پێدەچێ بتوانین بڵێین کە ئۆباما پشتی ئیسڕائیلی بەردا، بەڵام ئەوەی گومان هەڵنەگرە ئەوەیە کە ئیسڕائیل لەلایەن ترەمپەوە خیانەتی لێدەکرێت.
ئایا دەربڕینی نیشانەکانی نیازپاکی لەلایەن ترەمپەوە بۆ ئیسڕائیل تا دێ زیادناکات؟ ئەی دەستنیشانکردنی باڵیۆزێکی هاوڕێ، بڕیاری گوێزانەوەی باڵیۆزخانە بۆ ئورشەلیم، دەستنیشانکردنی زاوایەک، “یارێد کوشنەر”، بۆ کۆشکی سپی، ئایا ئەمانە بڕیارگەلێکی کردەیی بەهێز نین، کە جێی ئەوە بن دڵیان پێ خۆشبکرێ؟
بەڵێ، لەهەمان کاتیشدا نەخێر.
چونکە یاسایەک هەیە کە لەلایەن “گێرشۆم شۆلێم(١)”ەوە دەربڕدراوە، کاتی دادگاییەکەی ئایشمان، ئەو سەرکۆنەی “هانا ئارێندت”ی بەوە کرد کە “ئەهڤات ئیسڕائیل”ی نییە، واتە “خۆشەویستی بۆ گەلی جوو”.
هانا ئارێندت دەڵێ، ئەو یاسایە، کە، سەبارەت بە ئیسڕائیل، دەربڕینەکانی خۆشەویستی بە گرنگتر دەزانرێن لە هەستی خۆشەویستی خۆی. دەڵێ، گەر وردتر بدوێین، ئەو جووڵانەی دەربڕینن لە هەستی هاوڕێیەتی، ئەگەر لەسەر بنەمای ناسین و وابەستەییەکی ڕاسگۆ نەبن، ڕۆژێک هەر هەڵدەگەڕێنەوە بۆ پێچەوانەکەیان.
بوونی ئەم مەترسییە لەم هەلومەرجەدا، واتە بەهێزبوونی بەرەی هەرە توندڕەو لە کۆمەڵگەی ئیسڕائیلیدا؛ زەنگێکی نەرێنییە ئاراستەی ئەوانە دەکرێت کە لە بەرەکەی تردان و شاگەشکەن بەوەی دەبینن وڵاتە یەکگرتووەکان نموونەی بڕیارگەلێکی یەکلایەنە نیشان بدات، کە پێدەچێ ڕۆژێک، باشەی جوویان لێبکەوێتەوە؛ هەروەها هاتنە سەر هێڵی سەرۆکێکی نوێی وڵاتە یەکگرتووەکان کە میزاجییە (کە بەپێی ڕۆژ سەودا و مامەڵە بکا) سەرباری ئەوەی ناپۆپیولێرە لە ئەمریکاکەی تردا، ئیسڕائیل (لەگەڵ پچڕاندنی پەیوەندی دوو لایەنە کە هەمیشە هێز و بەختیاری ئیسڕائیل بووە) نازانم، ئایا بەشێوەیەکی سرووشتی، گەلی ئیسڕائیل خۆشەویستی دەستدەکەوێ یان نا، بەڵام گومان هەڵنەگرە کە دۆناڵد هەیە بۆ گەلی جوو. بەڵام لە پەڕتوکەکەی “جۆن دئۆوێل”دا ئاماژەیەکی وا هەیە: “تەنیا جۆرێک لە خەڵک، کە دەخوازم پارەکانم بژمێرن، کیپا(٢) بەسەرەکانن”.
ترەمپ زنجیرەیەک تویتی بڵاوکردەوە، کە تێیاندا هەوڵی دا دەمامکەکەی ڕۆژنامەوان “جۆن ستیوارت” هەڵبداتەوە، ئەو دەمامکەی “جۆناتان لایبۆڤیتز” لەپشتییەوە خۆی شاردبۆوە، کە ناوە ڕاستەقینەکەیەتی. لێرەدا، لە گەرمەی هەڵمەتی هەڵبژاردندا، ئەم قسانەی ئاراستەی کۆمەڵێک کۆمەک بەخشی جوو کرد: “دەزانم بۆچی ئێوە ناچن پشتگیریم بکەن، چونکە پارەکانی ئێوەم ناوێت” ئەم بانگەوازانە خۆیان لە سووک تەماشاکردن دەدەن. یان، وردتر بڵێین، ئەم هەمەڕەنگییەی سووکایەتیکردن کە هۆکاری خۆی هەیە، بەپێی فرۆید، میکانیزمێکی بەرگرییە پێشوەخت بەرامبەر بە سووکایەتیەک کە پێمان وایە ئەویتر بەرامبەرمان دەیبێت لە داهاتوودا. ئەو سووکایەتییەی یەکەم ڕاست یا خەیاڵی بێت گرنگ نییە.
