“کوردی عێراق بەشی خۆیان کێشەیان هەیە. جیابونەوە لە عێراق تەنها دەبێتە هۆی خراپتربونی بارودۆخەکە”.

خەڵکێکی زۆر دەپرسن ئاخۆ کوردستانی عێراق کەی سەربەخۆیی رادەگەیەنێت لەکاتێکدا ئوتۆنۆمییەکی بەرفراوان مومارەسە دەکات. لەم چرکەساتەدا جیابونەوە کارێکی پەسەندکراو نییە: جەنگ لەگەڵ داعش، دابەزینی نرخی نەوت، حکومەتێکی بێباک و موفلیسبون بونەتە هۆکاری دروستبونی بارگرژیی سیاسیی و ئابوریی. ئەم کێشانە بەو سەختییە لەماوەی ١٠ ساڵی رابردودا روبەڕوی حکومەتی هەرێم نەبونەتەوە.

سەرەڕای ئەمانەش، مەسعود بارزانیی لەهەوڵی جێکردنی سەربەخۆییدایە. لەساڵی ٢٠١٥ وە، بارزانیی پارتیی دیموکراتیی کوردستانی راسپاردوە بۆ کارکردن لەگەڵ حیزبەکانی تردا بەمەبەستیی ئامادەکاریی بۆ ریفراندۆم.

لەم ئانوساتەشدا و لەلای باکوری رۆژئاواوە و بەدرێژایی سنور لەگەڵ تورکیادا، ناکۆکییەکانی نێوان دەوڵەتی تورکیا و چەکدارانی پارتیی کرێکارانی کوردستان (پەکەکە) دەستپێکردۆتەوە. لەوکاتەی کە دانوستانی ئاشتیی لە نێوان هەردولا لە ٢٠١٥ دا هەرەسی هێنا، پەکەکە دەستیکردوە بە چڕکردنەوەی بەرگریی لە ناوچە شارنشینەکاندا بە هێرشکردنە سەر سوپا و هێزەکانی پۆلیسیی تورکیا و نادیدەگرتنی قوربانیی هاوڵاتییانی مەدەنیی و تێکشکاندنی ژێرخانی بەهاداریی بۆری گواستنەوەی نەوت. لەبەرامبەردا، سوپای تورکیا دەستیداوەتە مانۆڕی سەربازیی و سیاسیی کە بونەتە هۆکاری بەرزبونەوەی رێژەیەکی گەورەی قوربانیی بەدرێژایی بەشی باشوری رۆژهەڵاتی تورکیا.

پەکەکە خاڵی هاوبەشیی لەگەڵ حیزبە کۆنسێرڤاتیڤەکەی بارزانیدا کە پارتیی دیموکراتیی کوردستانە کەمە، بارزانیی لەم ساڵانەی دوایدا سیاسەتی نزیکبونەوەی لەگەڵ سەرانی ئەنقەرەدا پەیڕەوکردوە. سەرەڕای ئەوەش، چەکدارانی کورد لە تورکیادا کاریگەریی قوڵیان لەسەر چارەنوسی سیاسیی کوردەکانی هەرێمی کوردستان بەدرێژایی سنور هەیە. ئابوریی هەرێمی کوردستان کە بە خەستیی پشتی بە هەناردەکردنی سامانی سروشتیی بەستوە پێویستیی بە تورکیا هەیە وەک دەرچەیەک بۆ گەیشتن بە بازاڕی نێودەوڵەتیی. ئەگەر هەرێمی کوردستان لە بەغدا جیاببێتەوە، ئەوا کوردستانی سەربەخۆ زیاتر لەوەی لەئێستا پاڵیداوەتەوە بە تورکیاوە پشت بە تورکیا دەبەستێت. هەتاوەکو ئەو توندوتیژییەی تورکیا بەردەوام بێت، ئەوا بۆرییەکانی نەوت و غاز کە بڕبڕەی پشتی پەیوەندیی ئابوریی هەرێمی کوردستان و تورکیان بە نائارام دەمێننەوە- هەروەها سەرچاوەی سەرەکیی داهاتی ئابوریی هەرێمی کوردستان بە بەردەوامی لەژێر ڕەحمەتی پەکەکەدا دەبێت. لەجیاتیی ئەوەی بارزانیی لەڕوی سیاسییەوە کەمپەین دەکات بۆ سەربەخۆیی، بۆ بارزانیی و پارتەکەی ئەبو کاریان لەسەر کێشمەکێشمگەلێکی ناهەموار بکردایە کە روبەڕوی هەرێمی کوردستان بۆتەوە، لەوانەش: ریفۆرمی ئابوریی، ستراتیجیی سەربازیی و جێکردنی پەیوەندییەکی نوێکراوە لەگەڵ سەرانی بەغدا.

