ڕوانگه‌ی شكست و سه‌ركه‌وتن ئه‌و ده‌ستكه‌وته‌ سیاسییانه‌ی كه‌ ده‌سه‌ڵاتی سیاسیی هه‌رێمی كوردستان نه‌یتوانی له‌ ماوه‌ی 25 ساڵ ژیانی سیاسیدا به‌ده‌ستی بهێنێت ، هه‌رێمی ڕۆژئاوای كوردستان ته‌نیا له‌ ماوه‌ی پێنج ساڵدا به‌ده‌ستی هێنا . له‌م وتاره‌دا هه‌وڵم ده‌ده‌م كه‌ به‌ شێوه‌یه‌كی ورد و كورت بپرژێمه‌ سه‌ر ڕووداوه‌كانی ٢٥ ساڵی ڕابردوو له‌ هه‌رێمی باشووری كوردستان و پێنج ساڵی ڕابردووی ڕۆژئاوای كوردستان ، هه‌روه‌ها هه‌ڵسه‌نگاندنێكی ورد و كورت له‌ نێوان سیسته‌می ده‌سه‌ڵاتدارێتی هه‌ر دوو به‌شی باشوور و ڕۆژئاوای كوردستان بكه‌م . باشووری كوردستان   باشووری كوردستان پاش تێپه‌ڕكردنی پتر له 25 ساڵ ژیانی سیاسیی كه‌چی تاكوو هه‌نووكه‌ سیسته‌می فیدراڵییه‌كه‌ی نه‌ك هه‌ر جێ نه‌كه‌وتووه‌ ، به‌ڵكوو سنووری سیاسیی و ئیداریی و جوگرافییه‌كه‌شیی دیاریی نه‌كردووه ‌. له‌م چه‌ند ساڵه‌شدا دۆخی سیاسیی و ئابووریی هه‌رێمی كوردستان ئاڵۆز و شێواوه‌. له‌ ڕاستیدا ئه‌گه‌ر باشووری كوردستان له‌باری كۆدی ژئۆپلۆتیكییه‌وه‌ له‌ ناوچه‌یه‌كی گرینگ و هه‌ستیاردا هه‌ڵكه‌وتوو نه‌بووبایه‌ ده‌مێك بوو كه‌ ڕۆخابوو و ئاسه‌واره‌كه‌شی نه‌مابوو . باشووری كوردستان له‌و پێوه‌ندییه‌دا جێی باییخه‌ كه‌ هاوسه‌نگی نێوان شیعه‌ و سوونه‌ی پاراستووه‌ و له‌ ڕاستیدا گرینگیی كورد له‌ ئێراق هه‌ر له‌ بنه‌ڕه‌ته‌وه‌ له‌سه‌ر ئه‌و بنه‌مایه‌ بووه‌ كه‌ وه‌ك لایه‌نی هاوكێشه‌ بتوانێ هاوسه‌نگی نێوان شیعه‌ و سوونه‌ بپارێزێ، چونكه‌ زۆربه‌ی هه‌ره‌ زۆری كورد له‌ باشووری كوردستان سوونه‌یه‌ و هه‌ر له‌ سه‌ره‌تاشدا دامه‌زرانی وڵاتی ئێراق له‌سه‌ر هه‌مان بنه‌مایه‌ بوو كه‌ به‌ كورد هاوسه‌نگیی هێز له‌ نێوان شیعه‌ و سوونه‌دا ڕابگیردرێت . به‌ڵام پاش هێرشی ڕژیمی پێشووی ئێراق بۆ سه‌ر كۆیت و هه‌ڕشه‌كردن له‌ وڵاتانی كه‌نداو ، هه‌لومه‌رجه‌كه‌ بۆ كورد له‌ باشوور كه‌وته‌ دۆخ و بارێكی گونجاو . ئاكامی گۆرانكاریی له‌ ستراتیژیی سیاسیی ڕۆژئاوا له‌ به‌رامبه‌ر ڕژیمی پێشووی ئێراق هه‌لێكی زێڕینی بۆ كورد هێنایه‌ پێش. كورد ئه‌و هه‌له‌ی قۆسته‌وه‌ و دواتر به‌شێك له‌ خاكی كورد له‌ باشووری كوردستان كه‌وته‌ده‌ست هێزه‌كانی كوردستانیی و له‌ ڕاستیدا به‌شێك له‌ خاكی نیشتمان ڕزگاری بوو . ئه‌مه‌ هیوایه‌كی باش بۆ كورد بوو. به‌ڵام زۆری نه‌خایه‌ند كه‌ كورد له‌ باشوور كه‌وته‌ دۆخێكی ئاڵۆز و شه‌ڕی براكووژی سه‌ری هه‌ڵدا . له‌و شه‌ڕه‌ خۆكووژییه‌دا هه‌زاران لاوی كورد به‌ ده‌ستی كورد گیانیان له‌ ده‌ست دا . دواتر هێزه‌كانی باشووری كوردستان كه‌وتنه‌ ژێر كاریگه‌ریی وڵاتانی داگیركه‌ری كوردستان و ده‌یان ئه‌ندام و لایه‌نگری پارته‌كانی پارچه‌كانی دیكه‌ی كوردستان له‌ باشوور به‌ ده‌ستی پیاوانی و به‌كرێگیراوانی ڕژیمه‌كانی داگیركه‌ری كوردستان كوژران . پاش ئاهۆن بوونه‌وه‌ی دۆخه‌كه‌ و گوشاری ئه‌مریكا و وڵاتانی ئه‌ورووپی بۆ سه‌ر یه‌كێتی و پارتی ، دۆخه‌كه‌ گۆڕانكاری به‌سه‌ردا هات و ئاگربه‌ست له‌ نێوان ئه‌و دوو پارته‌دا به‌دی هات. پاش ڕۆخانی ڕژیمی سه‌ددام حسێن دیسان دۆخی سیاسیی كورد له‌ هه‌رێم گۆڕانكاریی قووڵی به‌خۆیه‌وه‌ بینیی و كورد هه‌نگاوێكی دیكه‌ی به‌ره‌و پێشه‌وه‌ هه‌ڵنا ، به‌ڵام له‌ ڕاستیدا ئه‌وه‌ كورد نه‌بوو كه‌ هه‌نگاوی به‌ره‌و پێشه‌وه‌ نا ، به‌ڵكوو ئه‌وه‌ دۆخ و هه‌لومه‌رجی ناوچه‌كه‌ بوو كه‌ گۆڕانكاریی به‌خۆیه‌وه‌ بینی و ڕژیمی به‌عسی ئێراق ڕۆخا و كوردیش وه‌ك به‌شێك له‌ ئێراق كه‌وته‌نێو ئه‌و گۆڕانكارییه‌وه ‌. به‌ڵام له‌ جێی ئه‌وه‌دا كه‌ڵك له‌و هه‌له‌ زێڕینه‌ وه‌ربگرن و ده‌ستكه‌وتی زیاتر به‌ده‌ست بهێنن ، كه‌چی پارته‌ سیاسییه‌كان و سه‌ركرده‌كانی سیاسیی حیزبه‌كان ده‌ستیان كرد به‌ گه‌نده‌ڵیكاریی و كۆكردنه‌وه‌ی سه‌رمایه‌ و قورخكردنی ده‌سه‌ڵات و به‌ده‌سته‌وه‌گرتنی جمگه‌كانی سیاسیی و ئابووریی ئه‌م هه‌رێمه‌ . پارته‌كان و سه‌ركرده‌كانی سیاسیی ئه‌و حیزبانه‌ نه‌ك هه‌ر خۆیان بوون به‌ به‌شێك له‌ سیسته‌مێكی گه‌نده‌ڵ و دواكه‌وتوو، به‌ڵكوو كۆمه‌ڵگاشیان تووشی قه‌یرانی سیاسیی و ئابووریی كرد و كۆمه‌ڵیشیان به‌ گه‌نده‌ڵییه‌وه‌ تێوه‌گلاند . پاش نووسینه‌وه‌ی یاسای بنه‌ڕه‌تیی ئێراق ، هیچكام له‌و به‌ند و یاسانه‌ی كه‌ له‌ به‌رژه‌وه‌ندیی كورددا بوون ، جێبه‌جێ نه‌كران و سنووری سیاسیی و جوگرافیی كوردستان پشتگوێ خرا و ته‌نانه‌ت ئه‌و سیسته‌مه‌ سیاسییه‌ی كه‌ ئاڵاهه‌ڵگری بوون جێگیر نه‌بوو و هیچ لایه‌نێكی سیاسیی