ئامادەکردنی: لاوک ئەمجەد

پابلۆ ئیمیلۆ ئیسکۆبار، گەورەترین بازرگانی ماددە هۆشبەرەکانی جیهان بو، بەپێی ریزبەندی گۆڤاری فۆربس،

حەوتەم دەوڵەمەندترین کەسی جیهان بوە و سامانەکەی (30) ملیار دۆلار بوە و سەرجەمی داهاتەکانیشی لەرێگەی بازگانیکردن بە ماددەی هۆشبەر و سپیکردنەوەی پارە بەدەستهێناوە.

ئیسکۆبار لە ساڵی (1949)دا لە شاری ئەنتیۆکیای کۆڵۆمبیا لەباوکێکی جوتیاری و دایکێکی مامۆستا لەدایک بوە،

لە سەرەتای تەمەنییەوە دەستی بەکاری تاوانکاری کردوە، ئەویش لەرێگەی دزینی کێلی گۆڕ و دواتر فرۆشتنەوەی لە شاری پەنەمای کوبا.

پابلۆ ئیسکۆبار لە تەمەنی (22) ساڵیدا ئامانجی سەرەکی ئەوە بوە ببێتە ملیۆنێر و لەو کاتەشەوە بەشداری کردوە

لە چەندین کاری دزیکردن و رەشوە و رفناندن.

لە سەرەتای ساڵانی حەفتاکاندا ئیسکۆبار لەگەڵ رۆبێرتۆی برای دەستیکرد بە بازرگانیکردن بە ماددەی هۆشبەرەوە، ئەوەش لەرێگەی گواستنەوەی ماددەی کۆکایین بۆ پەنەما.

دوای کۆکردنەوەی داهات لە پرۆسەی بازرگانیکردنیان بە ماددەی هۆشبەرەوە، کارەکەیان پەرەپێدا بۆ گواستنەوەی کۆکاین بۆ ویلایەتە یەکگرتوەکانی ئەمەریکا.

وەک کەسە نزیکەکانی باسی لێوە دەکەن، کارکردنی ئیسکۆبار لەسەر بنەمای “زیو یاخود فیشەک بوە”، چونکە سەرەتا دەیویست لەرێگەی رەشوە و پێدانی پارە کارەکانی بەڕێ بکات، ئەگەر ئەوە سەرکەوتو نەبوایە، ئەوا

فەرمانی دەکردن بە کوشتنی کەسەکە.

ئیسکۆبار لەماوەی ژیانیدا، سێ کاندیدی پۆستی سەرۆکایەتی کۆڵۆمبیا و جێگەی داواکاری گشتی و وەزیری

دادی ئەو وڵاتە و زیاتر لە (200) دادوە و دەیان رۆژنامەنوس و زیاتر کە هەزار پۆلیسی کوشتوە.

پابلۆ ئیسکۆبار بەشێک لەداهاتەکەی بۆ دروستکردنی پڕۆژەی خێرخوازی و نەخۆشخانە و یاریگا و هەندێک بابەتی دیکە خەرج دەکرد، ئەوەش وایکردبو لەنێو چینی هاوڵاتیانی هەژاردا کەسێکی خۆشەویست بێت.

لە ساڵی (1991)دا حکومەتی کۆڵۆمبیا داوای دانوستانی لەگەڵ ئیسکۆباردا کرد و رێککەوتن لەسەر ئەوەی کە ئیسکۆبار خۆی رادەستی حکومەت بکات، لەبەرامبەردا حکومەت تەنها پێنج ساڵ دەیخاتە زیندانەوە و جگە لەوەش دەبێت خۆی زیندانێکی تایبەت بە خۆی دروست بکات و هەروەها رادەستی ئەمەریکا یان هیچ وڵاتێکی دیکەشی ناکەن.

ئیسکۆبار بڕیاریدا بە دروستکردنی زیندانەکەی کە ناوی (کاتدرائیە)بو، کە چەندین خزمەتگوزاری وەک جاکوزی و باڕ و تاڤگە و یاریگا تێدا دروستکردبو، ئەوەش وایکردبو کە وەکو ئیمپراتۆرێک لەو زیندانەدا مامەڵە بکات.

