رۆژنیوز- هانا ئازاد

د.کامه‌ران مه‌نتک، مامۆستاى زانکۆى سه‌ڵاحه‌دین باس له‌دۆخى ناوخۆى باشورى کوردستان ده‌کات و پێى وایه‌، ڕێککه‌وتنه‌که‌ى یه‌کێتى و گۆڕان، گۆرانکارى دروست ناکات، پێشى وایه‌، که‌ پارتى له‌کاتى دامه‌زراندنیه‌وه‌ تائێستا به‌م شێوه‌یه‌ لاوازنه‌بووه‌.

مه‌نتک له‌و دیمانه‌یه‌دا له‌گه‌ڵ ڕۆژنیوز باسى ڕۆژئاواى کوردستان و په‌یوه‌ندیه‌کانى تورکیا و پارتى ده‌کات و له‌وباره‌یه‌وه‌ ده‌ڵێت:” پارتى به‌وه‌کاله‌تى تورکیا شه‌ڕى ڕۆژئاواى کوردستان ده‌کات”.

ده‌قی چاوپێکه‌وتنه‌که‌:

رۆژنیوز: له‌باشورى کوردستان دۆخى سیاسى به‌چه‌قبه‌ستوویى ماوه‌ته‌وه‌، پێت وایه‌ دواى ڕێککه‌وتنه‌ سیاسیه‌که‌ى نێوان یه‌کێتى و گۆڕان، جوله‌ى سیاسى ده‌سپێبکاته‌وه‌ ؟

” پارتى له‌ڕووى جه‌ماوه‌رییه‌وه‌ له‌قه‌یرانێکى جدیدایه‌”

-دۆخى چه‌قبه‌ستووى باشورى کوردستان ته‌نها له‌ڕووه‌ سیاسیه‌که‌یه‌وه‌ خوێندنه‌وه‌ى بۆناکرێت، به‌ڵکو له‌ڕووى ئابورى و کۆمه‌ڵایه‌تى دۆخى هه‌رێم له‌قۆناغێکدا که‌ زه‌مه‌نى به‌سه‌رچووه‌ و پێویستى به‌گۆڕانکاریه‌کى بنه‌ڕه‌تى هه‌یه‌، ڕێککه‌وتنه‌که‌ى نێوان گۆڕان و یه‌کێتى به‌نجێک ده‌بێت بۆ دۆخه‌که‌، به‌ڵام ڕاستى تاڵ ئه‌وه‌یه‌ که‌ له‌باشورى کوردستان تائێستا قه‌درى ده‌نگده‌ر نازانرێت و هاوسه‌نگى هێز په‌یوه‌ندى به‌ هه‌رێمایه‌تیه‌وه‌ هه‌یه‌، بۆیه‌ ئه‌و هێزانه‌ى له‌باشورى کوردستان هه‌ن ئه‌وه‌نده‌ى خۆیان له‌پشتگیرى رژێمى ئێران و تورکیا ده‌بیننه‌وه‌ ئه‌وه‌نده‌ خۆیان له‌ده‌نگى هاوڵاتیاندا نامبیننه‌وه‌، بۆیه‌ ڕێککه‌وتنه‌که‌ ئه‌و گۆڕانکاریه‌ناکات که‌ چاوه‌ڕوان ده‌کرێت و دۆخى هه‌رێم تا گۆڕانکاریه‌کى هه‌رێمى به‌وشێوه‌یه‌ ده‌مێنێته‌وه‌ .

ڕۆژنیوز: دواى ڕێککه‌وتنه‌که‌ کاردانه‌وه‌کانى به‌رامبه‌ر که‌ پارتییه‌ تاڕاده‌یه‌ک چاوه‌ڕوان نه‌کراوبوو، به‌وجۆره‌ى پێشوازى له‌نزیک بوونه‌وه‌ى یه‌کێتى و گۆڕان نه‌کرد، خوێندنه‌وه‌ى ئێوه‌چیه‌؟

-پارتى به‌ به‌یاننامه‌ى دواى ڕێککه‌وتنه‌که‌ى یه‌کێتى و گۆڕان په‌یامێکى نارد که‌ هاوسه‌نگى هێز هیچ کاریگه‌ریه‌کى نیه‌، چونکه‌ ئێمه‌ هێزمان له‌به‌رده‌سته ‌و کاردانه‌وه‌کانى پارتى ده‌رهاویشته‌ى ئه‌و دۆخه‌ ده‌رونیه‌ بوو که ‌ئێستا ئه‌و حزبه‌ تێیدایه‌، پارتى له‌کاتى دامه‌زراندنیه‌وه‌ تائێستا به‌وشێوه‌یه‌ لاوازنه‌بووه‌،چونکه‌ هاوپه‌یمانه‌که‌شى که‌تورکیایه‌ له‌ قه‌یراندا ده‌ژی و پارتى له‌ڕووى جه‌ماوه‌ریه‌وه‌ له‌قه‌یرانێکى جدیدایه‌ و خه‌ڵک ئێستا شکسته‌کان ده‌بینێت و پارتى له‌دۆخێکى خراپدایه‌ و ده‌یه‌وێت په‌یامه‌کانى توند بێت بۆ ونکردنى ئه‌و دۆخه‌ى خۆى .