له‌ ئێراق هه‌نووكه‌ باوه‌ڕی به‌ چه‌مكی فیدراڵی نییه ‌. ئیستا دۆخی سیاسیی هه‌رێمی كوردستان گه‌لێك ئاڵۆزه‌ . په‌رله‌مانی كوردستان په‌ككی خراوه ‌، حوكوومه‌ت متمانه‌ی نه‌ماوه‌ و حیزبه‌ سیاسییه‌كانی هه‌رێم له‌ژێر كاریگه‌ری وڵاتانی داگیركه‌ری كوردستان له‌ دژی یه‌كتر ڕاوه‌ستاون و دژایه‌تیی پڕۆژه‌ و پلانی یه‌كتر ده‌كه‌ن . ئه‌مه‌ش له‌ كاتێكدا هاتووه‌ته‌ ئاراوه‌ كه‌ كورد له‌ باشوور له‌ هه‌لومه‌رجێكی ناسك و هه‌ستیار دایه‌ كه‌ هیچكام له‌و پارتانه‌ باییخی پێ ناده‌ن . له‌ ڕاستیدا مانه‌وه‌ی ده‌سه‌ڵاتی كوردیی له‌ باشووری كوردستان په‌یوه‌ست بووه‌ به‌و هاوكێشه‌ سیاسییه‌ی كه‌ له‌ نێوان شیعه‌ و سوونه‌دا درووست بووه‌ ، ئه‌گه‌ر ئه‌و كۆده‌ ژئۆپلۆتیكییه‌ نه‌بووایه‌ ، ده‌مێك بوو ده‌سه‌ڵاتی كوردی ئاسه‌واری نه‌مابوو ، چونكه‌ مانه‌وه‌ی هه‌ر ده‌سه‌ڵاتێكی سیاسیی په‌یوه‌سته‌ به‌ لێوه‌شاوه‌یی سیاسیی سه‌ركرده‌كانی یانخود به‌ستراوه‌ته‌وه‌ به‌و دۆخه‌ ژئۆپۆلتیكییه‌ كه‌ تێیدا ده‌ژی. مانه‌وه‌ی هه‌رێمی كوردستانیش به‌و هه‌موو كێشانه‌ی كه‌ هه‌یه‌تیی و چاره‌سه‌ری نه‌كردوون، ته‌نیا په‌یوه‌سته‌ به‌ دۆخی ژئۆپلۆتیكییه‌كه‌یه‌وه‌ . چونكه‌ هیچ هه‌رێمێكی هێنده‌ گه‌نده‌ڵ له‌سه‌ر گۆی زه‌وی بوونی نییه‌ كه‌ به‌و شێوه‌ی هه‌رێمی كوردستان بێ یاسا و ڕێسا بێ و نووقمی گه‌نده‌ڵیی بووبێت . هیچكام له‌ پڕۆسه‌ سیاسیی و پرسه‌كانی ئابووریی ، سیاسیی و ده‌سه‌ڵاتدارێتیی له‌و هه‌رێمه‌دا ڕوون نیین‌ و هیچ لایه‌نێكی سیاسیی متمانه‌ی به‌ لایه‌نه‌كی دیكه‌ نه‌ماوه‌ و كۆمه‌ڵیش متمانه‌ی به‌ هیچكام له‌ لایه‌نه‌كانی سیاسیی نییه‌ . هه‌نووكه‌ قووڵبوونه‌وه‌ی ئاڵۆزییه‌كانی نێوان شیعه‌ و سوونه‌ و هاوكات بوونی داعش له‌ ئێراق و ناوچه‌كه‌ بووه‌ته‌ هۆكارێكی سه‌ره‌كیی وه‌لا نه‌نانی هه‌رێمی كوردستان و باییخی ژئۆپلۆتیكیی ئه‌م هه‌رێمه‌ له‌ كۆده‌كانی ژئۆپلۆتیكیی ناوچه‌كه‌وه‌ سه‌رچاوه‌ ده‌گرێت . بێگومان وڵاتانی توركیه‌، ئێران، ڕووسیه‌ ، ڕۆژئاوا و وڵاتانی كه‌نداو هه‌موویان له‌سه‌ر كۆمه‌ڵێك پرس ناكۆكن و هاوكات له‌سه‌ر كۆمه‌ڵێك پرسیش كۆكن . به‌ڵام دۆخی ناوچه‌كه‌ تاكوو كه‌ی له‌ به‌رژه‌وه‌ندی هه‌رێمی كوردستان ده‌بێ، ڕوون