چاوپێكەوتنی: هونەر حەمەڕەشید
دوو هەفتە لەمەوبەر سەرۆكی‌ پەرلەمانی‌ كوردستان بەلێدوانێك هێندەی‌ تر گۆمی‌ سیاسی‌ لەهەرێم شڵەقاندو گەڕێكی‌ تری‌ ناكۆكی‌ دەستی‌ پێكردەوە.

رۆژی‌ 16ی‌ ئازار دوای‌ ماوەیەكی‌ زۆر لەدابڕان، “دیداری‌ سلێمانی‌”، كە لەزانكۆی‌ ئەمەریكی‌ بەڕێوە دەچێت سەرۆكی‌ پەرلەمان‌و سەرۆكی‌ حكومەتی‌ كۆكردەوە كە بۆ شەش مانگ دەچێت رێبەرایەتی‌ دوو بەرەی‌ نەیاری‌ یەكتر دەكەن.

نێچیرەڤان بارزانی‌ سەرۆكی‌ حكومەتی‌ هەرێمی‌ كوردستان لەوتەیەكدا پەرلەمانی‌ كوردستانی‌ تۆمەتباركرد بەوەی‌ رۆڵی‌ هەبووە لەتێكدانی‌ دۆخی‌ سیاسی‌ لەكوردستاندا.

چەند خولەكێك دواتر یوسف محەمەد سادق سەرۆكی‌ پەرلەمان بەتوندی‌ هێرشی‌ كردە سەر سەرۆكی‌ حكومەت‌و رەخنەی‌ ئەوەی‌ لێگرتن كە خراپ دەسەڵاتیان بەڕێوە بردووەو بەبێ‌ ئەوەی‌ ناوی‌ ببات، وتی‌ “حوكمڕانی‌ لەم سەردەمەدا پێویستی‌ بە مەعریفەیەو بەكەسانی‌ نەخوێندەوار ناكرێت”، ئەم لێدوان‌و رووبەرووبوونەوەیە بەس بوو بۆ ئەوەی‌ هێندەی‌ تر ناكۆكییەكان قوڵبێتەوە.

سەرۆكی‌ پەرلەمانی‌ كوردستان كە لەمانگی‌ تشرینی‌ یەكەمی‌ ساڵی‌ رابردووەوە (2015) لەلایەن پارتی‌ دیموكراتی‌ كوردستانەوە رێگەی‌ لێگیراوە بچێتەوە هەولێرو رێبەرایەتی‌ پەرلەمان بكات، لەچاوپێكەوتنێكی‌ تایبەتی‌ “نیقاش“دا گفتوگۆ لەسەر هەڵوێستەكانی‌ لە”دیداری‌ سلێمانی‌”‌و دۆخی‌ سیاسی‌‌و ئابوری‌ كوردستان دەكات.

رۆژی‌ 25ی‌ حوزەیرانی‌ ساڵی‌ رابردوو پەرلەمانی‌ كوردستان گفتوگۆی‌ چڕوپڕی‌ لەسەر “كۆتایی‌ هاتنی‌ پۆستی‌ سەرۆكی‌ هەرێم” دەست پێكرد، ئەمەش درزێكی‌ گەورەی‌ خستە ناو لایەنە سیاسییەكانەوەو سەرەنجام پەككەوتنی‌ پەرلەمانی‌ لێكەوتەوە.

نیقاش: لەهەرێمی كوردستان ماوەیەكە باسی چاكسازی دەكرێت، تۆش لە”دیداری‌ سلێمانی‌” وتت چاكسازی بەكەسانی نەخوێندەوار ناكرێت مەبەستت چی بوو لەوە؟

یوسف محەمەد: لەهەرێمی كوردستان پێویستە چاكسازی لەبواری سەرچاوەكانی داهات بكرێت، ئەمەی كە كراوە زیاتر تەقەشوف‌و دەستگرتنەوەیە، ئەمەش زیاتر لەسەر چین‌و توێژە هەژارەكان رەنگی داوەتەوە، چونكە بەشی زۆری هاووڵاتیانی هەرێم موچە خۆرن‌و موچەكانیشیان لەئاستێكی نزمدایە، ئێستا هاتوون لەو موچە كەمەش ئەوەندەی‌ تر كەمیان كردووەتەوە، هێشتا ناتوانن لەوەش موچە بدەن، لەكاتێكدا سەرچاوەكانی داهات لەهەرێمی كوردستان ناڕوونە، بۆیە پەرلەمانتاران پێش پەكخستنی بانگهێشتی ئاشتی هەورامی كرد، چونكە پەرلەمانی كوردستان ئاگاداری داهاتی نەوت نەبوو، ئەوەی‌ گرنگە ئەوەیە  پێویستە سەرچاوەكانی داهات لەهەرێم كوردستان روون بكرێتەوە.