ئایا جۆن ستیوارت یا ئەو کۆمەکبەخشە جووانە بەسووکی بڕواننە دروسکەرە بازاڕییەکەی “ترەمپ تاوەر”، بە پەرچەمە بریسکەدارەکەی و ناوماڵەکەی و کۆشکەکانییەوە، باسەکە ئەوە نییە. ئەوەی گرنگە ئەوەیە کە دۆناڵد ترەمپ باوەڕی بەو شتەیە. گرنگ ئەوەیە کە ترەمپ جووەکان وەک کاریکاتێری ئیستابلیشمێنتی نیویۆرکی دەبینێ، ئەو ئیستابلیشمێنتەی هەمیشە وەک فشەکەرێکی بازاڕی بێشەوکەت لێی ڕوانیوە. لێرەدا ئێمە ڕێک لەبەردەم ئەو دیاردە دەروونییەی سووکایەتیکردنین وەک بەرگری لە خود ـ جووەکان وەک نوێنەری دەستەبژێرێکن کە لە سەرەوە لێیان ڕوانیویت بۆیە ئێستا کە دەسەڵاتمان هەیە کاتیەتی تۆڵەیان لێبکەینەوە.
گێڕانەوەیەکی تالمودی هەیە جوان باسی ئەم لۆژیکە دەکا. “ڕابی یەهودا” خوێندنگەیەکی دەبێت کە هەموو ڕۆژێک لاوێکی ڕۆمانی بەبەردەم دەروازەکەیدا تێدەپڕێ. ئەو لاوە ڕۆمانییە پاسەوانێکی بەرازە کە خوێندکارەکان بەهۆی لووتبەرزییان لەبەر ئەو زانستەی هەیانە، گێلانە گاڵتەی پێدەکەن. ڕۆژێک ڕابی یەهودا کاغەزێکی پێدەگا تێیدا فەرمانی پێکراوە بچێت بۆ ڕۆژئاوای “ئێدۆم(٣)”، بۆ بەردەم ئیمپراتۆر دیۆکلێتیانوس(٤) ـ کە دەچێت لەوێ بە سەرسوڕمانێکی گەورەوە دەیناسێتەوە… شوانی بەرازەکان بووەتە پاشا! پاشا وادیارە ڕێزێکی گەورەی لێدەنێ. بە گەیشتنی ڕابی، پاشا فەرمان دەدا گەرماوێک ئامادە بکەن تا خۆی لە تۆز و چڵکی سەفەر پاک بکاتەوە. کێشە ئەوەیە پاشا فێڵزانانە بەمەبەست ڕۆژی هەینی هەڵبژاردووە تا بێت بۆ کۆشک، ڕێک پێش “شابات”(٥) سەرەڕای ئەوە، ئاوی بانیۆکە هێند گەرمە، کە دەچێتە ناوی ئەگەر فریشتەیەک لەلایەن خوداوە نەدەهاتە فریای و کۆڵێک ئاوی ساردی پێدا نەدەکرد، دەستبەجێ بە ئاوە کوڵاوەکە دەسووتا و دەمرد. کاتێک ڕابی، کە فریشتەکە لەمردن ڕزگاری دەکات، دێتەوە بەردەم پاشا، کۆنە شوانی بەرازان پێی دەڵێ : “لەبەر ئەوەی خوداکەتان پەڕجوو (موعجیزە)تان نیشان دەدات، ڕێ بە خۆتان دەدەن گاڵتە بە ئیمپراتۆر بکەن؟”
ئەم چیرۆکە وێناکارییەک و مێتافۆرێکی جوانی ئەمریکای ئەمڕۆیە، کاتێک وەک لە ئێدۆن ڕوویدا، پووچگەرایی (نیهیلیزم) سەردەستە و وادەکا شوانێکی بەرازان ببێتە پاشا. ئەم بەسەرهاتە نموونەیەکی جوانی دانایی جوو دەردەخا کاتێک ڕابی وەڵامی پاشا دەداتەوە و دەڵێ : “ئێمە گاڵتەمان لەگەڵ دیوکلیسیانی شوانی بەرازان دەکرد، بەڵام سەر دادەنەوێنین بۆ ئیمپراتۆر دیوکلیسیان. بەمەرجێک وەک چۆن “سائول(٦)” کە پێش ئەوەی ببێتە پاشا ئاژەڵداری ماکەران بوو، پێگە و پیشەکەی وای لێکرد بگۆڕدرێت و ببێتە کەسێکی تر.” نموونەیەکی جوانیشە بەتایبەت بۆ گەرماو و دیاری ژەهراوی کە شوانێکی سووکایەتی پێکراوی بەرازان لەدەستی دێ بیانبەخشێ، کاتێک