پشتبەستنی سەرانی هەرێمی کوردستان بە تورکیا هۆکاری راستەوخۆی خراپتربونی پەیوەندییەکانی نێوان هەرێمی کوردستان و بەغدایە. لەساڵی ٢٠٠٧ وە بۆ ساڵی ٢٠١٠، سەرانی کاربەدەستی هەرێمی کوردستان لەکنەی سەرپەرشتیکردنی گەڕان و دۆزینەوە و بەرهەمهێنانی نەوتی خۆیاندابون، بەڵام فرۆشتنی ئەو نەوتە بە شێوەیەکی ئۆتۆنۆمیی خەونێکی ئاستەم بو. کاربەدەستانی هەرێمی کوردستان بەتەواویی رەزامەندبون بە فرۆشتنی نەوتەکەیان لەڕێگەی بەغداوەو وەرگرتنی لەسەدا حەڤدەی پشکی بوجەکەیان لە بەشە بوجەی دەوڵەتی عێراقدا.

لەماوەی چەند ساڵی رابردودا، پەیوەندی نێوان کورد و حکومەتی نێوەندیی روی لە بێمتمانەیی و ئاڵوگۆڕکاریی کردوە. هەرێمی کوردستان فرۆشتنی نەوتی لەڕێگەی بەغداوە راگرت کاتێک کە بۆی دەرکەوت نوری مالیکیی سەرۆک وەزیرانی پێشو کرێی کۆمپانیا بیانییەکان نادات کە لە هەرێمی کوردستاندا کارییان دەکرد. سەرانی کورد و بەغدا دەستییان کردەوە بە فرۆشتنەوەی نەوت وەک پێشو لەساڵی ٢٠١١ دا، بەڵام پەیوەندی نێوانیان هەر بە ناسەقامگیریی مایەوە. مالیکیی رەتیکردەوە موچەی پێشمەرگە لە بوجەی نیشتیمانیی دابینبکات و بەردەوامیش لەسەدا حەڤدەی بەشە بوجەی هەرێمی کوردستانی دەبڕی.

شکستهێنان لە ئامادەکردنی یاسایەکی نیشتیمانیی نەوت و غازدا سەریکێشا بۆ ئەوەی کە حکومەتی هەرێم بە ئۆتۆنۆمیی بازاڕ بدۆزێتەوە و هەناردەی خۆی دەستپێبکات، هەروەها لە کۆتایی ٢٠١٣ دا، بۆرییەکی نوێی هەناردەکردنی بۆ ناردنی نەوت دەستپێکرد بۆ رەوانەکردنی نەوت بۆ دەرەوە. کاتێک کە سەرانی بەغدا دژ بە یەکەم هەناردەی ئۆتۆنۆمیی نەوتی حکومەتی هەرێم وەستانەوە لەساڵی ٢٠١٤ دا بەڕاگرتنی موچە بۆ هەرێم، تورکیا بو بە شەریکێکی بنەڕەتیی حکومەتی هەرێم. کاربەدەستانی کوردەکانی عێراق لەڕێگەی بەندەری جەیهانی تورکیاوە نەوتیان رەوانە کرد و بانکی دەوڵەتی تورکیاش پرۆسەی ئاڵوگۆڕکردنەکەی گرتەئەستۆ.

لەم کەینوبەینەشدا، پەیوەندیی نێوان مەسعود بارزانیی و رەجەب تەیب ئەردۆغانی سەرۆکی توکیا قوڵبویەوە. لەڕێگەی وەبەرهێنان لە پەیوەندییە ئابورییەکانەوە کە لەساڵی ٢٠٠٧ دا دەستیپێکرد، ئەردۆغان بەشداری مەراسیمی کردنەوەی کونسوڵخانەی تورکیای لە هەولێر کرد و بەشداری کردنەوەی فرۆکەخانەی نێودەوڵەتی هەولێریشی لە ساڵی ٢٠١١ دا کرد. لەساڵی ٢٠١٣ دا، بارزانیی و ئەردۆغان سەردانێکی مێژوییان بۆ ئامەد (دیاربەکر) ئەنجامدا- ئەم کۆبونەوەیە بویە هۆکاری ژیاندنەوەی دانوستانەکان لە نێوان حکومەتی تورکیی و پەکەکەدا.

