دوای کودەتاکەی پارتی دژی پەرلەمان و حکومەت و بێمنەتی و نیشاندانی عەنتەریاتی خۆی ، تاوانێکی گەورەی ئەو چوار حزبە ئەوە بوو ، چوارچێوەیەکی بەناو قانونیان بۆ پارتی لەبەردەم ڕای نێودەوڵەتی و هەرێمایەتی وعێراقی هێشتەوە کە ناوی(حکومەتی هەرێمی کوردستانە)، لەبری ئەوەی کاربکەن بۆ هەڵوەشاندنەوەی ئەم کابینەیە ، هەر چواریان بە گۆڕانیشەوە کەوتنە سیاسەتکردنێکی هەڵە و کورتبینانە لەگەڵ ئەو هەنگاوە مەترسیدارەی پارتیدا و لەو کاتەشەوە پارتی بە ناوی ئەو حکومەتە ناشەرعیەوە هەر خۆی کوێخایە، بێ ئەوەی بچوکترین حساب بۆ ئەو حزبانە بکات،یاری حزبیی و شەخصی و بنەماڵەیی خوێدەکات. بڕوانن بەناوی ئەو حکومەتەوە ، پارتی دژی بەغداد و یاسای بودجە قسە دەکات. پارتی، بە ناوی ئەو حکومەتەوە نەوت و کانە نەوت و خاکی کوردستان هەڕاج دەکات . پارتی، بەناوی ئەو حکومەتەوە هێزی تورکیا ئەهێنێت، چوارچێوی ئەو حکومەتە ناشەرعیە نەبێت پارتی، یاخود ڕاستتر بڵێین باوک و کوڕ و برازا، ڕۆژانە پێشوازی سەفیر و نوێنەری وڵاتان بۆ خۆیان قۆرغ ناکەن ، بۆتاکە یەکجار ئەو چوار حزبە ناڵێن ئاخر ئەگەر بڕیارە حکومەتی ئێمەش بێت ئەو هەموو تاکڕەوییە چیە؟ . پرسیارێکی ڕەوا لەو چوار حزبە ئەوەیە ، کاتێک نێچیرڤان بارزانی دژی بونی پەکەکە لە شەنگال قسە دەکات و هەڕەشە دەکات و تەپڵی شەڕ دەکوتێت، وەک سەرۆکی ئەو حکومەت و چوارچێوە قانونیەی ئێوە پێتان بەخشیوە قسە دەکات یان وەک جێگری مامی و سەرۆکی پارتی ؟! گرفتی پارتی لەگەڵ پەکەکە لەو ناوچەیە چەندین ئاستی هەیە ، هەر کلکایەتی تورکیا و شەڕێکی کرێگرتەیی نیە ، بەڵکو شەڕی نفوز و باڵادەستی خۆشیەتی جارێکی تر لەو ناوچەیە و تا لەوێشەوە بتوانێ دژ بە ئەزمونی کوردانی خۆرئاوا چی پێدەکرێ بیکا ، جیا لەوەی خەون و ئەجێندای تری بۆ نفوزی خۆی لە هەڵبژاردنەکانی داهاتوی عێراقدا هەیە و سەوداومامەڵەی تایبەتیشی لەگەڵ پێکهاتەکانی ئەو سنورە لە ئەجێندادا هەیە،بەتایبەت لەگەڵ بنەماڵەی نوجەیفیی. بۆ په‌كه‌كه جیا لە هەوڵدان بۆ پاراستنی کانتۆنەکانی خۆرئاوا،‌ بایەخی جێۆپۆلەتێکی شەنگال بۆ ئەوان ئەوەیە لەلایەکەوە ده‌روازیه‌ به‌ رووی رۆژئاوادا و دەشی بەستێتەوە بە قه‌ندیل و باكورەوە‌ کە ئامانجێکی گرنگ و لە مێژینەی خەباتی پەکەکەیە وەک حزبێکی خاوەن ستراتیژ ، کە باس لەوە دەکەم پەکەکە خاوەن ستراتیژە ڕاستیەکی بێ چەندوچونە و وەنەبێ سەرنج و ڕەخنەم لە زۆر ئاستی سیاسی و دونیابینی ئەو هێزە نەبێت، لێ بەراورد بە حزبە بێ ڕوئیا و ناستراتیژەکانی تری کوردستان پەکەکە وجود و جوڵەی شتێکی ترە. لە دۆخێکی ئاڵۆسکاوی ئاوادا کە ئەمریکا لەسەر شەنگال و بونی پەکەکە هاتۆتە دەنگ ، وا کێشەکە بۆتە جێگەی بایەخی زلهێزانی وەک روسیا و وڵاتانی تر مەعقولە ئەو بە ناو حزبە کوردیانەی بەشدارن لە حکومەت ، حەرفێک ، قسەیەک و تعلیقێکیان نیە نە لەسەر ڕوداوەکان و نە لەسەر لێدوانەکانی نێچرڤان بارزانی؟! گریمان ململانێکە لە نێوان پارتی و پەکەکەیە و ئەو حزبانە کراونەتەدەرەوە و چیتر ڕەقەمی ناو ئەو یاریانە نین و لە تەماشاکارێک زیاتر نین ، ئێ لانیکەم با بزانین وەک هاندەر ئەوان لەگەڵ کاملان ؟ ئێ ئاخر سەرۆکی حکومەتە کودەتا بەسەرداکروەکەتان بەناوی هەموتانەوە ئەجێندا بۆ پیلانێک ڕادەگەیەنێت ، کە پەیوەستە بە شەری ناوخۆوە ، پەیوەستە بە دژایەتی خەباتی پارچەکانی ترەوە ،ژیانی چەندەها تاکی کورد ، پێشمەرگەی کورد و گەریلای کورد لە مەترسیدایە، چۆن و بۆ و لەبەر چی هیچ ناڵێن ؟ لە دۆخێکی گەرم و هەستیاری وەهادا ، بێدەنگی نەک نیشانەی ڕازیبون و شەرم و شورەییە ، بەڵکو خیانەتێکی گەورە گەورەی مێژوییە.

تایبەتمەندییەکان: بابەتی هەڵبژاردە

زیادکردنی وەڵام