تەقەشوف‌و دەستگرتنەوە كارێكی ئێجگار باشە، گرتنەوەی‌ ئەو نەزیفە لەسامانی گشتی كارێكی باشە لەهەرێم، بەڵام گرنگتر‌و لەپێشتر روونكردنەوەی سەرچاوەكانی داهاتە، كە لەئێستا لەهەرێم زۆر ناشەفاف‌و ناڕوونە بەتایبەتی‌ داهاتی‌ نەوت.

نیقاش: قسەكانی تۆ كاردانەوەی لێكەوتەوە هەندێك بەباش‌و هەندێك بەخراپ، ئەگەر هەمان رووداو رووبداتەوە هەمان قسە دەكەیت‌و پێتوایە چاكسازی بەكەسانی نەخوێندوار ناكرێت؟

یوسف محەمەد: دیداری سلێمانی دیدارێكی ئێجگار گەورەیە‌و لەڕێی نیقاشەوە دەمەوێت دەستخۆشی لەهەڵسوڕێنەرانی ئەم دیدارە بكەم، كە بۆ ماوەی چوار ساڵە لەسەر یەك نوخبەی عێراق‌و نوخبەی هەرێمی كوردستان‌و نوخبەی پەیوەندیدار بەدۆسیەی هەرێم‌و عێراق لەسەر ئاستی دونیا لێرە كۆدەكەنەوە بۆ باسكردنی كێشەو گرفتەكانی ئێستای عێراق‌و هەرێمی كوردستان، ئێمە خوازیار بووین لەكەشێكی ئارام‌و لەگفتوگۆیەكی ئارامدا گفتوگۆی ئەم بابەتانەی سەر ئاستی كوردستانیش بكرێت، بەداخەوە ئەوەی پلانی بۆ داڕێژرابوو بەو شێوەیە نەكرا.

سەبارەت بەحكومڕانی‌و چاكسازی لەراستیدا پێویستی بەپلانە پێویستی بەبوونی تایبەمەندیی هەموو ئەو بوارانەیە كە حكومڕانی پێویستییەتی، ئابووری‌و یاسا‌و سیاسەت بوارەكانی تر، خۆ ئەگەر كەسێك شارەزایی لەمەش نەبێت پێویستە راوێژكاری تایبەتمەندیان هەبێت، كە شارەزایی پەیدا بكەن‌و راوێژیان بدەنێ.

ئەم دۆخەی ئێستا هەرێمی پێدا دەگوزەرێت لەڕووی سیاسی‌و ئابووری دەرخەری ئەوەیە، كە لەسیستەمی حكومڕانی ئێمەدا، كەسی شیاو لەشوێنی شیاو نییە، بەڵكو بەداخەوە كۆمەڵێك پێوەری تر هەیە، كە ئێستا پێوەری بنەماڵەیی زیاتر زاڵە بەسەر كۆی پێوەرەكانی تر لەهەرێمی كوردستان.

نابێت هەرێمی كوردستان بەو حاڵە بڕوات، كە هەموومان ئاواتی پێ ناخوازین‌و كەسیش بەرپرسیاریەتییەكەی هەڵناگرێت.

نیقاش: پێشبینی دەكرا دیداری سلێمانی ببێتە هۆی لەیەك نزیكبوونەوەی پارتی‌و گۆڕان، بەڵام ئەمە نەكرا، بۆچی؟

یوسف محەمەد: بەڕێز بەرهەم ساڵح، كە سەرۆكی بۆردی زانكۆی ئەمریكییە لەگەڵ هەڵسوڕێنەرانی دیدارەكەی سلێمانی دەیانەوێت دۆخەكە بەئاقاری ئەو لەیەك نزیكبوونەوەیە بڕوات، بەڵام دیسانەوە گفتوگۆ توند‌و راشكاوانە هەر كارێكی گونجاوە بۆ ئەوەی لەیەك تێكبگەین‌و خەڵكێش تێبگات كە كێشەكان چین، ئەوەی لەدیداری سلێمانیدا روویدا، بووە هۆی بەرچاو روونی بۆ زۆرێك لەوانەی لەو دیدارە ئامادەبوون كە كێشەكانی هەرێم پەیوەندی بەچییەوە هەیە، بۆیە پێموایە دیداری سلێمانی لەم رووەشەوە سەركەوتوو بوو، هەر كەسەو لەڕوانگەی خۆیەوە باسی كێشەكان بكات.