حکومەتی تورکیی و پارتەکەی بارزانیی خاڵی هاوبەشییان لە ناکۆکیی سوریادا هەیە، چونکە هەردوکیان دژ بە پارتیی یەکێتیی دیموکرات (پەیەدە) دەوەستنەوە- پەیەدە سەر بە پەکەکەیە. هەروەک چۆن ئەردۆغان پەیەدە بەباڵێکی پەکەکە دەزانێت، پارتیی دیموکراتیی بارزانییش لەگەڵ هەردو پەکەکە و پەیەدە لەهەمبەر کاریگەریی سیاسییان لە ناوچە کوردییەکانی سوریا و عێراقدا پێکدادان لەنێوانیاندا رویداوە. هاوکاری ئەمەریکاش بۆ پەیەدە وەک مەترسییەک دەبینرێت و ئەو هاوکارییەش لە تێڕوانینیی بارزانییدا دەبێتە هۆکاری خستنەبەر مەترسیی باڵادەستیی حکومەتیی هەرێم وەک تەنها قەوارە کە پەیوەندیی ستراتیجیی لەگەڵ سەرانی ئەمەریکادا هەیە.

بەم شێوەیەش، لەژێر سەرکردایەتیی پارتەکەی بارزانییدا، هەرێمی کوردستانی عێراق تورکیای کردوە بە شەریکی بنەڕەتیی خۆی. ئەوەی کە لەساڵی ٢٠٠٩ بۆ زۆرێک مایەی شۆک بو، لە ساڵی ٢٠١٦ دا بوە بە راستییەی ئاسایی.

سەرەڕای هەمو ئەوانەش، هێشتا بارودۆخەکە لە هەرێمی کوردستاندا باش نییە. دابەزینی نرخی نەوت لە ناوەڕاستیی ساڵی ٢٠١٤ دا بارگرژیی ئابورییە هێنایە ئاراوە. هەروەک چۆن کاربەدەستانی حکومەتی هەرێم نەیانتوانییوە هەرگیز چارەسەری لەڕادەبەدەر پشتبەستن بە داهاتی نەوت بکەن، نەشیانتوانیوە چارەسەری قورسایی کەرتی گشتیی و گەندەڵیی سیاسیی بکەن و حکومەتی هەرێمیش روبەڕوی ئیفلاسبون بۆتەوە. دواکەوتن و کەمکردنەوەی موچەی فەرمانبەرانی حکومیی بون بە هۆکاری دروستبونی ناڕەزایەتیی بەربڵاو و لەئەنجامیشدا ناوە ناوە خۆپیشاندان لەسەر شەقامەکانی شاری سلێمانیدا ئەنجامدەدرێت و لەمانگی ١٠-٢٠١٥ دا خۆپیشاندانەکان توندوتیژییان لێکەوتەوە.

حکومەتی هەرێم دەستیکرد بە جێکردنی رێکاری تەقەشوف و تاوتوێکردنی ریفۆرمی هەیکەلی کە زۆر دەمێکە دواکەوتوە. بەڵام لەگەڵ قەیرانی ئابورییدا هاوکات قەیرانی سیاسییش هاتەئاراوە. لە مانگی ٨-٢٠١٥ وە، خولی سەرۆکایەتیی بارزانی وەک سەرۆکی هەرێم لەڕوی یاساییەوە کۆتایی هات، بەبێ هەبونی هیچ پلانێک بۆ جێگاگرتنەوەی. لەساڵی ٢٠١٣ دا ماوەی سەرۆکایەتی بارزانیی درێژکرایەوە بەهۆی سازشی سیاسیی یەکێتیی نیشتیمانیی کوردستان بۆ نەیارەکەی کە پارتیی دیموکراتیی کوردستانە. هەر لەسەرەتای درێژکردنەوەی ماوەی سەرۆکایەتیی بارزانییەوە، بزوتنەوەی گۆڕان کە هێزێکی ریفۆرمخوازە دژ بە سیاسەتیی قۆرخکردنی هەردو حیزبیی پارتیی و یەکێتیی بویەوە و ئەم بزوتنەوەیە توانی جێگای یەکێتیی نیشتیمانیی بگرێتەوە و ببێت بە دوەم هێزی سیاسیی لە هەرێمی کوردستاندا.

