لە سەردانەكەیدا بۆ بەغدا، چەندین مەرج بەسەر بارزانیدا فەرز كراون‌و وەفدە یاوەرەكەشی هیچ رۆڵیكیان نەبوە” سبەی لەم راپۆرتەدا زانیاری ورد ئاشكرا دەكات.

سەرەتای مانگی تشرینی یەكەمی 2016 مەسعود بارزانی سەرۆكی پارتی دیموكراتی كوردستان، لەرۆژنامەی “ئەلمۆنیتەر”ی بەریتانی بەڵێنی بە خەڵكی كوردستان دا لەم مانگەداو پێش هەڵبژاردنی سەرۆكایەتی ئەمەریكا، ریفراندۆم بۆ سەربەخۆیی هەرێمی كوردستان بكات.

ساڵانێكە ماكینە ئیعلامییەكەی پارتی، رۆژانە كوردایەتی بە مامۆستاو موچەخۆرانی هەرێم دەفرۆشنەوە، بەشێوەیەك ئەم دەهۆڵی موزایەدە سیاسییە دەكوتن كە كار گەیشتە ئەوەی بڵێن” پارەی داهات‌و موچەو بژێوی خەڵكی هەرێمی كوردستانمان بۆ رۆژی سەربەخۆیی هەڵگرتوە”.

وەفیق سامەرائی سیاسەتمەداری عێراقی دەڵێت” بارزانی چۆن لە ساڵی 96 دا تەنگیان پێ هەڵچنی‌و  هانای بۆ سەدام بردو 31 ئابی 96 لە مێژوی خۆیدا تۆمار كرد، لە 29 ئەیلولی 2016 دا كە لەژێر فشاری جەماوەرەر‌و حزب‌و لایەنە سیاسییەكان هەرێمی كوردستاندا، تەنگەتاو بو، هەمان سیناریۆی دوبارەكردەوەو بە تێكشكاوی دۆڕاوی‌و سكشتخواردویی هانای بۆ بەغدا بردەوە”.

(تۆڕی میدیای گۆڕن) لە سەرچاوەیەكی ئاگادارەوە زانیویەتی: مەسعود بارزانی‌و وەفدەكەی هاوەڵی، پێش سەفەرەكردنیان‌و لە فڕۆكەخانەی هەولێر، لەگەڵ ئەو دیبلۆماتە ئەمەریكییانە دانیشتون كە چەند مانگێكە كردونی بە واسیتە بۆئەوەی نێوەندی خۆیی‌و حەیدەر عەبادی‌و حزبی دەعوە چاكبكات، دوای كۆبونەوەی فڕۆكەخانەی هەولێر، بە فڕۆكەیەكی ئەمەریكی بەرەوە بەغدا فڕیون، لەوێش بەیاوەریی ئەمەریكییەكان گواستراونەتەوە بۆ باڵیۆزخانەی ئەمەریكا لە بەغدا‌و لە باڵیۆزخانە كۆبونەوەیان پێكراوە‌و هەر لەكۆبونەوەكەدا، وەبیر بارزانییان هێناوەتەوە كە ئەو رێككەوتنەی لەمانگی تەموز لەگەڵ كەریم سنجاری بەئامادەبونی خۆی كراوە، دەبێت وەك خۆی جێبەجێ بكرێت، سەردانەكەی ئەو ‌و كۆبونەوەكەكانی لەگەڵ عەبادی‌و عێراقییەكان لەچوارچێوەی ئەو رێككەوتنە دەبێت‌و پارەی خۆتان وەردەگرن‌و هێزی پێشمەرگەش دەخەنە خزمەت شەڕی موسڵ‌و ژێر ئەوامری عەبادییەوە‌و دوای ئازادكردنی موسڵیش، دەگەڕێنەوە شوێنەكانی خۆتان وەك لە رێككەوتنەكەدا ئیمزاتان كردوە.

