ئەنجومەنی باڵای شورای سەربازی توركیا بە سەرۆكایەتی سەرۆك وەزیران كۆبوەوە و چەند بڕیارێكی بۆ داڕشتنەوەی پەیكەری سوپا دەركرد و بڕیاریدا پلەی (99) ئەفسەر بەرزبكاتەوەو (48) جەنەراڵیشی خانەنشینكردو فەرماندە باڵاكانی سوپای لە پۆستەكانیان هێشتەوەو بڕیارەكانیش لەلایەن رەجەب تەیب ئەردۆغانەوە پەسەند كران، لێپرسراوێكی پەرلەمانی ئەو وڵاتەش رایدەگەیەنێت: ئەردۆغان دەیەوێت سوپا و فەرماندەیی هەواڵگری كە سەر بە نوسینگەی سەرۆك وەزیرانن، بخاتە ژێر دەستی سەرۆك كۆمارەوە.

ئەنجومەنی باڵای شورای سەربازی توركیا، بۆ یەكەمجار لەمێژوی توركیادا لە كۆشكی جانكایا بارەگای سەرۆكایەتی ئەنجومەنی وەزیران لە ئەنكەرەی پایتەخت، بە سەرۆكایەتی بن عەلی یەڵدرم كۆبوەوە و چەند بڕیارێكی دەربارەی داڕشتنەوەی پەیكەری سوپای ئەو وڵاتە دوای كودەتاكە دەركرد.

پێش دەستپێكردنی كۆبونەوەكەش، سەرۆك وەزیرانی توركیا بە یاوەری جەنراڵە باڵاكانی سوپا، چوە سەر مەزاری كەمال ئەتاتورك دامەزرێنەری كۆماری توركیا.

لە كۆنفرانسێكی رۆژنامەوانیشدا، ئیبراهیم قالن وتەبێژی كۆشكی سەرۆكایەتی توركیا رایگەیاند: رەجەب تەیب ئەرۆدغان سەرۆك كۆمار بڕیارەكانی ئەنجومەنی باڵای شورای سەربازی پەسەند كردون.

ئەنجومەنی شورای سەربازی توركیا بڕیاریدا جەنراڵ خەلوسی ئاكار سوپا سالاری توركیا و جەنراڵ ساڵح زەكی جولاق فەرماندەی هێزە وشكانییەكان و جەنراڵ عابدین ئۆنال فەرماندەی هێزە دەریاییەكان لە پۆست و ئەركەكانیان بەردەوام بن.

هەروەها ئەنجومەنەكە بڕیاریدا، جەنراڵ یەشار گولەر فەرماندەی دوەمی سوپا بكرێتە فەرماندەی گشتی هێزەكانی جەندرمەو بڕیاریشدا جەنراڵ ئومیت دوندار بكرێتە سوپاسالاری دوەمی سوپا و بڕیاریشدا جەنراڵ حەسەن كوچك ئاق یوز بۆ فەرماندەی بەرگری ئاسمانی و هێزە ئاسمانییە شەڕكەرەكان و موسی ئەفساڤار بۆ فەرماندەی یەكەمی سوپا و ئیسماعیل مەتین بۆ فەرماندەی دوەمی سوپا و تاهیر بەكر ئۆغڵو بۆ فەرماندەیی مەشقی هێزە وشكانییەكان دیاری كران.

لایخۆشیەوە، لێپرسراوێكی پەرلەمانی توركیا رایگەیاند: رەجەب تەیب ئەرۆدغان سەرۆك كۆماری توركیا، بە نیازە هێزە چەكدارەكان و دەزگای هەواڵگری نیشتمانی وەك بەشێك لە گۆڕانكاری بخرێنە سەر سەرۆكایەتی كۆمار.

ئەو لێپرسراوەی پەرلەمانی توركیا لە لێدوانێكیدا بۆ ئاژانسی رۆیتەرز رایگەیاند: خودی ئەرۆدغان ئاماژەی بەوەداوە كە لەگەڵ سەركردەكانی ئۆپۆزسیۆن ئەوە تاوتوێ‌ دەكات كە دەستەی ئەركانی گشتی سوپا و ئاژانسی هەواڵگری بخاتە ژێر دەسەڵاتی خۆیەوەو بەوتەی میدیاكانی توركیاش: ئەو گۆڕانكارییەی ئەردۆغان ئارەزوی دەكات، پێویستی بە هەمواركردنی دەستور و رەزامەندی پەرلەمان هەیە.

سەرۆكایەتی ئەركان و ئاژانسی هەواڵگری توركیا، ئێستا سەر بە نوسینگەی سەرۆك وەزیرانن، لەگەڵ ئەو خواستەی ئەرۆدغانیشدا یەكدەگرێتەوە كە هەوڵدەدات سیستمی حكومڕانی لە توركیادا بكات بە سەرۆكایەتی و سەرۆك كۆمار دەسەڵاتی جێبەجێكردنی زیاتری هەبێت.

لە لایەكی دیکەوە حكومەتی توركیا رۆژی چوارشەممە مەرسومێكی دەركرد بۆ دەركردنی هەزار و (684) ئەفسەری سوپای توركیا، بەپێی ئەو مەرسومە كە دەقەكەی لە رۆژنامەكانی توركیا بڵاوكراوەتەوە، بڕیاردراوە بە دەركردنی (87) جەنەراڵ و (982) ئەفسەری هێزە وشكانییەكان و (32) ئەدمیراڵ و (122) ئەفسەری هێزە دەریاییەكان و (30) جەنەراڵ و (314) ئەفسەری فڕۆكەوانی و (117) ئەفسەری هێزە ئاسمانییەكان.

تایبەتمەندییەکان: هەواڵەکان

زیادکردنی وەڵام