دواى نیوەڕۆى ئەمڕۆ سێشەممە، شاندێکى بزوتنەوەى گۆڕان بە سەرۆکایەتى رێکخەرى گشتى سەردانى بارەگاى مەکتەبى سیاسى یەکگرتوى ئیسلامیان کرد لە شارى سلێمانى و لەگەڵ ئەمیندارى گشتى ئەو حیزبە و شاندێکى یاوەرى کۆبونەوە.
دواى کۆبونەوە، هەریەکە رێکخەرى گشتى بزوتنەوەى گۆڕان و ئەمیندارى گشتى یەکگرتوى ئیسلامى لە کۆنگرەیەکى رۆژنامەوانیدا بۆ میدیاکاران دوان و تێیدا، نەوشیروان مستەفا، رایگەیاند: هەرێمی كوردستان بەقۆناغێكی هەستیار و ناسكدا تێپەڕ دەبێت، كۆمەڵێك كێشە و گیروگرفت توشی هەرێمی كوردستان بوە، لەوانە شەڕی داعش و قەیرانی دارایی و كۆمەڵێك گیروگرفتی تر، ئەم زنجیرە كۆبونەوانەش بۆ ئەوەیە ئەو گیروگرفتانە تاوتوێ بكرێت و چارەسەری بۆ بدۆزرێتەوە، هەوڵ بدەین لەسەر ئاستی حكومەت و پەرلەمان و حكومەتی عێراقی و ئاستی ناوچەكە و جیهان، جۆرێك لەتێگەیشتنی هاوبەشمان هەبێت بۆ كێشەكان، ئەمەش سەرەتایەكە بۆ زنجیرەیەك كۆبونەوەی تر.
ئاماژەى بەوەشکرد؛ لە كۆبونەوەکەدا باسیش لە پرسی سەرۆكایەتی هەرێم و دەستور کراوە، بەڵام جەختى لەوە کردەوە کە “هێشتا هەمو لایەنێك وەكو پێویست بیروبۆچونەكانی خۆیان دەربارەی ئەو بابەتە گەڵاڵە نەكردوە” ئەوەشى دوپات کردەوە کە ئەو لایەنانەى پێشتر ئۆپۆزسیۆن بون، پاکێجى چاکسازیان پێشکەشکردوە و ئێستاش پابەندن پێوەى و وتیشى: “بەشێك لەكۆبونەوەكانیش بۆ هەڵسەنگاندنی ئەوەیە ئەو سێ لایەنەی پێشتر ئۆپۆزسیۆن بون و ئێستا لەحكومەتدا بەشداریمان كردوە، تا چ ئەندازەیەك توانیومانە كاریگەریمان هەبێت لەسەر چاكسازی و كاروبارەكانی حكومەت”.
لاى خۆشیەوە محەمەد فەرەج، وتى: “پێویستە هەمو لایەنەكان بابەتی دەستور بەهەند وەربگرن، ئەمەش كارێكی پەرلەمانیە، بەڵام پێویستی بەسازانێك هەیە، ئەم لایەنانە رێك بكەون لەسەر ئەو گۆڕانكاریانەی كەپێویستە لەدەستوردا بكرێت، ئەو پێنج لایەنەى کە بەشێكین لەدەسەڵات لەهەرێمی كوردستاندا، پێویستە قسەیان هەبێت و پێویستە حزبەكانی تریش قسەی خۆیان هەبێت، چونکە دەستور پرسێكی نیشتمانیە”.
ئەوە لەکاتێکدایە کە سەر لە بەیانى ئەمڕۆ شاندێکى مەکتەبى سیاسیى پارتى دیموکراتى کوردستان سەردانى مەکۆى سەرەکى بزوتنەوەى گۆڕانیان کرد لە شارى سلێمانى و لەگەڵ رێکخەرى گشتى بزوتنەوەى گۆڕان کۆبونەوە و دواتر تەوەرى گفتوگۆى نێوانیان بۆ رۆژنامەنوسان خستەڕو.
تایبەتمەندییەکان: هەواڵەکان

زیادکردنی وەڵام