگانە بکەین، تێبینی ئەوە دەکەین کە ئەم پرسە گوتاری سەرەکیی پۆپۆلیستە راستڕەوو نیۆفاشییەکانە، چونکە هەمو گرفتەکانی ئاساییش‌و بێکاریی لەوێدا چڕدەکەنەوە. ئەوان پەناهەندەو بێگانە بەهۆکاری سەرەکی بێکاری‌و زیادبونی تاوانکاریی لێکدەدەنەوە، چونکە گوایە لەهەمو دونیاوە بەلێشاو پەناهەندەو هێزی کاری بیانیی رو لەوڵاتەکانیان دەکات.

بۆیە دروشمی سەرەکی ئەم دیدگا پۆپۆلیستییە کورتدەبێتەوە لە: ئێمە دەبێت بەرامبەر بەپرسی جەریمە بێبەزیی بین‌و سنورەکان لەپەناهەندەو هاتنی بەلێشاوی بێگانە دابخەین. وەک ئەوەی گەر کۆمەڵگاکانیان پەناهەندەو بێگانەی تێدا نەمێنێت، ئیتر تاوانکاریی دەبێت بەتۆزو لەناو پەیوەندییە کۆمەڵایەتییەکاندا بونی نامێنێت‌و کۆمەڵگایەکی ئارام‌و پاکژو بێگەرد لەڕوی کولتوریی‌و کۆمەڵایەتیی‌و ئاساییشەوە دێتەئاراوە کە ڕقی تێدا نامێنێت‌و هەمو یەکتریان خۆشدەوێت.

بەهەمان فۆرم ئەم گوتارە ساکارو رەچەتە ئاسانە لای چەپە پۆپۆلیستەکانیش بونی هەیە، لەوەتەی ئەم مۆدێلە چەپگەرایە بونی هەیە، گوتارێکی کردوە بەکۆڵەکەی سەرەکیی سیاسەتی خۆی کە دەڵێت: سیستەمی سەرمایەداریی گلۆبال هەژارمان دەکات، سیستەمی سەرمایەداریی وەحشێکی “مۆنستەرێکی” گەورەی خوێنمژە کە تەنها بەسەرپەڕاندنی کۆی مرۆڤایەتی ڕزگاریدەبێت. ئەم دیدگا سادەگۆو ساکارکراوەی کۆمۆنیزم پێماندەڵێت: گەر سیستەمی سەرمایەداری بڕوخێنرێت، چیدی جیاوازیی چینایەتیی‌و هەژاریی‌و چەوسانەوە لەکۆمەڵگای مرۆییدا بونی نامێنێت‌و هەمو دەبین بەهاوڕێ‌و هەڤاڵ‌و خوشک‌و برای یەکتر.
بەمشێوەیە لەدیدگای پۆپۆلیستەکانەوە بەو ساکارییە لەبەرهەمهێنانی گوتارو بەو ئاسانییە لەدۆزینەوەی چارەسەر دەتوانرێت کۆتایی بەکێشە گەورەکانی هەمو نەتەوەو چینە کۆمەڵایەتییەکان‌و تەنانەت کۆی مرۆڤایەتییش بهێنرێت.

بەشێوەیەکی گشتیی پۆپۆلیستەکان لەسەر دو تەوەرەی سەرەکیی کاردەکەن، یەکەمیان سادەیی‌و ساکاریی گوتارە سیاسییەکانیان‌و دوهەمیشیان دۆزینەوەی چارەسەری ئاسانە بۆ کێشە قوڵ‌و ئاڵۆزە کۆمەڵایەتیی‌و ئابوریی‌و ئەمنییەکان. بەمانایەکی تر هەمو رەوتە پۆپۆلیستەکان سەرەڕای جیاوازیی دیدگا سیاسیی‌و ئایینییەکانیان‌و ئینتیمای نەتەوەییان، بەزمانێکی ساکار قسە بۆ مرۆڤە سادەکان دەکەن‌و بەگوتاری سادەش کێشە ئاڵۆزەکانیان تاوتوێدەکەن‌و بەچارەسەری رادیکاڵی سادەش دەرچەی سیاسیی‌و ئابوریی‌و کۆمەڵایەتیی دەدۆزنەوەو وەڵامی حازربەدەستی  کێشەکانیان دەدەنەوە.