نییه‌ . ئه‌گه‌ر ئه‌م هه‌رێمه‌ به‌و چه‌شنه‌ درێژه‌ به‌ ژیانی سیاسیی بدات و گۆڕانكاریی بنه‌ڕه‌تیی و بنه‌مایی له‌ هه‌موو بوواره‌كانی سیاسیی و ئابووریی و ده‌سه‌ڵاتدارێتیدا نه‌كات ، ئاسۆی به‌ره‌و لێڵی ده‌چێت. له‌ پاش تێپه‌ڕبوونی بیستوپێنج ساڵ له‌ ته‌مه‌نی سیاسیی ده‌سه‌ڵاتی هه‌رێمی كوردستان، كاتێ كه‌ ئاور له‌و مێژووه‌ ده‌ده‌ینه‌وه‌ ، ده‌بینین كه‌ كۆمه‌ڵێك ڕووداو و پێشهات تێیدا ڕووی داوه‌ كه‌ سه‌دان ساڵی دیكه‌ش كاریگه‌ریی نه‌رێنی له‌سه‌ر بیروهزری مرۆڤی كورد له‌و هه‌رێمه‌ ده‌مێنێت و هاوكات كاریگه‌ریی نه‌رێنیشی له‌سه‌ر نه‌وه‌ی نوێ ده‌بێ . له‌ پاش تێپه‌ڕبوونی چاره‌كه‌ سه‌ده‌یه‌ك ده‌بینی كه‌ هیواكانی كورد له‌ باشوور به‌دی نه‌هاتوون . چونكه‌ ده‌سه‌ڵاتی سیاسیی هه‌رێم له‌و سێ پارێزگایه‌ تێپه‌ڕ نه‌بووه‌ ، هه‌روه‌ها سنووریی سیاسیی نه‌ته‌وه‌ی كورد له‌و وڵاته‌ دیاری نه‌كراوه‌ و ئیستاش كار به‌ یاساكانی ده‌یه‌كانی هه‌شتا و حه‌فتای سه‌ده‌ی ڕابردوو ده‌كرێت كه‌ له‌لایه‌ن ڕژیمی پێشووی ئێراقه‌وه‌ نووسراون . واتا ئه‌م هه‌رێمه‌ خاوه‌ن یاسای بنه‌ڕه‌تیی خۆی نییه‌ ، پارله‌مانه‌كه‌ی هه‌ڵوه‌شاوه‌ته‌وه‌ و حوكوومه‌ته‌كه‌شی بێمتمانه‌یه ‌. هاوكات گه‌نده‌ڵیی په‌ره‌ی سه‌ندووه‌ و دۆخی ئابووریش ئاڵۆزه‌ و لاوه‌كان خه‌ریكن وڵات به‌جێ دێڵن . سه‌مه‌ری چاره‌كه‌ سه‌ده‌یه‌ك حوكوومه‌تی كوردیی له‌ باشوور خۆی ده‌بینێته‌وه‌ له‌ گه‌نده‌ڵیی سیاسیی و ئابووریی ، ئاڵۆزیی سیاسیی و بێمتمانه‌یی سیاسیی له‌نێوان كۆمه‌ڵ و حوكوومه‌ت و له‌نێوان حیزبه‌كاندا به‌و په‌ڕی خۆی گه‌ییشتووه ‌. حوكوومه‌تی كوردیی به‌و چه‌شنه‌ چه‌ند ساڵی دیكه‌ ده‌وام ناهێنێت و پێویسته‌ كه‌ به‌ په‌رۆشه‌وه‌ هه‌وڵ بۆ گۆڕانكاریی خێرا بدرێت و له‌و ته‌نگژه‌ سیاسیی و نه‌ته‌وه‌ییه‌ ڕزگار بكرێت كه‌ تێی كه‌وتووه‌ . حیزبه‌كانی ده‌سه‌ڵاتدار له‌ باشووری كوردستان له‌ ماوه‌ی 25 سالی ڕابردوودا له‌گه‌ڵ زۆربه‌ی هێزه‌كانی پارچه‌كانی دیكه‌ی كوردستان شه‌ڕیان كردووه‌ و كێشه‌یان تووش كردوون ، به‌ڵام ده‌سه‌ڵاتی سیاسیی له‌ ڕۆژئاوای كوردستان خۆی له‌و ته‌نگژانه‌ پاراستووه‌ و تاكوو هه‌نووكه‌ش نه‌بووه‌ته‌ به‌شێك له‌ پیلانی وڵاتانی