نیقاش: ماوەیەكی زۆرە پەرلەمان پەكخراوە، پێتوایە دەرفەتێك ماوە بۆ كاراكردنەوەی پەرلەمان؟

یوسف محەمەد: ئەمە پێویستی بەگۆڕینی شێوازی حكومڕانكردنی هەرێمی كوردستان هەیە، دەتوانم بڵێم ئەمە پەیوەستە بەفراكسیۆنەكانی پەرلەمانی كوردستان‌و هەڵوێستی پارتی لەپرۆسەی سیاسی هەرێمی كوردستان، هیچ كێشەیەك نییە لەسەرۆكایەتی پەرلەمان، منیش ئەدای ئەركی خۆم دەكەم بەرانبەر بەخوا‌و خەڵكی كوردستان‌و بەرانبەر بەو سوێندەی لەپەرلەمانش خواردوومە.

نیقاش: پارتی‌ دیموكراتی‌ كوردستان ئێوە تۆمەتبار دەكەن بەوەی‌ بوونەتە هۆكاری‌ تێكدانی‌ بارودۆخی‌ سیاسی‌ هەرێمی‌ كوردستان، هەڵوێستی‌ ئێوە چییە؟

یوسف محەمەد: پێشتر چەند جارێك پارتی دیموكراتی‌ كوردستان‌و بارزانیشی‌ رووبەڕوو پیان وتووم ئەدات لەپەرلەمان زۆر باشە، ئەمە دەرخەری ئەوەیە، كە ئێمە بێ لایەنانە كارمان كردووە، ئەوەی تر پەیوەندی بەپرسی سەرۆكایەتی هەرێمەوە هەیە، بۆ ئەم پرسەش ئێمە هەوڵی زۆرماندا، كە كێشەكەی بەگفتوگۆ لەنێوان فراكسیۆنەكاندا بەڕێوە بچێت، بەداخەوە ئەمە نەكراوە، ئێستاش هیچ لایەنێكی سیاسی ناتوانێت بەڵگەیەكی هەبێت كە ئێمە بۆ هەموو پرسەكانی ناو پەرلەمان‌و بەپرسی سەرۆكایەتی هەرێمیشەوە لەدەرەوەی پەیرەوی ناوخۆو یاسا كارپێكراوەكانی هەرێمی كوردستان كارمان كردبێت، ئەمە پەیوەندی بەوە هەیە، كە پارتی خۆی بەزەرەرمەند دەزانێت لەو یاسایەی پەرلەمانتاران ئامادەیان كردووە، خۆ من ئامادەم نەكردووە.

دەستەی سەرۆكایەتی پەرلەمانیش بەپێی‌ پەیرەوی ناوخۆی پەرلەمان كاری‌ كردووە، خۆ من رێگەم لەپارتی نەگرتووە پرۆژە پێشكەش بكات، پارتی پرۆژە یاسای نەهێناوە بۆ ئەم پرسە تا پەرازوێزمان خستبێت، رێگەمان لەپارتی‌و فراكسیۆنی پارتی نەگرتووە كە لەپەرلەماندا گفتوگۆ لەسەر ئەم پرسە بكات، ئەوەی پەیوەندی هەیە بەپرسی سەرۆكایەتی هەرێم پەیوەندی بە بەرژەوەندی حیزبێكی دیاریكراوەوە هەیە، بۆیە بەو ئاقارە برا.

نیقاش: ئەگەر بچیتەوە پەرلەمان هەمان هەڵوێستی جارانت دەبێت لەسەر پرسی سەرۆكایەتی هەرێم؟

یوسف محەمەد
: من بگەڕێمەوە هەولێرو یان نەشگەڕێمەوە، ئێستا كەسێك نابینم بەشێوەیەكی شەرعی لەپۆستی سەرۆكی هەرێم بێت، كاتێكیش كەسێك نییە بەشێوەیەكی شەرعی وەك سەرۆكی هەرێم مامەڵەی لەگەڵ بكەم، بەدڵنیایەوە یەكێك لەهەنگاوەكانی پەرلەمان ئەگەر بگەڕێینەوە هەولێر پرسی سەرۆكایەتی هەرێم دەبێت، لەسەرەتاوە بەگفتوگۆ لەگەڵ فراكسیۆنەكان دوایی رێكارە یاسایەكانی لەپەرلەمانی كوردستان.

