بەهۆی ئەشکەنجەدانی زیندانیەکانەوە بڕیارە تیمێکی رێکخراوی نەتەوە یەکگرتوەکان بە مەبەستی لێکۆڵینەوە سەردانی تورکیا بکات.

سایتی (DW)ی ئەڵمانی بڵاوی کردەوە، بەهۆی ئەشکەنجەدانی ئەو کەسانەی بەهۆی هەوڵی کودەتاکەی (15) تەموزی رابردوەوە دەستگیرکراون، وەفدێکی رێکخراوی نەتەوە یەکگرتوەکان سەردانی ئەو وڵاتە دەکات و بڕیارە لەگەل ژمارەیەک زیندانیدا چاوپێکەوتن ئەنجام بدەن.

نوسینگەی نەتەوە یەکگرتوەکان لە ئەنکەرە رایگەیاند؛ نیلس مۆلتسێر نوێنەری تایبەتی ئەو رێکخراوەیە و رۆژی هەینی بە مەبەستی لێکۆڵینەوە لە ئەشکەنجەدانی زیندانیان لە تورکیا، چاوی بە ژمارەیەک زیندانی ئەو وڵاتە دەکەوێت و گفتوگۆیان لەگەڵ دەکات.

هەروەها رێکخراوی چاودێری مافەکانی مرۆڤ، حکومەتی تورکیای بە ئازار و ئەشکەنجەی زیندانیان تۆمەتبار کردوە و ئاشکرای کردوە، دوای هەوڵی کودەتاکە، دەسەڵاتدارانی تورکیا دەیان هەزار کەسیان دەستگیرکردوە و بەشێوەیەکی رێکخراو ئازار و ئەشکەنجەی جەستەیی و دەرونی دراون.

جگە لەوەش ئەوە بۆ یەکەمجارە پاش (18)ساڵ، نوێنەری تایبەتی نەتەوە یەکگرتوەکان بۆ مەبەستی لێکۆڵینەوە لە سەرپێچییەکانی مافی مرۆڤ و ئازار و ئەشکەنجەی زیندانیان رەوانەی تورکیا بکرێت.

بڕیارە پاش لێکۆڵینەوە و چاوپێکەوتن لەگەڵ زیندانیانی تورکیا، دۆسییە و دەرەنجامی لێکۆڵینەوەکان لە لایەن نیلس مۆلتسێری، نوێنەری نەتەوە یەکگرتوەکان رەوانەی ئەنجومەنی مافی مرۆڤی ئەو رێکخراوە بکرێت.

بەپێی ئامارەکان، دوای هەوڵی کودەتاکەی (15)ی تەموزی، نزیکەی (39) هەزار کەس بە تۆمەتی بەشداری لەو کودەتایەدا زیندانی کراون و بەشێکیش لەو تۆمەتبارانە لە کارەکانیان دورخراونەتەوە، بەڵام بەپێی زانیاری بەشێک لە دەزگا چاودێرییەکان، زیاتر لە (110) هەزار کەس بە تۆمەتی بەشداریی لە کودەتاکەدا لە لایەن حکومەتی ئەنکەرەوە سزا دراون بە گرتن و لەسەرکار لادان.

تایبەتمەندییەکان: هەواڵەکان

زیادکردنی وەڵام