داگیركه‌ر له‌ دژی هێزه‌كانی پارچه‌كانی دیكه‌ی كوردستان ، به‌ڵام ئه‌مه‌ له‌ باشووری كوردستان به‌و چه‌شنه‌ نه‌بووه‌ و به‌داخه‌وه‌ هێزه‌ سه‌ره‌كییه‌كانی باشوور و ته‌نانه‌ت هێزه‌ بچووكه‌كانیش له‌ قۆناغێك له‌ ڕابردووی سیاسیی  خۆیاندا كه‌وتوونه‌ته‌ داوی وڵاتانی داگیركه‌ری كوردستان . من ستراتیژیی سیاسیی حوكوومه‌تی هه‌رێمی ڕۆژئاوای كوردستان به‌رز ده‌نرخێنم و پێم وایه‌ ده‌بێته‌ ئه‌زموونێكی باش بۆ گه‌لانی ناوچه‌كه‌ و به‌ تاییبه‌ت بۆ ڕۆژهه‌ڵاتی كوردستان . كاتێ كانتۆنه‌كان له‌ ڕۆژئاوا ڕاگه‌یه‌نران زۆربه‌ی لایه‌نه‌كانی ڕۆژهه‌ڵاتی كوردستان به‌ چاوی ده‌سه‌ڵاتی سیاسیی هه‌رێمی باشووری كوردستان خوێندنه‌وه‌یان بۆ كانتۆنه‌كان كرد ، به‌ڵام خوێندنه‌وه‌كه‌یان هه‌ڵه‌ئامێز و په‌له‌ی پێوه‌ دیار بوو و له‌ ڕاگه‌یه‌نراوه‌كانیشیاندا تووشی هه‌ڵه‌ی سیاسیی بوون . ڕۆژئاوای كوردستان به‌ڵام ڕۆژئاوای كوردستان ته‌نیا له‌ ماوه‌ی پێنج ساڵدا گه‌لێك پێشكه‌وتنی مه‌زنی به‌ده‌ست هێناوه‌ و تووشی دووبه‌ره‌كیی سیاسیی نه‌بووه‌ و شه‌ڕی براكوژیشی نه‌كردووه ‌. هاوكات پشتیوانیی نێونه‌ته‌وه‌یی ڕۆژئاوا گه‌لێك به‌رفه‌راوانتره‌ و وڵاته‌ زلهێزه‌كانیش پشتیوانی خۆیان به‌ چه‌شنێكی ڕوون ڕاگه‌یاندووه‌ . ئه‌گه‌ر باشوور و ڕۆژئاوا پێكه‌وه‌ هه‌ڵسه‌نگێنین و له‌ بوواره‌ سیاسیی و سه‌ربازییه‌كانیشدا به‌راوردێكی ورد له‌ نێوانیاندا بكه‌ین، ده‌بینین كه‌ ڕۆژئاوا ده‌ستكه‌وتی پتری به‌ده‌ست هێناوه‌ و هاوكات خۆی له‌ كۆمه‌ڵێك كێشه‌ی نێوخۆیی و ته‌نانه‌ت ده‌ره‌كیش پاراستووه ‌. هه‌نووكه‌ به‌ هۆی بوونی داعش له‌ سووریه‌ و هاوكات درێژدانی ڕژیمی به‌شار ئه‌سه‌د به‌ ژیانی سیاسیی ، بزووتنه‌وه‌ی كورد له‌ ڕۆژئاوا له‌ دۆخێكی سیاسیی باش دایه‌ ، هاوكات وڵاتانی ڕۆژئاوا پشتیوانیی له‌ حوكوومه‌تی ڕۆژئاوای كوردستان ده‌كه‌ن . ڕۆژئاوا ڕۆژ له‌ دوای ڕۆژ درێژه‌ به‌ سه‌ركه‌وتنه‌كانی ده‌دات و به‌سه‌ر داعشدا زاڵ ده‌بێت . ئه‌مه‌ش هیوای كوردی له‌و وڵاته‌دا كه‌ تاكوو دوێنێ به‌ دژوارترین شێوه‌ له‌لایه‌ن ڕژیمی ئه‌سه‌ده‌وه‌ سه‌ركووت ده‌كران، زیندوو كردووه‌ته‌وه‌ . كێشه‌ی دووبه‌ره‌كیی له‌ نێوان هێزه‌كانی ڕۆژئاوا به‌دی ناكرێت و یه‌كگرتوون ، ئه‌مه‌ش به‌ هۆكاری سه‌ره‌كیی پێشخستنی سیاسیان هه‌ژمار ده‌كرێت . له‌ ڕاستیدا ده‌سه‌ڵاتی سیاسیی ڕۆژئاوای كوردستان تاكوو هه‌نووكه‌ به‌ باشترین شێوه‌ له‌ كۆده‌كانی ژئۆپلۆتیكیی نێوان وڵاتانی ناوچه‌كه‌ به‌باشی كه‌ڵكی وه‌رگرتووه‌ . ئه‌وه‌یكه‌ حوكوومه‌تی باشووری كوردستان نه‌یتوانی له‌ ماوه‌ی ٢٥ ساڵدا جێبه‌جێی بكات و به‌ده‌ستی بهێنێت ، هه‌نووكه‌ له‌ ڕۆژئاوای كوردستان خه‌ریكه‌ ته‌نیا له‌ ماوه‌ی پێنج ساڵدا جێبه‌جێ ده‌كرێت و به‌ده‌ست دێت . هه‌نووكه‌ كانتۆنه‌كانی ڕۆژئاوا هه‌ڵوه‌شێنراونه‌ته‌وه‌ و سیسته‌می فیدراڵییان له‌ باكووری سووریه‌ ڕاگه‌یاندووه ‌، ئه‌مه‌ش به‌ هه‌نگاوێكی مه‌زن پێناسه‌ ده‌كرێت . چونكه‌ تێكڕای كه‌مه‌نه‌ته‌وه‌كانی ڕۆژئاوای كوردستان له‌ ده‌سه‌ڵاتی سیاسیی ئه‌و هه‌رێمه‌ فیدراڵییه‌دا به‌شدارن و ئه‌مه‌ش دیموكراتییه‌تی ئه‌و ده‌سه‌ڵاته‌ ده‌گه‌یه‌نێت . واته‌ هه‌رێمی كوردستان له‌ باشوور له‌ ماوه‌ی ٢٥ ساڵی ده‌سه‌ڵاتدارێتیدا نه‌یتوانیوه‌ كه‌ دڵی كه‌مه‌نه‌ته‌وه‌كانی هه‌رێمی كوردستان به‌ده‌ست بهێنێت و تاكوو ئیستاش كێشه‌ی سه‌ره‌كیی چاره‌سه‌رنه‌كردنی ناوچه‌ كوردستانییه‌كانی ده‌ره‌وه‌ی هه‌رێم بۆ نه‌بوونی متمانه‌ی نێوان توكمان و كورد و عه‌ره‌ب ده‌گه‌ڕێته‌وه‌ . به‌ڵام ئه‌م كێشه‌ له‌ ڕۆژئاوای كوردستان بوونی نییه‌ و ده‌سه‌ڵاتی ئه‌و هه‌رێمه‌ متمانه‌ی كه‌مه‌نه‌ته‌وه‌ و كه‌مه‌ ئایینییه‌كانی مسۆگه‌ر كردووه ‌. ئه‌مه‌ش هه‌نگاوێكی دیكه‌ هه‌رێمی ڕۆژئاوای كوردستان له‌ سه‌ركه‌وتن نزیكتر ده‌كاته‌وه ‌. چونكوو ئه‌وان به‌رفه‌راوان ده‌هزرن و پلان و ستراتیژیی داده‌ڕێژن . هه‌روه‌ها له‌ ئاستی ده‌ره‌كیی و نێونه‌ته‌وه‌ییه‌وه‌ كوردانی ڕۆژئاوا پتر خاوه‌نی لایه‌نگرن و هه‌نووكه‌ به‌شێك له‌ وڵاتانی گرینگی جیهان پشتیوانی له‌ ده‌سه‌ڵاتی ڕۆژئاوای كوردستان ده‌كه‌ن . له‌ ڕاستیدا بوونی داعش له‌لایه‌ك و هه‌روه‌ها مانه‌وه‌ی ڕژیمی به‌شار ئه‌سه‌د له‌ لایه‌كی دیكه‌ بایەخی ده‌سه‌ڵاتیی كوردیی له‌ ڕۆژئاوای كوردستان پرشنگدار كردووه ‌. چونكه‌ هه‌رێمی فیدراڵی ڕۆژئاوای كوردستان دیموكراتیكترین ده‌سه‌ڵاتی سیاسیی له‌ سووریه‌یه‌ و هه‌روه‌ها له‌ دژی داعش له‌ شه‌ڕێكی قورس دایه‌ و له‌ولاشه‌وه‌ ڕژیمی ئه‌سه‌د ده‌سه‌ڵاتێكی سه‌ره‌ڕۆ و دیكتاتۆره‌ كه‌ باییخ به‌ بنه‌ماكانی دیموكراتی نادات و مافه‌كانی مرۆڤیش ژێرپێ ده‌نێت . ئه‌مه‌ش خاڵێكی دیكه‌ی به‌هێزبوونی هه‌رێمی ڕۆژئاوای كوردستانه ‌. لاوازترین خاڵی هه‌رێمی ڕۆژئاوای كوردستان خۆی له‌ پێوه‌ندی ڕاسته‌خۆ له‌ نێوان ئه‌و ده‌سه‌ڵاته‌ و پارتی كرێكارانی كوردستان ده‌بینێته‌وه ‌، چونكه‌ به‌شێك له‌ وڵاتانی زلهێزی جیهان تاكوو ئیستاش به‌ چاوی گومانه‌وه‌ له‌ پارتی كرێكارانی كوردستان ده‌ڕوانن . بێگومان پارتی كرێكارانی كوردستان پارتێكی سیاسییه‌ كه‌ بۆ به‌ده‌ست هێنانی مافی كورد خه‌بات ده‌كات ، به‌ڵام ئه‌گه‌ر له‌م دۆخه‌دا پێوه‌ندی نێوان ڕۆژئاوای كوردستان و پارتی كرێكاران هێنده‌ گه‌رموگوڕ بێ ، له‌وانه‌ كاریگه‌ری نه‌رێنی له‌سه‌ر ده‌سه‌ڵاتی سیاسیی ڕۆژئاوای كوردستان دابنێت . توركیه‌ وه‌ك هێزێكی گرینگی ناوچه‌كه‌ هه‌میشه‌ دژایه‌تیی كورد ده‌كات ، هه‌نووكه‌ به‌ بیانووی ئه‌وه‌یكه‌ په‌یه‌ده‌ پێوه‌ندی له‌گه‌ڵ په‌كه‌كه‌ هه‌یه‌ كێشه‌ بۆ هه‌رێمی ڕۆژئاوا درووست ده‌كات ، ئه‌گه‌ر ئه‌و پێوه‌ندییانه‌ له‌به‌ر ناسكیی و هه‌ستیاریی دۆخه‌كه‌ هندێكیش شاراوه‌ بێ له‌ به‌رژه‌وه‌ندی هه‌رێمی ڕۆژئاوا ده‌بێت ، بۆیه‌ باشتره‌ كه‌ په‌یه‌ده‌ و په‌كه‌كه‌ باییخ به‌م ڕوانگه‌یه‌ بده‌ن و له‌به‌رچاوی بگرن . بێگومان پارتی كرێكاران هۆكاری سه‌ره‌كیی سه‌ركه‌وتنه‌كانی ڕۆژئاوای كوردستانه ‌، به‌ڵام توركیه‌ وه‌ك وڵاتێك كه‌ پێوه‌ندی له‌گه‌ڵ وڵاتانی دیكه‌ی كاریگه‌ر له‌سه‌ر دۆخی سووریه‌ هه‌یه‌ ، ده‌توانێ ڕۆڵی ئاژاوه‌گێڕ بنوێنێت و به‌هۆی بوونی پێوه‌ندی له‌ نێوان په‌كه‌كه‌ و هه‌رێمی ڕۆژئاوا، كێشه‌ بخوڵقێنێت ، هه‌رچه‌ند تاكوو هه‌نووكه‌ له‌و بوواره‌دا سه‌ركه‌وتوو نه‌بووه ‌. كۆی وتار له‌ خوێندنه‌وه‌ی ئه‌م وتاره‌دا به‌و ده‌رئه‌نجامه‌ ده‌گه‌ین كه‌ ئه‌و قۆناغانه‌ی كه‌ ده‌سه‌ڵاتی هه‌رێمی كوردستان له‌ باشوور له‌ ماوه‌ی پتر له‌ 25 ساڵدا تێپه‌ڕی نه‌كرد ، ده‌سه‌ڵاتی سیاسیی ڕۆژئاوای كوردستان له‌ ماوه‌ی پێنج ساڵدا تێپه‌ڕی كرد . ئه‌مه‌ به‌ سه‌ركه‌وتنێكی مه‌زن بۆ كوردانی ڕۆژئاوا پێناسه‌ ده‌كرێت و هاوكات لاوازی ده‌سه‌ڵاتی هه‌رێمی كوردستانیش