وەک ئاشکرایە ٧ ساڵ لەمەوبەر و لە رۆژگارێکی دژواردا و لە ھەرێمێکی تازە دروستبوو کە بەرەو گەندەڵی و نادادی و نایەکسانی و لەم کۆمەڵگادا و بەڕێوەبردنی خراپی حکومڕانی خۆماڵی و بێباکی و ستەمی دەسەڵات ھەنگاوی دەنا، بزوتنەوەیەکی مەدەنی سیاسیی لە دایک بوو، پەیامی گۆڕان و گۆڕانکاری و چاکسازی دروشمی سەرەکی بوو راگەیەنرا، رێڕەوی مێژوو لە ململانێ و خەباتی حیزبی و سیاسی و بە ئاراستەیەکی تر گۆڕدرا، ئەمجارە جیا لە ساڵانی شەری ناوخۆی داستانێکی تر بە فۆڕمێکی تر گۆڕدرا لە پێناو چاکەی و بەرژەوەندی گشتی، خەبات و شۆڕش لە شاخ بۆ ئازادی نەتەوەیەک لە دژی داگیرکەرانی بێگانە و بەعس بەتایبەتی، خەبات و تێکۆشان لە شار لە دژی گەندەڵی نادادی و شکستی خۆماڵی و ناشەفافی، گواستنەوەی شەڕو براکوژی لە شاخ بۆ شەڕی چاکسازی و گۆڕانکاری لە تەواوی جومگەکانی دەسەڵاتی شەرعی و جێبەجێ کردن و حیزبایەتی لە ناو ھۆڵی پەرلەمان، داھێنانێکی تری لە شێوازی خەبات و حکومڕانی ھاتەکایەوە، جگە لەو جیاوازییە گەورانەی کە لە نێوان گۆڕان و ھێزەکانی دوای راپەڕیندا ھەیبوو.

ئەو کاتەی ئەو بزوتنەوەیەی تێدا دروست بوو کوردستانی دوای بەعس و سەدەی بیست و یەک کە بە سەدەی گۆڕانکاری ناودەبرێت، بۆیە کوردستانیش ناوچەکی گرنگ و کاریگەرە لە ناوچەکەدا پێویستی بە گۆڕانێکی نەوعی و جوزئی تەندروستی ھەمە لایەنە ھەبوو لە سیاسەتی دەرەو و ناوەوەی ھەرێم ، ھەنگاوێکی پێویست بوو بەرەو ئاسۆی چارەسەری پرسە گرنگەکان، ساڕێژکردنی برینەکان و رێکخستنی ناوماڵی ترازاوی کورد بوو لە پێناو کۆمەڵانی خەڵکی کوردستان، بۆ ئەوەی نەکەونە بەر تانەی نەوەکانی ئێستا و ئایندە بۆ نەخشاندنی مێژوویەکی پڕ لە سەروەری پرشنگدار ئەوەش بە تەنھا بە گۆڕان ناکرێت بەڵکو بە یەکگرتن و تێکۆشان و ھەوڵی بەردەوامی گشت لاینەکان دێتەدی کە پێکەوە لە ژێر یەک چەتری قارەمانانەی پێشمەرگە ئاسای کوردانەدا دەبێت، نەک بە پەکخستنی پەرلەمان و ناردنەوەی وەزیرەکانی حکومەت.

لەم سۆنگەیەشەوە رێکەوتنەکەی نێوان بزوتنەوەی گۆڕان و یەکێتی نیشتمانی کوردستان ھەنگاوێکی گرنگ بوو بۆ چارەسەرکردنی کێشەو گرفتەکان، لایەنە سیاسیەکان لە دەوری ئەو رێکەوتنە کۆببنەوە و کاری جدی بکەن بۆ جێبەجێ کردنی خاڵ بەخاڵی رێکەوتنەکە بۆ کۆتای ھێنان بە قەیرانە دەستکردەکانی سیاسی و دارای و ئابورییەکان و باشکردنی موچە و بژێروی ژیانی ھاوڵاتیان.

دوستبونی وەھا بزوتنەوەیەکی ھاوشێوەی چالاک زەرورەتی قۆناغەکەبوو چونکە چەندین گۆڕانکاری گەورە لە ناوچەکەدا ھاتنە ئاراوە بۆ چەسپاندنی بنەمایەکی دیموکراسی مۆدێرن تاوەکو کوردستانیش بێ بەش نەبێت لەو گۆڕانکارییانە تاوەکو لە سەر پێی خۆی بوەستێت و دوانەکەوێت لە کاروانی گۆڕانکاری و خۆی رووبەڕووی ھەموو ئالنگاریەکانیش ببێتەوە.

ئەگەر باس لە دۆخی دوای رۆژی گۆڕینە مەزنەکەی ٢٥ ی ٧ و دوای بەشداری کردنی ٢ خولی پەرلەمان و کابینەیەکی حکومەت بکەین، ھەرێم و ناوچەکە دوای ئەو ماوەیە بە چەندین دۆخدا تێدەپەڕێت لەلایەک قەیرانێکی سەختی ئابوری و دارای و خراپی گوزەرانی ھاوڵاتیان و قەیرانی سیاسی و لەلایەکی تر روبەڕووی شەڕی داعش بوەتەوە، لە کاتێکدا دەبوایە دەسەڵاتداران ئەو شەڕەیان قۆستباوە بۆ ئەنجامدانی چاکسازی و گۆڕانکاری ئاوەدانی و خۆشگوزەرانی ، کەچی بە بڕیارێکی حیزبی پەرلەمان پەکدەخرێت و بەشێک لە وەزیرەکانیش ناردرانەوە ماڵەوە، ئێستاش کۆتای دونیا نیە، دەکرێت ھێز و لاینە سیاسیەکان لەبری پیرۆزبای تەقلیدی ، بێن لەسەر یەک مێز دانیشتن

و گفتوگۆ بکەن و ئەو یادە بکەن بە یادی ئاشتەوای برایەتی و چارەسەری قەیرانەکان و یەکخستن رێکخستنەوەی ناوماڵی کورد، نە میللەتیش دەتوانێت چیتر بەرگەی ئەو ھەموو قەیرانانە بگرێت نە مێژووش رەحمتان پێدەکات.

تایبەتمەندییەکان: وتارو بیروڕا

زیادکردنی وەڵام