قەیران دەکرێ ڕو بکاتە هەرنیشتیمان و گەلێک،هەیە سروشتییە،وەک نەبارینی باران و خولقاندنی قات وقڕی، چەندین جۆر قەیرانمان هەیە کە بە بۆنەی شەڕەکانەوە یەخە بە کۆمەڵگا دەگرن،زۆرهەیە دەسکردی دەسەڵات+ بازرگانە چاو چنۆکەکانە،زۆ هەیە خۆڕسکەو بەرهەمی هەژاری نیشتیمانی و دواکەوتویی خەلکە، لە مەیدانی بەرهەمهێنانی ئابوریدا.

قەیران هەیە سیاسییە،کە بەناو سیاسیەکان بە لنگەوقوچی دەیکەن و ئەمەیش خراپترین جۆرە کە تێکڕا باجەکەی خەڵک دەیدا،ئاخرئەوە وێناکردنی سەرخانی کۆمەڵگایە،ژێرخان دەکاتە نمونەیەکی باش یان خراپترین، ئەمە دەکرێ لە زۆر کۆمەڵگادا بونی هەبوێت یان هەبێت،وەلێ کوردوستانی باشور وەک چۆن دەسەلاتەکەی لە دنیادا نمونەی نییە،لە ئەزمەکانیشدا دیسان نموونەیان نییە.

لە کوردوستان قەیرانی سیاسی،ئابوری،حوکمڕانی،موچە،کار،فکر،پەیوەندیە کۆمەڵایەتی و کەسیەکان،هاوڕێیەتی، خێزان،خۆشەویستی وبەیەکەوە ژیان،ئەخلاق،خوێندنەوە،سۆزو میهرەبانی و بەزەیی،ڕاستگۆیی،کاری مێدیایی کە خاڵیە لە ئەخلاق،نوسین،قسەکردن،هەتا دەگاتە قەیرانی لوقمەقازی و شەربەتی مێوژ کە بە مەنجەڵ وسوراحی و مەسینەوە ڕیزی بۆ دەبەستن،قەیرانی سڵق،گیپە کە بەیانیان بەرناکەوێ،کەلانەی پیازو پیچک،ماست و دۆ،کەوەرو کەرەوزو پەڵپینە،تا دەگاتە تەمەرهند،هەمووی هەیە،هەرهەمویشی یەکێتی و پارتی بەهەمیان هێناوە.

سەرەڕای ئەم قەیرانانە،یەک قەیرانی ترمان هەیە کە لەهەموقەیرانەکان کارەساتبارترە،ئەویش “قەیرانی نەبوونی خەڵکە”،ئێمە لە کوردوستان خەڵکمان نیە،ئەوەی کە ئاپۆرا دەبەستن بۆ هەمو ئەم شتانە لە ماڵەکان و شەقامەکان ودائیرەکان و قوتابخانەکان و زانکۆکان و مزگەوتەکان و هتددد کان هیچی خەڵک نین،هیچی سەریان پێوە نیە،ئەوە ئەزمەی بێ خەلکییە کۆمەڵگای ئێمەو نیشتیمانی ئێمەی داڕزاندوە، نەک پێداویستیەکان.

پێشمەرگە هیچ پێی شەرم نیە هۆن هۆن دەگری و دەڵێ” من لە شەڕم ومندالەکەم شیری نییە بیخوات” ئەمە ئەگەر ئەزمەی خەلک نەبێت،ئەمە چ پێشمەرگەیەکە!! هەر پێشمەرگەو هەر ئینسانێک ئەگەر ئەقڵی هەبێت، نیشتیمان دەدات بە قوتویە شیر بۆ مندالەکەی،نیشتیمان دەدات بە جوتێ پێڵاو بۆ منداڵەکەی،لە کاتێکدا سەرانی پارتی،بنەماڵەی بارزانی و سەرانی یەکێتی و حیبزبەکان شاهانە دەژین و لەو کاتەدا کە جەنگ زۆرترینە،ئەوان پارەی زۆرتر پەیدا دەکەن، خوێن لە پەنجەیان نایە،تەنها لەبەردەم مایکرۆفۆنەکاندا فوی پیادەکەنو دەقیژێنن بۆ گەوجاندنی ئێوە،ئێوەیش وادەزانن،نیشتیمان دەبێت هێلکە ئاڵوتنیەکەی بۆ ئەوان بێتو ڕیقنەکەی بۆ ئێوە،کاتێ خۆت گەوجی و خەڵەتاوی،شین وشەپۆڕ بۆ دەکەی؟قەد پرسیوتە ئەگەر نیشتیمان ئەوەندە خۆشەویستە،بۆچی بنەماڵەی بارزانی سەد سالە یەک کەسیان لەسەری خۆیان نەداوە بە کوشت؟لە کاتێکدا خێرەکەی هەر بۆ ئەوان بووە!.

کاتێ پیاو،ژن دەبینم قوڕ دەپێوێ لە شاشەی تیڤیەکانەوە، کە نانی نییە،ئاوی نییە،کارەبای نییە، وەلێ تەنها گریان دەزانێت،کە ئەسڵەن نابەرپرسان گاڵتەیان بە ئەقل و بە فرمێسکیان دێت، ئەمانیش تەنها شیوەن دەزان،،ئەمە دەکاتە قەیرانی بێ خەڵکی،چۆن دەبێت خەلکی لە پێناوی مانەوەی خۆی و ژیانیدا وەک ئینسان تێکۆشان نەکات و گیان بازی نەکات؟ ئەمە چ ژیانێکە لە مێدیاکانەوە فرمێسک هەڵوەرێنی کە نانت نییەو ماڵت نییە؟ئەی بۆ نایتە سەرجادەکان و خۆت بکەیتە قوربانی لە پێناوی منداڵەکانتداو ئەو دەسەلاتە سەرەونگوم بکەی؟!!.

کاتێک سەدان هەزارمامۆستای قوتابخانەکان،شەش مانگ جارێ موچە وەرناگرن وخۆیان بادەدەن ” لەبەر خاتری نیشتیمان و نەوەکانی دواڕۆژ بێ موچە دەرس دەڵێینەوە”ئەمە واتای بەشداریکردن لەهەموو ئەو دزی و جەردەیی و بێدادیە کە دەسەڵات بەرهەمی هێناوە،واتە ئەزمەی بێخەڵکی، دەبێت نەوەکانی پەروەردەی دەستی ئەم مامۆستا خۆبەدەستەوەدەرانە ،چ دەعابەیەک دەربچن لە ئایندەدا؟! ئەو پەڕی ببنەوە بەمانە،بە خۆیان؟!!!.بەم کۆیلانە؟!!.

درێژی ناکەمەوە ئەگەر سەیری هەموو چین و توێژەکانی کۆمەڵگای باشور بکەین،دەتوانین بیسەلەمێنین کە ئێمە خەڵکمان نییە،ئەوەی ئێمەی وێران کردوە “قەیرانی نەبوونی خەلکە” خەڵک بە مانا ئینسانیەکەی،بە مانا هوشیاریەکەی

تایبەتمەندییەکان: وتارو بیروڕا

زیادکردنی وەڵام