بڕیاری تۆڵەسەندنەوە دەدا. لەبەرامبەر ئەم بارودۆخەدا چ شتێک لەوە گرنگتر نییە کە ئاگاداری مەترسی تەڵەیەکی دووسەر بین. جووەکان دەبێ ئەوە لەبیرنەکەن و بزانن کە پێدەچێ ترەمپ بانگەوازەکانی خۆشەویستی زیاتر بکا، هەر ئەو شوانە خراپە دەمێنێتەوە کە ڕێزی تەنیا بۆ دەسەڵات، بۆ پارە، بۆ مەڕمەڕی ساختە و پەڕەزێڕی کۆشکەکانی هەیە. دەشبێ هۆشدار بن لەم سەردەمەی پۆپیولیزم لەهەوادایە، لەم ساتەوەختەدا کە بیر دووچاری هێرش دەبێتەوە و درۆکان لە هەموو شوێنێک دەڕوێن لەگەڵ بێڕێزی و لووتبەرزییەکی بێوێنەدا، لەم جیهانەدا کە چیدی باوەش بە هەموو گۆی زەویدا دەکا، کە پلوتۆکراتەکان (زێڕسالار)ە ئەمریکاییەکان تا دەگاتە ئامۆزا ئۆلیگارکە ڕووسەکانیان، شوانانی بەراز بێشەرمانە وێنەی درەختی ڕەچەڵەکیان بە سەر دەرگاکەی کۆشکە ئیمپراتۆرییەکانیاندا هەڵدەواسن، نەتەوە بچکۆلە جووەکە جێی نابێتەوە. هاوپەیمانیکردن لەگەڵ ئەمەدا خیانەتکردنە لە ئامانجەکانی خۆت. خۆی بدەیتە دەس نەک “پۆمپێ” یا “ئەردەشێر”، بەڵکو خۆت بدەیتە دەس دیۆکلیسیان، بەواتای ئەوە دێت کە خۆت لەدەست بدەیت. بۆ نەوەکانی گەلێک کە بەدرێژایی مێژوو خۆڕاگرییەکەی لە پەڕجووی ئەو بیرمەندییەوە هاتووە کە هەمیشە زیندووە و دەژێتەوە، هەر جۆر قوربانیدانێک بۆ باقوبریق، هەر جۆر دەستبەردانێک لەو تایبەتمەندییەی کە لە “ئەکیڤا”وە تا “کافکا” و لە “ڕاشی”یەوە تا “پروست” هەوێنی ئەو خۆڕاگرییە سەرسامکەرە بووە، هەموو سازشکارییەک، بەیەک وشە، بۆ پووچگەرایی ترەمپیانە، کارەساتئامێزترین جۆری خۆبەدەستەوەدان دەبێت و یەکسان دەبێ بە خۆکوژی.
——-
١.گێرشۆم شۆلێم: فەیلەسوف و مێژوونووسی جووی ئەڵمانی، ١٨٩٧ ـ ١٩٨٢.
٢.کیپا: ئەو کڵاوە ئاینییەیە، پیاوە جووەکان ڕۆژی شابات دەیکەنە سەر، پێیا نوایە کە تەوقەسەر نابێ خوا بیبینێت، ئەگینا بێڕێزییە بە خودا.
٣.ئێدۆم: شارێکی نزیک دەریای مردوو کە مەملەکەتێکی سەربەخۆ بووە لە کۆندا.
٤.دیۆکلێتیانوس: ئیمپراتۆری ڕۆمانی کە لە ٢٤٤ ز لەدایک بووە و ساڵی ٣١١ز کۆچی دوایی کردووە. ساڵی ٢٨٦ تا ٣٠٥ی زاینی ئیمپراتۆری رۆمانی بووە.
سەردەمی دیۆکلێتیانوس، لە ئیپراتۆری رۆمانیدا سەرەتای پەرەسەندنی ئاینی مەسیحیەت بووە. دیۆکلێتیانوس لە سەرەتای دەسەڵاتدارییەکەیدا لەگەڵ مەسیحییەکاندا زۆر لێبوردەبوو ، بەڵام دواتر زۆربەیان کۆمەڵکوژ کرد.
٥.شابات ڕۆژی هەینی جووەکانە. لەو ڕۆژەدا بۆیان نییە خۆیان بشۆن یا ماسی و گۆشت بخۆن یا ئاگر بکەنەوە لەماڵدا. پاشا ئەو ڕۆژە بانگی ڕابی کردووە تا تووشی کفرکردنی بکات.
٦. سائول. بەپێی تەورات یەکەمین پاشای جووەکان.

وەرگێڕانی: سەرکاو گۆرانی

تایبەتمەندییەکان: بابەتی هەڵبژاردە

زیادکردنی وەڵام