لەتەلاری هونەری شاری سلێمانی مەراسیمێكی ماتەمینی بۆ ڕێزگرتن لە قوربانیانی دەریای ئیجە رێكخرا.

خانەوادەو كەسوكاری ژمارەیەك لە قوربانییەكان‌و ژمارەیەكی بەرچاو لە هاوڵاتیان بەشدارییان لە مەراسیمەكەدا كرد، سەرەتای بەكردنەوەی پێشانگایەكی فۆتۆگرافی تایبەت بە قوربانیانی دەریای ئیجە مەراسیمەكە دەستیپێكرد، كۆمەڵەی وێنەگرانی كوردستان وێنەی بەشێك لەو قوربانیانەی نمایشكرد كە لەناو دەریای ئیجە خنكاون‌و بەشێكیان دەربازیان بوە.

دواتر چەندین هۆنراوەو لاواندنەوە بۆ رۆحی قوربانییەكان پێشكەشكرا، كەسوكاری یەكێك لە قوربانیەكانیش كە سێ منداڵی لەدەریای ئیجە خنكابو وتی” بێباكی دەسەڵات‌و نەبونی موچەو قەیرانی دارایی وایلێكردن رێگەی هات‌و نەهاتی هەندەران هەڵبژێرن”.

منداڵێك كە لەكۆی 19 منداڵ بە تەنها لەخنكان لە دەریای ئیجە رزگاری بوبو باسیلەوەكرد” بەهۆی نەبونی چارەسەری نەخۆشییەكەیەوە كەسوكارەكەی بڕیاری جێهێشتنی نیشتیمانیان داوە”.

مانگی رابردو پڕكارەساترین مانگ بو بۆ هاوڵاتیانی هەرێمی كوردستان، چەندین بەلەمی كۆچبەران لەدەریای ئیجە نقوم بون‌و بەهۆیەوە زیاتر لە (100) كەس لە ژن‌و منداڵ‌و پیاوی خەڵكی هەرێمی كوردستان بونە قوربانی‌و تائێستاش تەرمی دەیان كەسیان نەدۆزراوەتەوە.

تایبەتمەندییەکان: هەمەڕەنگ

زیادکردنی وەڵام