پارتیی دیموکراتیی کوردستان دەڵێت کە بارودۆخی هەنوکەیی شەڕ لەگەڵ دەوڵەتی ئیسلامیی/داعش و قەیرانی ئابوریی شایستەیی دەدەن بە درێژکردنەوەیەکی تری ماوەی سەرۆکایەتیی بارزانیی، بەڵام بزوتنەوەی گۆڕان وەک یەکێتیی نیشتیمانیی نەبو لەپێشوازیکردن لەم داواکارییەی پارتیی دیموکراتیی کوردستاندا. بەهەبونی رێکاری یەکسانیی رێسایی و داواکاریی سیاسیی و میدیای، محەمەد یوسفی سەرۆکی پارلەمانی کوردستان و پارلەمانتارانی بزوتنەوەی گۆڕان جەختییان کردەوە کە هەر جۆرە درێژکردنەوەیەک بۆ خولێکی تری سەرۆکایەتیی بارزانیی نایاساییە. گۆڕان پێشنیازی هەڵبژاردنی پێشوەختی کرد سەرەڕای ئەوەی کە دەستەی ئامادەکاری هەڵبژاردن رایانگەیاند کە ئەنجامدانی هەڵبژاردن نزیکەی شەش مانگ کاتی دەوێت. هەروەک یوسف محەمەد نەیویست وەک سەرۆکێکی کاتیی جەختبکاتەوە بەوپێیەی لەدەستوری هەرێمی کوردستاندا هاتوە، دانوستانەکان بەتەنها رێگا دانران بۆ چارەسەر.

پارتیی دیموکراتیی کوردستان بارودۆخەکەی شڵەقاند کاتێک لەمانگی ١٠-٢٠١٥ دا ڕێگری لە یوسف محەمەد کرد بچێتە شاری هەولێرەوە و نێچیرڤان بارزانیی سەرۆکوەزیرانیش وەزیرەکانی بزوتنەوەی گۆڕانی لە حکومەت دەرکرد. بزوتنەوەی گۆڕان پابەندە بەدژایەتییکردنی درێژکردنەوەی ماوەی ویلایەتەکەی بارزانیی و قەیرانی سیاسییش هەر بەچەقبەستوی ماوەتەوە.

لەم کەینوبەینەدا، بارزانیی داواکارییەکەی نوێکردەوە لەهەمبەر ریفراندۆم بۆ سەربەخۆیی. لەکۆبونەوەکانی سەرکردایەتیی پارتیی دیموکراتیی کوردستاندا، بارزانیی رێنمایی دایە حیزبەکەی بەمەبەستی کارکردن لەگەڵ حیزبە سیاسییەکانی تردا لەسەر ریفراندۆم و هەر لەوساتەشەوە ئەو داوکارییە دوبارە دەکاتەوە. رەنگە تەوقیتی داواکارییەکەی بارزانیی تاڕادەیەک گونجاو (بەلاقرتێوە) بوبێت بەوپێیەی رۆژنامەنوس ئامبەرین زەمان لەچاوپێکەوتنێکی لەگەڵ بارزانیی لەم دواییانەدا لێیپرسی ئاخۆ لە داواکارییەکانیدا بۆ ریفراندۆم راستگۆ بوە یان تەنها وەک مناوەرەیەک بوە بۆ سودوەرگرتن لە هەستی نیشتیمانیی و بەلاداڕێبردنی قەیرانە نێوخۆییەکان. بارزانی بەشێوەیەکی پاپۆیانە (تێکەڵەیەک لەبەزەیی و دڵتەنگیی) بەرامبەر بەو پرسیارە وەستایەوە. “ئایا هەر بەڕاستیی پێتوایە من ئەو کێشە چارەنوسسازە بۆ قۆرخکاریی (ئینسترومێنتەڵایز-خراپ بەکارهێنان) بەکاربهێنم… تەنها بۆ برەودان بە ئایندەی سیاسیی خۆم؟ رەنگە مرۆڤ ببەخشرێت لەهەمبەر هێنانەئارای وەها گریمانەیەکدا (ئەم رستەیە تەنزە).

