ئەم جیهانە شایستەی قوربانی نییە بەناوی ئایدیا و باوەرەوە ،ئایە ئێمە ئەمڕۆ چەند بەختەوەرتریین بەهۆی ئەوەی ئەوانی دی لەبەر خۆشبەختی و رۆشنگەریی ئێمە مردن؟ خۆشبەختی؟ رۆشنگەریی ؟ ئەگەر هەر کەسێك لەبەر ئەوە مرد تا من بەختەوەر بم، ئەوا من تەنانەت بەختەوەر ترم ، چونکە من نامەوێت ژیانم لەسەر گۆڕستان بینا بکەم.
ئەیا شەری خوێناوی دەیان سالەی کورد و کورد لەولاشەوە کوروزانەوەی هێزە کوردییەکان لەبەردەم ئەوی دیکەدا و خیانەتە بێ شومارەکانی هێزە سیاسییەکوردییەکان لە هەمان گرێوە سەرچاوە ناگرن؟ چەند جارمان گوێ لێ بووە ، کە سەرکردەیەکی کورد ، کە هەرگیز ئامادەی یەك ریککەوتنی راستەقینە نەبووە لەگەڵ هێزیکی دیکەی کوردییدا وای پیشان دەدات بۆ یەکێتی عەرەب بۆ یەکێتی خاکی ئیران یان بۆ دەولەتی تورك دەگرێ؟ منیش وەکو هەر هاوڵاتییەکی دیکەی کورد پێم وایە شەر بەسەر کورددا سەپێنراوە و هەست دەکەم ئەمە پیویستی بە شەرح نییە ، بەڵام لە ڕاستییدا من تا رادەیەك پێم وایە شۆرشی چەکداریی لە شاخ ، ئەوەندەی هەڵهاتن بووە لە رووبەرووبوونەوە ، ئەوەندە یاخی بوون نەبووە.
ئەو سەختییەی ، کە تا ئەمڕۆ لە کۆمەڵگەی کوردییدا بەرز سەیر دەکرێ و تەقسیس دەکرێ ، وایا سەختیی شاخ ، سەختییەکی فیزیکییە و کڕینی قارەمانێتییە لە رێگایەکی ئاسنترەوە بۆ ئەوەی لە تاران یان لە بەغا یان ئەنکەرە و ئەستانبۆڵ ناو دەرکەی دەبێ ئەزێتێکی زۆر بکێشی و لە رووی سایکۆلۆجی و رووحییەوە ئیجگار جیاواز بێت و ئیجگار وورد ژیانی رۆشنبیری و سیاسی خۆی بونیاد بنێی ، بەڵام شاخ رێگا کوری و ئاسانەکەیە هەم بۆ هەڵهاتن لەو رووبەروو بوونەوەیە هەم بۆ ناو دەرکردن وەك قارەمانی نەتەوە!!! دیارە ستەمە ئەم خوێندنەوەیە وەکو حوکمێك سەیر بکرێت بەسەر یەکە بە یەکەی ئەوانەی لە شاخ بوون یان هێشتا لە شاخن ، بەڵام بێگومان دەکرێت لە چەند دیوێکەوە سەردەمی شاخ پێ بخوێنرێتەوە !!! بێگومان رووحی پر میهری بێ وێنە لە شاخ بوو، کە بەر ئەم باسە ناکەون و بێ گومان هەندێ لەو زاتانەی لە شاخ بوون بۆ من قارەمانن بگرە فەرامۆش کردنی ئەو زاتانە لەلایەن ناوەندە رۆشنبیری و هونەرییەکانی کوردەوە، تەنها بەڵگەیەکی دیکەی خۆ بەکەم زانینی کەسایەتی باوی کوردە، بەڵام لە سیاقی ئەو باسەدا مەبەستی من ئەناتۆمیکردنی ئەزموونی شاخە بەگشتی ، وەکو بەشیکی گرنگی ئەناتۆمیکردنی کورد بوون.