ڕۆژنیوز: باسى په‌یوه‌ندیه‌کانى تورکیا و پارتیت کرد که‌ئه‌وه‌ تاڕاده‌یه‌کى زۆر کاریگه‌رى له‌سه‌ر هه‌رێمى کوردستان داناوه‌، به‌ڵام پرسیاره‌که‌ ئه‌وه‌یه‌ ئه‌وه‌ په‌یوه‌ندى حزبییه‌ یان هه‌رێمایه‌تى؟

” په‌یوه‌ندییه‌کان له‌گه‌ڵ تورکیا هیچ هاوسه‌نگیه‌کیان نیه‌”

-به‌راستى په‌یوه‌ندیه‌کانى هه‌رێم وتورکیا ناکه‌وێته‌ په‌یوه‌ندى هه‌رێمایه‌تى یان په‌یوه‌ندیه‌کى نێوده‌وڵه‌تى، چونکه‌ ئه‌و په‌یوه‌ندییه‌ له‌گه‌ڵ حکومه‌تى هه‌رێمى کوردستاندا نیه‌ و له‌گه‌ڵ حزبێکه‌ بۆیه‌ په‌یوه‌ندییه‌کان له‌گه‌ڵ تورکیا هیچ هاوسه‌نگیه‌کیان نیه‌ و بۆیه‌ ئه‌وه‌ى هه‌یه‌ به‌پاشکۆ بوونه‌ و ناکه‌وێته‌ چوارچێوه‌ى په‌یوه‌ندى سیاسى، بۆ ناوخۆى هه‌رێمیش راسته‌ پارتى به‌شێکى زۆرى ئابورى له‌به‌رده‌سته‌، به‌ڵام ئه‌وه‌ى یه‌کێتیش هیچى که‌متر نیه‌ له‌وه‌، بۆیه‌ ئه‌وه‌ى بواری داوه‌ پارتى قۆرخکارى بکات یه‌کێتى و حزبه‌کانى ترن، چه‌نده‌ پارتى تاوانباربێت له‌ودۆخه‌ى هه‌یه‌ حزبه‌کانى تریش به‌و سیاسه‌ته‌ دوو ڕووییه‌ به‌رپرسیاریه‌تیان له‌سه‌ره‌ و بێ هێزى حزبه‌کانى تره‌ وایکردووه‌ پارتى به‌هێز ده‌ربکه‌وێت.

ڕۆژنیوز: بابه‌تێکى تر که‌ئێستا له‌ڕۆژه‌ڤدایه‌ داخستنى سنوره‌کانى ڕۆژئاواى کوردستانه‌ که‌ ئێوه‌ زۆرجار بۆچونتان له‌وباره‌یه‌وه‌ هه‌بووه‌.؟

” پارتى به‌وه‌کاله‌تى تورکیا شه‌ڕى ڕۆژئاواى کوردستان ده‌کات”

-زۆرجار ئه‌وشه‌ڕانه‌ى ده‌کرێن به‌وه‌کاله‌ته،‌ سیمێلکا ده‌روازه‌یه‌که‌ پارتى دیموکراتى کوردستانى عێراق دایخستووه‌ ئه‌وه‌ش به‌شێکه‌ له‌وشه‌ڕانه‌ى که‌وتۆته‌ ئه‌ستۆى ئه‌و حزبه‌، هێزه‌کانى ڕۆژئاواى کوردستان خه‌ریکى ریکخستنه‌وه‌ن، به‌ڵام پارتى به‌وه‌کاله‌تى تورکیا شه‌ڕى ڕۆژئاواى کوردستان ده‌کات و پارتى ناچارکراوه‌ ئه‌و شه‌ڕه‌بکات و هه‌موو هه‌وڵه‌کان بۆئه‌وه‌یه‌ هێزه‌کانى کوردى له‌ڕۆژئاوا بکه‌ن به‌دوو به‌ش و چۆن ئه‌وه‌ى له‌باشور کردیان شه‌ڕى یه‌کێتى و پارتى له‌وێش هه‌مان سیناریۆ دووباره‌ ببێته‌وه‌، چونکه‌ گه‌شه‌سه‌ندنه‌ خێراکانى ڕۆژئاوا تورکیاى ترساندووه‌ .

