وابزانم ئەوەی من بناسێت و نوسینەکانی پێشومی خوێندبێتەوە کە چەند رەخنەئامێز بوون لە سەرجەم کارەکانی کاک بەختیار، ئەوا ئەم نوسینەش بابەتیانە بخوێنێتەوە و ناوەرۆکەکەی بە وردی وەربگرێت، بە مەرایی لەقەڵەمی نادات .
ئەگەر رۆڵ و کاکردنی مەلا بەختیار لە رووی فکری و فەلسەفی و جەماوەری و سیاسیەوە ھەڵسەنگێنین و، لەم بارودۆخە تازەیەی کوردستان بۆچونی حزبەکان و رێکەوتنی یەکێتی و گۆران و کار و بۆچونی کارەکتەرە سەرەکیەکانی سەر ساحە ی سیاسی کوردستان بخوێنینەوە، بە تایبەتی کەسایەتیەکانی وەک مەسعود بەرزانی و نەوشیروان و موستەفا، کە ھەر یەکە و ھەڵگری پێناسەیەکی تایبەتی خۆیە و لە سەرجەم رووەکانەوە سەلبیات و ئیجابیاتی خۆیان ھەیە و، پشتخانی فکری و سیاسیان کۆمەڵێک بۆچون ھەڵدەگرێت و بێگومان کون و کەلەبەری زۆری تێدایە، بۆیە بەردەوامی وەزعی چەقبەستوی کوردستان و دەرنەچون لەم مەتاھاتە و مانەوەی واقعی کوردستان لە سەر ئەم ریتمە ئەگەرێکی گەورەیە .
با واز لەوە بێنین و ئەو روانینەی خەڵکی کوردستان بەگشتی لە روانگەی ناوچەگەری و مێژووی ھەر یەک لەمانە و سەرکردەکانی تریش کە تا رادەیەک لە بیر کردنەوەی خەڵکدا چەکەرەی کردووە لەبەرچاو بگرین، ئەوا ناوچەگەرێتی و دووبەرەکی و کۆنە قین و ناکۆکی شەخسی و حزبی رۆڵی خۆی ھەیە لە ھەر بابەتێکدا باس بکرێت، پەتایبەتی ئەوانەی پەیوەندیان بە چارەنوسی خەڵکی کوردستانەوە ھەیە .
لە روانگەی پێشەوە، تەماشای رۆڵی مەلا بەختیار بکەن، کە خەڵکی شارێکی دوورە دەستە، ئەگەر با وا دانێین ناوچەکەرێتیش بکات بۆ شارەکەی خۆی، ئەوا کاریگەری سەلبی لەسەر کۆی گشتی کێشەی کورد دانانێت و دوو ناوچەیی لە کوردستاندا ناسەپێنێت، لەبەر ئەوەی لە پشتخانی رۆشنبیری و بیرکردنەوەی خەڵکی ناوچەکەی ئەمدا ئەم دەڤەرگەریە نیە و مێژوویەکی ناکۆکی لەگەڵ ناوچەکانی تردا نابینیت کە ئەگەری قورسی لێبکەوێتەوە . بۆیە لە رووی سیاسیەوە تا حەدێکی باش دەتوانێت لەمەودا وەک خاڵی ناوەند و گەیەنەر کاری گشتی پەیوەست بە بەرژەوەندیە باڵاکانی کوردستان بکات و رۆڵی خۆی بگێرێت، کە ئەگەری بارودۆخی جیاوازی زۆری لێ چاوەروان دەکرێت و، ئێرە جێگەی ئەوە نیە باسی بکەین و، ھەر یەکە و پێشبینیەکی لایە کە کوردستان بەرەو کوێ دەروات .
بێگومان لە رووی پشتخانی سیاسی و فکری و مێژوویی وجەماوەریەوە، کاک بەختیار رووبەرێکی تایبەتی خۆی ھەیە و دەتوانێت وەک کارەکتەرێکی کاریگەر و تەنانەت پاش ماوەیەکی تر ئەگەر لە ھەندێک بواردا بێلایەنی خۆی بپارێزیت، وەک مەرجەع پرسی پێ بکرێت و لە حزبایەتی تەسک دەردەچێت و پێگەی خۆی لەناو خەڵکدا بەو شێوەیە جێگیر دەکات .