نیقاش: لەچاوپێكەوتنێكی‌ رۆژنامەی‌ ئەلمۆنیتەر بارزانی وتی: تا دەوڵەتی راگەیاندنی‌ سەربەخۆی واز لەسەرۆكایەتی هەرێم ناهێنێت، رای تۆ چییە؟

یوسف محەمەد
: لەراستیدا قەت حەزم نەدەكرد بارزانی، كە یەكێكە لەسەركردە میژووییەكانی گەلی كوردستان‌و بەهەموو چاكی‌و خراپییەكانیەوە سەرۆكی هەرێم بووە بۆ ماوەی دە ساڵ یەكێكە لەسەركردەكانی وڵاتەكەمان بووە بكەوتایەتە ئەم دۆخەوە، ئێستا وا خۆی وێنا دەكات، كە موتەمەسیكە بەكورسییەوە، بەڵكو خوازیاری ئەوە بووم لەناو گەلی كوردیش ماندێلایەكمان هەبوایە‌و جۆرج واشنتۆنێكمان هەبێت، كە خۆی واز لەدەسەڵات بهنێت، بارزانی‌ ئەگەر لەكاتی‌ خۆی‌‌و لەدوای‌ تەواوبوونی‌ وادەی‌ سەرۆكایەتییەكانی‌ بهاتایەو دەستاودەستی‌ ئاشتیانەی‌ دەسەڵاتی‌ بكردایە، ئەوە دەبووە مێژوو بۆ خودی‌ خۆیشی‌‌و هەرێمی‌ كوردستانیش، تەنانەت دەبووە پەندیش بۆ ئەوانەی‌ دوای‌ خۆی‌ دەبنە سەرۆكی‌ هەرێم، چونكە بارزانی‌ یەكەم سەرۆكی‌ هەرێمە، بەڵام بەداخەوە ئەوەی‌ نەكرد، كە ئێستاش نەچووەو بچێت دەتوانێت بیكات.

نیقاش: پێتوایە دەبێت بارزانی‌ چی‌ بكات؟

یوسف محەمەد
: دەبێت بارزانی‌ رێگە بدات یاسای‌ سەرۆكایەتی‌ هەرێم هەمواربكرێتەوەو سەرۆكێكی‌ نوێ‌ لەپەرلەمانەوە هەڵبژێرێت، وەك چۆن لەخولی‌ یەكەمی‌ سەرۆكایەتییەكەی‌ بارزانی‌ خۆی‌ لەپەرلەمانەوە هەڵبژێرا، هەروەها وادەی‌ دوو ساڵیشی‌ لەپەرلەمانەوە بۆ درێژكرایەوە.

نیقاش: بەڵام بارزانی‌ دەستپێشخەری‌ كردووەو دەڵێت: باحیزبەكان لەسەر كەسێك رێكبكەون، بۆ ئەوەی‌ من پۆستەكەی‌ رادەست بكەم؟

یوسف محەمەد
: بارزانی‌ دەڵێت دەبێت هەموو حیزبەكان لەسەر كەسێك رێكبكەون، كە ئەمە زۆر مەحاڵە، ئەوەتا چوار حیزبی‌ گەورەی‌ كوردستانی‌ پرۆژەیان پێشكەش كردووە، بەڵام رێگە نادەن پرۆژەكەیان چوارچێوەی‌ یاسایی وەربگرێت.

نیقاش: گەرەنتی  چییە، ئەگەر پەرلەمان كارا بكربێتەوە جارێكی‌ ترو لەرووداوێكی‌ تردا پەكی‌ نەخرێتەوە؟

یوسف محەمەد
: گەرەنتی‌ ئەوەیە، كە یاسا سەروەر بێت‌و دادگا سەروەر بن، حیزبە سیاسییەكان نەتوانن هێزە چەكدارەكان بۆ مەبەستی سیاسی بەكاربهێنن، لەكاتێكدا من دڵنیام هێزی پێشمەرگەو هێزەكانی تری ناوخۆ، دەیانەوێت بەقارەمانییەتی‌ خۆیان شەرەفیان پارێزراو بێت تەنیا بەرگری لەخاك‌و نیشتیماتن بكات نەك بەكار بهێنرێن بۆ مەبەستی بەرگریكرن لەحیزبێكی دیاریكراو، یان كەسێكی دیاریكراو.