ڕۆژنیوز: له‌سه‌ر ئۆپه‌راسیۆنى ره‌قه‌ قسه‌ت چیه‌؟ پێت وایه‌ چ کاریگه‌ریه‌ک له‌سه‌ر ئۆپه‌راسیۆنى کۆنترۆڵکردنه‌وه‌ى موسڵ دروستده‌کات.؟

“سه‌رکردایه‌تى کورد له‌شه‌ڕى ره‌قه‌ ده‌بێته‌ جێگره‌وه‌یه‌ک به‌رامبه‌ر هیزه‌کانى تورکیا”

-ئۆپه‌راسیۆنى ره‌قه‌ ده‌که‌وێته‌ پاراستنى به‌شى خواره‌وه‌ى سنوره‌کانى ڕۆژئاواى کوردستان، که‌ هاوپه‌یمانان فشاریان هه‌یه‌ که‌ له‌قوڵاى سوریاوه‌ ئه‌و ده‌روازه‌یه‌ بگرێت که‌ هاوکاریه‌کانى تورکیا ده‌گه‌یشته‌ ده‌ستى چه‌ته‌کانى داعش، بۆیه‌ سه‌رکردایه‌تى کورد بۆ ئه‌و ئۆپه‌راسیۆنه‌ ئاماژه‌یه‌ بۆ ئه‌وه‌ى ده‌بێته‌ جێگره‌وه‌یه‌ک به‌رامبه‌ر هێزه‌کانى تورکیا،  ڕۆژ به‌ڕۆژ تورکیا رکێفى دێته‌ خواره‌وه‌ له‌کۆمه‌ڵگه‌ى نێوده‌وڵه‌تى و له‌به‌رامبه‌ردا کورد جێگیرتر ده‌بێت، له‌ڕووى جوگرافیاوه‌ ئۆپه‌راسیۆنى ره‌قه‌ کاریگه‌رى له‌سه‌ر ئۆپه‌راسیۆنى موسڵ ده‌بێت و کاریگه‌رى له‌سه‌ر تورکیا و پارتیش ده‌بێت.

رۆژنیوز: له‌ دوو ڕۆژی ڕابردوودا له‌کاتێکدا ئه‌نه‌س عه‌بده‌ سه‌رۆکی هاوپه‌یمانی نیشتمانی ئۆپۆزسیۆنی سوری که‌ ئێستا شه‌ڕی دژ به‌ کوردان له‌ حه‌له‌ب ده‌که‌ن له‌سه‌ردانێکیدا بۆ هه‌ولێر له‌گه‌ڵ بارزانی کۆبووه‌وه‌ له‌هه‌مان کاتدا گروپێکی چه‌کداری به‌ئاڵای هه‌رێمی کوردستانه‌وه‌ له‌ ناوچه‌ی عه‌فرین خۆیان ڕاگه‌یاندووه‌ به‌ناوی که‌تیبه‌کانی شۆڕشگێڕانی کورد که‌ دژی یه‌په‌گه‌ شه‌ڕ ده‌که‌ن، هه‌ڵسه‌نگاندی ئێوه‌ له‌وباره‌یه‌وه‌ چیه‌؟

” ئۆپۆزسیۆنى سوریا هه‌ڵوێستیان به‌رامبه‌ر به‌کورد زۆر له‌چه‌ته‌کانى داعش خراپتره‌”

-بابه‌تى ڕۆژئاواى کوردستان زۆر خێرا به‌ره‌و پێش ده‌چێت و تورکیا ده‌یه‌وێت پێش به‌و گه‌شه‌سه‌ندنانه‌ بگرێت، یه‌ک ڕاستى هه‌یه‌ ده‌بێت بیزانین ئۆپۆزسیۆنى سوریا هه‌ڵوێستیان به‌رامبه‌ر به‌کورد زۆر له‌چه‌ته‌کانى داعش  و رژێمى سوریا خراپتره‌ و ئاماده‌نین دان به‌ئاسایترین مافى کورد دابنین، ئه‌وانه‌ کۆبوونه‌وه‌کانیان له‌ ئه‌سته‌نبوڵ ئه‌نجامده‌ده‌ن له‌هه‌موى گرنگترن ئێستا ئۆپۆزسیۆنى سوریا ده‌کرێته‌ ئه‌و ئامرازه‌ هێزه‌کان کۆبکه‌نه‌وه‌ و کێشه‌ بۆ ئه‌زمونى ڕۆژئاوا دروست بکه‌ن که‌ ئامانجى یه‌که‌میان شه‌ڕى کورده‌ له‌ گۆرانکاریه‌کاندا .

تایبەتمەندییەکان: بابەتی هەڵبژاردە

زیادکردنی وەڵام