پۆپۆلیزم دەبێت بەگرفتێک بۆ هەمو سیستەمێکی سیاسیی کە گرفتی ناوەکیی هەیە. واتە پۆپۆلیزم کاتێک لەدایکدەبێت کە لەشێوازی بەڕێوەبردندا ناڕەزایی هەبێت، پەراوێزخستنی کۆمەڵایەتیی‌و قەیرانی ئابوریی ئامادەبێت‌و لەپەیوەندی نێوان دەسەڵات‌و کۆمەڵگاشدا کێشە هەبێت. یەکێک لەهۆکارە سەرەکییەکانی ئەم دیاردەیەش دابڕانی نوخبە سیاسییەکانە لەگرفتەکانی کۆمەڵگا، یان بێئاگاییانە لەخەمە کۆمەڵایەتییەکانی بەشێکی گرنگی گروپەکانی کۆمەڵگاکەیان لەناو پرۆسەی گلۆبالیزەبوندا.

دژایەتیکردنی گلۆبالیزم کە یەکێتی ئەوروپا یەکێکە لەدەرکەوتە سیاسییەکانی، دەبێت بەیەکێک لەگوتارە سەرەکییەکانی هێزە پۆپۆلیستەکان، چونکە بەڕای ئەوان یەکێتی ئەوروپا مانای یەکێتی نوخبەیەکی گەندەڵی سیاسیی‌و دارایی‌و ئابورییە کە دەبێتە هۆکاری مەترسیی بۆ ئابوری نیشتیمانیی‌و ونبونی رەسەنایەتی نەتەوەیی‌و کولتوریی.

بەڕای ئەوان گلۆبالیزم‌و یەکێتی ئەوروپا بوە بەهۆکاری بێکاریی‌و پارەبەهەدەردان‌و دروستبونی ناعەدالەتی کۆمەڵایەتیی زۆربونی بێگانەو نامۆبونی کولتوریی‌و لەدەستدانی بەها کۆمەڵایەتییە رەسەنەکان. زەرەرمەندی سەرەکیی یەکێتی ئەوروپا بۆ ئەم هێزانە بریتییە لەزۆرینەی گەل‌و سودمەندی سەرەکیشی کەمینەیەکی سیاسیی‌و ئابوریی گەندەڵە. بونی ئەم کێشانەو چارەسەرنەکردن‌و هێشتنەوەیان بەهەڵواسراوی‌و دەست بۆ نەبردنیان، دەبن بەخۆراکی سەرەکیی سەرهەڵدانی بزوتنەوەو هێزی پۆپۆلیستی. هەمو سەرهەڵدانێکی پۆپۆلیزم واتە دروستکردنی کێشەی زیاتر بۆ سیستەمێک کە خۆی کێشەی زۆری تێدایە. پۆپۆلیزم دێت باس لەو کێشانە دەکات‌و دەیانکات بە”سامانێکی سیاسیی” (2003 :Ralf Dahrendorf)و کۆڵەکەی گوتارو ستراتیژی سەرەکیی سیاسەتی خۆی.

ئەمەش وادەکات کە هەندێک لەلێکۆڵەرەوان پۆپۆلیزم بەدیاردەیەکی نێگەتیڤ نەبینن بۆ سیستەمی دیموکراسیی، بەڵکو وەکو شانسێک بۆ ڕاچڵەکین‌و بەئاگاهێنانەوەی نوخبەی سیاسیی تەماشای بکەن، تاوەکو تێبگەن کە سیستەمی دیموکراسیی و پەرلەمانتاریزم گرفتی هەیەو دەبێت پەیوەندییەکانی خۆی لەگەڵ گەلدا کە سەرچاوەی دەسەڵاتەکەیەتی، باشبکات. بڕوانە (Schmidt, Harald: 2009. S. 207) و (von Beyme, Klaus: 2010, S. 203)

پۆپۆلیزم وەک دیوەخانێکی سیاسیی

ئێمە تاوتوێی ئەوەمان کرد، پۆپۆلیزم دەستەیەک تێڕوانینی ناشێلگیرە کە ناچێتەوە سەر هیچ سیستەمێکی بەهایی‌و چوارچێوەی سیستەمێکی فیکریی دیاریکراو. پۆپۆلیزم جەوهەرێکی دیاریکراوی نییە کە بتوانین بۆی بگەڕێینەوە، تاوەکو لێی تێبگەین، بەڵکو ستراتیژێکی سیاسییە کە یەک چاوی هەیەو یەک شوێن دەبینێت، ئەویش دەسەڵات‌و گەیشتنە بەدەسەڵات. پۆپۆلیزم ستراتیژێکی حەربائاسای هەیە بۆ بەرهەمهێنانی زمان‌و چەمکی جیاواز کە توانای خۆگونجاندنی لەگەڵ ئەو ژینگە سیاسییە هەیە کە تیایدا دەژی.

