ئه‌میری‌ كۆمه‌ڵی‌ ئیسلامی‌ كوردستان رایگەیاند: تا بارودۆخ ئاسایی‌ نه‌كرێته‌وه‌ و په‌رله‌مان كارانه‌كرێته‌وه‌ و وه‌زیره‌كانی‌ گۆڕان نه‌گه‌ڕێنه‌وه، كۆبونه‌وه‌كان ئه‌نجامیان نابێت و ئەوروپییەکانیش پێیان باش نییە هەرێم ریفراندۆم بۆ سەربەخۆیی بکات.

عه‌لی‌ باپیر، ئه‌میری‌ كۆمه‌ڵی‌ ئیسلامی‌ كوردستان له‌باره‌ی‌ كۆبونه‌وه‌ی‌ بارزانی‌ له‌گه‌ڵ لایه‌نه‌ سیاسییه‌كان له‌ كۆنگره‌یه‌كی‌ رۆژنامه‌وانیدا له‌شاری‌ هه‌ولێر رایگه‌یاند، تا بارودۆخ ئاسایی‌ نه‌كرێته‌وه‌ و په‌رله‌مان كارانه‌كرێته‌وه‌ و وه‌زیره‌كانی‌ گۆڕان نه‌گه‌ڕێنه‌وه‌، كۆبونه‌وه‌كان ئه‌نجامیان نابێت.

ئه‌میری‌ كۆمه‌ڵی‌ ئیسلامی وتیشی‌: راگه‌یاندنی‌ ده‌وڵه‌تی‌ كوردی‌ به‌ دروشم ده‌مێنێته‌وه‌ و نابێته‌ كردار تا ئه‌وكاته‌ی‌ ته‌بایی‌ سیاسی‌ نه‌یه‌ته‌كایه‌وه‌ و نه‌بینه‌ خاوه‌ن هێزێكی‌ دامه‌زراو و ئابورییه‌كی‌ سه‌ربه‌خۆ.

ئه‌م وتانه‌ی‌ ئه‌میری‌ كۆمه‌ڵی‌ ئیسلامی‌ دوابه‌دوای‌ كۆبونه‌وه‌ی‌ حیزبه‌كه‌ی‌ بو له‌گه‌ڵ نوێنه‌ری‌ یه‌كێتیی‌ ئه‌وروپا و كونسوڵی‌ ژماره‌یه‌ك له‌ وڵاتان له‌هه‌رێمی‌ كوردستاندا كه‌ هه‌ر ئه‌مڕۆ جگه‌ له‌ كۆمه‌ڵی‌ ئیسلامی‌ سه‌ردانی‌ یه‌كگرتوی‌ ئیسلامی كوردستانیان كرد و وابڕیاره‌ له‌گه‌ڵ لایه‌نه‌ سیاسییه‌كانی‌ دیکەش كۆببنه‌وه‌.

به‌ وته‌ی‌ عه‌لی‌ باپیر: وه‌فده‌ ئه‌وروپیه‌كه‌ ئامانجی‌ سه‌ردانیان بۆ لای‌ لایه‌نه ‌سیاسییه‌كانی‌ هه‌رێم، هاوكاریكردنی‌ هه‌رێمی‌ كوردستانه‌ بۆ زاڵبون به‌سه‌ر دۆخی‌ سیاسی‌ و ئابوریی‌ هه‌رێمدا، جگە لەوەش ئه‌وان له‌گه‌ڵ یه‌كپارچه‌یی‌ خاكی‌ عێراقدان و پێیان باش نیه‌ ئێستا هه‌رێمی‌ كوردستان ریفراندۆم بۆ سەربەخۆیی ئه‌نجام بدات.

تایبەتمەندییەکان: هەواڵەکان

زیادکردنی وەڵام