بەرئەنجامی ڕیفراندۆمەکەی بەریتانیا جیهانی توشی شۆکێکی گەورە کرد،ئەنجامی ڕاپرسیەکە بە جۆرێک کەوتەوە حکومەتی بەریتانیای ناچار کرد دەستبەرداری ئەندامێتی یەکێتی ئەوروپا ببێت.
کاریگەری چونەدەرەوەی بەریتانیا لە یەکێتی ئەوروپا قووڵ و بەرفراوان و جیهانگیرە،باجی بردنەدەرەوەی بەریتانیا قورس و تاقەت پڕوکێنە،ڕەنجێکی زۆری ئەوێت تا کاریگەری ئاسەوارە خراپەکانی کەم بکرێتەوە.
پۆپۆلیزمی ئینگلیز زیرەکانە چاوبەست و خۆڵکردنە چاوی خەڵکی بەکارهێنا بۆ فریودانی ڕێژەیەکی زۆری دەنگدەری ئینگلیز تا دەنگ بە چونەدەرەوە بدەن،کەمی زانیاری ونەزانینی دیوە خراپەکانی چونەدەرەوە هۆکارێکی تری ئەو فیرو خواردنانە بو.
لەگەڵ بونی ئەو ڕاستیەی هاتنی ژمارەیەکی زیاد لەپێویستی کۆچبەری ئەوروپای رۆژهەڵاتی،جۆرێک پشێوی بازاری کاری بەرپا کردوە،هاتنی بێ کۆتایی کۆچبەری ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بوەتە مایەی ترسی تێکچونی ئاسایش،
بەڵام هێشتا ئەو ڕاستییە زۆر زەقە کە پۆپۆلیزمی ڕاستڕەو،بێ گومان بە نیازی ئایدۆلۆژیانە، زیاد لە قەبارەی خۆی فووی مەترسی کردۆتە مەسەلەکە.
هۆکارە دەرەکییەکانی وەک قەیرانی ئابوری جیهان،سەرهەڵدان و دەست درێژە خوێناویەکانی گروپە تیرۆریستە دینیەکان تا ناوجەرگەی ئەوروپا،پاڵپشتێکی لەبار بوون بۆ هات و هاواری حیزبە ڕاستڕەوە دژە کۆچبەر و بێگانەکان. پۆپۆلیزمی ڕاستڕەو زۆر هەلپەرستانە و زیرەکانە کەوتە قاو دانی حکومەت کە گوایە ئەندام بوونیان لەیەکێتی ئەوروپا هێزی ئەوەی لێ بڕیون ڕێگە لە هاتی بێگانە بگرن و ئاسایشی وڵات و خەڵک بپارێزن.
لە ماوەی دە ساڵی ڕابوردودا ژمارەی وڵاتە ئەندامەکانی یەکێتی ئەوروپا چەند جار زیادی کردوە،.ئەندامە نوێیەکان وڵاتانی بلۆکی رژهەڵاتی جارانی ئەوروپان،زۆربەی ئەم وڵاتانە هەژارن، ژێر خانی ئابوری زۆر لاوازیان هەیە ڕێژەی هەژاری و بێ کاری زۆر بەرزە تیاندا.
نا هاوسەنگی ئابوری و ئاستی گوزەرانی خۆرهەڵات و خۆر ئاوای ئەوروپا لە عەیبە دیارەکانی پەلە کردن بووە لە فراوانکردنی یەکێتی ئەوروپا،میلۆنان مرۆڤی تینوی کار لە خۆرهەڵاتی ئەوروپاوە بێ بەرنامە و ڕێک خستن ڕژانە بازاڕەکانی خۆر ئاوای ئەوروپاوە،پشێوی بازاڕ، هەرزان بوونی هەقدەستی کار، تەنگ پێهەڵچنینی دەستی کاری ناوخۆ لە دیمەنە بەرچاوەکانی ئەم فراوانکردنە پەلە لێکراوەن.
لەجەوهەردا فراوانکردنی یەکێتی ئەوروپا تا کار بگاتە ئەوەی سنورەکانی بگاتە دەریای بەڵتیک و وەرگرتنی وڵاتانی بچوکی ئابوری لاوازی وەک(لیتوانیا-ئیستۆنیا)وەک نموونە،نیازی سیاسی لە پشتەوە بووە وەک لەوەی هاوسەنگی ئابوری-سیاسی یان پێداویستی دەستی کار.دیاریترین دیوی نیازە سیاسیەکە زیاتر درێژ کردنەوەی قوڵایی ستراتیژی هاوپەیمانی ناتۆیە، لە ژێر بیانوی فراوانکردنی یەکێتی ئەوروپا،ڕەنگە ئەمە لە ژێرەوە هاندانی ئەمریکیەکانی تێدا بێت بۆ هەرچی زیاتری تەسککردنەوەی گەمارۆ بێت لەسەر روسیا-پۆتین،واز هێنانی بەریتانیا لە یەکێتی ئەوروپا ڕەهەندی پەل و پۆداری گرنگی ترسناکی ئاستی جیهانی هەیە ،لێرەدا تیشک ئەخەینە سەر دوان لەو ڕەهەندانە.
