بەهۆی دابونەریت و كلتوری وڵاتەكەیانەوە، پەیوەندی سێكسی لەدەرەوەی پرۆسەی هاوسەرگیری رەتدەكاتەوە، كچانی وڵاتانی جیهانی ئیسلامی كە لەدەرەوەی پرۆسەكە پەیوەندی سێكسییان لەگەڵ كوڕاندا هەیە و سكیان پڕ دەبێت، تووشی كێشە و نەهامەتی زۆر دەبنەوە.

هەندێك لە كچانی میسر وەك بەشێك لە جیهانی ئیسلامی، یەكێكن لەو نموونانەی بەهۆی سكپڕبوونی دەرەوەی پرۆسەی هاوسەرگیری تووشی گرفت و كێشەی زۆر گەورە دەبنەوە، تەنها چارەسەریش لەباربردنی منداڵەكانی ناو سكیانە، بەڵام هەندێكیان منداڵەكانیان دەپارێزن و لەوێوە گرفتە قوڵەكانی تر دەستپێدەكەن.

ژمارەیەك لەو كچانەی لەدەرەوەی پرۆسەی هاوسەرگیری، سكیان هەیە یاخود منداڵیان بووە، چیرۆكە نهێنی و شاراوەكانیان بۆ ماڵپەڕی DWیئەڵمانی گێڕاوەتەوە.

ئەسما ئەلسەید كچێكی تەمەن 24 ساڵە و بۆ بەشی عەرەبی ماڵپەڕی DWچیرۆكەكەی گێڕاوەتەوە، ئەو دەڵێت “لە زانكۆ كوڕێكی گەنجم ناسی، پەیوەندییەكەمان چووە قۆناغی خۆشەویستییەوە و گەشەی كرد تا گەیشتە ئاستی پەیوەندی سێكسی و لە ناكاودا سكم پڕ بوو“.

ئەسما لەسەر گێڕانەوەی چیرۆكەكەی بەردەوام دەبێت و دەڵێت “بەپێی بەڵێنەكانی خۆی، داوای هاوسەرگیریم لە خۆشەویستەكەم كرد، بەڵام خۆی لە بەرپرسیارێتی هاوبەشی نێوانمان دەدزیەوە، سوپرایزی گەورەش ئەوەبوو كە دووركەوتەوە و هەموو ناونیشانەكانیشی كە پێیدابووم، هەڵە و ناڕاستبوون“.

لەسەرەتای دەركەوتنی سكپڕبوونەكەیەوە، ئەسما هەوڵی خۆكوشتنی داوە تا ئابڕووی لەناو كۆمەڵگەدا نەچێت، بەڵام هەوڵەكەی شكستیهێنا، پاشان بیری لە لەباربردنی منداڵەكەی ناو سكی كردووەتەوە، لەوەشدا سەركەوتوو نەبووە. لەو بارەیەشەوە بەسەرهاتێك دەگێڕێتەوە و دەڵێت “چومە لای پزیشكێكی پیاو تا منداڵەكەم بۆ لەناو ببات، بەڵام بەهۆی ئەوەی پارەی تەواوم نەبوو، پزیشكەكە پێیوتم؛ سێكسم لەگەڵ بكەیت، هاوكاریت دەكەم بۆ ئەوەی منداڵەكەت لە كۆڵ ببێتەوە“.

ئەسما ئەو دەستپێشخەرییەی پزیشكەكە رەتدەكاتەوە و بڕیار دەدات منداڵەكە بهێڵێتەوە. لەوێوە بەشێكی نوێی چیرۆكەكە دەستپێدەكات و خۆی وتویەتی “خانەوادەكەم زانیان چی روویداوە و دایكم بەهۆی خەمباریی ئابڕووچوونەكەوە كۆچی دوایی كرد، خێزانەكەشم دەریانكردم. لەوكاتەوە بەدوای كاردا گەڕام و خاوەن كارێكم ناسی. لەو بارودۆخە پڕ زەحمەتیەدا هاوكاری كردم تا منداڵەكەم لەدایكبوو“.

ئەسما قۆناغێكی تری نەهامەتییەكەی دەستپێدەكات و دەیگێڕێتەوە كە ئەو خاوەن كارە لە روانگەی بەزەیی باوكایەتییەوە هاوكاری نەكردووە، بەڵكو داوای لێكردووە بە نهێنی شووی پێبكات. وتیشی “سەرەڕای جیاوازی گەورەی نێوان تەمەنمان، بەڵام لە كۆتاییدا ناچار بووم شووی پێبكەم تا خەرجی منداڵەكەمم دەستبكەوێت“.

