ژماره‌یه‌ك ئه‌ندامی‌ ئه‌نجومه‌نی‌ پیرانی‌ ئه‌مەریكا داوا ده‌كه‌ن به‌هۆی‌ ده‌ستوه‌ردان له‌ هه‌ڵبژاردنه‌كان سزای‌ سه‌رۆك‌ و حكومه‌تی‌ روسیا بدرێت، مۆسكۆش هه‌ڕه‌شه‌ی‌ وه‌ڵامدانه‌وه‌ ده‌كات.

ئاژانسی‌ هه‌واڵی‌ رۆیته‌رز بڵاوی كرده‌وه‌، چه‌ند ئه‌ندامێكی‌ دیاری‌ ئه‌نجومه‌نی‌ پیرانی‌ ئه‌مەریكا داوایان كردوه‌ له‌بواری‌ ئابوری‌ و دیپلۆماسیدا سزای‌ حكومه‌ت ‌و سه‌رۆكی‌ روسیا بدرێت.

ئه‌ندامانی‌ ئه‌نجومه‌نی‌ پیران باسیان له‌وه‌ كردوه‌، ده‌ستوه‌ردانی‌ حكومه‌ت‌ و سه‌رۆكی‌ روسیا له‌ هه‌ڵبژاردنه‌كانی‌ مانگی‌ رابردو، پێچه‌وانه‌ی‌ یاسا‌ و رێسا‌ و عورفی‌ نێوده‌وڵه‌تییه‌، بۆیه‌ پێویسته‌ سزا بدرێن‌ و هه‌ڵوێستی‌ جدییان له‌ به‌رامبه‌ر بگیرێته‌به‌ر.

هه‌رچه‌نده‌ دۆناڵد تره‌مپ ره‌تی كردۆته‌وه‌، ڤلادیمێر پۆتن‌ و حكومه‌تی‌ روسیا هاوكارییان كردبێت له‌ هه‌ڵبژاردنه‌كاندا، به‌ڵام چاوه‌ڕوان ده‌كرێت باراك ئۆباما پێش به‌جێهیشتنی‌ كورسییه‌كه‌ی‌، بڕیار له‌سه‌ر سزادانی‌ روسیا‌ و پۆتن بدات.

له‌ به‌رامبه‌ردا حكومه‌تی‌ مۆسكۆ رایگه‌یاندوه‌، وه‌ڵامیان بۆ هه‌ر هه‌ڵوێست‌ و بڕیارێك ده‌بێت، كه‌ له‌لایه‌ن واشنتۆنه‌وه‌ له‌ دژی‌ سه‌رۆك‌ و حكومه‌تی‌ روسیا ده‌ربچێت.

ماریا زاخارۆڤا وته‌بێژی‌ وه‌زاره‌تی‌ ده‌ره‌وه‌ی‌ روسیا باسی‌ له‌وه‌ كردوه‌، پۆتن‌ و كرملین هیچ په‌یوه‌ندییه‌كیان به‌ هه‌ڵبژاردنه‌ سه‌رۆكایه‌تییه‌كه‌ی‌ ئه‌مریكاوه‌ نییه‌.

تایبەتمەندییەکان: هەواڵەکان

زیادکردنی وەڵام