وەزیرانی دەرەوەی ئەمەریكا و روسیا بۆ قسەكردن لەسەر چارەنوسی بەشار ئەسەد لە مۆسكۆ كۆدەبنەوە، كیری دەخوازێت، هەماهەنگییەكانی نێوان مۆسكۆ و واشنتۆن، لەبارەی سوریاوە، ئەنجامی باشیان هەبێت.

ئەمڕۆ پێنجشەممە، جۆن كیری، وەزیری دەرەوەی ئەمەریكا، بە سەردانێك گەیشتە مۆسكۆی پایتەختی روسیا و لەگەڵ سێرگی لاڤرۆڤ، وەزیری دەرەوەی ئەو وڵاتە كۆبوەوە و دواتر لە كۆنگرەیەكی رۆژنامەوانیدا وتى: “هەندێك كەس گومانیان لە ئاگربەستەكەی سوریا هەبو، بەڵام تارادەیەكی باش سەركەوتوبو”، هیواشى خواست هەماهەنگییەكانی نێوان ئەمەریكا و روسیا لەبارەی سوریاوە ئەنجامی باشیان هەبێت.

لای خۆیشییەوە، سێرگی لاڤرۆڤ، وەزیری دەرەوەی روسیا رایگەیاند؛ لە كۆبونەوەكەدا، فراوانكردنی هاوكاری و هەماهەنگییەكانی نێوان واشنتۆن و مۆسكۆیان تاوتوێ‌ كردوە.

بڕیاریشە هەر لەو سەردانەدا، جۆن كیری لەگەڵ لەگەڵ ڤلادیمێر پوتن، سەرۆكی روسیا، كۆببێتەوە.

پێشتریش سەرچاوەیەكی دیبلۆماسی لە وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریكا بڵاوی كردەوە، جۆن كیری لە سەردانەكەیدا، دەیەوێت چارەنوسی بەشار ئەسەد و پڕۆسەی قۆناغی گواستنەوە لە سوریا، لەگەڵ ڤلادیمێر پوتن، تاوتوێبكات.

تایبەتمەندییەکان: هەواڵەکان

زیادکردنی وەڵام