لەوێدا چیرۆكە پڕ نەهامەتییەكەی ئەسما كۆتایی نایەت، بەڵكو تۆمارنەكردنی منداڵەكە بەشێوەیەكی فەرمی لەلایەن حكومەتەوە گرفتێكی ترەو بەرۆكی ئەو دایكە دەگرێت، چونكە باوكی دیار نییە و ئەو پیاوە پیرەشی ئەسمای مارە كردووە، ئامادە نییە منداڵەكە بكات بەناوی خۆیەوە.

ئەسما دەڵێت “یەكێك لەو گرفتە گەورانەی تووشی خۆم و منداڵەكەم بوو، بابەتی كوتانی دژە نەخۆشی بوو، بۆیە بەناچاری بڕێكی زۆری پارەم دا بە پەرستیارەكان تا بە دزییەوە منداڵەكەم لە دژی نەخۆشی بكوتن“.

سەرەڕای پێشكەوتنی تەكنۆلۆژیا و زانست لەڕووی دیاریكردنی باوكی منداڵەوە لەڕێی پشكنینی DNAەوە، بەڵام ئەسما ئەو زانیارییەی نەزانیوە، بەگوێرەی وتەی خۆی، لەڕێی ئینتەرنێتەوە بەدوای چارەسەری سەلماندنی منداڵەكەیدا گەڕاوە و بۆئەوەش پەنای بۆ رێكخراوێكی مرۆڤدۆست بردووە كە هاوكاری قوربانیان دەكات بێ هیچ بەرانبەرێك. لەو بارەیەشەوە ئەسما دەڵێت “بەنهێنی پارێزەرێك سەرقاڵی دۆسیەكەمەو بێ هیچ بەرانبەرێك بایەخ بە دۆسیەكەم دەدات. هیوادارم لە دواجاردا كەیسەكە ببەمەوە“.

لەگەڵ ئەوەشدا هیواخوازە حكومەت رێ بە لەباربردنی منداڵی ناو سك بدات و دەڵێت “ئەگەر پرۆسەی لەباربردنەكە شكستی نەهێنایە، ئەوا خێزانەكەمم هیچیان لەبارەی بابەتەكەوە نەدەزانی تەنانەت ئێستا منداڵێك لە ژیانمدا نەدەبوو… بۆیە حكومەت زیاد لە توانا گوشار لە ئافرەت دەكات، تەنانەت رێ بە هاوسەری شەرعیش نادات منداڵی ناو سك لەباربەرێت“.

ئەسما لەكاتی گێڕانەوەی چیرۆكەكەیدا بە چاوی پڕ فرمێسكەوە دەوەستێت و وتویەتی “بەردەوام بیر لە خۆكوشتن دەكەمەوە، بەڵام بیر لە ئایندەی منداڵەكەم دەكەمەوە كە ئەگەر بەجێیبهێڵم كەس نییە بیپارێزێت و بایەخی پێبدات. بۆیە بەهۆی ئەوەوە دەژیم”. بە غەمباریشەوە دەپرسێت “بۆچی ژیانم بەهۆی هەڵەیەكەوە لەناوبچێت؟ مافی خۆمە ژیانێكی ئاسوودە لەگەڵ منداڵەكەمدا بەسەربەرم. بۆچی كۆمەڵگەو دەوڵەت توندوتیژ بن لەگەڵمدا؟“.

ئێش و ئازاری ئەزموونی لەباربردن

یاسای میسر سزای هەر پزیشكێك دەدات ئەگەر منداڵی ناو سكی كچان و ژنان لەباربەرێت، بۆیە ئەو پزیشكانە منداڵ لەباربەرێت دووچاری زیندانیكردن دەبێتەوە كە ماوەكەی لەنێوان 3 بۆ 15 ساڵ دەبێت، بۆیە كچان و ژنان ناچار دەبن پەنا بۆ ئەو پزیشكانە بەرن كە لە نۆرینگەی نهێنیدا كاردەكەن و پارەی زەبەلاح لەبەرانبەر لەباربردنی هەر منداڵێكدا وەردەگرن. هەندێك لە كچان و ژنانیش پەنا دەبەنەبەر شێواز و رێگای سەرەتایی و مەترسیداری لەباربردن.

چیرۆكێكی دیكە

لەو چوارچێوەیەدا هیبە ئەحمەد ئاماژە بۆ ئەوە دەكات كە باوكی ناچاری كردووە واز لە پرۆسەی خوێندن بهێنێت تا خەرجی برا جمەكەكەی لەئەستۆبگرێت.