با بەراوردێکی کووتی ئەم دوو جۆرە لە رووبەرووبوونەوەیە بکەم ، کە بێگومان هەر دووکیان پەیوەندییان بە پەسەند نەکردنی واقیعێکی نایەکسان و نا ئینسانییەوە هەیە ، لایەنی کەم روانینی یەکەمدا ، ئەو ئەکتیڤیستەی ، کە لە شار (بۆ نموونەی بەغا) شەری کورد بوونی دەکرد ، دووەم ، ئە سیاسییە یان پێشمەرگەیەی ، کە لە شاخ شەری کورد بوونی دەکرد.
پێش هەموو شتێك گەورەترین مەسەلەکە وا دەکات کۆمەڵگەی کورد ئەفسوناویان بڕوانێتە ئەو ، کەسەی کە لە شاخ بوو ئەوەیە ، کە ئەو هەمیشە رووبەرووی مردن دەبووەوە و خوودی پێشمەرگەش هەر لەبەر ئەمە تەقسیس دەکرا، بەڵام ئەکتیڤیستێك لە بەغا هەموو دەقەیەك نەك هەر رووبەرووی مرد دەبووەوە ،بەڵکو بەتەنها رووبەرووی ئەگەری ئەشکەنجەی بێ وێنە دەبووەوە هەتا مرد ، بۆ ئەکتیڤیستێك مردن نەك هەر گەورەترین قوربانی نەبوو، بەڵکو زۆر کات دیاریی و خۆشبەختیی بوو لە چاو ئەو ئەشکەنجانەی ،کە دەدرا ئەگەر تووش بوایە ، ئەنجا مادام هەمیشە هۆشیار بوو بەرامبەر بەو چارەنووسە ، ئیتر لە ڕاستیدا ئەو هەمیشە لە ئەشکەنجەی ئەو ئەشکەنجەیەدا دەژیا، ئەوەی شاخ هەمیشە لە دەرەوەی رووبەرووبوونەوە بوو ، کاتێك رووبەروو بوایەتەوە بەچەکەوە رووبەروو دەبۆوە لەگەڵ چەند چەکداریکدا ، بەڵام ئەوەی بەغا هەمیشە بەتەنها بەبێ چەك حەرفییەن لە روبەرووبوونەوەی دەیان دەزگای پۆلیسدا بوو ئەوەی بەغا ئەگەر حیزبی نەبوایە ئەوا ، کە شەهیدیش دەکرا کەس پێشی نەدەزانی ئەوەی شاخ عادەتەن حیزبی بوو و عادەتەن ، کە بریندار بوایە یان شەهید بوایە پێ دەزانرا و لانی کەم لە رووی مەعنەوییەوە کۆمەك دەکرا.
بەڵام ئەوەی زیاتر پەیوەندی بەم باسەوە هەبێت جیاوازییە رۆشنبیرییەکانی ئەم دوو جۆرە ” رووبەروو بوونەوەیە” ئەوەی لە ناووەوە را ئەم شەرە دەکات هۆشیارە بەوەی ، کە پرۆژەی کورد بوون پرۆژەیەکی فیزیکی یان سیاسیە ، ئەو لەبەردەم سەدان نوسەری بەتوانای ناسێونالیستی عەرەبیدا دەوەستێ لەبەردەم شەرێکی فەرهەنگی ئاڵۆز و فرە لایەنی لەم بابەتەدا یان دەبێ خۆت پێبگەیەنی یان راستەوخۆ بە کورد بوونتەوە لە دەرەوەی ململانێکە وەستاوی.