له‌ ئێراق ده‌رده‌خات . چونكه‌ هه‌رێمی كوردستان نه‌یتوانی په‌ره‌ به‌ پێوه‌ندییه‌كانی له‌گه‌ڵ ده‌سه‌ڵاتی ناوه‌ند بدات و له‌م لاشه‌وه‌ نه‌یتوانی كه‌ به‌سه‌ر كێشه‌كانیدا زاڵ بێت و له‌ ده‌ره‌وه‌ی بازنه‌ی پێوه‌ندیی له‌گه‌ڵ ده‌سه‌ڵاتی ناوه‌ند له‌ ژیانی سیاسیی و ئابووریی و حوكمڕانیدا سه‌ركه‌وتن به‌ده‌ست بهێنێت . هه‌نووكه‌ هه‌م هه‌رێمی كوردستان و هه‌م هه‌رێمی ڕۆژئاوای كوردستان له‌ دۆخێكی ناسك و هه‌ستیاردان ، بۆیه‌ پێویسته‌ كه‌ به‌ ئه‌سپایی هه‌نگاو هه‌ڵنێنه‌وه‌ و گه‌شه‌ به‌ گۆڕانكاریی سیاسیی و ئابووریی و حوكمڕانی بده‌ن. پێویسته‌ كه‌ هه‌رێمی كوردستان له‌و ئه‌زموونه‌ی ڕۆژئاوای كوردستان كه‌ڵك وه‌رگرێت و هه‌موو لایه‌نه‌كان له‌ ده‌سه‌ڵاتی ڕاسته‌قینه‌دا به‌شداریی پێ بكات . من مانه‌وه‌ی داعش و ده‌سه‌ڵاتی به‌شار ئه‌سه‌د له‌ سووریه‌ به‌ قازانجی كورد له‌ ڕۆژئاوا ده‌بینم و پێم وایه‌ كه‌ تاكوو داعش و به‌شار ئه‌سه‌د درێژه‌ به‌ژیانی سیاسیی بده‌ن ، كورد له‌ ڕۆژئاوا گه‌شه‌ به‌ ده‌سه‌ڵاتی سیاسیی خۆی ده‌دات . هه‌نووكه‌ ده‌سه‌ڵاتی فیدراڵی ڕۆژئاوا له‌ قۆناغێكی گرینگ دایه ‌، ئه‌ویش ئه‌وه‌یه‌ كه‌ سنووری ڕۆژئاوا به‌ته‌واوه‌تی پێكه‌وه‌ ببه‌ستێته‌وه‌ و هاوكات ئه‌و سنووره‌ به‌ زه‌ریاوه‌ گرێ بدات ، ئه‌مه‌ ده‌بێته‌ بنه‌مای ده‌وڵه‌تێكی به‌هێز له‌ ڕۆژئاوای كوردستان . هه‌روه‌ها ڕۆژئاوای كوردستان تاكوو هه‌نووكه‌ به‌ چه‌شنێكی ژیرانه‌ پێوه‌ندی له‌گه‌ڵ ڕژیمی به‌شار ئه‌سه‌د نه‌پچڕاندووه ‌، من ئه‌مه‌ به‌ بڕیار و تاكتیكێكی سیاسیی باش پێناسه‌ ده‌كه‌م .  بێگومان له‌ داهاتوو ئه‌گه‌ری ڕوودانی شه‌ڕ له‌ نێوان به‌شار ئه‌سه‌د و هه‌رێمی ڕۆژئاوای كوردستان گه‌لێك زۆره‌، به‌ڵام بۆ ئه‌م دۆخه‌ بوونی پێوه‌ندی له‌ نێوان به‌شار و هه‌رێمی ڕۆژئاوا به‌ ئه‌رێنیی هه‌ژمار ده‌كه‌م . – See more at: http://www.wtarikurd.info/%D8%A6%D8%A7%D8%B1%DB%8C%D8%AA%D9%85%D8%A7-%D9%85%D9%88%D8%AD%D9%87%E2%80%8C%D9%85%D9%85%D9%87%E2%80%8C%D8%AF%DB%8C-%D9%87%D9%87%E2%80%8C%D8%B1%DB%8E%D9%85%DB%8C-%D8%A8%D8%A7%D8%B4%D9%88%D9%88/#sthash.eOETEEb9.dpuf

تایبەتمەندییەکان: بابەتی هەڵبژاردە

زیادکردنی وەڵام