بەڵام لە ساڵی (1992)دا ئیسکۆبار لە زیندانەکەیدا بە تۆمەتی خیانەتکرد، چەندین کەس و هاوڕێی خۆی لەسێدارەدا، ئەوەش حکومەتی کۆڵۆمبیای توڕە کرد و ناچاربو ئیسکۆبار رەوانەی زیندانی گشتی بکات.

بەڵام پێش ئەوەی رەوانەی زیندان بکرێتەوە، ئیسکۆبار لە ترسا هەڵات و دواتر لەلایەن تیمێکی پۆلیسی کۆڵۆمبییەوە کە لەلایەن ئەمەریکاوە راهێنایان پێکرابو، پێکهێنرا بۆ دەستگیرکردنی ئیسکۆبار، لەبەرامبەریشدا چەندین گروپی دیکەی چەکداری دروستبون بۆ کوشتنی ئیسکۆبار، کە لەرابردودا ناوبراو چەندین تاوانی بەرامبەر ئەو کەسانە کردبو.

دواتر و لە رۆژی (2)ی کانونی یەکەمی ساڵی (1993)دا ئیسکۆبار لەلایەن تیمێکی تایبەتی پۆلیسەوە کوژرا، دوای یەک رۆژیش لە کوژرانی، زیاتر لە (20) هەزار کەس سەردانی تەرمەکەیان کرد بۆ دڵنیابونەوە لە کوشتنی ئەو کەسەی کە بۆ ماوەی (20) ساڵ، ترساندبونی.


تا ئێستاش بەشێک لە دانیشتونی کۆڵۆمبیا ئیسکۆبار بە تاوانکارێکی جیهانی دەزانن و دەڵێن: کۆڵۆمبیای وێران کرد، بەڵام لەبەرامبەردا هەندێک دەڵێن: ئیسکۆبار کوڕی کۆڵۆمبیا بوە و کاتێک سامانی پەیداکردوە، هەژارانی لەبیر نەکردوە و خزمەتی زۆری کردون.

(7) زانیاری لەبارەی گەورەترین بازرگانی ماددەی هۆشبەر لە جیهاندا:-
1- لە ساڵانی هەشتەکاندا رێکخراوەکەی ئیسکۆبار، داهاتی هەفتانەی (420) ملیۆن دۆلاربوە.

2- لە کۆتایی ساڵانی هەشتاکاندا ئیسکۆبار رێژەی (80%)ی پێداویستی ماددەی کۆکاینی لە جیهاندا دابیندەکرد بۆ بەکارهێنەرانی.

3- رۆژنانە چەندین تۆن ماددەی کۆکاینی دەگەیاندە ئەمەریکا، کە رۆژی وا هەبو، (15) تۆن ماددەی کۆکاینی رەوانە کردوە.

4- لەکۆی (5) بەکارهێنەری ماددەی کۆکاین لە ئەمەریکا، چواریان سەرچاوەی ماددەکە ئیسکۆبار بوە.

5- ئیسکۆبار چەندین ملیار دۆلاری بەهۆی خواردنی پارەکانی لەلایەن مشکەوە لە کۆگاکاندا لەدەستداوە.

6- ئیسکۆبار مانگانە بایی (2500) دۆلار تەنها لاستیکی پارەی دەکڕی بۆ بەستنی ئەو پارانەی لە فرۆشتنی ماددە هۆشبەرەکان دەستی دەکەوت.

7- دوای هەڵاتنی لە زیندان و خۆشاردنەوە، مانوێلای کچی هەستی بەسەرما دەکرد و هەر لە شوێنەکەیدا (2) ملیۆن دۆلاری سوتاند بۆ گەرمکردنەوەی کچەکەی.

تایبەتمەندییەکان: هەمەڕەنگ

زیادکردنی وەڵام