یەکەم..گەشانەوەی هێزە پۆپۆلیست و ڕاستڕەوە نەتەوە پەرست و دژە کۆچبەرەکان بە گشتی.
ئەگەر سەدەی ڕابوردو تا ڕوخانی دیواری بەرلین و کەوتنی یەکێتی سۆڤییەت سەدەی تەراتێنی پۆپۆلیزمی چەپگەرا بووبێت ،ئەوا بە کەوتنی یەکێتی سۆڤیەت و دۆستەکانی ئەستێرەی تەمەنی پۆپۆلیزمی چەپ ئاوا بوو،کەچی لە خۆر ئاوای ئەوروپاوە بە نیمچە شەرمێکەوە پۆپۆلیزمی ڕاستڕەو کەوتە جوڵە.
شەڕە وێرانکاریەکانی خۆر هەڵاتی ناوەڕاست،دەرکەوتنی گروپە ئاینیە توندڕەواکان و دەست وەشاندنی خۆێڕێژانەیان تا ناوجەرگەی ئەوروپا، کۆچی بە میلیۆنی خەڵی ڕۆژەلاتی ناوەڕاست بە ئاین و کەلتوری جیاوازەوە بۆ رۆژئاوا،تێکەڵ بوونی نا هاوسەنگی خۆرهەڵات و خۆر ئاوای ئەوروپا ،زەمینەی لەباری خولقاند بۆ نەشونما کردن و بە خۆدا هاتنی پۆپۆلیزمی ڕاستڕەوی نەتەوە پەرستی ئەوروپی.
ئەم حیزبگەل و گروپە توند ڕەوانە شادومانی خۆیان نەشاردەوە کاتێک هەواڵی ئەنجامی ڕیفراندۆمەکەی بەریتانیا ىلاو کرایەوە،بگرە وەک سەرکەوتنی خۆیان ئاهەنگیان بۆ گێرا،پۆپۆلیزمی ڕاستڕەوی هۆڵەندی+ئەڵمانی+فەرەنسی+دانیمارکی+نەمسا و هەنگاریا ئەم هەستی سەرکەوتنەیان لە کەس نەشاردەوە.
ئەم حیزگەلانە لە خەیاڵدانیاندا گەرای فاشیزمی نەتەوەپەرستی خۆی مەڵاسداوە.لێک هەڵوەشانەوەی یەکێتی ئەوروپا بەختی زەبەلاح بوونی ئەمانە زیاتر ئەکات،سەرکەوتنی ئەمانە ئاشتی مرۆڤایەتی ئەخاتە مەترسیەوە.
ئەگەرسەرەتا پۆپۆلیزم و گروپە توندڕەوەکان دژەکۆچبەری خۆرهەڵاتی ناوەڕاستی بە ئاین موسڵمان هەوێنی بیر و خۆراکی رۆحیان بوبێت ئێستا پەڕیونەتەوە بۆ هەموو جۆرەکانی کۆچبەر بەبیانوی پاراستی وڵات و خەڵکی خۆیان تا لێواری ڕەگەزپەرستی شۆڕبونەتەوە.
ئەنجامی ڕیفراندۆمەکەی بەریتانیا باوەڕ بە خۆ بونی ئەو گروپانەی بردە لوتکە،ناهەقمان نیە ئەگەر چونە دەرەوەی بەریتانیا لە یەکێتی ئەوروپا بە سەرەتای گەشانەوەی خەیاڵی ترسناکی نەتەوەپەرستی لە ئەوروپا تا پلەی فاشیزمی نوێ بزانین .
دوەم.. زیان لێکەوتن و لاواز بونی هێزی نەرم(سۆفت پاوەر) مەبەست لە هێز مانای بونی توانا بۆ کاریگەری خستنە سەر خەڵکی تر بۆ کردنی کارێک یان ڕازی بون بە ڕودانی ڕوداوێک،دوو جۆر هێز هەیە،هێزی ڕەق تێیدا زەبرو زەنگ و بە زۆر ناچارکردن و مل پێدان بەکار ئەهێنرێت،دوەم هێزی نەرمە کە ڕازیبون و ملدان بۆ کردنی کارێک لە ڕێگەی ڕازی بونەوە ڕو ئەدات،بێ ئەوەی زۆرکردن یان ناچار کردن یان بەرتیل پێدان،بەڵکو لەڕێگەی سەرنجڕاکێشان و باوڕ بوونەوە دێتە ئەنجام.

