ئەمەریكا، شەڕ و پێكدادانی نێوان سوپای توركیا و هێزەكانی سوریای دیموكرات لە باشوری جەرابلوس بە “قبوڵنەكراو” ناودەبات، ئەنكەرەش هەڕەشەی هێرشكردنە سەر شەڕڤانانی یەپەگە دەكات ئەگەر بۆ رۆژهەڵاتی روباری فورات نەكشێنەوە، هاوكات سوپاكەی لە (24) سەعاتدا (57) جار بۆردومانی ناوچەكەی كردوە.

برێت مەكگۆرك، نوێنەری باراك ئۆباما لە هاوپەیمانی نێودەوڵەتی دژی داعش، لە تۆڕی كۆمەڵایەتی تویتەر ئاماژەی بە لێدوانێكی پیتەر كوك، وتەبێژی وەزارەتی بەرگریی وڵاتەکەى کردوە و رایگەیاندوە؛ پنتاگۆن ئەو شەڕە دەبینێت كە لە ناوچەكانی باشوری جەرابلوس، لەنێوان سوپای توركیا و هێزەكانی سوریای دیموكرات رودەدەن، بەبێ‌ ئەوەی چەكدارانی داعش لەو ناوچەیە بونیان هەبێت، ئەوەش كارێكی قبوڵ نەكراوە و مایەی نیگەرانی واشنتۆنە.

لەلایەكی دیکەوە، مەولود چاوش ئۆغڵۆ، وەزیری دەرەوەی توركیا، لە كۆنگرەیەكی رۆژنامەوانیدا لە ئەنكەرە جەختى کردەوە کە؛ “دەبێت شەڕڤانانی یەپەگە، بكشێنەوە بۆ رۆژهەڵاتی روباری فورات، ئەگەرنا لەلایەن سوپای توركیاوە هێرشیان دەكرێتە سەر”.

لەبەرامبەر ئەو هەڕەشانەی توركیاشدا، رێدور خەلیل، وتەبێژی یەپەگە بە (رۆیتەرز)ى راگەیاندوە: “یەپەگە هیچ هێزێكی نوێی لە دەوروبەری مەنبەج دانەناوە، ئەوەش كە توركیا دەیڵێت سەبارەت بە روبەڕوبونەوەی شەڕڤانانی یەپەگە لە رۆژئاواى فورات، هیچ بنەمایەكی نییە و تەنها پاساوێكە بۆ داگیركردنی خاكی سوریا”.

تایبەتمەندییەکان: هەواڵەکان

زیادکردنی وەڵام