ئەندامانی ئەنجومەنی دیموکراتی فیدراڵی، لە نوسینەوەی کۆتایی دەستوری سیستمەکەیان نزیک دەبنەوە و کاری ئەنجومەنی کانتۆنەکان و دەستەکانی جێبەجێکار و سیستمی هەرێمەکە و ماف و دەسەڵاتەکانی هەرێمەکەیان و ئەنجومەنەکانی گەل بە یاسا رێکدەخەن.

ماوەی سێ رۆژە ئەندامانی ئەنجومەنی فیدراڵی سوریا کە لە (151) کەس پێکهاتون گفتوگۆکانیان لە شارۆچکەی رمێلانی کانتۆنی جزیرە چڕکردوەتەوە بۆ ئامادەکردنی دوا رەشنوسی گرێبەستی کۆمەڵایەتی (دەستوری هەرێمەکە) و تائێستا دەنگ لەسەر ناوی سیستمەکە دراوە و بەناوی (فیدراڵی باکوری سوریا) جێگیرکراوە و بەندەکانی تایبەت بە سیستمی هەرێمەکە و کارکردنی ئەنجومەنی کانتۆنەکان و دەستەکانی جێبەجێکاری کانتۆنەکان و ماف و دەسەڵاتەکانی هەرێم و ئەنجومەنی گەل لە هەرێمەکەدا پەسەندکراون.

رۆژنامەی شەرقولئەوسەت لەسەر زاری هەدیە یوسف، هاوسەرۆکی ئەنجومەنی فیدراڵی رۆژئاوای کوردستانەوە بڵاوی کردەوە؛ (30) حیزبی کوردی و عەرەبی و ئاشوری و کلدانی و تورکمانی کە نوێنەرایەتی سەرجەم پێکهاتەکانی سوریا دەکەن بەشدارن لە گفتوگۆکان، ئەو کارەیان هەنگاوێکی ئامادەکارییە پێش دەست پێکردنی گفتۆگۆکانی کازاخستان و دوای ئامادەکردنی گرێبەستی کۆمەڵایەتی سەرجەم ئەو ناوچانەی کە لە ژێر کۆنترۆڵی هێزەکانی سوریای دیموکراتدان لە دێرک و کۆبانی تا عەفرین و سیرین و مەنبەج و شەدادی و رققە- پاش ئازادکردنی، پابەندی جێبەجێکردنی دەبن.

هاوکات نەسرەدین ئیبراهیم، کەسایەتی سیاسی کورد و بەشدار لە گفتوگۆکانی نوسینەوەی دەستوری هەرێمی باکوری سوریا بە رۆژنامەکەی راگەیاندوە: لە کۆبونەوەکاندا (12) پارتی کوردی ناڕازی بون بە لابردنی وشەی (رۆژئاوا) لە ناوهێنانی سیستمی فیدراڵی باکوری سوریا، بەڵام دواتر بە زۆرینەی دەنگی ئەندامانی ئەنجومەن ناوەکە پەسەند کراوە.

رۆژنامەی شەرقولئەوسەت، سەبارەت بە پرسی نوسینەوەی دەستوری رۆژئاوای کوردستان (هەرێمی باکوری سوریا) نوسیویەتی ئەو هەنگاوەی پارتەکانی ئەو بەشەی سوریا کە لە ساڵی (2011)ەوە ناوچەکانی خۆیان بەڕێوەدەبەن، هەنگاوێکی پێشوەختەیە بۆ خۆئامادەکردن بۆ قۆناغی داهاتوی سوریا و کوردانی رۆژئاوا و پارتە هاوپەیمانەکانیان دەیانەوێت سیاسەتی “ئەمری واقیع” لەناوچەیە جیبەجێ بکەن بۆ ئەوەی لەکاتی دانوستانەکاندا بە هێزەوە مامەڵە بکەن و دۆخی ناوچەکانی خۆیان وەک سیستمێکی خۆبەڕێوەبەری دیموکراتی بچەسپێنن لە ئایندەی سوریادا.

تایبەتمەندییەکان: هەواڵەکان

زیادکردنی وەڵام