نیقاش: ئەگەر بێینە سەر باسی‌ عێراق، دەوترێت ئێستا شتێك نەماوە بەناوی عێراقێكی یەكگرتوو بۆچوونی تۆ چییە؟

یوسف محەمەد: دەوڵەتێكی عێراقی یەكگرتوو كە سیادەی هەبێت بەسەر هەموو خاكەكەیدا بەڵێ راستە ئێستا دەوڵەتێكی لەم شێوەیە نەماوە، بەشێك لەخاكی عێراق ئێستا لەلایەن رێكخراوی تیرۆرستی داعش داگیركراوە، لەلایەكی تریشەوە هەرێمی كوردستان لەڕووی سیاسی‌و ئابوورییەوە بەشێوەیەكی سەربەخۆ مامەڵە دەكات.

لەڕاستیدا نەخشەی‌ ئەم ناوچەیە لەڕابردوودا بە بەرنامەی‌ رێككەوتنێك داڕێژراوە، كە رێككەوتنامەی سایكس بیكۆیە بەپلەی یەكەم  لەگەڵ چەند رێككەوتنێكی تر لەنێوان لایەنە براوەكانی شەڕی جیهانی یەكەم ئیمزا كراو لەئەنجامی ئەوە ئەم دەوڵەتانە هاتنە كایەوە، رووداوەكانی سەد ساڵی رابردوو ئەوەیان سەلماند، كە ئەم رێككەوتنامەیە ناتوانێت ئاشتی‌و ئارامی بۆ رۆژهەڵاتی ناوەراست دابین بكات، كە وابكات سەقامگیری رۆژهەڵاتی ناوەڕاست كاریگەری هەبێت لەسەر سەقامگیری‌و ئارامی جیهان.

نیقاش: لەو هاوكێشە‌و رووداوانەی تۆ باستكرد ئایندەی كورد چی دەبێت لەعێراقیش بەتایبەتی؟

یوسف محەمەد
: ئێستا كورد رۆڵێكی كاریگەر دەبینێت لەڕووبەڕووبوونەوەی رێكخراوی تیرۆرستی داعش، نەك لەسەر ئاستی هەرێمی كوردستان، بەڵكو لەرۆژئاوای كوردستانیش، ئەوەی لەهەرێم‌و رۆژئاواش دەگوزەرێت كوردی هەمووی یەكخستووە، ئێستا پێشمەرگەی باشوور لەگەڵ شەڕڤانی رۆژئاواو گەریلای باكوور لەیەك سەنگەردان لەدژی داعش، ئەگەر كورد خۆی ئامادە بێت بۆ ئەو گۆڕانكاریانی كە هەن، ئەوا بەدڵنیایەوە لەم گۆڕانكاریانەی لەرۆژهەڵاتی ناوەراست روودەدەن رۆڵی كاریگەری دەبێت‌و دەتوانێت بەشێكی زۆری لەمافەكانی لەماوەی رابردوودا لێی زەوت كراوە بەدەستی بێنێتەوە.

بەڵام بەداخەوە هەندێك هێزی ناو كوردستان بەپێچەوانەی یەكگرتوویی هێزە كوردییەكان مامەڵە دەكات، وایان كردووە لەیەك پارچەیی گوتاری كورد پەرت بكەن، دەبینین كێشە هەیە لەنێوان ئەو دەسەڵاتەی ئێستا لەڕۆژئاوای كوردستان دەیەوێت لەچوارچێوەی فیدراڵیدا خۆی رێكبخاتەوە لەگەڵ هەندێك لەحیزبەكانی هەرێمی كوردستان كە دەسەڵاتیشیان بەدەستە، لەناوخۆی هەرێمی كوردستان قەیرانی‌ قۆرخكردنی دەسەڵات‌و پەكخستنی دیموكراستی‌و پەكخستنی دەزگا‌و دامەزراوە شەرعییەكانی هەرێم هەیە، كە ئەمە وایكردووە كورد لاوازو بێت.