هەرچەندە سەربەخۆیی دەبێتە هۆی تێرکردنی جۆشوخرۆشیی ناسیۆنالیزمی کوردیی، لەهەمانکاتدا دەبێتە هۆکاری دروستکردنی چەندین کێشمەکێشی نوێ. ناوچە جێناکۆکەکان، پێشبڕکێ لەسەر سەرچاوە سروشتییەکان، دەستاودەستکردنی دەسەڵات و بەرپرسیارێتیی، پەیوەندیی نێوان بەغدا و هەولێر هەمو ئەمانە لەسەروی لیستێکی درێژەوەن بۆ کارکردن لەسەریان. هەرێمی کوردستان روبەڕوی بچوکبونەوەیەکی رادیکاڵ دەبێتەوە لە بواری بازاڕی ناوخۆیدا- زیاتر لە ٣٥ ملیۆن عێراقیی بۆ تەنها هاوڵاتییانی هەرێم کە نزیکەی شەش ملیۆن دەبێت. رەنگە بەغدا و هەولێر بەشێوەیەکی هارمۆنیی لەیەکتر جیاببنەوە، بەڵام بەلایەنی کەمەوە ئەو جیابونەوەیە هەر دەبێتە هۆکاری دروستکردنی بەربەستی نێوخۆیی. لەئایندەیەکی نزیکدا، هەرێمی کوردستان زیاتر لەوەی ئێستا هەیە پشت بە داهاتی سەرچاوە سروشتییەکان دەبەستێت و هەروەهاش زیاتر پشت بە ئاڵوگۆڕی بازرگانیی سەر-سنوری لەگەڵ تورکیادا دەبەستێت بە ئامانجی فەراهەمکردنی شایستەی دارایی ناچاریی درێژمەودا و قوتاربون لە قەیرانی ئابوریی.

هەر کە دانوستانەکانی نێوان سەرانی تورکیا و پەکەکە پێشکەوتنی بەخۆیەوە بینیبێت، حکومەتی هەرێمی کوردستان بە شێوەیەکی گەورە سودی کردوە. هەردو ئاڵوگۆڕیی بازرگانیی رەسمیی و ناڕەسمییش بوژاونەتەوە. بەهاتنی مانگی ٩-٢٠١٥، ماوەیەکی کەم پێش شەڕی نێوان تورکیا و پەکەکە، حکومەتی هەرێمی کوردستان زیاد لە (600.000) بەرمیل نەوتی لە یەک رۆژدا رەوانەی بەندەری جەیهانی تورکیا دەکرد.

بەڵام هەمو ئەو شتانە کۆتاییان پێهات. لایەنگرانی پەکەکە خۆیان خزاندۆتە ناوچەکانی باشوری رۆژهەڵاتی تورکیاو حکومەتی تورکیاش  روبەڕوبونەوەی سەربازیی توندیی دژە-گەریلای دەستپێکردوە کە بو بەهۆکاری دەرپەڕاندنی خەڵک و تێکشکاندنی چەندین شارۆچکە و وێرانکردنی هەمو بوارەکانی ژیان لە ناوچە کوردییەکانی بەشی باشوری رۆژهەڵاتی تورکیادا.

لە ١٨-٢-٢٠١٦ دا، بۆری گواستنەوەی نەوتی کەرکوک-جەیهان کە نەوتی هەرێمی کوردستانیی بۆ تورکیا دەگواستەوە تێکشکێنرا. ئەو بۆرییەی گواستنەوەی نەوت بۆ ماوەی چەند هەفتەیەک لەکارکەوت و تێچونی چاککردنەوەی، سەختی دارایی خستە سەرشانی حکومەتی هەرێم ئەوە لەکاتێکدا کە حکومەتی هەرێم بەدەست دابەزینی نرخی نەوتەوە دەناڵێنێت و نزیکبۆتەوە لە موفلیسبون. پەکەکە رەتیکردەوە ئەوان بەرپرسیارێتیی تەقاندنەوەی بۆرییەکە بگرنە ئەستۆ، بەڵام کاربەدەستانی حکومەتی هەرێم و تورکیا بەپێچەوانەوە پێیانوابو پەکەکە بەو کارە هەستاوە. پەلاماری سەر ئەو بۆرییە نەوتە وانیشان دەدات کە ژیاندنەوەی تاکتیکێکی کۆنی پەکەکە بێت.

