ئەمیری كۆمەڵی ئیسلامی كوردستان ئاشكرای دەكات؛ داوای لێكراوە لەگەڵ وەفدەكەی هەرێم سەردانی بەغدا بكات، بەڵام رەتی كردوەتەوە و دەڵێت: “پێش چون بۆ بەغدا، شتێكی زۆر لەپێشتر هەیە، كە ئەویش چاككردنی دۆخی ناوخۆی هەرێم و كاراكردنەوەی پەرلەمانی كوردستانە”.

عەلی باپیر ئەمیری كۆمەڵی ئیسلامی كوردستان رایگەیاند؛ بەرپرسانی ئەو وەفدەی سەردانی بەغدایان كردوە، پەیوەندییان پێوەكردوە و داوایان لێكردوە، بەشداریی لەسەردانەكە بكات، بەڵام پێی راگەیاندون كە لەناوخۆی هەرێم، گیرۆدەی چەندین گرێ و گۆڵن و ناكرێت بەو هەمو كێشانەی كە لەناوخۆی هەرێم هەیە، رێگای بەغدا بگرنەبەر.

ئەمیری كۆمەڵی ئیسلامی كوردستان راشیگەیاندوە؛ تا دۆخی ناوخۆی هەرێم بەو شێوەیە بمێنێتەوە، قسەیان لە بەغدا جێگای خۆی ناگرێت و دەشڵێت: “سەردانەكە واهاتوەتە پێش چاو كە كەسێك بڕیاریداوە هەندێك كەس لەگەڵ خۆی ببات بۆ بەغدا، ئەویش لەو كەسانە نییە لەگەڵ خەڵكێك بكەوێت بەبێ ئەوەی بزانێت كە بۆچی دەچێت”.

هەروەک ئاماژە بەوە دەکات؛ ماوەی ساڵێكە، دۆخی هەرێمی كوردستان لە چەقبەستویدایە‌ و چەندین پێشنیاز كراوە بۆ چارەسەر، بەڵام گوێ نەگیراوە و لەناوخۆی هەرێم هیچ هەنگاوێك بۆ چاكسازی نەنراوە، بۆیە پێش چون بۆ بەغدا، شتێكی زۆر لەپێشتر هەیە، كە ئەویش چاككردنی دۆخی ناوخۆی هەرێم و كاراكردنەوەی پەرلەمانی كوردستانە”.

تایبەتمەندییەکان: هەواڵەکان

زیادکردنی وەڵام