رەخنەکان لە سەردانى بارزانى بۆ بەغدا بەرفراوان بون و لەو چوارچێوەیەدا، ئەندامێکى پەرلەمانى کوردستان، بە سەرسوڕمانەوە رایدەگەیەنێت؛ “وتیان بۆ سەربەخۆیی و موچە دەچین، کەچی وتی بۆ پشتیوانی و هەماهەنگی عەبادی هاتوین و ئاڵای کوردستانیان بیرچو بو!”.

دواى ئەوەى لەماوەى رابردودا بارزانى و پارتەکەى بەشێک لەلایەنەکانیان بە پاشکۆیەتى بۆ بەغدا تۆمارکرد، ئەمڕۆ بارزانى گەیشتە بەغدا و کۆبونەوە و کۆنگرەى رۆژنامەوانى لەگەڵ حەیدەر عەبادى سەرۆک وەزیران سازکرد و ئەوەى جێى تێبینى چاودێرانى سیاسیە ئەوەبو ئاڵاى کوردستان نە لە کۆبونەوەکە و نە لە هۆڵى کۆنگرە رۆژنامەوانیەکە نەبینرا، لەوبارەیەوە پەرلەمانتار سۆران عومەر، دەڵێت:”وتیان بۆ سەربەخۆیی و موچە دەچین!، کەچی وتی بۆ پشتیوانی و هەماهەنگی عەبادی هاتوین، باسی شەڕی موسڵیان کرد و ئاڵای کوردستانیان بیرچو بو!”.

سۆران عومەر پێشتریش لە پۆستێکى لە لاپەڕەى خۆى لە تۆڕى کۆمەڵایەتى فەیسبوک، رەخنەى لەو سەردانەى بارزانى گرت و نوسیویەتى:”دەرکەوت دەوڵەتە کوردیەکە، درۆی کوردی بوە”.

تێیدا وتویەتى:”موچەو قوتی خەڵک لای ئێوەیە نەک عەبادی، دو ساڵە ملیارەها دۆلاری نەوت دەدزن و سزای خەڵک دەدەن و موزایەدەو درۆی دەوڵەتی کوردی دەکەن، ئێستا دەیانەوێت بە رێککەوتن لەگەڵ عەبادی دزی و درۆکانیان بشارنەوە”.

تایبەتمەندییەکان: هەواڵەکان

زیادکردنی وەڵام