لە رووی فەلسەفیەوە تایبەتمەندی خۆی ھەیە و کەس نکوڵی لەوە ناکات کە لەگەڵ ئەوەی لە نێو جەرگەی سیاسەتدا پشتی لە قەناعەتی فەلسفیی خۆی نەکردووە، ھەرچەند لە رووی سیاسیەوە زۆرێک جار زیانی بە خۆی گەیاندووە و وەک خۆی رەفتاری نەکردووە و تەانەت بە ھەزار حاڵ ھاوسەنگی لە نێوان بۆچونی فەلسفیی خۆی و حزبایەتی و بەرژەوەندی حزبەکەی راگرتووە و ویستویەتی بەلایەکدا نەکەوێت، بەڵام لە کۆتادا بەسەر خۆیدا شکاوەتەوە، وەک لە دیبەیتەکەی لەگەڵ عەلی باپیردا دەرکەوت.
لە رووی کوردستانی گەورەوە، کەس نیە موزایەدەی لەسەر بکات و ھەڵوێست و رەفتار و ھەنگاوەکانی بە کردەیی لە خزمەت پارچەکانی تری کوردستان نەخوێنێتەوە، بۆیە دەکرێت لەوبارەشەوە رۆڵی تایبەتی خۆی ھەبێت و لە قۆناغی داھاتوودا زەروورەتێکی کوردستانی گەورەش بێت، ئەگەر لەمەودوا لە قاوغی حزبایەتی تەسک خۆی بپارێزێت و لە پێگەیەکی باڵاوە مامەڵە لەگەڵ پرسی گەلی کوردستانی گەورە بکات، ئەمەش وەک رایەکی تایبەتی و بۆچون و خوێندنەوەی خۆمە و دەبێت لای خەڵک وەک خۆی وەربگیرێت .
ئەگەر دوور لە ھەر حزبایەتی و فکر و فەلسەفەیەک، مەلا بەختیار بخوێنینەوە، ئەوا لایەنی گەشی زیاتر دەردەکەوێت لە لایەنی رەشی، بۆیە بۆ قۆناغی داھاتوو، لە پاش قوڵبونەوەی ناکۆکیەکانی دەڤەرەکان، وا پێویست دەکات کەسێکی خاوەن پشتخان و مێژووی تایبەت و چالاک و بەتوانا و بێلایەن لە تەماشاکردنی کەیسەکان، نەک بە تەنھا لە رووی حزبیەوە بەڵکو لە سەرجەم رووەکانەوە، رۆڵی تایبەتی خۆی بگێڕێت و، ئەو ئەرکەش بە کەسێکی ھەڵکەوتەی لەم شێوەیە لە ناوەرۆک و رووکەشدا، زیاتر مەیسەر دەبێت .
بۆیە ئەگەر بەو شێوەیە خۆی سەلماند، ئەوە دەتوانێت ناوەندگێری خۆی دوور لە ھەر تەرەف گێریەک بکات و، نەھێڵێت کێشەکان لە گرێژنە دەربچن و، لەم تەمەنەیدا دەتوانێت مەرجەعیەتی خۆی فەرز بکات و قسەکانی جێگەی خۆیان بگرن و راکانی جێبەجێ بکرێن، بە مەرجێک سەرجەم کێشە و بێشە و ناکۆکیەکانی پێشوتری لەگەڵ سەرجەم کەس و لایەنەکاندا فۆرمات بکاتەوە . پاش ئەوەی لەم بارەوە بیرێکی قوڵی لێ بکاتەوە و ستراتیجی خۆی دانێت، بێگومان لە داھاتوودا رۆڵی یەکلاکەرەوەی کاک بەختیار لە ساحەی سیاسی کرودستان بە گشتی و کوردستانی باشور بە تایبەتی بە جوانی دەردەکەوێت . وەک دەیبینم کوردستانیش لەم قۆناغەدا لە وەزعێکی تایبەتیدایە و پێویستیەکی تەواوی بەم کارەکتەرە گەورەیە ھەیە و، رۆڵێکی گەورەی ئاوھا بە ھەموو کەس ناکرێت و سیفەتی تایبەتی خۆی دەوێت . ئەم رۆڵگیرانەی کاک بەختیار ئەگەر سەرکەوتوو بێت زەرورەتێکی مێژوویی کوردستانیە بۆ ئەم قۆناغە و بۆ دوارۆژی نزیکیش، ئەگینا دەکرێت حاڵەتەکان جارێکی تر بگەن بە مریشکە رەشە .

تایبەتمەندییەکان: وتارو بیروڕا

زیادکردنی وەڵام