پەیوەندییەكانی ویلایەتە یەكگرتوەكانی ئەمەریكاو توركیا بەرەو لێكترازان هەنگاودەنێت، ئەردۆغان دەڵێت” لە روداوەكانی ئەمدواییەی توركیاوە هەست بە دوریی ئەمەریكا دەكەین”.

لەدوای كۆتایهاتنی جەنگی جیهانی دوەم‌و دەستپێكردنی جەنگی سارد لە سەدەی رابردودا، ئەمەریكاو توركیا هاوپەیمانییەكی بەهێزیان لەسەر ئاستەكانی سیاسی‌و سەربازی پێكهێنابو، دوای ئەوەی حزبی دادو گەشەپێدان لە توركیا دەسەڵاتی گرتەدەست، بەشێوەیەكی پلەیی پەیوەندییەكانی ئەنكەرە و واشنتۆن ڕویان لە لاوازی‌و ئاڵۆزی كرد.

لە دواین پەرەسەندندا ئەمەریكا بەشێوەیەكی كتوپڕ داوای لە خێزانی سەربازەكانی كرد لە بنكەی ئەنچەرلیكی توركیا، لە كورتترین ماوەدا ئەو وڵاتە جێبهێڵن، بێ ئەوەی هیچ جۆرە رونكردنەوەیەك سەبارەت بە ئەگەری كردەوەی تیرۆریستی لە توركیا ئاشكرا بكات.

ئەمە لەكاتێكدایە ئەمەریكا پێش تەقینەوەكانی 13ی ئەم مانگەی ئەنكەرە، توركیای لە ئەگەری كردەوەی تیرۆریستی ئاگادار كردەوە، بەڵام بەپێچەوانەوە ئەمجارەیان ئەمەریكا ئامادە نەبوە بەر لە كشاندنەوەی خێزانی سەربازەكانی هیچ جۆرە زانیارییەك پێشكەش بە توركیا بكات.

لە سەردانەكەی رەجەب تەیب ئەرۆدۆغان سەرۆكی توركیا بۆ ئەمریكاش، هیچ بەرپرسێكی ئەو وڵاتە پێشوازییان لێ نەكرد، لەكاتی گەیشتنی ئەردۆغان بۆ واشنتۆن، لە فڕۆكەخانە تەنیا تەنها وەزیری دەرەوەی وڵاتەكەی‌و باڵیۆزی توركیا لە واشنتۆن لە پێشوازیدابون.

هاوكات لەكاتی كۆبونەوەی ئەردۆغان لەگەڵ ژمارەیەك لە خەڵكانی ئەكادیمی ئەمەریكی لە واشنتۆن، باراك ئۆباما تەنها كارن دۆنفیرد یاریدەدەری پێشوی بۆ ئەو كۆبونەوەیە ناردوە، ئەردۆغانیش دانی بەوەدا ناوە لە روداوەكانی ئەمدواییەی وڵاتەكەی هەست بە دوریی ئەمریكا دەكات.

پێشتریش رۆژنامەی “جمهوریەت”ی توركی بڵاویكردەوە، جۆن كیری وەزیری دەرەوەی ئەمەریكا، مەولود چاوش ئۆغلۆ وەزیری دەرەوەی ئاگاداركردوەتەوە، كە پابەندی دەستوری وڵاتەكەیان بن.

ئەم ئاڵۆزییە ماوەیەكە لە پەیوەندییەكانی واشنتۆن‌و ئەنكەرە بەدی دەكرێت، تۆماس فریدمان كە لێكۆڵەرێكی دیاری ئەمریكییە بەمدواییە رەخنەی توندی لە سیاسەتی دەرەوەی وڵاتەكەی گرت بەوەی چاوپۆشی لە دیكتاتۆریەتی ئەردۆغان دەكات.

تایبەتمەندییەکان: هەواڵەکان

زیادکردنی وەڵام