نیقاش: حكومەتی‌ بەغدا سەرقاڵی‌ چاكسازییە، لەگۆڕانكاری‌ كابینەكەیدا بەبڕوای‌ تۆ چارەنووسی‌ كورد چی‌ دەبێت؟

یوسف محەمەد
: ئەوەی لەبەغدا روودەدات هەندێكی كێشەیە‌و هەندێكیشی بەراستی وانەیە بۆ ئێمەی كورد، كە سودی‌ لێوەربگرین، ئێستا بەسەدان هەزار كەس دەڕژێنە سەر شەقامەكان‌و داوای گۆڕینی حكومەت دەكەن‌و داوای گۆرینی دەسەڵات دەكەن‌و داوای چاكسازی دەكەن بەبێ ئەوەی لوتی كەس خوێنی لێبێت، مایەی پەند لێوەرگرتنە بۆ دەسەڵاتدارانی هەرێمی كوردستان، كە بەپێچەوانەوە هەر خۆپیشاندانێك لەهەرێم كرابێت كێشراوە بۆ توندوتیژی لەئەنجامی ئەوە خەڵك بووە بەقوربانی‌و شەهید بووە، لەكاتێكدا ئەگەر ژمارەیی ئەو كەسانەی لەهەرێمی كوردستان خۆپیشاندانیان كردووە لەماوەی  رابردوو بە بەراورد بەژمارەی ئەو كەسانەی لەعێراق خۆپیشاندان دەكەن ژمارەیان ئێجگار كەمە، ئەمە دەرخەری ئەوەیە دەسەڵاتدارانی بەغدا لەدەسەڵاتدارانی هەرێم زیاتر بڕوایان بەئازادی را دەربڕین‌و رێزگرتن لەرای شەقام هەیە، ئەمە دێوێكی، دیوەكەی تری ئەوەیە خۆپیشاندان لەعێراقدا لەبەردەم ناوچەی سەوز دەكرێت، كە ئەمینترین ناوچەی عێراقە بەبێ ئەوەی كەس ئازار بدرێت، ئەگەر لەهەرێمدا بڕۆیتە بەردەم ماڵی بەرپرسە حكومییەكان بزانە چی كارەساتێكی گەورە روو دەدات، وانەی سێیەم ئەوەیە كە دەسەڵاتداران عێراق ئێستا بەدەم داوای خۆپیشاندەرانەوە دەچن‌و دەیانەوێـت گۆڕانكاری لەحكومەتدا بكەن، كە ماوەیەكی كەمیشە حكومەتیان پێكهێناوە، حكومەتی عێراق لەچاو حكومەتی هەرێم زۆر كەمتر كێشەی هەیە، حكومەتی ئێمە شەش مانگ مووچەی فەرمانبەران قەرزدارە بەو روبعە موچانەی كە دەشدرێت، لەكاتێكدا حكومەتی عێراق یەك رۆژ مووچەی دوانەخستووە‌و پرۆژەكانی خۆی دوانەخستووە، بەڵام هێشتا ئەوان ئامادەن گوێ لەشەقام بگرن‌و گۆڕانكاری بكەن، ئێستا حكومەت دەگۆڕن، لەكاتێكدا لەهەرێم رێك بە پێچەوانەوەیە‌و قەت دەسەڵاتدارانی هەرێم خۆیان لەو ئاستە نەبینوە گوێ لە شەقام بگرن، ئەسڵەن خۆیان زۆر لەوە گەورە تر بینیوە، كە گوێ لە شەقامی نارەزایەتی خۆیان بگرن.

ئەم گۆڕانكاریانەی ئێستا لەعێراق دەستیان پێكردووە، پێویستە كوتلە كوردستانییەكان رۆڵی یەكەم‌و كۆتایایان پێ بدرێت لەگفتوگۆكاندا بۆ یەكلایی كردنەوەی ئەم پرسانە، ناكرێت لایەنە سیاسییەكان لەجیاتی پەرلەمانی كوردستان‌و پەرلەمانی عێراقیش دابنیشن‌و بڕیار بدەن، خەڵكی كوردستان نوێنەری خۆی هەڵبژاردووە بۆ عێراق ئەوانە كوتلە كوردستانییەكانن، من دڵنیام متمانەیان پێ بدرێت دەتوانن بەباشترین شێوە گفتوگۆ بكەن لەسەر داواكارییەكانی كورد.

تایبەتمەندییەکان: وتارو بیروڕا

زیادکردنی وەڵام