وەك ناڕەزایی لەبەرامبەر كوشتنی كاسبكارێكی ماسیفرۆش لەلایەن پۆلیسی مەغریبەوە، بە سەدان كەس لە هاوڵاتیان مەغریب لە شاری ریباتی پایتەخت رژانە سەر شەقامەكان.

لەچەند رۆژی رابردودا بەشێوەیەكی نامرۆڤانە هاوڵاتیەكی مەغریبی ماسیفرۆش لەلایەن هێزەكانی پۆلیسەوە دەستگیركراو دواتر خرایە ناو ئوتومبیلی خۆڵ‌و گیانی لەدەستدا، ئەوەش ناڕەزایی‌و توڕەبونی جەماوەریی لەو وڵاتە بەدوای خۆیدا هێنا.

بەگوێرەی قسەی میدیاكانی مەغریب، هێزەكانی پۆلیس دەستیانگرتوە بەسەر جۆرێكی تایبەت لە ماسی كە (موحسین فیكری)ی خاوەنی بوە، لەكاتێكدا كە راوكردنی ئەو جۆرە ماسییە قەدەغە بوە لەم وەرزەدا، خاوەنی ماسییەكانیش بەرەو ئەو ئوتومبێلی خۆڵە هەنگاوی ناوە، كە ماسییەكانیان تێدا فڕێداوە، پاشان لەناو ئوتومبیلەكەدا موحسین فیكریی ماسیفرۆش گیان لەدەستداوە.
لێدوان: خۆپیشاندەر
هاتوم بۆ ئێرە بۆ دەربڕینی پشتیوانی لەو پیاوەی كە كوژراوە و هەروەها بۆ دەربڕینی هاوخەمی بۆ سەرجەم خەڵكی مەغریب، لەبەرئەوەی ئەوەی كە بەسەر فیكری هاتوە، دەكرێ بەسەر هەر كەسێكدا ڕوبدات، نەك تەنها لە شاری حەسیمە، بەڵكو تەنانەت لە ڕیبات یاخود كازابلانكاش. دەسەڵاتداران بەشێوەیەكی دڕندانە مامەڵە لەگەڵ ئێمە دەكەن و توندوتیژن لەگەڵمان.

یەكێك لەو كەسانەی كە بەشداری خۆپیشاندانەكەی ئەمڕۆی كردبو وتی: بەلای منەوە، ئەوەی لە شاری حەسیمە رویداوە نەدەبو لە ساڵی 2016دا ئەم جۆرە لە كوشتنی خەڵكی لەلایەن پۆلیسەوە روبدات، باو و باپیرانمان بەكاریاندەهێنا، بەڵام ئێمە نابێ بەكاری بهێنین. ئێمە ناكرێت چیتر ئەم جۆرە مامەڵەیە قبوڵ بكەین.

خۆپیشاندەرێكی تر دەڵێت” هەمو جارێ ئەوان یەكێك لە ئێمە دەكوژن لەناو چینی هەژارترین خەڵكیدا لە وڵات. كوشتنی ئەو پیاوە بەو جۆرەی كە كردیان نایاساییە. دەسەڵاتداران هەمیشە بەروبومی سەرچاوە دەریاییەكان دەدزن بەشێوەی نایاسایی‌و كەسیش هیچ ناڵێت‌و روبەڕوی هیچ لێپرسینەوەیەكیش نابن. كوشتن هەمیشە روبەڕوی ئەو كەسانە دەبێتەوە كە زۆر كەمن، ئەوانیش كەسانی راستگۆن، هەرلەبەر ئەوەشە ئەمڕۆ لێرەم بۆ دەربڕینی ناڕەزایی.

عەبدوڵا لیفناتسا سەركردەیەكی رێكخراوەییە لە باڵی چەپەكان، ئەو رایگەیاند، خەڵك بەجددی خەمبارەو ناتوانن چیتر بەبێدەنگی بمێننەوە. لەماوەی 5 بۆ 6 ساڵی رابردودا، ژمارەیەكی زۆر لە خەڵكی وەك خوێندكارو كرێكارو چالاكوانان لەژێر ئەشكەنجەی توندی پۆلیسدا گیانیان لەدەستدا لەچوارچێوەی چالاكییەكانی 20ی شوبات. ئەمڕۆ لێرەین بۆ ئەوەی بڵێین چیتر ئەو كوشتنانە قبوڵ ناكەین.

ئەو روداوە هاوشێوەی روداوی خۆسوتاندنەكەی (محەمەد بو عەزیزی) دەستگێڕە تونسییەكەیە، كە لە ساڵی 2010دا پاش تێكشكاندنی عەرەبانەی دەستگێڕییەكەی لەلایەن پۆلیسەوە خۆی سوتاندو دواتر شۆڕشی “بەهاری عەرەبی” لێكەوتەوە.

گیانلەدەستدانی (فیكری) لە رۆژی هەینی لە شاری حەسیمەی مەغریب، ناڕەزایی توندی بەدوای خۆیدا هێناوە، بەتایبەت لە تۆڕە كۆمەڵایەتییەكان، محەمەدی شەشەم پادشای مەغریب داوای كردوە لێكۆڵینەوەی بەپەلە لە روداوەكە بكرێت.

تایبەتمەندییەکان: هەواڵەکان

زیادکردنی وەڵام