ئەگەر حكومەتی هەرێمی كوردستان رێككەوتنە 50 ساڵییەكەی لەگەڵ توركیادا جێبەجێ بكات، تا ساڵی 2045 رێژەی 95%ی نەوتی یەدەگی هەرێم لەدەستدەدات.

هەرێمی كوردستان كە خاوەنی (45 ملیار) بەرمیل نەوتی یەدەگە، دوای ئەو شكستەی وەزارەتی سامانە سروشتییەكان بەسەر حكومەت‌و خەڵكی هەرێمدا هێنای، ئەگەر حكومەت تا دوێنێ بە تانكەرو بە بەرمیل‌و نەوتی ئاودیو كردبێت، ئەوا ئەمڕۆ بە خاك‌و ئاوەكەیەوە هەرزانفرۆش‌و تاڵانفرۆشی دەكات.

ئاشتی هەورامی وەزیری سامانە سروشتییەكان لە بەشێكی نامە ئەلیكترۆنییەكانیدا بۆ وەزیری وزەی توركیا دەڵێت” متمانەم بەم رێگەی پەیوەندیكردنە نییە، تكایە كاتێك ئیمەیڵەكان دەگات، لای خۆتان بیسڕنەوە بۆ ئەوەی بڵاو نەبێتەوە”، هەمو مەبەستەكە ئەوەیە، كە چۆن‌و بە چی رێگەیەك سامانی سەر زەوی‌و ژێرزەوی هەرزانفرۆش بكات.

سۆران عومەر عەلی حەمەساڵح دو پەرلەمانتارن كە شەو و رۆژ سەرقاڵی ژمارەو حساب‌و كیتابی ئاشتی هەورامین.

سۆران عومەر دەڵێت” ئەگەر ئەم رێككەوتنە سەر بگرێت، ئەوا هەرێمی كوردستان تا ساڵی 2045 رێژەی 95%ی یەدەگی نەوت لەدەستدەدات”.

ئەو كێڵگانەی نەوت كە ئاشتی هەورامی بەنیازە لەبەرامبەر (5) ملیار دۆلار قەرزدا بیاندات بە توركیا بریتین لە كێلگەكانی (تاوكێ- خورمەڵە- تەقتەق- شێخان-میران- بنەباوێ).

یەدەكی نەوت لەو كێڵگانەی بڕیار بو بدرێن بە توركیا:

• كێڵگەی تاوكێ یەدەگی نەوتی (622 ملیۆن) بەرمیلەو بەرهەمی رۆژانەی (115 هەزار) بەرمیلە.
• كێڵگەی تەقتەق (197 ملیۆن) بەرمیل نەوتی یەدەگی هەیەو (85 هەزار) بەرمیل نەوت بەرهەمی رۆژانەیەتی.
• كێڵگەی شێخان یەدەگی نەوتی (504 ملیۆن) بەرمیلە‌و بەرهەمی رۆژانەی (35 هەزار) بەرمیلە.
• كۆی یەدەگی نەوت لەم سێ كیڵگەیەدا (3 ملیارو 526 ملیۆن) بەرمیل نەوتە.
• كۆی بەرهەمی ئەم سێ كێلگەیە لە رۆژێكدا (335 هەزار) بەرمیل نەوتە.

روقایمی وەزیری سامانە سروشتییەكان لەم پێشبینیانەدا دەردەكەوێت كە لە رێككەوتنەكەدا كردونی بۆ نرخی نەوت، پێشبینییەكانی نرخی نەوت لە گرێبەستە 50 ساڵییەكەی نێوان هەرێم‌و توركیا بەم شێوەیەیە:
• ساڵی 2016 نرخی یەك بەرمیل نەوت بە (43.9) دۆلار خەمڵینراوە.
• ساڵی 2017 نرخی یەك بەرمیل نەوت بە (56.3) دۆلار خەمڵینراوە.
• ساڵی 2018 نرخی یەك بەرمیل نەوت بە (65) دۆلار خەمڵێنراوە.
• ساڵی 2019 نرخی یەك بەرمیل نەوت بە (72.5) دۆلار خەمڵینراوە.
• بۆ ساڵی 2020 تا ساڵی 2024 نرخی یەك بەرمیل نەوت بە (80) دۆلار خەمڵێنراوە.

هەر بەپێی ئەو زانیارییانەی لەدوای ئاشكراكردنی فرۆشتنی پشكی كێڵگە نەوتییەكانی هەرێم بە توركیادا بڵاوكراونەتەوە، زۆر بڕگەو مادەی تێدایە كە وەك غەدرێكی گەورە لەسەر فرۆشی هەرێم حساب دەكرێت بەنمونە: ” هەر بەرمیلە نەوتێك ئەگەر لە بۆری عێراق- جیهانەوە بڕوات (دۆلارو نیوێك)ی بۆ توركیا دەبێت، بەڵام ئەگەر هەرێم هەناردەی نەوتی لە كوردستان بۆ بەندەری جیهانەوە بو، بۆ هەر بەرمیلێك نەوت (3 دۆلارو نیو)ی بۆ  توركیا دەبێت”.

ئەمە مشتێكە لە خەرواری ئەو گەندەڵی‌و بەهەدەردانەی كە بە نەوت‌و سامانی سروشتی ئەم وڵاتەوە دەكرێت.

 

تایبەتمەندییەکان: هەواڵەکان

زیادکردنی وەڵام