بەمانایەکی تر پۆپۆلیزم ستراتیژێکی دیاریکراوی هەیە کە ئامانجی گەیشتنە بەدەسەڵات، بەڵام بۆ گەیشتن بەم ئامانجەش پێویستی بەمیتۆدو کەرەستەی جیاواز هەیە کە بەپێی ئەو زەمینە کولتوریی‌و ژینگە سیاسییەی تیایدا لەدایکبوە، ستراتیژی گەیشتن بەو ئامانجە دەستنیشاندەکات.
 
پۆپۆلیزم وەکو دیدێکی سیاسیی هەوڵدەدات دونیامان بۆ بکات بەدو لەتەوە کە ناتوانن پێکەوە هەڵ بکەن. دیدگای پۆپۆلیزم جیهان دابەشدەکات بۆ دو بەرە کە لەناکۆکییەکی دوژمنکارانەدا دەژین، ئەوانیش بەرەی گەل‌و بەرەی نوخبەی دەسەڵاتدارانە. بەبێ ئەم دوالیزمە ناتوانین لەجەوهەری پۆپۆلیزم بگەین.

دوالیزمێک کە روح‌و ئیرادەی نەتەوە دەکات بە بەرەی راستەقینەو پاکژو بێگەردو ئەم بەرەیەش بەرامبەر بەبەرەیەکی تر دایدەنێت کە پێکهاتون لەنوخبەیەک لەسیاسەتمەدارانی گەندەڵ کە ئەم رۆحە دەشێوێنن‌و پاکییەکەی لێڵ دەکەن. بڕوانە: (Müller: 2016) پۆپۆلیستەکان تائەو کاتەی دەسەڵاتیان بەدەست نییە، رەخنەی کوشندە لەنوخبەی دەسەڵات دەگرن، بەڵام کاتێک دەسەڵاتیش دەگرنە دەست، کار لەسەر دوژمنەکانی گەل دەکەن، واتە ئەو گروپ‌و نوخبەیەی کە ئەوان بەمەترسیی دەزانن بۆ سەر گەل.

بۆنمونە رەجەب تەیب ئەردۆگان لەکاتی کاندیدکردنیدا بۆ هەڵبژاردنی سەرۆکایەتی لەساڵی2014 دا گوتی: “ئێمە گەلین”، پاشان رو لەنەیارەکانی دەکات‌و پێیان دەڵێت: ئەی “ئێوە کێن؟” دۆناڵد ترامپ لەکاتی هەڵبژاردندا رای وابو کە هیلاری کڵینتۆن گەندەڵە، تاوانکارەو لەڕاستیدا باشترین شت ئەوەیە بخرێتە بەندیخانەوە.

هەندێک لەلێکۆڵەران رایانوایە کە پۆپۆلیزم بەرهەمی توێژێکی کۆمەڵایەتیی دیاریکراو نییەو بەرگری لەبەرژەوەندیی چینێکی دیاریکراو ناکات، بەڵکو بزوتنەوەیەکی فرە کۆمەڵایتییەو سەرکردە کاریزمییەکانیشیان خۆیان بەنوێنەری راستەقینەی نەتەوە دەزانن‌و بەناوی ئەوەوە قسەدەکەن‌و بزوتنەوەکەشیان وەکو رۆحی راستەقینەی گەل وێنادەکەن. ئەم بزوتنەوە سیاسییە نوێیانە دەشێت نوێنەری جوتیاران بکەن، یان خۆیان بە بەرگریکەر لەبەرژەوەندییەکانی کرێکاران‌و چینی ناوەڕاست بزانن.

بەهەمانشێوە دەشێت پۆپۆلیستێکی ملیاردێرت هەبێت کە بەناوی کۆی نەتەوەوە قسەبکات‌و دژ بەدەسەڵاتدارانی گەندەڵ‌و هیچ لەبارانەبو ئەکتیڤ بێت‌و خۆی بەڕزگارکەری هەمو ئەو گروپانەی گەل بزانێت کە زەرەرمەندن لەو سیستەمە سیاسییەی کە نوخبە کۆنە سیاسییەکە بۆی دروستکردون.

بەم چەشنە پۆپۆلیزم چەندە فەلسەفەیەکی رونی سیاسیی نییە، هێندەش هەڵقوڵاوی چینێکی دیاریکراوی کۆمەڵایەتی نییە، بەڵکو ستراتیژێکە بۆ گەیشتن بەدەسەڵات یان بەشهەبون تیایدا. پۆپۆلیزم چەندە دەشێت گروپێکی چەپگەرابێت، ئەوەندەش دەشێت هێزێکی راستڕەو بێت، چەندە دەتوانێت رەگەزپەرست بێت، هێندەش دەتوانێت ئایینی بێت. (Müller: 2016, S. 42) پۆپۆلیزم بزوتنەوەیەکی سیاسییە کە مارکە ئایدیۆلۆژییەکەی بریتییە لەدابەشکردنی دونیا بۆ سەر بەرەی گەل و بەرەی دژ بەگەل.

