رۆژنامەی “نیویۆرك تایمز″ی ئەمەریكی لەڕاپۆرتێكدا باس لە شەڕو پێكدادانی نێوان هێزە كوردییەكان‌و هێزە چەكدارەكانی سەر بە ئۆپۆزسیۆنی سوریا دەكات‌و دەڵێت” ئەمەریكا دەیەوێت باڵانسی هێز لەڕوی پشتیوانی لەو هێزانە رێكبخاتەوە”.

“لە سوریا، هێزە چەكدارەكان هەڕەشە لە ناوچە كوردییەكان دەكەن لەو كاتەی هاوپەیمانەكانی ئەمەریكا پێكدادەدەن” ئەمە ناونیشانی راپۆرتێكە كە لە رۆژنامەی “نیویۆرك تایمز″ی ئەمەریكی بڵاوكراوەتەوە.

راپۆرتەكە لەلایەن رۆژنامەنوسی ئەمەریكی (ئان بێرنارد) ئامادە كراوەو تیایدا ئاماژە بەوە كراوە، پاش ئەوەی هەفتەی رابردو چەكدارانی ئۆپۆزسیۆن لە سوریا بە پشتیوانی سوپای توركیا شاری جەرابلوسیان گرت بەهەماهەنگی لەگەڵ ئەمەریكا، ئێستا ئەو چەكدارانە لە پێشڕەویدان بەرەو ناوچە كوردییەكانی دیكە، ئەمە بەو مانایە دێت كە ئەو شەڕە نوێیە، دەبێتە هۆی بەیەكدادانی دو هێزی ناوخۆی سوریا لەدژی یەكتر، لەكاتێكدا كە هەردو هێزەكە لەلایەن ئەمەریكاوە پشتیوانییان لێدەكرێت.

راپۆرتەكە دەڵێت” گروپە چەكدارەكان لەلایەن دەزگای هەواڵگریی ناوەندی ئەمریكا (CIA)ەوە پشتیوانی دەكرێن‌و كوردەكان لەژێر ناوی هێزەكانی سوریای دیموكراتیك لەلایەن پنتاگۆنەوە پشتیوانیان لێ دەكرێت.

“لە رۆژانی رابردودا ئەوە بەدی دەكرا كە ئەمەریكا دەیەوێ دوبارە هاوسەنگی‌و باڵانسی خۆی رێكبخاتەوە لە پشتیوانییەكانی بۆ هێزە كوردییەكان‌و چەكدارە ئۆپۆزسیۆنەكانی سوریا، لەوچوارچێوەیەدا ئەمەریكا هەفتەی رابردو هۆشداریی دایە كوردەكان‌و داوای لێكردن بەرەو خۆرهەڵاتی روباری فورات بكشێنەوە. لەبنەڕەتدا ئەمەریكا داوای لە كوردەكان كرد بكشێنەوە لەو ناوچانەی كە پێشتر لە چنگی داعش رزگاریان كردبو”.

هەر لەو ڕاپۆرتەدا لێدوانێكی (پیتەر كوك) وتەبێژی وەزارەتی بەرگریی ئەمەریكا “پنتاگۆن” خراوەتەڕو كە وتویەتی: كاتێك ئێمە چاودێریی راپۆرتەكان دەكەین، كە باس لە پێكدادانەكانی باشوری جەرابلوس دەكەن لەنێوان هێزەكانی سوپای توركیاو ئۆپۆزسیۆن سوریاو هێزەكانی سوریای دیموكراتیك، ئەمانەوێ بەڕونی ئاشكرای بكەین ئەو پێكدادانانە كارێكی قبوڵ نەكراون. داواش لە سەرجەم لایەنە چەكدارەكان كراوە واز لەو شەڕو پێكدادانە بهێنن‌و دۆخەكە ئاسایی بكەنەوە.

راپۆرتەكە ئاماژەی بەوەكردوە، ئەوە جاری یەكەم نییە لایەنە چەكدارەكانی ناوخۆی سوریا كە لەلایەن خودی ئەمەریكاوە پشتیوانییان لێدەكرێ بەشەڕ بێن، ئەو لایەنانە ناكۆیی قوڵیان هەیە بەتایبەت لەبارەی ئەگەری دروستبونی قەوارەیەكی كوردی بە دەسەڵاتی ئۆتۆنۆمی لە باكوری سوریا. هەروەها شەڕو پێكدادانەكانیان پێدەچێت كاریگەریی‌و لێكەوتەی زیاتریان لێبكەوێتەوەو تاوەكو ئێستا رون نییە ئاخۆ دۆخی هاوڵاتیانی مەدەنی بەچی دەگات كە تێوەگلاون لەو شەڕەوەو بونەتە قوربانی، ناشزانرێت چ كات ئەو پێكدادانانە كۆتاییان دێت.

تایبەتمەندییەکان: هەواڵەکان

زیادکردنی وەڵام