ئەرکێکی گرنگی سەرشانی ئێمە وەک پەرلەمانتارانی کورد لە عێراق ئەوەیە کار بکەین بۆ هەڵوەشاندنەوەی ئەو ئیتیفاقییە نەوتییە حزبییە، بنەماڵەییەی پارتیی کە لەگەڵ تورکیای ئەردۆغانییدا کردویەتی، گرینگە پەرلەمانی عێراق و حکومەتی ئیتحادیی و مەحکەمەی ئیتحادییش بھێنینە سەر خەت. بۆ ئەم هەوڵە چەند کێشەیەک هەیە کە مایەی تێڕامان و قسە لەسەرکردنی جددیە: یەک. ڕێکەوتنی نەوتی پەنجا ساڵەی نێوان پارتیی و تورکیا، نەک بەفیلتەری پەرلەمان و دامەزراوەکاندا تێنەپەڕیوە، بەڵکو پرس بە هیچ حزب و لایەنێک، بە یەکێتییشەوە کە شەریکی سەرەکی پارتییە، نەکراوە… کەچی لێی بێدەنگن و گومان دەکەم پشتیوانیی هەوڵێکی لەو شێوەیە بن کە لە ڕێگای دەوڵەتی عێراقەوە کار بۆ پەکخستنی بکەین. دوو. لە بێدەنگیی وبێهەڵوێستییدا لە دژ ئەو ڕێکەوتنە نەوتییە کە دەرکەوتوە نەک نەوت بەڵکو کانەکانی نەوت وخاکەکەشی هەڕاج کراوە، وایلێهاتوە پارتیی تەحەکوم بە نەوتی هەرێم و ناوچە جێناکۆکەکانیشەوە دەکات و ئەوەش بووەتە مایەی نەهامەتیی و بێ موچەیی خەڵک، بێگوێدانە ژیانی خەڵک پارتی سورە لە سەر درێژەپێدانی ئەم سیاسەتە مەترسیدارەی خۆی و چوار حزبەکەی تریش سوورن لەسەر سیاسەتی لێقبوڵکردن و بێدەنگبوون! ئایا ئەو بێدەنگیی وکەساسییە لەو جێگایەوەیە کە باوەڕیان بە مەهزەلەی ئابووریی سەربەخۆ و فریودانە سیاسیی و ئابوورییەکانی کوردایەتیی و درۆی بەرەو بە دەوڵەتبوون هێناوە، بۆیە وا لەسەر حسابی موچە و ژیان و ئایندەی ئەو خەڵکە ، قبوڵی ئەو عەنتەرییاتە سیاسییەی پارتی دەکەن؟ یان هەر ئەوەیە بەشێکی زۆریان جا وەک حزب یا تاک کەس لەم تاڵانییە و چەتەگەرییەدا، ڕاستەوخۆ یا ناڕاستەوخۆ بەشدارن؟ بەڕای من هەر هێزێک، هەر حزب و لایەنێک، هەر پەرلەمانتارێک پشتیوانی فرۆشتنی نەوت بەو میکانیزمانەی کوردایەتیی و مەهزەلەکەی” ئابووریی سەربەخۆ” واتا ڕاستەوخۆ فرۆشتنی نەوت بکات، بەشداری دەکات لە کۆمەڵێک تاوانی گەورەدا، وەکو تاوانی بەکاهێنانی داهاتی ئەو نەوتە بۆ چەسپاندنی حوکمی بنەماڵەیی ، بەشدارە لە تاوانی بەکاهێنانی داهاتی ئەو نەوتە بۆ دامەزراندنی دامودەزگا و ماشێنی گەورەی مێدیایی( شەخصیی و حیزبیی)، دەوڵەمەندبوونی دەیان نەوەی سەردارەکانی کوردایەتیی و هەژاربوونی هەرچی زیاتری کۆمەڵگە، هەموو ئەمانەش بۆ گەوجاندنی کۆمەڵگە و داگیرکردنی فەزای گشتیی بەدرۆ و دەلەسەی نەژادیی، کە بێگومان هەموو ئەوانە دەچنە خانەی تاوانی گەورە دەرحەق