ماوەیەکە هەربەرپرسێکی ئەم حکومەتە گەندەڵە بەتایبەت ئەوانەی سەر پارتی دەسەڵاتدار یەکێتی و پارتین لەگەڵ ڕاگەیاندنەکانیان ڕووی دەمیان کردۆتە مامۆستایان و کەوتوونەتە تۆمەت بەشینەوە بەسەر مامۆستایاندا  وەک ئەوەی مامۆستایان هێزی بێگانەیان هێنابێتە سەر ئەم خاکە و سامان و داهاتی ئەم میللەتەیان بەتاڵانبردبێ و هۆکاری ڕوودانی شەڕی ناوخۆبووبن.
دەسەڵاتداران دەیانەوێت هەرشتێک لەم هەرێمەدا ڕوویدا بیخەنە چوار چێوەی سیاسەتەوە بۆئەوەی ڕووی دزێوی خۆیان پێ سپی بکەنەوە ئەوان بەمەبەست نایەنەوێت لەوە تێ بگەن بایکۆت کردنی دەوام لەلایەن مامۆستایان پەیوەندی بەکار و  کردانەوە و قوت و ژیانی مامۆستایانەوە هەیە، ئەم دەسەڵاتە گەندەڵە دەیەوێت کۆشکی خەونەکانی    لەسەر بنەمای درۆ و دزی هەڵبچنێ بەڵام بەچەمکی جیاواز وەعد دان و پاشەکەوت کردن
لەماوەی ڕابردوو وەزارەتی پەروەردە ئەگەر وەزیرەکەی ئاغای حەجەم بوو بێ بەشان و باڵی سیستەمی عێراقیدا هەڵداوە ئەگەریش وەزیرەکەی ئاغای قارداش بووبێ ئیدیعای سیستەمی سویدی کردوە بەقوتابخانەی سێ دەوام و تەختەی شکاوەوە، لەنێوان ئەم دوو سیستەمەشدا، سیستەمێکی لێدەر چووە تەنها لەهی خۆمان دەچێت.
لەئێستادا مامۆستایان تەنها یەک مانگە بایکۆتی دەوامیان کردوە، بەڵام دەسەڵاتداران دەیانەوێت وا لەهاووڵاتیان بگەیەنن کەمامۆستایان هۆکاری بەدەردانی ڕەنجی قوتابیانن بەڵام پێمان ناڵێن ئەوانەی خوێندن تەواو دەکەن چیان بەسەر دێت؟ توشی نەخۆشی دەروونی دەبێ و خۆی دەکوژێت یان لەئاوی ئیجەدا دەخنکێ یان لەماڵەوە بێکار کەوتووە یان خزمی بەپرسێکی گەندەڵە و بەواستە دادەمەزرێت……
باشە بەپرسانی ئەم هەرێمە بۆ تائێستا پێمان ناڵێن لەبەرچی هەمووساڵێک زیاتر ۱٥ هەزار خوێندکاری دەرچووی پۆلی دوانزەی ئامادەیی لەهیچ زانکۆ و پەیمانگایەک وەرناگیرێت بەبیانوی نزمی دەرەجەیان دەنێردرێنەوە ماڵەوە بێ ئەوەی هیچ کارێکیان بۆ دابین بکرێت، ئەرێ بەڕاست مامۆستایان بڕیاری ئەوەیانداوە لەگوندەکان بەدوو مامۆستا سەرجەم بابەتە جۆراو جۆرەکانی خوێندن بەفێرخوازان بوترێتەوە یان سیستەمە سویدیەکەی ئاغای قارداش! ئێوە دوای بیست و چوار ساڵ حکومڕانی بێ زەحمەت پێمان بڵێن کام بابەتی خوێندکاران لەپۆلی یەک تا دوانزە بێ هەڵە و کەم و کوڕییە؟
ئێوە ئەگەر ویژدانتان ماوە خۆتان پێمان بڵێن ئێوەی دز و گەندەڵ بەپرسیاری بەهەدەردانی ڕەنجی خوێندکارانن یان ئێمەی مامۆستا.

تایبەتمەندییەکان: بابەتی هەڵبژاردە

زیادکردنی وەڵام