بەشێوەیەکی گشتیی زاراوەی پۆپۆلیست لەبەکارهێنانی رۆژانەدا هەڵگری رەهەندێکی نێگەتیڤە. بەپێچەوانەی ئەمریکاوە، ئەم زاراوەیە لەئەوروپاو لای ئێمەش مانایەکی نێگەتیڤ‌و تامێکی ناخۆشی هەیە. پۆپۆلیزم بەو شێوازە لەسیاسەتکردن دەگوترێت کە کتومت لەکولتوری کوردییدا بە”سیاسەتی دیوەخان” ناودێڕ دەکرێت.

ئەمشێوازە لەسیاسەتکردن لەزمانی ئەڵمانیدا پێی دەگوترێت Stammtischpolitik. شتامتیشپۆلیتیک بەکۆبونەوەی ناوبەناوی گروپێک دەگوترێت کە لەباڕێک یان قاوەخانەیەکدا بەدەوری مێزێکدا کۆدەبنەوەو تیایدا باسی سیاسەت‌و گرفتەکانی ژیانی ڕۆژانە دەکەن.

ئەو مێزە بەشێوەیەکی بەردەوام بۆ ئەو گروپە حیجز کراوەو ئەو گروپەشی کە بەردەوام بۆ یەکتربینین لەدەوریدا کۆدەبنەوە، گروپێکی رێکخراوی داخراو نییە، بۆیە دەشێت ئەندامی تر وەربگرن‌و گەورەتر بکرێتەوە. لەزۆرینەی کاتەکاندا ئەم گروپە لەکاتی خواردنەوەو خواردن، یان گوێگرتن لەموزیک‌و یاری کارتدا باسی سیاسەت‌و فەلسەفەو گرفتەکانی ژیانی رۆژانە دەکەن.

هەرئەم فەزایەش وایکردوە پۆپۆلیزم چەند زاراوەی تری لێببێتەوە کە بەشێوەیەکی گشتیی هەڵگری رەگەزی نێگەتیڤن، بۆ نمونە گەر باس لەنزمی ئاستی وشیاری یەکێک بکرێت، پێیدەگوترێت “ئاستی دیوەخانیی” بیرکردنەوە یان “عەقڵی دیوەخانیی” یان گەر باس لەچارەسەری بێکەڵکی یەکێک یان گروپێک بکرێت، پێیدەگوترێت “چارەسەری دیوەخانیی”.

بەشێوەیەکی گشتیی لەStammtischpolitik دا فۆرمێک لەباسوخواسی سیاسەت هەیە کە بەرپرسیارێتی‌و عەقڵانییەت ئاراستەی ناکات، بەڵکو سایکۆلۆژیاو هەست‌و نەست‌و گرفتە رۆژانەو شەخسییەکانی ئەو کەسانە ئاراستەیدەکات. لەم جۆرە کۆبونەوانەدا کەسەکان پرۆگرامی سیاسییان نییە، بەڵام پرۆگرامێکیان بۆ پێکەوەبون هەیە، کەی‌و لەکوێ یەکبگرن، کێ دێت‌و کێ نایەت‌و هتد.

خراپیی دۆخی دارایی یەکێکیان بەهۆی بێکارییەوە، دەشێت ببێت بەهۆکاری بەرهەمهێنانی ئیرەیی‌و سایکۆلۆژی رق لەبێگانەیەک کە کارێکی باش‌و موچەی باشی هەیە. تێکچونی پەیوەندی خێزانیی یەکێکیان دەبێت بەهۆکاری دروستبونی دیدگایەکی دژەژن‌و پیاوسالارانە. حەزلێکردنی کچی یەکێکیان لەکۆڕێکی پەناهەندە، دەتوانێت ببێت بەهۆکاری رقلێبونەوە لەهەمو بێگانەیەک‌و مەترسیی داگیرکردنی ژنە رەسەنەکان لەلایەن ناڕەسەکانەوە. کڕینی یاریزانێکی رەشپێست لەلایەن یانەیەکی فوتبۆڵەوە دەبێت بەهۆکارێک بۆ گرۆبونی راسیزم‌و دژایەتیکردنی گلۆبالیزمی سەرمایەداریی‌و هتد…

بەمانایەکی تر “دیسپلینێکی رێکخراوەیی” بۆ بون بەئەندام‌و هەڵبژاردنی بابەتەکان بۆ گفتوگۆکردنیان لەناو گروپەکەدا بونی نییە، بەڵام شێلگیریی‌و یەکانگیرییەکی گروپیی ئامادەیە کە بەیەکیانەوە دەبەستێت‌و بەردەوامیی بەمانەوەو کۆبونەوەیان دەدات.