سەختە نەبینرێت کە چۆن پەکەکە پەیام بۆ حکومەتی هەرێم و تورکیا دەنێرێت. چەکدارانی پەکەکە دەمێکە دژ بە پەیوەندیی دۆستانەی نێوان حکومەتەکەی بارزانیی و ئەردۆغان دەوەستنەوە. هێرشەکانی پەکەکە وەربیرخەرەوەن کە پەکەکە و پشتیوانانی نێوخۆیی پەکەکە لەنێوان هەرێمی کوردستان و تورکیادا دەمێننەوە و وادەکەن ژیان بۆ کوردی عێراق سەخت بێت.

جێگای خۆیەتی بپرسین ئاخۆ سەربەخۆیی هەرێمی کوردستان چ مانایەکی لەم کۆنتێکستی (کات و شوێن) توندوتیژیی بەردەوامەدا هەیە. ئاخۆ دەوڵەتێکی بەندکراو چەندە سەرکەوتو دەبێت کە پشت بە داهاتی هەناردەکردنی سەرچاوە سروشتییەکان دەبەستێت لەڕێگەی راڕەوێکەوە کە بە پێکدانانی توند تەنراوە؟ کۆتایی هێنان بە ململانێی نێوان تورکیا و پەکەکە و گەڕانەوەی ئەم دولایەنە بۆ سەر مێزی دانوستان بەڕاستەوخۆیی لەبەرژەوەندیی حکومەتی هەرێمی کوردستاندایە. بەڵام حکومەتی هەرێم بە تەنها وەبەرهێنان لەپەیوەندییەکانی لەگەڵ حکومەتەکەی ئەردۆغان ئەو کاریەگەرییە بچوکەشی لەدەستدا کە دەیتوانی وەک نێوەندگیرێک بۆ کۆتاییهێنان بە توندوتیژیی نێوان پەکەکە و تورکیا هەیبێت کە ئەمەش دەبێتە هۆکاری خستنەبەرمەترسی ئامانجەکانی حکومەتی هەرێم (لەبواری ئابوریدا).

کاربەدەستانی حکومەتی هەرێم دەتوانن هەنگاوی گرنگ بنێن بۆ باشترکردنی پێگەی خۆیان وەک کارئاسانکەرێک لە ناکۆکییەکانی نێوان تورکیا و پەکەکەدا. حکومەتەکەی بارزانی دەبێت دانبنێت بە کاریگەری پەیەدەدا لە کوردستانی سوریادا بە ئامانجی سڕینەوەی بێمتمانەی لەنێوان هەردولادا. حکومەتی هەرێم پێویستە نەیارێتیی خۆی بەرامبەر بە پەکەکە بڕەوێنێتەوە و بەدوای ئەو دەرفەتانەدا بگەڕێت کە هاندەرن بۆ هەردو چەکدارانی پەکەکە و ئەردۆغان بۆ دەستپێکردنەوەی دانوستانی ئاشتی نێوانیان. هەروەها پێویستە بارزانیی لەگەڵ حکومەتی بەغدا رێکبکەوێتەوە، چونکە بەغدا هەر بە شەریکێکی بنەڕەتی ناوچەیی دەمێنێتەوە. بەڵام دەبینین لەجیاتی ئەوانەدا، بارزانیی فشار دەکات بۆ داواکاریی سەربەخۆیی- ئەم جوڵەیەی بارزانیی دەبێتە هۆی بچڕانی پەیوەندیی لەگەڵ حکومەتی تورکیاشدا.

دژ یەکیەکە لەوەدایە بارزانیی دەمێکە فانتازیایی ئەوە دەکات ببێت بە سەرۆکێک کە بتوانێت نیگابەخشیی رێزگرتن و جێگای سەرسوڕمان بێت وەک مەلا موستەفای بارزانیی باوکی. چەندە گرنگە هەوڵبدات ئەو پێگە گرنگە لەڕێگەی یارمەتیدانی رێککەوتنی مێژویی لەنێوان تورکیا، پەکەکە و پەیەدەدا بەدەستبهێنێت- نەک بەپڕتاوی وەدوکەوتنی خەونی نەگونجاویی سەربەخۆیی؟

دۆڤ فرێدمان
لەئینگلیزییەوە/ ئاراز ئەحمەد محەمەد
سەرچاوە: فۆرین پۆلیسی

تایبەتمەندییەکان: بابەتی هەڵبژاردە

زیادکردنی وەڵام