دوای پێنج رۆژ لە دەستگیركردنیان، دادگای ئامەد بڕیاری زیندانیكردنی بۆ هاوسەرۆكانی شارەوانی ئامەد دەركردو رەوانەی زیندانێكی تاكەكەسی كران.

هەردو هاوسەرۆكی شارەوانی ئامەد، گوڵتان كشاناك‌و فورات ئانلی لەلایەن دادگای شاری ئامەدوە، بەتۆمەتی هاوكاریكردنی پارتی كرێكارانی كوردستان (پەكەكە) تۆمەتباركران‌و دادگا بڕیاری زیندانیكردنی بۆ دەركردن.

رۆژی 26ی ئەم مانگە لەلایەن هێزە ئەمنییەكانەوە گوڵتان كشاناك‌و فورات ئانلی دەستبەسەركران.

پارێزەرانی هەردو هاوسەرۆكی شارەوانی ئامەد رایانگەیاند: دوای بڕیارەكەی دادگا هەردو هاوسەرۆكی شارەوانی ئامەد، گواستراونەتەوە بۆ گرتوخانەی تاكەكەسی شاری كوجا عەلی، لە خۆرهەڵاتی شاری ئیستانبوڵی توركیا.

لە كاردانەوەی ئەو بڕیارەدا، سەزگین تانریك ئۆغڵو پەرلەمانتاری پارتی كۆماری گەل (جەهەپە) رایگەیاند، گرتنی هاوسەرۆكانی شارەوانی ئامەد، بەتەواوی سیاسییەو هیچ پەیوەندییەكی بە یاساو دادگاوە نیە.

لایخۆیەوە سەڵاحەدین دەمیرتاش هاوسەرۆكی پارتی دیموكراتی گەلان (هەدەپە) وتی: حكومەت دەیەوێت بە هێرشكردنە سەر پارتەكەمان، لە هەڵبژاردنی خۆجێیی‌و گشتی‌و ریفراندۆم‌و سەرۆكایەتیدا، بمانكاتە دەرەوە، بەڵام ئەگەر منیش دەستگیربكەن، خەڵكیان پێ بێدەنگ ناكرێت.

ئاماژەی بەوەكرد، ئێستا هەڵچون‌و توڕەیی جەماوەر، لە هەمو كاتێك زیاترە، هەر بۆیە رۆژانی سەخت چاوەڕێی توركیا دەكات.

لەلایەكی ترەوە (ئایلا ئاكاد ئاتا) پەرلەمانتاری (هەدەپە) كە بەمەبەستی خۆپیشاندان دژی زیندانیكردنی هاوسەرۆكانی شارەوانی ئامەد چو بوە بەردەم بینای شارەوانی شارەكە، دەستگیركراو رەوانەی زیندان كرا.

پرۆفایلی ئایلا ئاكاد ئاتا:

– ساڵی 1971 لە ئامەد لەدایكبوە
– دەرچوی كۆلێژی یاسای زانكۆی دیجلەیە
– ساڵی 1994 بوەتە بەرپرسی پارتی هادەپ لە ئامەد
– ساڵی 1995 لەسەر كاری سیاسی لەلایەن توركیاوە بۆ ماوەی دو ساڵ دەستگیركراوە
– ساڵی 2004 بوەتە سەرۆكی شارەوانی یەنی شەهیری ئامەد
– ساڵی 2007 بوە بە پەرلەمانتاری سەربەخۆی شاری باتمان
– ساڵی 2009 لەسەر دۆسیەیەی كەجەكە دەستگیركراوەتەوە
– ساڵی 2011 جارێكی تر بوەتەوە بە پەرلەمانتاری شاری باتمان
– ساڵی 2013 لەگەڵ ئەحمەد تورك سەردانی گرتوخانەی ئیمرالی كردوە
– دواین پۆستی وتەبێژی ژنانی ئازادی باكوری كوردستان بوە
– لە 26ی ئۆكتۆبەری ئەمساڵ بەتۆمەتی پەیوەندیی لەگەڵ پەكەكە لەلایەن توركیاوە دەستگیركراوەتەوە

لەبارەی هەڵمەتی داخستنی كەناڵەكوردییەكانیش لە توركیا، لە راگەیەندراوێكدا، دەستەی بەڕێوەبەری ناوەندی (هەدەپە) رایگەیاند، ئاژانسی هەواڵی دیجلەو ژنهاو ژمارەیەكی زۆر لە رۆژنامەو گۆڤارە كوردییەكانی توركیا، لە لایەن پارتی دادو گەشەپێدانی دەسەڵاتدار (ئاكەپە)وە داخراون‌و دەستیش بەسەر بیناكانیاندا گیراوە.

لە راگەیەندراوەكەدا هاتوە: حكومەتی ئاكەپە دەیەوێت بەو كارانەی، دەنگی ئازادو دەنگی كورد لە توركیا، كپ بكات، بەڵام دەنگی كورد كپ ناكرێت‌و وەك هەدەپە لەبەرامبەر رەفتارەكانی ئاكەپەدا سەر دانانەوێنن.. پێش ئەوەی دادگا هیچ بڕیارێك بدات، ئازادی راگەیاندن لە توركیا، پێشێلكراوەو جگە لەوە، رۆژانەش یاسا نێودەوڵەتییەكانی تر لە توركیا پێشێل دەكرێن.

تایبەتمەندییەکان: هەواڵەکان

زیادکردنی وەڵام