دۆخی هەرێم چیتر هی ئەوە نیە پارتی و هاوسەنگەرانی خۆیان بە هەنگاوی بە ناو چاکسازییەوە سەرقاڵ بکەن کە دەستبردنە بۆ کەمکردنەوە و بە نیوەکردنی موچەیەکی نەبوو . ئەوە نەک چاکسازی نیە خۆڵکردنە چاوی خەڵکە ، نەک جێگەی دەستخۆشی نین بەڵکو هەنگاوی شەرمهێنەرن بۆ ئەنجامدەرانی .

ڕون و ڕاشکاو دەڵێم ئەولەویەتی ئێمە ئێستا چیتر ئەوەنیە پارتی دۆخی سیاسی حکومەت و پەرلەمان وەک پێش ۱۲ ئۆکتۆبەر لێدەکاتەوە یان نا..ئەسڵەن لامان گرنگ نیە ئەو باسە ، ئەوەی گرنگە یەک مەسەلەیە بە دوو هەنگاو ؛ مەسەلەکە ((چاککردن و مشورخواردن و کۆتایی هێنانە بە کێشەی موچە و دۆخی ناجۆری دارایی خەلک)) .. ئەوەش لە رێگای : یەک : هێنانەوە و ئاشکراکردنی پارەی کۆمپانیاکانی حیزب و پارەی بەرپرسانی حیزبە دەسەلاتدارەکانی هەرێم کە بەرپرسە باڵاکانی ئەو حیزبانە خۆیان باسی دەکەن و دانی پێدا دەنێن ، کاتیەتی بە هەر رێگاو فشارێکی نێودەولەتی و قانونی و جەماوەری بێت ئەو پارانە بگەرێنرێنەوە بۆ خزمەتی خەڵکی کوردستان .

دوو : ئیدی بە ناوی موزایەدەی نەتەوەیی و سەربەخۆیی ئابوریەوە بەتاڵانبردنی نەوت بەسە و کاتیەتی لەگەل بەغداد بگەینە ئەنجامێک و سود لەوە ببینن کە هەرچۆنێک بێت ئەوان لە رێگەی قەرز یان هەنگاوی ترەوە بێت دەتوانن ئیدارەی ئەم قۆناغە بکەن .

گرنگە لایەنی سێهەم لە نێوان هەولێرو بەغداد حەکەم بن ، با ئەوەش رۆشن بێت کە ئەمریکا و یوئێن بە راشکاوی بە حیزبە کوردیەکانیان وتوە کە لەگەڵ بەغداد دەبێت رێکبکەون ، بۆ ئەوەش خۆشبەختانە قانونی موازەنەی ۲٠۱٦ لەبەردەستدایە کە دەبێ هەردولا ئیلتیزامی پێوە بکەن و ئەو یاسایەش بە دڵی هەمو نوینەرانی کورد و کوتلە سیاسیەکانی تریش بوە .

ئابوری سەربەخۆ و فرۆشتنی نەوت بە سەربەخۆیی ئیرادەیەکی زیندوە و هەردەمێنیتەوە بەڵام دەبێت پێش هەمو شتێک لە دەستی نائەمین قوتار بکرێت .

فرۆشتنی سەربەخۆی نەوت دەبێت بۆ خزمەتی خەلکی کوردستان بێت نەک دەستەوتاقمێک و بەس.

وەک لە سەرەوە ئاماژەم پێدا ، راشکاوانە کار بۆ ئەوە دەکەین و لەلایەکەوە هەموو رێگایەکی یاسایی و مەدەنی دەگرینە بەر بۆ هێنانەوەی پارەی بە تاڵانبراوی خەڵک ، لە لایەکی تریشەوە کاردەکەین بۆ ئەوەی یاسای موازەنەی ۲٠۱٦ کە هەموو فراکسێۆنە کوردیەکان دەنگیان بۆداوە جێبەجێبکرێت.

لە هەرێمێکا کە موچە و ژیان نەما ، کە مەترسی هەبوو لە سەر ئاشتی کۆمەلایەتی دەبێت هەرچی بایەخی سیاسی هەیە بۆ باشکردنی ژیانی خەڵک بێت نەک باشکردنی روکەشانەی پەیوەندی نێوان حیزبەکان . بەڵێ ئاغایان ئەولەویەت ئێستا ئیدی ژیانی خەڵکە، نەک حکومەت و پەرلەمان .

 

تایبەتمەندییەکان: بابەتی هەڵبژاردە

زیادکردنی وەڵام