نوێنەری پەیەدە لە هەرێمی كوردستان رایدەگەیەنیت؛ هێزەكانی سوریای دیموكراتی، پێشەنگترین هێزن بۆ بەشداریكردن لە ئۆپەراسیۆنی رققە و ئەوەى مافى بەشداریکردنى نییە هێزەکانى تورکیایە.

غەریب حەسۆ، نوێنەری پەیەدە لە هەرێمی كوردستان، لەبارەى شەڕى ئازادکردنەوەى رققە و رۆڵى کورد تێیدا دەڵێت:”‌بۆ رزگاركردنەوەی موسڵ و رققە، دەبێت هێزە كوردییەكان رێكکەوتنی سیاسی‌ و سەربازییان هەبێت‌ و‌ هێزەكانی سوریای دیموكراتیش پێشەنگترین هێزن بۆ بەشداریكردن لە ئۆپەراسیۆنی کۆنتڕۆڵکردنى رققە، چونكە نوێنەری زۆربەی پێكهاتەكانی سوریای تێدایە”.

سەبارەت بەوەى کە توركیا دەیەوێت هێزەكانی سوریای دیموكراتی و بەتایبەت کورد بەشداریی رزگاركردنەوەی رققە نەكەن، حەسۆ دەڵێت: “ئەوەی مافی بەشداریكردنی ئۆپەراسیۆنەكەی نییە توركیا خۆیەتی”.

ئەوە لەکاتێکدایە کە پێشتر بن عەلی یەڵدرم سەرۆك وەزیرانی توركیا ئاماژە بەوەکرد؛ وڵاتەكەی بەشداریی پرۆسەی كۆنترۆڵكردنەوەی شاری رققەی سوریا ناكات، ئەگەر شەڕڤانانی كورد تێیدا بەشدار بن، وتیشی “پرۆسەكە بە سەرۆكایەتی ئەمەریكا بەڕێوەدەچێت، هەركات رێگری لە بەشداریی یەپەگە و پەیەدە بكرێت، ئەوا ئەنكەرەش بەشدار دەبێت”.

پێشتریش ساڵح موسلیم سەرۆكی پارتی یەكێتی دیموكرات (پەیەدە) وتى:”ئەگەر توركیا بەشداریی شەڕی كۆنترۆڵكردنەوەی رققە بكات، ئێمە بەشداری ناكەین”، لاى خۆیەوە ئەمەریكا جەختى کردەوە کە شەڕڤانانی كورد بەشداریی لەو شەڕەدا دەكەن.

تایبەتمەندییەکان: هەواڵەکان

زیادکردنی وەڵام