ئەو كچە لە شوێنی كارەكەی كوڕێك دەناسێت و پەیوەندی لەگەڵدا دروستدەكات و سكی پڕدەبێت، بەڵام كوڕەكە دەستبەرداری دەبێت، ئەویش لە سەرەتادا بەدوای لەباربردنی سەلامەتدا دەگەڕێت، بۆیە پەنا بۆ پزیكشێك دەبات و لە بەرانبەر سێكسدا، هاوكاری دەكات و منداڵەكەی بۆ لەباردەبات.

هیبە ئەوەی بەسەریهاتووە، بۆ هەڵەی باوكی و برا جمكەكەی دەگەڕێنێتەوە كە بەهۆی ئەوانەوە تووشی ئەو نەهامەتی و دەردەسەرییە بووە.

مامۆستاكەی حەزی لێدەكات

چیرۆكەكانی سكپڕبوونی دەرەوەی پرۆسەی هاوسەرگیری كۆتاییان نایەت، رەنگە چیرۆكی ئەمیرە حسێن-ی تەمەن (19 ساڵ)یش جیاوازییەكی ئەوتۆی لەگەڵ ئەوانی دیكەدا نەبێت.

ئەو كچەش مامۆستاكەی زانكۆی حەزی لێدەكات و هەڵیدەخەڵەتێنێت بەوەی ئایندەیەكی بێوێنەی بۆ دروستدەكات و هەر لە زانكۆش دایدەمەزرێنێت. هەرچەندە زۆریش بایەخ بە بابەتی سكپڕبوونەكەی نادات، بەڵام هەست بە پەشیمانی و خەمباری دەكات، لەبەرئەوەی خۆی تەسلیم بە كەسێك كرد كە دواتر پشتی تێكرد.

ئەمیرە دەڵێت “مامۆستای زانكۆ پێگەیەكی باڵای هەیە لە دەوڵەتدا، بەڵام دەستبەرداری من و كۆرپەكەشم بوو“.

پێداچوونەوەی بەپەلە بە دەقی یاساكاندا

لەبارەی دەقە یاساییەكانەوە، رەزا دەنبوقی پارێزەر و بەڕێوەبەری جێبەجێكار لە سەنتەری خانمان بۆ رێنمایی و هۆشیاری یاسایی لە میسر لە دیدارێكی ماڵپەڕیDWدا روونیكردووەتەوە كە لەباربردنی كۆرپە لە یاسای میسردا لەو تاوانە زۆرانەیە كە لە ژیانی رۆژانەدا روودەدەن، بەڵام كەمترین بڕیاری ئیدانەكردن لەلایەن دادگاوە دەردەكرێت. هۆكاری ئەوەشی گەڕاندەوە بۆئەوەی بە نهێنی تاوانەكە دەكرێت و ئاشكرا ناكرێت، ئەوەشی ئاشكرا دەبێت بەهۆی رێكەوتەوە دەبێت بەتایبەت كاتێك لەباربردنەكە دەبێتەهۆی گیان لەدەستدانی ئافرەتەكە.

ئەو پارێزەرە داوا لە دەوڵەتیش دەكات پێداچوونەوە بە یاساكانی سزای لەباربردندا بكات و ئەو بڕگە و مادانە لاببات كە سزا بەسەر ئافرەتی لەباربەری منداڵدا دەسەپێنێت لە بەرانبەریشدا یاسا دەربكات بۆ رێگەدان بە لەباربردنی كۆرپەی ناو سكی قوربانیانی دەستدرێژی سێكسی و پەیوەندی حەرام، تا خزمەتگوزاریی تەندروستی و تەنانەت منداڵبوونیش بۆ هەموو ئافرەتان بەبێ جیاوازی دەستەبەر ببێت.

سەنتەری خانمان بۆ رێنمایی و هۆشیاری یاسایی لە میسر زیاتر لە هەزار دۆسیەی لەبەردەم دادگادا بردووەتەوە و خاوەندارێتی منداڵ و پەیوەندی هاوسەریی سەلماندووە. 100 دۆسیەی دیكەش هەن بە رێككەوتن و سازان خاوەندارێتی منداڵ سەلمێنراوە. هەر دۆسیەیەكیش ساڵ و نیوێك بۆ سێ ساڵ دەخایەنێت تا لە دادگادا یەكلادەبێتەوە.

تایبەتمەندییەکان: کۆمەڵایەتی

زیادکردنی وەڵام