ئەمەریکیەکان و ڕوسەکان لەڕێگەی بەکارهێنانی ‌هێزی سەربازی و فشاری دیپلۆماسیەوە مەرامەکانیان بەسەر ئەوانیتردا ئەسەپێنن،نمونەی کەش زۆرن بە ئاستی بچوکتر هەمان ڕەفتاری بە کارهێنانی هێزی ڕەقیان هەیە لەئاستی پەیوەندیە نێو دەوڵەتییەکان و ئاستی حوکمداریکردنی ناوخۆ بۆ مل کەچپێکردنی ئێرانی جمهوری ئیسلامی کۆریای باکور،تورکیا و مەسەلەی کورد لە نمونە دیارەکانی ئەم جۆرەی بەکارهێنانی هێزی ڕەقی ناچاری کردنن.

یەکێتی ئەورروپا مۆدێلێکی جیاوازی ‌هێزی هەیە،کە هێزی نەرمە لە ڕێگەی ڕازی بوون و بە باش زانین و سەرسام بوون پێی، ئەوانی تر ڕازی ئەکات لێی نزیک ببنەوە و بە هێزی دۆست و نیاز باشی بزانن،کلتوری سیاسی ،کۆمەڵایەتی،فەرهەنگی یەکێتی ئەوروپا لەسەرتاسەری دنیا وەک نمونەیەکی باش و لەباری جۆری ژیان ئەبینرێت زۆر گەلانی شوێنەکانی دنیا ئاواتی پێ ئەخوازن،هیچ شوێنێک نیە لە ئێستادا وەک ئەوروپای رۆژئاوا شوێنی پێکەوە ژیانی ئاشتیانەی چەندەها نەتەوە و ڕەگەز و ئاین و بیر و ڕای سیاسی لێک جیاواز بێت، دیموکراتی مافی مرۆڤ ئاڵ و گۆڕی ئاشتیانەی دەسەڵات هێزن،سەربەستی تاکە کەس ،ئازادی بیرورای سیاسی-ئایینی مێدیای ئازاد هێزن،تێر و تەسەلی و خۆشگوزەرانی و زۆری خزمەتگوزاری هێزن، هونەر ،زانست ،موزیک، سینەما ،خۆراک وپۆشاکی باش هێزن، ژینگەی خاوێن ویەکسانی بەردەمی یاسا هێزن، بوونی هەلی کار و فێر بوون هێزن،یەکێتی ئەورپاهەڵگری مانا لەبن نەهاتوەکانی گرنگی هێزی نەرمە،هەر زیان لێکەوتنێک لەو یەکێتیە زیان گەیاندنە بە یەکێک لە کۆڵەکە گرنگەکانی فەرهەنگی شارستانیانەی پێکەوە ژیان و پێکەوەهەڵکردنی جیاوازیەکان.،یەکێتی ئەوروپا کە پێکەوە گونجاندنی چەندەها نەتەوەو دەوڵەتی جیاواز لەکۆنفیدرالییەکی فراوان و ئاوەداندا،گرنگییەکی زۆری هەیە بۆ ڕاگرتنی تەرازوی هێزی نێو دەوڵەتی و کەمکردنەوەی هەژمونی هێزی ڕەق لە جوڵەی پەیوەندیە نێو دەڵەتیەکاندا.

مێژوی ئێمەی مرۆڤ هیلاکی بەکار هێنانی بێسنوری هێزی ڕەق و زۆر لێکردنە،کارەساتە شەرمهێنەرەکانی مێژوی ئێمە نەبوونی مەودایەک بوە بۆ بەکارهێنانی هێزی نەرم لە پەیوەندیەکانماندا،بەریتانیا خاوەنی میراتێکی دەوڵەمەندی زانستی و کلتوری و ئابوری سەربازییە،مانەوەی بەریتانیا لە ناو کایەی هێزی نەرما،گرنگی بێ وێنەی لە گشت بوارەکانی ئاشتی و ئاسایش و نۆرمی شارستانیانەی پێکەوە ژیان هەیە.
یەکێتی ئەوروپا تاکە هێزی نەرمی جیهانە لە ئێستادا وەک نمونەی سەرکەوتو بۆ شوێنە جیاوازەکانی جیهان بگوێزرێتەوە، هەر زیان گەیاندنێک بەم یەکێتیە زیان گەیاندنە بە ئامڕازێکی گرنگی ئاشتی جیهانی،چونەدەرەوەی بەریتانیا لە هێزی نەرمی یەکێتی ئەوروپا ئەو یەکێتیەی نیوە گیان کردوە ،مەترسی گەورەش ئەوەیە چونە دەرەوەی بەریتانیا یەکەم بزماری گەورەو کاریگەری تابووتی مەرگی یەکێتی ئەوروپای نەرم بێت.

تایبەتمەندییەکان: بابەتی هەڵبژاردە

زیادکردنی وەڵام