ناسێۆنالیزم بەرلەوەی هەر هەست و سۆزێکی شاعیریانەی رۆمانسییانەی نەرجسییانە بێت ، پرۆژەیەکی تەواو رۆشنبیرییە و ، وەکو هەر پرۆژەیەکی دیکەی رۆشنبری پێوستی بە خۆ پەروەردە کردن و تێگەیشتنی تێوریی و تێوریزە کردن و دامەزراندنی هۆشیاری نوێ هەیە ، ئەمە تەنها بەر لە سەرەتایە بەبێ ئاگاداری بوون لە (لانی کەم) دەنگە سەرەکییەکانی مۆدێرنیتە ، مومکین نییە کورد جگە لە قەبیلە بوون هیچ تر بگەیەنێت ، ئەوەی کە لە ناوەوەرا رووبەرووببیتەوە ، زوو ئەم پێوستییە دەزانێت ، چونکە مۆتیڤیکی زۆر راستەوخۆی هەیە ، کە پرۆژەی فرە لەیەنی ناسیۆنالیزمی عەرەبی و یان تورکی و یان فارسییە.
هەموو شکستەکانی دیکەی کورد لە شێخ سەعیدی پیرانەوە تا کەلەپچە کردنی ئۆجئالان پەیوەندی بەو وینانەوە نییە ، کە شاعیرەکان دەیان کێشن، بەڵکو پەیوەندی بە نەگەیشتنی رۆشنگەرییەوەهەیە ، ئەو لەوە تێدەگەیشت ، کە رێکەوتنیك نییە لە نێوان هێزە ئاسمانیەکان و هێزە سەرزەمینییەکاندا لە سەر دوژمنایەتی کرد کورد ، بەڵکو مەسەلەکە زۆر لەوە مەتریالیزمی ترە ، کاتێ کامالیستەکان لەگەڵ هاوپەیمانەکاندا رێکەوتن ، کورد هێشتا کێشەی ئەوەی هەبوو چەند ئەکتیڤیستێکی هەیە لە ئەوروپا کە، یەکێ لە زمانە ئەوروپیەکان بزانێت، کە بزووتنەوەی ناسیۆنالیزمی تورك سەرقالی دروست کردنی لۆبییەکانی خۆی بوو لە خۆرئاوا، کە سیاسییەکانی ناسیۆنالیزمی عەرەب خەریکی دروست کردنی هاوپەیمانیتی بوون لە نێوان لایەناکانی جەنگی جیهانی دووهەمدا ، پێشمەرگە کوردەکان خەریکی سوتاندنی پۆلیسخانەکان بوون!!!! ، کە عیراق دەستی بە ئەنفال لرد کێشە سەرەکی نێوان هێزە سیاسییەکانی کوردستان هێشتا گرمرگی نێوان دیهاتەکانی کوردستان بوون( ئێستاش هەر ئەوەیە کێشەکە) تا ئەم ساتە وەختەش زۆربەی فیگەرە سیاسیەکانی شۆرشی چەکداریی و نووسەرە پاشکۆکانیان نەك هەر لەوە تێبەگەیشتوون ، کە ناسریزم ( لە جەمال عبدوالناسرەوە ) سەرچاوەی بیری فاشیزمی عەرەبی دژی کورد ، بەڵکو زۆر بە شانازیشەوە ئیعجاب و خۆشەویستی خۆیان دەردەبرن بۆ ناسرییەکان و دادی رەگەز پەرستیکی وەك جەمال عبدوالناسر ، زۆربەیان تەنانەت هەستیان بەوە نەکردووە ، کە بەعسیزم چ ئایدۆلۆجییەتێکی رەگەز پەرستانەی عەرەبی ترسناکە، و دەیانەوەێ بڵێن کێشەکە تەنها درندەیی باڵە سەدامییەکەی بەعسە!!! بەم شتانەدا دەردەکەوێت ، کە شۆرشی چەکداری لە ئاسانترین و رونترین سەرەخالەکانی شەرە ڕاستەقینەکە بەگەیشتوە ،واتا ئەم شۆرشە چەکدارییە جگە لەوەی خۆی لە شەرە رۆشنبیرییەکە دزیوەتەوە هەر نەشیتوانیوە خۆی لە بیری فاشیزمی راستەوخۆی ناسیۆنالیزمی عەرەبیش پاك بکاتەوە (وەکو ناسریزم و بەعسیزم)!!!!.٥

تایبەتمەندییەکان: بابەتی هەڵبژاردە

زیادکردنی وەڵام