شایانی باسە ئەم فۆرمی دیوەخانییە لەکۆبونەوەی گروپ تەنها خەسڵەتی گروپە پەراوێزخراوەکان نییە، بەڵکو دەشێت هی دەوڵەمەندەکانیش بێت، وەکو لای خۆمان سەری هەڵداوەو بوە بەدیاردەیەکی نوێ، بەڵام بەجیاوازیی چینایەتیی‌و جیاوازیی خەمە کۆمەڵایەتیی‌و کولتوری‌و سیاسییەکانیان.

دەوڵەمەندەکانیش دیوەخانی خۆیان پێکهێناوەو کڵەپ‌و یانەی خۆیان دروستکردوە کە تەنها چینەکەی خۆیان دەتوانن ببن بەئەندام تیایدا. بەمانایەکی تر گەر لای گروپە هەژارەکە دابڕانی کۆمەڵایەتییsoziale Exklusion ئەو ژینگەو فەزایەی بەرهەمهێنابێت، ئەوا لای گروپە پارەدارەکان خۆدابڕانی کۆمەڵایەتی بەرهەمیدەهێنێت. پاشان دەگەڕێمەوە سەر ئەم بابەتە.

هەر ئەم واقیعە کۆمەڵایەتییەش وایکردوە کە پۆپۆلیزم وەکو فۆرمێک لەسیاسەتی دیوەخانیی تەماشابکرێت، کە تیایدا مرۆڤەکان بەئارەزوی خۆیان‌و بەپێی دۆخی سایکۆلۆژیی‌و هەنوکەییان، یان بەپێی حەزو بەرژەوەندیی تاکەکەسییان، دونیا لێکبدەنەوەو گرفتەکان دەستنیشانبکەن‌و چارەسەری کەیفئاساو خێرایان بۆ بدۆزنەوە.

هەرئەمەشە وایکردوە کە زۆرینەی ئەو دەنگانەی هێزە پۆپۆلیستەکان لەکاتی دەنگداندا دەیهێنن، سەر بەبکەرە کۆمەڵایەتییانەو جوگرافیای ئەو ژینگە کۆمەڵایەتییە بن کە ئەو گروپانە تیایدا دەژین‌و ئینتیمایان بۆی هەیە. هەرئەمەشە وادەکات کە بەسیاسەتی ئەو هێزە سیاسییانە بگوترێت، سیاسەتی دیوەخانیی.

پۆپۆلیستەکان خۆیان بەنوێنەری راستەقینەی ئەندامانی ئەو دیوەخانانە دەزانن کە بە”دەنگی راستەقینەی گەل” لەقەڵەمیان دەدەن. دەیانەوێت ببن بەسەداو سەنگی ئەم گروپە رەسەن‌و پەراوێزخراوانەی گەل کە لەلایەن نوخبەی دەسەڵاتداری سیاسییەوە فەرامۆشکراوو لەیادکراون. پۆپۆلیستەکان بانگەشەی ئەوەدەکەن کە تەنها ئەوانن دەتوانن خواستەکانی ئەم گروپانە بکەن بەبابەتی سەرەکی گفتوگۆی ناو پەرلەمان‌و سیاسەتی حکومەت‌و چارەسەری گونجاویان بۆ بدۆزنەوە.

گوتارو رێگاچارە ساکارو سادەو رادیکاڵەکانیان بکەن بە بەرنامەی سیاسیی هەڵبژاردنەکان‌و پەیمانی ئەوەیان پێبدەن کە لەکاتی گرتنەدەستی دەسەڵاتیشدا خواستەکانیان جێبەجێبکەن‌و بەرژەوەندییەکانیان دەپارێزن‌و لەو رێگایەشەوە خەم‌و ترسەکانیان دەڕەوێننەوە. بەم چەشنە هەمو هێزە پۆپۆلیستەکان خۆیان بەوەکیل‌و پارێزەری (محامی) “پیاوە بچکۆلەکان”ی گەل دەبینن‌و دەبن بەوەرگێڕێکی (مترجم) سیاسیی سایکۆلۆژیای دەستەجەمعیی‌و هەست‌و سۆزی کۆی کۆمەڵانی خەڵک.

 

بەشی دووەم

تایبەتمەندییەکان: بابەتی هەڵبژاردە

زیادکردنی وەڵام