ئەو سەرچاوەیە كە خۆی داوایكرد ناوەكەی بڵاونەكرێتەوە وتی: پاش كۆبونەوەكەی باڵیۆزخانەی ئەمەریكا، ئەمەریكییەكان بەیاوەریی خۆیان، مەسعود بارزانی‌و هاوەڵەكانیان گواستوەتەوە بۆ جێگەی عەبادی‌و لەوێش بە ئامادەبونی خۆیان دور لە چاوی كامێرا لەهۆڵی كۆبونەوەكاندا، كۆبونەوەی عەبادی‌و بارزانیان رێكخستوە، وەفدەكەی هاوەڵی بارزانیش لە دەرەوەی هۆڵی كۆبونەوەكە، وەك رۆژنامەنوسان لەچاوەڕوانیدا بون.

هەمان سەرچاوە، زانیاری لەسەر كۆبونەوە دوقۆڵییەكەی عەبادی‌و بارزانی بە (تۆڕی میدیای گۆڕان) وت‌و راگەیاند، كۆبونەوەكە بە ئامادەبونی تیمی بێگانەكان بوە، نزیكەی یەك سەعاتی خایاندو بارزانی داوای لە عەبادی كردوە، هەوڵی گەڕانەوەی هۆشیار زێباری بدات‌و هەمو ئەو ماوەیش كە نەوتی فرۆشتوە، عەفوی بكەن‌و (عفی الله عما سلف) باسی پارەكەی مەكەن، رێككەوتنێكی تازەش لەنێوان حزبی دەعوە‌و پارتی دیموكراتی كوردستان ئیمزا بكرێت، بارزانی بەڵێنیشی بە عەبادی داوە وەفدێكی پارتی بە نوێنەرایەتی خۆی بەمەبەستی داوای لێبوردن بۆ شاری نەجەفی ئەشرەف‌و بۆ لای مەرجەعیەت بنێرێت.

“بێگانەكانی نێو كۆبونەوەكە، هیچ موداخەلەیەكیان نەكردوە، عەبادی بە مەسعود بارزانی وتوە  توركیاو سعودیە زانیاری هەڵەیان دژ بە عێراق پێگەیشتوە وەك ئاماژەیەك بەوەی بارزانی زانیارییەكانی گواستبێتەوە بۆ ئەو وڵاتانەو لەدژی عێراق هانی دابن پیلان‌و موئامەرە بگێڕن، دواتریش هەردولا رێككەوتون لەسەر ئەوەی، رێككەوتنی نێوان هێزەكانی ئەمەریكاو هێزی پێشمەرگە بۆ گرتنەوی موسڵ وەك خۆی جێبەجێ بكرێت”.

عەبادی، سەبارەت بە داواكەی مەسعود بارزانی بۆ لێخۆشبون لەو پارەیەی كە لە فرۆشتنی نەوت دەستیكەوتوە، وتویەتی: پارەی نەوت‌و گومرگ‌و داهاتە ناوخۆییەكان، مەسەلەیەكی دەستورییەو دەبێت وەك ئەوەی لەدەستوری عێراقدا هاتوە، جێبەجێ بكرێت.

هەر لەدوای كۆبونەوەكەش، وەفدی هاوەڵی بارزانییان بردوەتە شوێنێكی ترو كۆبونەوەیەكی تر لەگەڵ ژەنەراڵە ئەمەریكیۆ عێراقییەكان‌و نەخشەی گرتنەوەی موسڵ‌و ئامادەكارییەكانیان بۆ ئەو پرۆسەیەی نیشانداون.

چاودێرێكی سیاسی دەڵێت” بۆ یەكەمینجارە لەمێژوی عێراقدا، وەفدی كورد بەو تێكشكاوی‌و بێ شكۆییە سەردانی بەغدا بكات‌و لە بەغداش بەوشێوەیە پێش چون‌و دوای چون بێڕێزیان بەرامبەر بكرێت، لەنێوان ئەم چون‌و نەچونەشدا، خەڵكی هەرێمی كوردستان سەری سوڕماوە”.

سبەی

تایبەتمەندییەکان: هەواڵەکان

زیادکردنی وەڵام