تیم کوک سەرۆک کۆمپانیاى ئەپڵ لە چاوپێکەوتنێکیدا لەگەڵ گۆڤارى فۆرچنى ئەمریکى ڕایگەیاندووە: هەموو سامانەکەى بۆ کاروبارى خێرخوازى خەرج دەکات.

وەک گۆڤارى فۆرچنى ئەمریکى بڵایکردووەتەوە: تیم کوک سەرۆکى کۆمپانیاى ئەپڵ سامانەکەى بۆ پێشگرتن لە بڵاوبوونەوەى نەخۆشیى ئایدز، داکۆکیکردن لە مافەکانى مرۆڤ و هەروەها هەوڵەکان بۆ ئەنجامدانى چاکسازى لە یاساکانى کۆچ و کۆچبەریى ویلایەتە یەکگرتووەکانى ئەمریکا خەرج دەکات.

کوک ئەوەشى بە گۆڤارەکە وتووە “تەنها ئەو بڕە پارەیە لە لاى خۆى دەهێڵێتەوە، کە بۆ خوێندنى خزمێکى تەمەن ١٠ ساڵانى خۆى، دایناوە”.

تیم کوک لە تشرینى دووەمى ساڵى ١٩٦٠ لە ویلایەتى ئالاباماى ئەمریکا لە دایکبووە. لە زانکۆى دوک بەڕێوەبەریى بازاڕ و کارى خوێندووە. هەروەها لە زانکۆى ئاوبرن ئەندازیارى پیشەسازیى تەواو کردووە.

کوک لە ساڵى ١٩٩٨ لە کۆمپانیاى ئەپڵ دەستى بەکار کردووە. لە ٢٤ى ئابى ٢٠١١ بووە بە سەرۆکى کۆمپانیاى ئەپڵ.

گۆڤارى تایم لە ساڵى ٢٠١٢ دا تیم کوکى، بە یەکێک لە ١٠٠ کەسایەتییە کاریگەرەکانى جیهان دەستنیشان کردبوو.

کۆمپانیاى ئەپڵ لە ساڵى ١٩٧١ لە ویلایەتە یەکگرتووەکانى ئەمریکا دامەزراوە. ئەپڵ لە ساڵى ١٩٧٧دا یەکەم کۆمپیۆتەرى دیسک تۆپى دروستکرد. ئەپڵ لە ساڵى ١٩٩١ یەکەم کۆمپیۆتەرى لایپتۆپی دروستکرد. ئایپاد و ئایفۆن دوور بەرهەمى دیکەى کۆمپانیاى ئەپڵن.

کۆیى دارایییەکانى کۆمپانیاى ئەپڵ بە زیاتر لە ٢٠٧ ملیار دۆلار مەزەندە دەکرێت. کۆمپانیاى ئەپڵ نزیکەى ٨٠ هەزار فەرمانبەرى لە سەرتاسەرى جیهاندا هەیە.

ئەوەش لەکاتێکدایە کۆمپانیاى ئەپڵ بە پێشێلکردنى مافى فەرمانبەر و کرێکارەکانى تۆمەتبار دەکرێت. لە ساڵى ٢٠١٠ ١٦ فەرمانبەرى کۆمپانیاى ئەپڵ بەهۆى گوشارى کارەوە خۆیان کوشتووە. ئاماژە بەوە دەکرێت شفتى کارکردن لە هەندێک لە لقەکانى کۆمپانیاى ئەپڵ لە ١٢ کاتژمێرەوە بۆ ١٨ کاتژمێرە. هەروەها لە کۆمپانیاى ئەپڵ کاریش بە کەسانى تەمەن خوار ١٨ ساڵەوە دەکرێت.

تایبەتمەندییەکان: کۆمەڵایەتی

زیادکردنی وەڵام