بە نیشتمان. بێدەنگبون و قبوڵکردنی مانەوەی مەلەفی نەوت بەو شێوەیەی ئێستا ، بەشداریکردنە لەو تاوانە گەورەیەدا کە دابینکردنی چەندین میلیارد دۆلاری زیاترە بۆ مافیاکانی نەوت کە دەتوانن شەڕی هێزە کوردستانییەکانی تری پێبکەن،رێگریی بۆ پارچەکانی تر دروست بکەن. مایەی نیگەرانیی بوو کە پاش دوا کۆبونەوەیان لەگەڵ حکومەتە ناشەرعییە، ڕەیعییەکەی پارتیی لە هەولێر، لە هەندێ لە هاوپیشەکانمم بیست، حکومەتی هەرێم ئەگەر یەک دولار زیاتری دەست بکەوێت یان بە پێچەوانەوە دەستی نەکەوێت، ئەوە لەڕێگای بەغدادەوە دەیفرۆشێت یا نایفرۆشێت،واتا ئاساییە پارتی لەسەر سیاسەتی فرۆشتنی نەوت بە ڕاستەوخۆ بەردەوام بێت؟! ئەو تەصەورە بەپلەی یەکەم دەرکپێنەکردنی مەترسییەکانی سیاسەتی تاڵانیی نەوتە، ئەگەر ھەرکەسێک لەباری فیکریی و سیاسییەوە نەختێک ھۆشیار بێت، ئەوا ھەرگیز ڕێگە بەو سیاسەتە نادات کە سوپەرمان و مافیاکانی کوردایەتی پەیڕەوی دەکەن. هەروەک لە زۆر جێگای تردا وتومە نەوتی کوردستان بسوتێت، بخرێتە دەریاوە، باشترە لەوەی بچێته گیرفانی گرووپێکەوە کە ئێستا و ئاییندەی ئەم نیشتیمانەی پێ وێران بکەن و نەوەکانی ئاییندەش، هەموومان بە لەعنەت بکەن. ئایا، هێندە بەس نییە کە پاش ئەو هەموو ساڵە لە فرۆشتنی نەوت، نەتیجەکەی ئەوەیە کە باوکسالارەکانی کوردایەتیی پێماندەڵێن هەرێم بە ملیاردەھا دۆلار قەرزارە وەک ئەوەی نەوتمان کڕی بێت نەک فرۆشتبێ ؟! کەی لەو ڕاستییە سادەیە تێدەگەین کە تاکە چارەسەر سنوودارکردنی ئەوتاڵانییەی مافییاکانی نەوتی هەرێمی کوردستانی عێراقە لە ژێر ناوی ئابووریی سەربەخۆدا؟ وەک پەشیمانبونەوە و هاتنەدواوە لە یاساکەی بودجە، دڵنیام لە پرسی هەوڵدان بۆ هەڵوەشاندنەوەی گرێبەستی نەوتیی نێوان پارتیی و ئەردۆغان زۆرنابین ئەوانەی پشتیوانی هەوڵێکی لەو شێوەیە دەکەن، بەڵام ئەرکێکە و ڕاکردن لێی نەک ترسنۆکی و تاوانە، بەڵکو ئەرکێکی نەتەوەییە کە نەهێڵێن ئەم نەوتەی هەرێمی کوردستان، دژ بە کێشەی سیاسیی گەلی کورد بەکارنەهێنرێت لە ئاستیی پارچەکانی تری کوردستاندا، هەروەها ئەرکێکی نیشتمانییە کە نەهێڵێن نەوەکانی ئێستا و ئاییندە، سەرگەردان بن لە پێناو دەوڵەمەندبوونی هەرچی زیاتری کۆمەڵێ مافیای کوردایەتییدا .لەم دیدەوە، لێسەندنەوەی ئەم دۆسیە گەورەیەی تاڵانیی و چەتەگەریی کە بەنەوتی کوردستانەوە دەکرێ، ئەرکێکی نیشتمانیی و نەتەوەییشە.

تایبەتمەندییەکان: وتارو بیروڕا

زیادکردنی وەڵام